١٩\٣\٢٠١٨
بۆچی ھێزەکانی
سوریا لە عەفرین بێدەنگن، بۆچی ئەمەریکاش بێدەنگە؟

زاھیر باھیر
ھاتنی ھێزەکانی سوریا بۆ عەفرین گەلێکی
دڵخۆش و بە ئومێد کرد، وایان دەزانی کە سوریا دەکەوێتە شەڕ لەگەڵ
تۆرکیادا.
بێ گومان ئەم شیکردنەوە و لێکدانەوەی ھەرە ھەرە زۆربەی ڕۆشنبیرەکان و
سیاسییەکانی ڕۆژاوا و باشوور و لایەنەکانی دیکە ھەر وەکو زۆربەی کات
ھەڵە دەرچو.
ھەر لەسەرەتاوە ڕوسیا لەو پلانەی سوریا ناڕازی بوو لەبەر ئەوەی نزیکەی
٢ ساڵ لەمەوبەر ڕوسیا دەیویست کە کوردەکان تەواوی عەفرین بە سوپای
سوریا بسپێرن و ئەم داخوازییەی ڕوسیاش لەسەر بناخەی نزیکایەتی پەیەدە
بە ئەمەریکاوە ھاتە کایەوە . شەڕی نیوانی ڕوسیا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا
بە ھاوکاری ھەندێک لە دەوڵەتەکانی کەندا و، بەدوای وەکیل دا دەگەڕان کە
ئەو شەڕەی پێبکەن ھەر ھەموو ھێزەکانی سوریا لە سوپای سوریای ئازدەوە بۆ
گروپە تیرۆریستەکان و تاکو پەیەدە لەم جەنگەوە ئاڵان ئیدی شەڕەکە بوو
بە شەڕی نێوان ئەمان و ڕوسیا و ئەمەریکاش تەماشاکەر و ھاندەر و
گەرمکەری شەڕەکە.
بێ گومان دەبوایە دەرکمان بەوە بکردایە کە ھەرگیز ڕوسیا نایەوێت سوریا
و تورکیا کەھاوپەیمانی ئەون دەستیان بچێت بە خوێنی یەکدیدا، ئەمە وای
لەوە کرد کە سوریا ھەندێک لە جەیشی شەعبی لەگەڵ بڕێک چەک و تەقەمەنی
سوک و قورس دا ڕەوانەی عەفرین بکات. سوریا بەمەی کە کردی دوو نیشانی
شکاند ، یەکەم : ڕوسیای قایل کرد بەوەی کە ئەو بە گوێرەی پلانی ئەو
دەڕوات ھەروەھا پەیەدەشی قایل کرد کە سوریا بۆ پاراستنی سنورەکانی
دەگەڕێتەوە و دژ بە سوپای تورکیا دەجەنگێ. دووھەمیش: گەر عەفرین
نەکەوێت ئەوە ئەوان بارو بنکەی خۆیا لەوێ داناوە و کارئاسایی دەکات بۆ
گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ئەوێ ھاوکایش لەم قۆناخەدا ئەوان تەماشاکار
دەبن . ئەگەر عەفرینیش کەوت ئەوە ئەوان لەوێن و دوای سوڵحی دوەلی بە
کشانەوەی تورکیا ئیدی بە ئاسانی سوریا بە تەواوی دەگەڕیتەوە بۆ عەفرین.
تا ئێستا ئەردۆگان لەم گەمە سیاسییەدا سەرکەوتو بووە ، گونی ھەموو
لایەکی گرتوە : ئەوروپا، سوریا ، ڕوسیا ، ئەمەریکا و داعش و گروپە
تیرۆریستکانی دیکە . ئەمەریکا ناتوانێت ھیچ شتێک بکات دژ بە تورکیا
چونکە نایەوێت تورکیا لە ناتۆ دەرچیت و بکەوێتە بەرەی ڕوسیاوە . ڕوسیاش
لە ئێستادا تورکیا بۆ ئەو لە سوریا گرنگترە دەیەوێت بەلای خۆیدا،
تورکیا ڕاکێشێت. ئیتر ئا لێرەدا کێشەی کورد و سەنگی کورد لە سوریادا ،
گرنگی ھاوسەنگیی سوریا و تورکیان نابێت بۆ ھیچ کام لە ئەمەریکا و
ڕوسیا.
١٦\٣\٢٠١٨
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|