٢٨\٣\٢٠١٠ بۆچی ژنانی عێراق و کوردستان بۆیان نییه خۆیان ئازادانه داوای پاسپۆرتی عێراقی بکه‌ن؟
تاهیر حاجیحه‌سه‌ن
له‌ژێر ناونیشانی (پاسپۆرت به‌ژنان نادرێت) وتارێک بوو له ئاماده‌کردنی به‌ڕێزێک به ناوی(شاناز عبدلڕحمان) ڕۆژنامه‌ی (ئاوێنه) بڵاوی کردبوه‌وه، ڕۆژی 24/03/2010 ئه‌و بابه‌ته‌م بینی له‌و ڕۆژنامه‌یه‌دا و بووه جێگه‌ی سه‌رنجم. به‌ڵام ئیستا ئه‌و بابه‌ته له بری ئه‌وه‌ی بکرایه‌ته جێگای کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگه ناڕازیه‌کانی ژنانی کۆمه‌ڵگای عیراق و کوردستان، به‌داخه‌وه له‌نێو ڕوبه‌ری سایته‌کدا لابراوه. به‌هۆکاری چ شتێکه ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌رپرسانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه.
له‌نێو ده‌ستوری عیراقی نوێداو به‌تایبه‌ت پرۆژه‌ی ده‌ستوری ئاماده‌کراوی کوردستانیشدا له به‌شی : ده‌روازه‌ی دووه‌م/ مافه‌سه‌ره‌کیه‌کان/ مادده‌ی (20) یه‌کسانی.....سێیه‌م: پیاو ژن به‌رامبه‌ر به یاسا وه‌ک یه‌کن و حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت هه‌وڵ بدات هه‌موو کۆسپێک له ڕێگای یه‌کسانی له ژیان و مافه شارستانی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ئابوریه‌کاندا لابه‌رێ و حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت ئه‌و مافانه‌ی له‌م ده‌ستووره و له‌و په‌یماننامانه‌دا هاتوون که‌له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه په‌سه‌ند کراون بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر بکات.
ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م مادده یاساییه بوایه ئه‌وا ئێستا پێویستی به‌و به‌دواداچونه‌ی شانازخان نه‌ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واو له‌حاڵو مافی ژنانی عێراق و کوردستان بزانرێت له‌کامه پێگه‌دا له ڕووی عه‌مه‌لیه‌وه جێگا‌و ڕێگایان بۆ دیاری کراوه. کاتێک ئه‌و به‌دواداچونه ده‌خوێنیته‌وه، ئه‌وجا ده‌گه‌یته ئه‌و بڕوایه‌ی ئه‌م خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره به‌رژه‌وه‌ند خوازه به‌دین ئاودراوه، چه‌ند درۆزنه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێوره‌سمه ده‌ستوریه‌ی دایناوه بۆ خه‌ڵکی. له کاتێکدا زۆربه‌ی خه‌ڵکی عێراقیان بانگهێشت کرد بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره، له ساڵی 2005 دا. باشه ئه‌گه‌ر ژنان مافی یه‌کسانییان هه‌یه له‌گه‌ڵ پیاواندا به‌پێی ئه‌و مادده‌یه!،, ئه‌وه کامه ڕێزگرتنی ئه‌و یاسایه ده‌بێت که نه‌یتوانیوه ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ساڵی 2004 بگۆڕێت له‌کاتێکدا له‌لایه‌ن خودی به‌رپرسانی عێراقیه‌وه دانراوه. کاتێک له‌و به‌دوادا چونه‌دا ده‌ڵێت: ( ئه‌م رێنماییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو، ئه‌وكاته به‌فه‌رمانی وه‌زاری ژماره (51) له (12/9/2004)دا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا كه ئافره‌تان له كاتی وه‌رگرتنی پاسپۆرتدا ده‌بێت له‌ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی بۆ چل ساڵی وه‌لی ئه‌مریان ئاماده ب‌ێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی بده‌ن به‌ئیمزاكردن له‌سه‌ر فۆرمه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر باوكیان نه‌ما بوو ئه‌وا برا گه‌وره پاشان مام‌و خاڵ، بۆ ئه‌وانه‌شی هاوسه‌ریان گرتووه ئه‌وا ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هاوسه‌ره‌كانیان وه‌ربگیرێت). ئاخۆ لێره‌دا ده‌بێت ژنان چی به‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه بڵێن کاتێک به‌شێوه‌یه‌کی ئاوا ته‌واو بێحورمه‌تانه دێن سوکایه‌تیان پێده‌که‌ن و به‌ڕه‌سمی پله‌دووی و زه‌عیفه بونیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن؟
من ده‌مه‌وێت لێره‌دا پرسیارێک له‌و ژنه په‌رله‌مانتارانه بکه‌م، ئاخۆ ئه‌وه چ دنیایه‌کی ته‌واو به‌رژه‌وه‌ند خوازیانه‌ی ته‌سک بینانه‌یه وا له‌و به‌ڕێزانه ده‌کات ملی خۆیان که‌چ بکه‌ن له‌به‌رده‌م ئاوا بڕیارێکدا و هیچ جورئه‌تێک له خۆیاندا نه‌بینن بۆ ئه‌وه‌ی ژنان بانگهێشتی سه‌رجاده بکه‌ن تا ئه‌و بڕگه‌یه هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، ئه‌گه‌ر خۆیان به‌نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئازدیخوازانه‌ی ژنان ده‌زانن؟ یان ئه‌وه بانێکه‌و دوو هه‌وا!!!!!
ژنانی عێراق و کوردستان به‌پێی هه‌موو پێوه‌رێکی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی و مه‌ده‌نی، له ئاوا بارودۆخێکدا له‌وه‌ی زیاتر کۆیله‌یه‌کی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و پیاو ب‌ێت، هیچ جۆره پێگه‌یه‌کی ئینسانی بوونی خۆی نیه که ئه‌و که‌سێکی ئازاده له ژیانیدا. باشه ئه‌گه‌ر ئه‌وانی ده‌سه‌ڵاتدار باس له یه‌کسانی ده‌که‌ن، کامه‌یه مافی سه‌ره‌تایی ئه‌و ژنه که نه‌توانێت بۆخۆی داوای پاسپۆرتێک بکات؟ من پرسیارم هه‌یه لێره‌دا بۆچی ئه‌م ڕه‌گه‌زه مێینه لانی که‌م بۆخویندن ده‌توانێت تا گه‌شتن به قۆناغی کۆتایی درێژه به خوێندنی خۆی بدات به‌ڵام بۆ داواکردنی پاسپۆرتێک ئه‌م مافه‌ی نیه؟ ئاخۆ هۆکار بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌وه خه‌ڵکی خۆیانن به‌ده‌ر له ڕێوڕه‌سمی ده‌ستور و یاسا مندڵه کچه‌کانی خۆیان ده‌نێرنه خوێندن و خوازیاری ئه‌وه‌ن ئه‌وانیش وه‌ک کوڕان جێگه‌وڕێگه‌ی خۆیانیان هه‌بێت له ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگادا، به‌ڵام ئه‌وه بڕیارێکی یاساییه که ڕێگه له‌م ژنه ده‌گرێت و ناهێڵێت خۆی ئازادانه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌رچ کاتێک ویستی بڕوات پاسپۆرتێک داوا بکات. ئاخۆ هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و که‌له‌به‌ره‌ی ئیستا کراوه‌ته‌وه بۆ پیاوان به پێی توانای خۆیان سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات بکه‌ن ، به‌ڵام لێره‌دا ترسێک هه‌یه ڕێگا به ژن نادات خۆی ئه‌و داواکاریه جێبه‌جێ بکات، نه‌وه‌ک له خێزان ڕابکات و بچێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌بێ ئیزنی باوک و برا‌و مام و خاڵ؟ ئه‌مه چ دواکه‌وتوییه‌که ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێت له نێو خێزانه‌کاندا ئه‌م که‌لتوره بهێڵێته‌وه؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌نده یاساییه نه‌بوایه‌و ژنان بۆخۆیان ئازادانه مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوایه که پاسپۆرتی عێراقی وه‌رگرن به‌بێ وه‌لی ئه‌مریان، تۆ بڵێی ئێستا له عێراقدا که‌مترین ژنی تێدا بمایه‌ته‌وه؟ یانی زۆربه له‌و جه‌هه‌نمه هه‌ڵبهاتایه؟ ئه‌گه‌ر وا ببوایه، خۆ ده‌کرا ئه‌و هه‌موو ژنه هه‌ڵهاتوه به‌شێت و به‌ره‌ڵا سه‌یر نه‌کرایه؟ چونکه هه‌میشه هۆکارێکی زۆرگرنگ له پشت هه‌ڵهاتنێکی کۆ دا هه‌یه؟
کاتێک ڕژێمی به‌عسی دیکتاتۆر په‌لاماری خه‌ڵکی ئازادی خوازی کوردستانی دا له ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا ناچار زۆرترین خه‌ڵک جێگا‌و ماڵی خۆی به‌جێهێشت، چونکه ده‌یزانی تۆڵه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته وه‌حشییه له ج ئاستێکدایه؟ که‌واته لێره‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی، بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پیاوانی عێراقیش له‌گه‌ڵ حوکمه ئاینیه‌که‌یدا خوازیاری ئاوا کرانه‌وه‌یک نین بۆ ئه‌وه‌ی ژنان وه‌ک پیاوان له کرده‌وه‌دا خاوه‌ن ماف بن؟ نمونه‌یه‌کی جوان له‌و به‌دوادا چونه‌دا هه‌یه ( کچێک ته‌مه‌نی 28 ساڵه خوێندکاری زانکۆی سلێمانیه، داوای پاسپۆرت ده‌کات به‌ڵام کارمه‌نده‌که پێی راده‌گه‌یه‌نێت که ده‌بێت باوک یان برات له‌گه‌ڵدا ب‌ێت، ئه‌گه‌ر نا بۆت نیه به‌ته‌نها داوای پاسپۆرت بکه‌یت—ئه‌ویش ده‌ڵێت من برا بچوکه‌که‌م پاسپۆرتی ده‌رکردوه به‌بێ ئه‌وه‌ی باوکمی پێویست ب‌ێت، ئیستا بۆچی ده‌بێت من باوک یان برام له‌گه‌ڵدا ب‌ێت؟ ئه‌مه بۆخۆی پرسیاره گه‌وره‌که‌یه. که‌واته به‌هه‌موو مانایه‌ک ئه‌م ژنه وه‌ک که‌سێکی کامڵ سه‌یر ناکرێت له ڕووی یاساییه‌وه له کاتێکدا ئه‌و خوێندکاری زانکۆیه؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م کرداره بێحورمه‌تی کردن نه‌بێت به ماف و که‌رامه‌تی ئه‌و ژنه‌وه، ده‌توانرێت چ ناوێکی لێبنرێت؟ لێره‌دایه ئاستی ئه‌و ڕێزه درۆینانه‌ی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌میشه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان، ژنان ده‌که‌نه ده‌سته گوڵی خۆیان، بۆ دابین کردنی مافه‌کانیان! ئه‌گه‌ر تۆی ده‌سه‌ڵاتدار ڕێگه به‌وی ماف خوراو نه‌ده‌یت خۆی ئازادانه داواکاریه‌کانی خۆی بچه‌سپێنێت، تۆ چۆن ده‌توانیت مافی پێشکه‌ش بکه‌یت؟ ئاخۆ ژنانی په‌رله‌مانتار ئه‌وه‌ی له‌و نێوه‌نده‌ی ته‌مه‌ندان کامیان توانیویانه به‌بێ پرسی وه‌لی ئه‌مره‌کانیان پاسپۆرتی عێراقی ده‌ربکه‌ن؟ ئه‌گه‌ر له ڕوی یاساییه‌وه هه‌ڵگری ئه‌و به‌نده یاساییه بن که له‌سه‌رده‌می (ئیبراهیم جه‌عفه‌ریدا) سه‌پێنراوه؟
ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی عێراق و کوردستان نین به‌شوێن مافه یه‌کسانیخواز و ئازادیه گشتیه‌کانی نێوان ژنان و پیاوانه‌وه بن، به‌ڵکو ئه‌وه ئه‌رکی ته‌نهای ژنانی ئازادی خواز و سه‌رجه‌م پیوانی ئازادی خوازه له هاتنه مه‌یدانی خه‌باتی شیلگیرانه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م چینه نه‌داره‌کانی کۆمه‌ڵگا وشیار بکه‌نه‌وه له مه‌فه‌کانیان و بیانهێننه پای ئه‌وه‌ی دژی ئه‌و ده‌ستور و بڕیارانه تیبکۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی کامه به‌ند و ماده‌ی ڕێگره له‌به‌رده‌م مافی ته‌واوی ئازادانه‌ی مرۆڤه‌کاندا له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه. به‌بێ هاتنه مه‌یدانی ڕاسته‌وخۆی ژنان بۆ نێو ئاوا خه‌بات کردنێک ناکرێت له چاوه‌ڕوانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره ژنانه‌دا بن که پابه‌ندن به‌و به‌رژه‌وه‌ندیه شه‌خسی و ڕێوڕه‌سمانه‌وه بۆیان دیاری کراوه و ناتوانن هه‌نگاوێکیش هه‌ڵبهێنن دژی ئه‌و ده‌ستووره و، ئه‌و مادده‌یه نه‌هێلن. مانه‌وه له نێو ئه‌و خۆشخه‌یاڵیه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان هه‌ڵسن به‌و کاره، ته‌نها درێژه پێدان ده‌بێت له‌و ڕێگایه‌ی ئێستا ژنانی تێدا کراوه به کۆیلله و ده‌ره‌جه دووی ده‌ستی پیاوان!!!!!
هۆڵه‌ندا 25/03/2010
ئه‌م نوسینه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌قی ئه‌و به‌دوادا چوونه‌یه که به‌ڕێز شاناز عبدولڕه‌حمان ئاماده‌ی کردوه.
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
پاسپۆرت به ژنان نادرێت.
ئا: شاناز عه‌بدولڕه‌حمان
"بۆچی براكه‌م له‌خۆم بچوكتره پاسپۆرت ده‌رئه‌كات‌و پێویستی به‌باوكم نییه، كه‌چی من داوام لێده‌كه‌ن باوكم به‌رم!"
شێنێ به‌مجۆره نیگه‌رانیی‌و سه‌رسوڕمانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و رێنماییه ده‌ربڕی، كاتێك هاتبوو بۆ فه‌رمانگه‌ی په‌ساپۆرت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌ر هاوڵاتییه‌ك په‌ساپۆرت ده‌ربهێنێ، به‌ڵام كارمه‌ندی پرسگه‌كه پێیوت "ده‌بێت باوكت یان برا گه‌وره‌كه‌ت بهێنی"!
ئه‌و كه ته‌مه‌نی (28) ساڵه‌و خوێندكاری زانكۆی سلێمانییه، پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ده‌رهێنانی پاسپۆرت "باوك‌و برای بۆچییه؟"
به‌لای زۆرێك له‌ئافره‌تانه‌وه ئه‌م بڕیاره به‌مانای پێشێلكردنی مافه‌كانی ئه‌وانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌وانی نیگه‌ران كردووه پاگه‌نده‌ی دیموكراسی‌و ئازادییه له‌عێراقی نوێ‌دا، به‌مه‌رجێك گرنگترین پێوه‌ری دیموكراسی له‌دونیای ئه‌مڕۆدا ئاستی به‌ره‌و پێشچونی مافه‌كانی ژنانه.
سه‌رنوسه‌ری سایتی ئه‌لكترۆنی كوردستان ئۆن لاین "چیمه‌ن ساڵح" پێوایه ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌له‌پێناو مافی مرۆڤ و ژناندا كارده‌كه‌ن هه‌وڵی لابردنی ئه‌م یاسایه بده‌ن. ئه‌و وتی: "به‌ڕاستی ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه كه عێراق ده‌یكات بۆ ئه‌وه‌ی نمونه‌ی دیموكراسییه له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
ئه‌و هه‌بوونی ئه‌م یاسایه‌شی گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه باڵاده‌ستی حزبه ئیسلامییه‌كان له‌په‌رله‌مانی عێراق كه توانیویانه یاسایه‌كی له‌م شێوه‌یه بچه‌سپێنن.
ئه‌و وڵاتانه‌ی كه په‌یڕه‌وی له‌ڕێنماییه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئیسلامین، كه زۆرجار له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه به‌پێشێلكردنی مافه‌كانی ژنان تۆمه‌تبار ده‌كرێن. له‌م وڵاتانه‌شدا ژنان هه‌وڵێكی لێبڕاوانه ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕووی یاساییه‌وه له‌ئه‌رك‌و مافه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر یه‌كسان ته‌ماشا بكرێن. له‌عێراق‌و كوردستانیشدا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رچونی ئه‌م یاسایه‌وه ژنان له‌دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه.
سه‌ره‌تای ده‌رچوونی ئه‌م بریاره‌وه به‌شێك له‌ئافره‌تان دژی ئه‌م یاسایه بوون كه بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تێك ببێته خاوه‌نی پاسپۆرتێك ده‌بێت باوكی یان هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ببات.
هانا شوان له‌سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی یه‌كێتی ژنان‌و سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی رێوان به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند كه "ئه‌م یاسایه پێمان ده‌ڵێت ژنان بونیان نییه به‌بێ پیاوان‌و كه‌سی پله دوون له‌كۆمه‌ڵگه‌دا".
سه‌باره‌ت به‌و هه‌وڵانه‌ی كه دراوه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م یاسایه، هانا وتی: "له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونی یاساكه‌وه به‌هاوكاری چه‌ند رێكخراوێكی چالاك له‌بواری مافه‌كانی ژنان نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ئیمزامان كۆكرده‌وه ئه‌مه جگه له‌چه‌ندین وتار‌و نوسین هه‌تا گه‌یشتینه تۆماركردنی سكاڵا له‌دادگای فیدراڵی عێراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه چه‌ند لایه‌نێك ده‌ستیان تێوه‌رداو نه‌یان هێشت".
ئه‌م رێنماییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ئیبراهیم جه‌عفه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو، ئه‌وكاته به‌فه‌رمای وه‌زاری ژماره (51) له (12/9/2004)دا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا كه ئافره‌تان له كاتی وه‌رگرتنی پاسپۆرتدا ده‌بێت له‌ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵی بۆ چل ساڵی وه‌لی ئه‌مریان ئاماده ب‌ێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی بده‌ن به‌ئیمزاكردن له‌سه‌ر فۆرمه‌كه‌یان، ئه‌گه‌ر باوكیان نه‌ما بوو ئه‌وا برا گه‌وره پاشان مام‌و خاڵ، بۆ ئه‌وانه‌شی هاوسه‌ریان گرتووه ئه‌وا ده‌بێت ره‌زامه‌ندی هاوسه‌ره‌كانیان وه‌ربگیرێت.
عه‌میدی یاسایی‌و به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ساڵح عوسمان، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند كه ئه‌وان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره‌دا ره‌خنه‌ی توندیان لێگرتووه. ئه‌و وتی: "من به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته رۆشتمه به‌غدا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یمان كرد، به‌ڵام بێ سوود بوو. هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كۆبه‌نده‌ی رێكخراوه‌كانی ژنان چه‌ندین ئیمزایان كۆكرده‌وه وامانكرد وه‌زیری ناوخۆی عێراق‌و به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی به‌غداد بانگهێشتی په‌رله‌مان كران، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌نجامی نه‌بوو تا ئه‌م كاته‌ش ده‌بێت وه‌لی ئه‌مر ئیمزا یان په‌نج مۆر بكات بۆ ئافره‌ته‌كان".
به‌ڕێوه‌به‌ری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئه‌وان رۆژانه له‌فه‌رمانگه‌كه‌یاندا توشی حاڵه‌تی ناخۆش ده‌بن‌و وتی: "ئه‌مڕۆ ژنه شه‌هیدێك هات پاسپۆرت بۆ كچه‌كه‌ی ده‌ربكات، به‌ڵام برای گه‌وره‌ی نه‌بوو، هه‌روه‌ها مام‌و خاڵی نه‌مابوو، بۆیه به‌بڕیارێكی دادگا توانیمان كاره‌كه‌ی بۆ بكه‌ین".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه كه داوایان له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌و رێنماییه به‌ده‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌وان هیچ وه‌ڵامیان نه‌بووه.
سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ش هێشتا ژنان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر دروستكردنی فشار بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق كۆتایی به‌م بڕیاره بهێنێت، هانا شوان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "ئێستا وه‌ك كۆمه‌ڵێك رێكخراوی ژنان‌و ئافره‌تان خه‌ریكی پێكهێنانی كه‌مپینێكین بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و له‌ڕێگه‌ی كه‌سانی یاساییه‌وه خه‌ریكی تۆماركردنی سكاڵان به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی ئه‌م یاسایه".
|