٢\١٢\٢٠١٦
بۆچی ئەگەری شۆڕش
لە وڵاتانی ئابووریی کەم گەشەکردوو
زۆر زیاترە تاکو
وڵاتانی پیشەسازیی پێشکەوتوو؟*

زاھیر باھیر
پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم چەمکی شۆڕش لای من شۆڕشی سۆشیالیستی/
ئەنارکیستیییە بۆ بەدیھێنانی کۆمەڵی ناچینایەتی ، ناھیراشیی، نە شتێکی
دیکە کە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان ھەوڵی بۆ دەدەن.
پێشکەوتنی سەرمایەداری و پێنانی قۆناخی گڵۆبەڵازەیشن، زیادبوونی ژمارەی
کرێکاران تا ڕادەی زۆرینەی کۆمەڵ، ڕوودانی قەیرانە یەکبەدوایەکەکانی
ئابووریی کە بە قەیرانی سەرمایەداریی ناسراوە ، سەرجەمی تیورە
کۆنەکانی، کە خودی ئەمانە دەستەبەری ڕوودانی شۆڕشبن، ھەڵوەشاندەوە .
بەداخەوە نەک ھەر شۆڕش ڕوی نەدا، بەڵکو گەر زەمینەی شۆڕشیشی لە وڵاتانی
پیشەسازیی پێشکەوتوودا لەبار نەبردبێت ، ئەوە یەکجار دوای خستووە.
سەرمایەداریی لە ڕێگای ململانێی نێو توێژاڵەکانی خۆیی و دروستکردنی
چەندەھا لقی دۆست بەخۆی لە چەپەکان، سۆشیالیستان، ئازادیخوازان و
فێمەنیستان و دۆزینەوەی بۆشاییەک لە جیھاندا بۆ کەرەسەی ھەرزانبەھا و
بەرھەمھێنانی کاڵا و ھەروەھا لەدەستابوونی وەرەقەی ناشیوناڵیزم و
نەژادپەرستی و دینی و مەزھەبی و ناوچەگەریی کە بیانکاتە زەمینەی
ھەڵگیرسانی جەنگی ھەمەجۆرەی نێوانی مرۆڤەکان، توانیوێتی بەردەوامبێت و
دەتوانێت خۆشی نۆژەنبکاتەوە. لێرەشدا ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرمایەداریی
" گۆڕھەڵکەنی خۆی" نییە ، بەڵکو گۆڕھەڵکەنی ئێمەیە و توانیویشێتی کە
خۆی لە قەیرانەکان بپارێزت و بەسەر ئێمەیدا بدات.
نەک ھەر ئەوانەی سەرەوە بەڵکو سەرمایەداریی لەم وڵاتانەدا ئامرازەکانی
مانگرتن و ناڕەزایی و خۆپیشاندان کە ساڵەھایەکی دوورو و درێژ وەکو
چەکێک لەلایەن کرێکاران و خەڵکەوە دژی خاوەنکار و سیستەمەکە ،
بەکاردەھێنرێن، ئێستا ماڵیکردوون و سواون و چیتر داخوازییەکانی
کرێکاران و خەڵکی ناھێننە دی و لە بەرژەوەندی سیستەمەکە، دەشکێنەوە.
لەبەر ئەوەی کە لە وتارەکانی پێشترمدا بە درێژی لەسەر لاوازی و زەبوونی
بزوتنەوەی کرێکاران بە بەڵگە و بە ئاماەروە، قسەم کردووە ، (بڕوانە
Zaherbaher.com) لێرەدا خۆم لە
دووبارەکردنەوە دەپارێزم و یەکسەر دەچمە ناو کرۆکی باسەکەمەوە.
ئەوەی ئاشکرایە دوو جۆر تێڕوانین و لێکدانەوە لەسەر ڕوودان و سەرکەوتنی
شۆڕش ھەیە:
یەکەم: شۆڕش لە ڕێگای پارتی پێشڕەوی چینی کرێکارانەوە، لە ڕێگای کودەتای
حیزبییانە و سەربازییەوە یاخود لە ڕێگای ریفۆرمی ھەڵبژاردنی
پەڕلەمانتارییەوە، واتە لەسەرەوەی کۆمەڵ بۆ بنەوەی . کە ھەموویان یەک
ئەنجام دەدەنەدەست. خودی ئەزموونەکانیان لە سەرانسەری جیھاندا ئەوەیان
سەلماند کە ئەم جۆرە ھەوڵانە نەک ھەر شکستیان ھێنا، بەڵکو کارەسات و بێ
ھیوایشیان بۆ خەڵکی ھێنا. دیسانەوە ئەوەشیان دەرخست سەپاندنی چەمکی نێو
کتێبەکان بەسەر واقیعدا، ھەڵەیە و کارەسات دەخولقێنێ.
دووھەم: شۆڕش لە ڕێگای خۆڕێکخستنی ئاسۆییانە/ناھیراشیانە لە گروپە
خۆجێییەکانا، کۆمیتە و لیژنەو ئەنجوومەنە ڕادیکالە سەربەخۆکانا و لە
ھەموو بوارەکانی ژیاندا: کۆمەڵایەتی، کولتووریی، سیاسیی ، ڕۆشنبیریی و
پەروەدەیی ، ئابووریی، ژینگە و ئیکۆلۆجیی و ھتد. دروستکردنیان لەھەموو
شوێنەکانی سەرکار و بازاڕ و خۆیندنگا و دانشگادا، خەڵکی بە خۆیان لە
بنی کۆمەڵەوە خۆیان ڕێکدەخەن. ئەم گروپانە لە سەرەتادا ئامادەکاریی
دەکەن و خەباتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە جیاجیاکانی ژیانە و ڕۆڵی
تاک و سەربەخۆییبوونی بەھێز دەکەن. دواتر ھەوڵی بەدیھێنانی بزوتنەوەیەک
لەسەر ئاستی لۆکاڵی، نەتەوەیی، وڵات دەدەن، کە لە ڕێگای تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەنجوومەنەکانی خەڵکییەوە لە گەڕەک و شار و
شارۆچکەدا، خۆیان بەیەکەوە پەیوەستدەکەنەوە و ھاریکاری کارە
ھاوبەشەکانیان ، چالاکییەکانیان بەگرتنەبەری دیمۆراسی ڕاستەوخۆ و لە
ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە ، ئەنجامدەدەن. بەمشێوەیە ھەنگاوی کاریگەرانە
دێتە پێشەوە کە بەھێزکردنی خۆو دەسەڵاتوەرگرتن و خۆبەڕێوەبەرییە و
کەوتنە بەرانبەر و بەربەرەکانی دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت و
دامەزراوەکانێتی. کردنی ئەمانەش وردە وردە نزیکردنەوەی بزوتنەوەکەیە
لە خودی ستراتیجییەتەکەی، کە خاڵی لابەکاکردنەوەیە.
بە تێگەیشتنی من پرۆسەی شۆڕش لە ڕێگای دووھەمەوە گریمانی زیاتری ھەیە ،
کاتێک کە زەمینەکاری بۆ دەستبەکارکردنی ئەم شۆڕشە لە بنی کۆمەڵەوە
لەسەر پارچە زەوییەکی ئەم سەرزەمینە، کە ناوی نیشتمانی لێنراوە، دەکرێت
، ئیدی ھێدی ھێدی تەک بە دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی ، واتە ناوەند ( مەرکەز/
سێنتەر) ، ھەڵدەچنێت. لەم بارودۆخەشدا نالۆژکیانە و کارێکی
ناعەمەلیانەش دەبێت، گەر ڕوانینمان بۆ شۆڕشی جیھانی ، پێچەوانەی ئەمە
بێت.
بەڕای من کاتێک کە ئێمە دەوڵەت وەکو ناوەندی سەرەکی، دەبینین کە
دەسەڵاتی تەواوی لە وڵاتێکدا، ھەیە، کارێکی پراکتیکانە و ئاوەزانەشە
گەر لەسەر ئاستی دونیاش ھەمان دیدمان بۆ وڵاتە ھەرە پێشکەوتووەکانی
پیشەسازیی وەکو ئەمەریکا و کەنەدا و ئۆسترالیا و یابان و ڕوسیا و
وڵاتانی ڕۆژاوا، ھەبێت وەکو سێنتەرێک ، مەرکەزێک، کە بە خۆیان و دەزگە
دراوییەکانیانەوە دەسەڵاێکی یەکجار زۆریان لە دەستدایە. ئەم دەسەڵاتەش
تا ڕادەی ڕابەریکردنی سیاسی و ئابووریی سەرجەمی وڵاتانی کەمترگەشەکردوی
دونیا کە وەکو چەند بنکەیەکە بۆیان، دەبینرێت. ئالەم حاڵەتەشدا ڕوخانی
ئەو مەرکەزە بە گوێرەی باوەڕ بە تیوری " شۆڕش لە بنی کۆمەڵەوە " ھەر
دەبێت لە وڵاتانی ڕاگر و پارێزەری گەورەدەوڵەتانەوە، دەستپێبکات ، نەک
لە خودی وڵاتانی مەرکەز، خۆیانەوە . ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە
خۆپیشاندان و ناڕەزایی و ھەندێک چالاکی ڕاستەوخۆ لە گەورەوڵاتاندا،
ڕوونادات . بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا کە چەوساندنەوە و کۆیلەیەتی و
نایەکسانی و نادادپەروەری و جەنگ،بوونیان ھەیە و بەردەوامە ، ھەڵبەتە
دژەکەشی بەرھەمدەھێنێت ، بەڵام کاتێک کە ئەم چالاکیانە ھەر لەو ئاستە
ڕوکەش و تەسکەدا دەمێنێتەوە، کاتیک کە خەڵکی خۆی ڕێکناخات و پلانی
دووھەمی نییە ، کاتێک ئەم ئامرازانە تەنھا بۆ حاسڵکردنی داخوازییەکی
ھەنووکەیانەیە و کاتییە، ئەمە جگە لەوەی کە سەرجەمی چالاکییەکان
کاردانەوەیە لە پێناوی پارێزگاریکردن لەوانەی کە پێشتر بەدەستھێنراون -
نەک ھەرگیز ناتوانێت گۆڕانکاری گەورە بەدەستبھێنێت بەڵکو بێ ھیوایی
و بێچاوەڕوانی داھاتوویەکی باشتر، دەدەنە دەست خەڵکی.
مانەوەی ئەم مەرکەزە بەھێزە لە سای مانەوەی وڵاتانی گەشەنەکردوی یاخود
کەمتر گەشەکردوی پیشەسازیییەوەیە، کە زەمینەیەکی ھەمە جۆرەی دەوڵەمەند
و بە سوودیان بۆ ئەو مەرکەزە جیھانەییە دەستەبەر کردەوە . کاتێک کە
پاشکۆیەتی ئابووریی و سیاسیی ناوەند (مەرکەز) بۆ لۆکاڵ نەما و
پاشکۆیەتی ئەمانیش بۆ ئەوان نەما، بە واتایەکی دیکە کاتێک کە دەستێکی
ئابووریی و سیاسی بۆ یارمەتی و ھاوکاریی مەرکەز ، کورتکرایەوە ، کاتێک
کە بناخە دەتلیسێتەوە ، ئیدی ئەوەی لەسەری بنیاتنراوە ھەرەس دەھێنیت.
جوتێک بنەمای سەرەکیی کە لە نێو کۆمەڵی وڵاتانی پیشەسسازی پێشکەوتوودا
ونن، بەڵام لە نێو کۆمەڵی ولاتانی بێھێزی پیشەسازیدا، بێ ھیچ جۆرە
دوودڵییەک، بۆ بەڕێکردنی پرۆسەی شۆڕش، ھەن. ئەو دوو بنەمایە
زەمینەسازیی ئەو شۆڕشە خۆشدەکەن و ئامادەکاری بۆدەکەن. ئەوانەش ئەم
دوانەن:
یەکەم: پەیوەندی کۆمەڵایەتی:
لەبەر ئەوەی کە سەرمایەداریی بەتەواوی خۆی نەخزاندۆتە ھەموو کونج و
کەلەبەرێکی ژیانی ھاووڵاتییانەوە و پەیوەندی نێوانی تاکەکانی نێو کۆمەڵ
تاڕەدەیەکی زۆر پەیوەندییەکی مرۆڤانەیە و شمەکی نییە. دەزگەکانی دەوڵەت
بۆ یارمەتی ھەژاران و ئەوانەی کە کاریان پێناکرێت بەھەر ھۆیەک بێت ،
یاخود ھەر وجودی نییە یا ھەر وەکو شتێکی ڕەمزی وایە. لە بارودۆخێکی
ئاوادا کارەساتە سروشتییەکان و مرۆکردەکان و چەشنەکانیان، دەکەونە
سەرشانی خەڵکی خۆی کە لە ڕێگای یارمەتی و ھەرەوەزی و ھاوکاری بە یەکدی،
ھەموو پێداویستی خۆشی و ناخۆشییەکانیان ڕادەپەڕێنن و متمانەی تەواو
دەکرێتە سەر خودی کۆمۆنێتییەکە زیاتر لە دەوڵەت و دەزگە کۆمەککارەکانی
. لەوێ، ھێشتا ناوکێکی مرۆڤانەی سەردەمی کۆمۆنێتییە کۆنەکانی،
تاڕەدەیەک ژیانی بە کۆمەڵیی، تیادا ماوەتەوە. قسەوباس لەسەر سیاسەت و
ڕوداوەکانی ڕۆژانە قسەوباسێکی بەردەوام و نیگەرانییەکی زۆری
خەڵکەکەیەتی. لە کۆمەڵێکی ئاوادا بەستنی پەیوەندی نێوانی تاکەکانی
کۆمەڵ لەسەر کار، لە گەڕەک و گوند و خویندنگا و دانشگاو تەواوی
دامەزاراوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و لێدوان و مشتومڕکردن لەسەر سیاسەت
و بابەتە ڕۆژانەیەکان و ھەنووکەییەکان ئاسانە و متمانەکردنیش بەیەک و
خۆبەستنەوە بە کارە ھاوبەشییەکانی نێوانیان، بە ئاسانی پەیڕەو دەکرێت.
بێ گومان ئەم شێوە ژیانە لە گوندە بچوکە دوورەدەستەکانی لادێکان تاکو
گوندە ھەرە قەرەباڵخەکانی دەوروبەری شار، لە شارۆچکەکاندا تاکو شارەکان
، لە شارەکاندا تاکو شارە گەورەکان ، زۆر دیارتر و کردەترە و
خۆڕێکخستنیش تیایاندا ئاسانترە و دەستکردنیش بە کاری ھەرەوەزی و
ژیانی ھەرەوەزیانە و بە کۆمەڵیی ژیان ، عەمەلی ترە.
دیارە گەلێک خەسڵەتی پۆزەتیفی دیکە لەپاڵ ئەوانەی سەرەوەدا لەو
شوێنانەدا ھەن و ھاندەر و دەستەبەری خۆڕێکخستنی خودی خەڵکەکەی، دەکات،
کە ئەم خەسڵەتانە و ئەم خاڵە پۆزەتیڤانە ، لە نێو کۆمەڵی وڵاتانی
پیشەسازیی پێشکەوتوودا ، یا ھەر ونن، یا خود زۆر لاوازن.
دووەم: لاوازی و بێ ھێزی حەڵقەی سەرمایەداریی:
ئاشکرایە پێکانی ئامانج، بەدەستھێنانی سەرکەوتنی ئاسان بەھاوکاری ئەو
خاڵەی سەرەوە، ھەمیشە لەو حەلقە و شوێنانەوە دەستپێدەکات کە سیستەمی
سەرمایەداریی ، لاوازە . لای ھەموانیش ئاشکرایە کە حەلقەی لاوازی ئەم
سیستەمە ئەو شوێنانەیە ، ئەو وڵات و کۆمۆنێتیانەیە ، کە ھێشتا ئەو
بنەمانەی سەرەوە کە باسمکردن تێیاندا ، مەوجودن. بەواتایەکی دیکە
حەلقەی لاوازی ئەم سیستەمە وڵاتانی گەشەنەکرد و یا کەمتر گەشەکردوی
پیشەسازین کە ھێشتا دەستی نەگریسی سەرمایەداریی بە تەواوی پێنەگەیشتوە،
ھێشتا کاری لە کار نەترازاندووە ، ھێشتا نەیتوانیووە مرۆڤەکان ، لە
مرۆیییەوە بکاتە ڕۆبۆت ، ئەو مرۆیانەی کە ھێشتا تەواوی قسە و
باسەکانیان لەسەر دوامۆدیڵی ھەمەجۆرەی کاڵاکان و بەکارھێنانیان، نییە و
لە خەسڵەتی مرۆیانەی خۆیانی نەشۆردوونەتەوە.
لەم شوێنانەدا ھەوڵدان و ئامادەکاریی ھەرەوەزییانە ، ھەوڵی ژیانی بە
کۆمەڵانە، تاڕادەی ھاوبەشیکردنی ھەموو پێداویستییە کۆمەڵایەتی و
ئابوورییەکانی ژیان، ئاسانە. لە شوێنێکی ئاوادا گوندەکان ، گەڕەکەکان،
شارۆچکەکان، شارەکان کەمتر دەبنە وابەستەی شارە گەوەرەکان و شمەکی
ھەمەجۆرەی ھاوردەی شاری گەورە و کەمتریش وابەستە بە بازار-ئازاد و
شارەوە دەبن.
ھەر وڵاتێک لەو وڵاتانەی کە دەکەونە نێو ئەو بازنەی سەرەوە ( بازنەی
وڵاتانی پیشەسازی گەشە نەکردو) ، گەر خودی خەڵکی خۆی، خۆبەڕیوەبەریی
بکات ، دەتوانن سەراپای پێداویستییەکانی ژیان و سەرجەمی ئامراز و
کەرەسە سەرەکییە ساکارەکانی بواری کشتیاری و پیشەسازیی، دابین بکەن، بە
خۆیان ژیانی ئەندامانی کۆمۆنێتییەکانیان مەیسەر بکەن . ئەو
پێداویستیانەشی کە ناتوانرێت لە گوندێکدا، لە شارۆچکەیەکدا یا خود شار
و دەڤەرێکدا بەدەستبھێنرێت، دەتوانرێت لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی شمەکەکانەوە
بەھۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ، یاخود لە ڕێگای ئەنجوومەنەکانی گەلەوە
لەو شوێنانەدا، بەدەستبخرێن. گومان لەوەدا نییە کە وڵاتێک نییە لەو
بازنەیەدا ، ئەوەندە ھەژار و نەدار بێت، نەتوانێت ھاووڵاتییانی ،
بژێنێت . ئەوەی کە ئەو وڵاتانەی ھەژار و پاشکۆ بۆ گەوەرەوڵاتانی جیھانی،
کردووە، ھەبوونی چاوچنۆکان و دەستەبژێر و گەندەڵان و دامەزرانی کۆمەڵ
و وڵاتە لەسەر بناخەی چینایەتی، ھەرەمی/ ھیراشییەت و پیادەکردنی
بەرنامەو سیاسەتی نیولیبراڵی گەوەرەوڵاتان و پارێزەرانی کۆمەڵی
چینایەتی و قوچکەییە.
لەم پرۆسەیەدا، پرۆسەی بنکەنکردنی قەڵاکانی سەرمایەداریی، پرۆسەی
ڕووتکردنەوەی پێگەو خوانی چەوسانەوە و زۆرداری ، پرۆسەی ھەڵوەشانەوەی
وابەستەیی یەک بۆ یەکدی ، پرۆسەیەکی خاو و ھیواش و درێژخایەنە، بەڵام
بە بڕشت و سەقامگیرە. سەرکەوتنی تەواو و بەردەوامبوونی ئەمەش
بەستراوەتەوە بە ڕوودانی ھەمان شۆڕش لانی کەم لە یەکدوو وڵاتێکی
دەوروبەردا و ھەروەھا پاڵپپشت و ھاوکاری ئازادیخوازان و
دژەدەسەڵاتخوازانی دونیا.
ژیانی نێو کۆمەڵی ستەمکاری و نایەکسانی ، ژیانی نێو ونبوونی دادوەری
کۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادیی ، ژیانی نێو کۆمەڵی ھیراشی و چیانەیەتی ،
چشتێکی دیکەی بۆ ئێمە نەھێڵاوەتەوە جگە لە کاردانەوە، لە ڕێگای: یەکەم:
دانیشتن و پاڵدانەوە و خۆدانە دەستی قەزاو قەدەر. دووەم: چاوەڕوانی
حیزبی پێشڕەو و کودەتای حیزبیانە و سەربازیی و ھەڵبژاردن، درۆ گەورەکەی
مێژوو ، کە ئەمانە لە گرتنەبەری ڕێگای یەکەم مەترسیدارترن لەبەر ئەوەی
کە وەھمێکی زۆر بە خەڵکی دەدەن و دیسانەوە چاوبەستێکی گەورەش لەخەڵکی
دەکەن. سێیەم: ئەوەی کە لەسەرەوە باسکرا.
____________________________
*
ھەوێنی نوسینی ئەم وتارە دەگەڕیتیەوە بۆ ئەو سەفەرەی کە لەگەڵ
ھاوڕێیەکم لە ڕۆژی ٨\٥\٢٠١٥دا
بەیەکەوە کردمان بۆ ئامەد، باتمان، حەسەنکەیف، ماردین، وان، جۆڵەمێرگ و
گەوەڕە لە باکوری کوردستان.
٢٨\١١\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|