|
٥\٢\٢٠٢٦
بۆچی گرنگە "پێش ئەوەی هەر شتێ بین، دەبێ
کورد بین"؟!

هەڵۆ محەمەد
دروشمی ئاماژە پێکراو پێش ٥١ ساڵ لەگەڵ رسکانی پارتی سۆسیالیستی کورد-
پاسۆکدا بەرزکرایەوە، کاری پێکرا و بۆ کرا، هەوڵی بەرجەستەکردنی درا.
ئەم دروشمە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی زرنگانە و بە دیقەتی دیرۆکی کورد بە
سەرهاتەکانی و ئەو کولەمەرگییانەی بەسەریدا هاتووە و شۆڕش و ڕاپەڕین و
شکستەکان بە هۆکار و ئەنجامەکانیانەوە.
گرنگی ئەم دروشمە لە قۆناغی دوای هەرەسی ١٤ ساڵەی شۆڕشی ئەیلوولی
نەتەوەیی کورد، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و قورسایی دژواری دوا نسکۆ و
سازدانی باشترین ئەڵتەرناتیڤی گردومۆڵکردنی هێزە پەرشوبڵاوەکانی کورد،
بەرەنگاربوونەوەی دروشمگەلی بە عێراقیکردنی شۆڕشی کورد و پارتی پێشڕەو
و خەباتی چینایەتی و دروشمە ناکوردستانی و ناواقعییەکانی ئەو سەردەمەی
خەباتی چەکداریی. کوردبوون فاکتی کۆکەرەوەی هەموو ناسنامە بچووکەکانی
ئێزیدی و کاکەیی و هەورامی و عەلەوی و کرمانجی و سۆرانیی و... هتد.
سازدانی کەشوهەوای دیموکراسی پلورالیزم و کاری پێکەوەیی و خەباتی
نەتەوەییانە و داڕشتنی یەکگووتاری کورد لەژێر چەتری کوردبووندا، وەک
گرنگترین و باشترین و رەسەنترین فاکتی کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان لەسەر
سنووری هەرەدامێنی خەباتی هاوبەش. بۆ ئەو رۆژگارە لەم دروشم و بەرەیەکی
کوردستانی ـ پاسۆک دواتر بەرنامەی بەرە کوردستانی یەکگرتووی هاوتا- شی
خستە بەردەم هەموو لایەنەکان. بەولاوە هیچ هەنگاوێکی سیاسی نەبوو.
وەڵامدەرەوەی هەڕەشەکانی داگیرکەر مەترسییەکانی نێوان هێز و حیزبە
چەکدارەکانی کورد و تەواوی قۆناغەکە بێت.
کورد بە هەوڵێکی ناچیزە (کوردبوون) ی خۆی بە دەستکرد و ساختە مشوماڵ
نەداوە و قووتی نەکردۆتەوە . ئەم بوون و چەمکە زادەی پرۆسێسێکی
دوورودرێژی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی و فەرهەنگیی و بگرە
جوگرافیاییشە و لە هەناوی کارلێککردن و موتوربەبوونی ئەم هەموو رەهەندە
جیاوازانەوە رسکاوە و چلوورەبەست بوو.
موسڵمانێک ئەگەر باوەڕی بە ئایەتی خودایی «ئێمە هەموو ئێوەمان وەک گەل
و هۆز دروست کردووە بۆ ئەوەی یەکتر بناسن». دەبێت کوردبوون بسەلمێنێ،
دەنا ئیسلامبوونەکەی رەوایەتی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
مارکسییەکی کورد پێویست بوو لەسەری خەباتی شۆڕشگێڕانەی سەرەتا بۆ
رزگاریی نەتەوە و خاکەکەی خۆی بێت، نەک بۆ چینایەتی و دژە ئیمپریالیزم
و زایۆنیزم. ئەو مارکسییە لە دەرەوەی ئەم دیدگایە و تەماشاکردنی
کێشەکان لە ڕوانگەیەکی کۆسمۆپۆلیتانە و ئینتەرناسیۆنالیستەوە، بە روونی
دوورکەوتنەوەی بووە لە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەکەی.
گریمان رووسیا لە لایەن ئۆکرانیاوە داگیر کرا بێت، کوبا ڤێتنامی
خستبێتە ژێر چەپۆکی خۆیەوە ،چین بکەوێتە بندەستی هندستانەوە، لاوس
کەمبۆجیا بکاتە کۆلۆنی خۆی و بولگاریا لە لایەن رۆمانیاوە
بچەوسێندرێتەوە. مارکسی هیچ کام لەم وڵاتە بندەست و بێ دەسەڵاتەنە هەر
بۆئەوەی پێیان بڵێ ئێوە مارکسین و هاوڵاتی جیهانین، دەستبەرداری مافە
نەتەوەییەکانی خۆتان نەدەبوون و واز لە ناسنامەکەیان نەدەهێنا لە
پێناوی گێڕانی زەماوەندی برایەتی گەلاندا خەباتیان نەدەکرد، بەڵکوو
راستەوخۆ بە گژ داگیرکەری وڵات و نەتەوەکەی خۆیان دەچوونەوە . ئەوەش
پەرچەکرداری تەندروست و مێژووییە…
کەواتە کاتێ توانیمان ئەڵمانی و پۆلۆنی و بەرازیلی و ژاپۆنی و کاتالۆنی
بسڕینەوە، رازییان بکەین بێ ناسنامە بن و هەموویان دروشم بەرز بکەنەوە
و بڵێن: ئێمە مرۆڤین و برای یەکترین،ئەودەم با کوردیش وەگەڵیان
دەکەوتوو و دەچێتە ناو بازنە و مەنجەڵی بە جیهانیبوونی بێ ناسنامە و بێ
نیشتمانەوە. دیارە مەحاڵە هیچ نەتەوەیەک ئەوە بکات، بە پێچەوانە لەم
سەردەمەدا لە هەموو سەردەمەکانی دیکە قایمتر چنگ بە ناسنامە و هێز و
دەوڵەتی خۆیانەوە دەگرن. کەواتە هەتا ئەو میللەتانە سووربن لەسەر
خاوەنداری تاکە خەسڵەتێکی خۆیان ، پێویستە کورد لەسەر هەرشتێکی خۆی بە
ئەندازەی تاڵەموویەکیش بێت ،کە جیای دەکاتەوە لەوانی تر و تایبەتمەندیی
خۆیەتیی، خۆی بە کوشت بدات.
دەستگرتن بە جیاوازیی نەتەوایەتییەوە، بۆ ئامانجی دابڕان و خۆوەتاق
خستنەوە نییە لە کۆمەڵگەی جیهانی، بە ئەندازەی داکۆکییە لەو دیاردە و
چەپکە جیاوازییانەی بە سرووشتی خەمڵاون و باخچەی ژیانی مرۆڤایەتییان
رەنگین تر دەکەن!. ئەگەر بە نموونە لە واقيعی هەڵکەوتووی یەک
نەتەوەشەوە تەماشای ئەم بەڵگەنەویستە بکەین، هونەری کوردی بە نموونە
بهێنینەوە، دەبینین چ تاوانێک ئەنجام دەدەین کاتێ بە فەرمان و
دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرانە لە پێناوی یەک تۆنی و یەک رەنگی شوناسی
هونەریدا، لاوک و حەیران، بەیت و بالۆرە و سیاچەنانەوە و قەتار و
ئەڵاوەیسی هەمووی لە بۆتەیەکدا بتوێنیتەوە، بۆ یەک رەنگ و ئاواز هەمووی
بسڕیتەوە و شتێکی دروستکراوی لێ دروست بکەیت، کە ناسروشتییە.
مێژووی کورد تژییە لە دیمەن و چیرۆکی هەمەچەشنە کە بوونەتە هۆکاری
نایەکگرتوویی ئەم نەتەوەیە. بەڵام هەردوو فاکتی ئایینی و ئایدۆلۆژی
زیاترین کاریگەریی نەرێنییان هەیە بۆ دوورکەوتنەوەن لە چەمکی کوردبوون.
ئەم دوو روانگەیە جێگای هیچ پێناسەیەکی نەتەوایەتییان تێدا نابێتەوە.
کورد لە هەردوو بەرە کەسانێکی هەن کەوا مۆرک و رۆحی کوردبوونی خۆیان لە
هەناوی ئایین و ئایدۆلۆژیاوە بزر ناکەن و شانازیی پێوە دەکەن.
رووداوەکانی هەنووکەی رۆژئاوای کوردستان باشترین بەڵگەیە. ئەوەی هێز و
هەوێن و بزوێنەری یەکگرتوویی و یەکڕیزیی وکوردە،لەوپەڕی راستەوە بۆ
ئەمپەڕی چەپ و ئاییندار، کوردبوونە: « کینە ئەم، کوردین ئەم» ،« یەکە
یەکە یەکە گەلی کورد یەکە»،«٢+٢=١». بڵنکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە
لایەن منداڵی مەمکەمژە لەدەم و خاوەن پێداویستی تایبەت تا پیروپەککەوتە
خانەی بە ساڵاچوان، لە بری حیزب و شەپۆلی نەعرەتە و هاواری کوردایەتی و
نمایشتکردنی چەمکی کوردبوون بەر لە هەر ناسنامەیەکی تری بچووک و گرووپی،
بەرئەنجامی دروشمی دایک «پێش ئەوەی هەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین»ە.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر بهاتایە و نیوسەدەی رابووردوو، بایەخ بەو دروشمەی
پاسۆک بدرایە و هەر لایەنێک مەڵۆی خۆی بخستایەتە سەر خەرمانی ئەم
دروشمە و دەوڵەمەند تر بکرایە، هەر لایەنێ لای خۆیەوە هەرسی بکردایە و
ئەندام و لایەنگریی خۆی پێ پەروەردە بکردایە، بەم گیان و دروشم و
یەکریزیی و یەکگوتارییەوە خەباتمان بکردایە، ئێستا لە کامە وێستگەی
خەبات و ژیان و کوردایەتیدا دەبوون؟
ئەوەی جێگای دڵخۆشی و شانازییە، جۆشوخرۆشی روانگەی نوێیە بۆ کوردبوون،
ئەو نەوەیەی لە پانتایی و رووبەری فراوانی سۆشیال میدیادا، رۆڵ دەگێڕن
، بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان، بە کۆکردنەوەی هاوکاریی و ناردنی
پشتیوانی، بە دەست دانە چەک و چوون بۆ بەرەکانی شەڕ بۆ داکۆکی لە
کۆبانی و حەسەکە و.. هتد، هێز و لایەن و قەوارەی هەڕێمی باشووری
کوردستان کە بۆتە قەڵا و ژێدەر و قوڵایی دۆزی کوردی پێوە گرێ دراوە،
بەشدارییەکی کوردانەی ئەم تراژیدیا نەتەوەییە بوون و بە هەموو جۆرە
کۆمەکێک بەتایبەت دیبلۆماسی و راگەیاندنی و خۆپیشاندان هێندەی گەلێ
دەزگەی فەرمی جیهانی هاوکاریی زیاتر پێشکەش بە رۆژئاوا کرا. ئەم پێشهات
و رووداو و هەڵوێستانە وەرچەرخانێکی نوێی لە مێژووی سەدەی ٢١ ی کورددا
تۆمار دەکەن. شەپۆلێکی ستراتیژی نوێن و گرنگن دەبێت کورد زرنگانە
هاوشانی بڕوات ئەم گیان و ورەی کوردبوونەی هاوچەرخ بە کارایی بەرجەستە
بکات و نەیەڵێ سارد بێتەوە، کە بۆ خۆی ئاڵەنگارییەکی بەهێز و گەورەیە
بەرووی داگیرکەراندا، وزە و مۆڕاڵێکی بەرزە بۆ بەهێزترکردنی کوردبوونی
خەمڵیوو.
دروشمی « پێش ئەوەی هەر شتێ بین، دەبێ کورد بین» هەر زیندووە و وزە و
پۆتێنسیال و دینامیکێتی خۆی لەدەست نەداوە و دەست دەدات ئیمڕۆش بکرێتە
بانگاشە و دروشم و مارش و سروودێکی ناوەندی و هەموو گەورە و بچووک، بێ
جیاوازی و لەدەوری کۆبینەوە. کورد زیندووە، کوردبوون کۆکەرەوە و
چارەنووسی بوونمانە.
٢\٢\٢٠٢٦
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|