په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٧\٢٠١٩

بۆچی کەس تیرۆرکرنی کاک عەبدول و چوار هاوڕێکەی بیرنەما!!

شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


ساڵی ٢٠١٣ دادگای سلێمانی دوای سیانزە ساڵ لە ڕوودانی تاوانێکی گەورە لە خەوی قوڵ خەبەری بۆوەو گوایە دەیەوێت لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکات و دادگای تاوانباران بکات! بۆ تاوانێک کە بەڕۆژی ڕوناک لە ناوجەرگەی سلێمانیدا لە ١٤ی ٧ی ساڵی ٢٠٠٠دا لەلایەن چەکدارانی یەکێتی نیشتمانیەوە ئەنجام دراوە،تازە بە تازە ئەم دادگایە داوای بەڵگەی دەکرد، گوایە بەڵگە لەبەردەستدا نییە کە عبدول و چوار هاوڕێی گولـلە باران کرابن و گیانیان لەدەستدابێت! چونکە تاوانبارانی ناوبراو هەر بە هەستانی ئەو تاوانە هەڵنەسابوون بەڵکو بە سڕینەوەی تەواوی جێ پێی تاوانەکەی سڕیبۆوەو تەواوی ئەوراقی طب عدلی و وەفاتنامە لە ناوبراوبوون، ئەمانەش وەک مەیتەکان کە بە دزیەوە لە شەوی تاریکدا لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژران ، ئەوانیش واتە ئەوراق و بەڵگە یاساییەکان لە گۆڕ نرابوون. ئەم دادگایە کە هیچ مافێکی گشتی و داواکاری گشتی ناناسێ لە چاوەڕوانی داواکاری تایبەتی بوو کە دەعوا لەسەر تاوانباران بدا بە دادگا! ئەگەر نا خەوی قوڵی ١٣ساڵە و چاو نوقاندن لەو تاوانە مانای چییە؟

گاڵتەجاری پرۆسەی دادگاو دادوەری سلێمانی هەر ئەوە نەبوو کە باسم کرد بەڵکو لەوێوە زیاتر بووە مەهزەلە کە داوای کرد گۆڕەکان هەڵبدەنەوە بەڵکو بەڵگەیەکیان دەست بکەوێت، گوایە نازانن کێ لەو گۆڕانەدا نێژراوەو بەچی مردوون!! ئەم دادگا نادادە کە خۆی داوای بەڵگە دەکات کەچی لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکان وەرەقەیەک دەهێنن کە بەڕیز ناوی کەسەکان و شوێنەکانیان بە پێی تەسەلسوڵ تیا نوسرابوو نەکا ئاڵوگۆڕێک لە کەسەکان و گۆڕەکانیاندا دروست ببێ! چی لەمە گاڵتەجاڕی ترو بگرە ئیهانە ئامێزترە؟ ئاخر دادگای ناداد نەدەکرا هەر لەو کەسەی وەرەقەکەی دایتێ بەڵگە وەربگری و لێکۆڵینەوەی خۆت دەست پێ بکەیت؟ ئەوەی وەرەقەکەی دایتێ خۆی تاوانبارەکەیە ئەگینا ئەم زانیاریەی لە کوێ هێنا؟

کە گۆڕەکان هەڵدرانەوە چی بینرا؟ کە گۆڕەکان هەڵدرانەوە قەوانی چەند فیشەکێک دۆزرانەوە کە بەڵگەن لەسەر ئەوەی چەکدارانی کوردایەتی یەکێتی نیشتمانی کە هەستاون بە تاوانەکە ئەوەندە قین لە دڵ و دڕندە بوون لە گۆڕەکەشدا کوێرانە توڕەیی خۆیان بەسەر لاشەکاندا هەڵڕشتووە. بێجگە لەمەش گۆڕی دوو کەسیان بەپێی ناوەکانیان نەبوون. تاوانکاران ئەوەندە شپرزە بوون لە ڕیزبەندی ناوەکاندا هەڵەیان کردبوو، بەم جۆرە چەند ساڵە دایکانی کۆست کەوتوو لەسەر گۆڕێک دەگرین کە هی کوڕەکەیان نەبووە بەڵکو هی هاوڕێکەی بووە. بێجگە لەمە پەیکەری یەکێک لەو هاوڕێیانەی کاکم ڕاست وەک ووتەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوژراوە کە بە قەناس بووەو ئەمەش وەک قەتلی عەمد لەقەڵەم دەدرێت.

دادگا چی کرد؟ دادگای نوستوو بێ مەرام ١٣ ساڵ نەنوستبوو، ئەم دادگایە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا کە دەکاتە ٦ساڵ هیچ هەنگاوێکی یاسایی و جدی نەناوە. چونکە ئەم دادگایە خۆی دادگای بکوژەکانە چۆن دەتوانی بکوژ دادگایی بکات. دادگا تەنها هەستا بە داواکرنی ئەو کەسانەی کە لەلایەن حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە تاوانبار کرا بوون، بەڵام بێجگە لە یەکێکیان هیچیان ئامادەی بەردەم دادگا نەبوون. ئەویش بێجگە لە ئینکاری کردنی تاوانەکە هیچی تری نەوتبوو. بۆ بیرخستنەوەی ناوی تاوانباران ئەمانە بوون: د. خەسرەو گوڵ، سەرکەوتی کوببە، مستەفای سەید قادر، سەعدی ئەحمەد پیرە. ئەوەی جێی پرسیارە بڕیاری دادگایە کە بڕیاری دا قەزیەکە تەسلیمی دادگای هەولێر بکات. دادگایەک کە مافی دەسەلات و دادگایی کردنی نییە، بۆچی هەر لەسەرەتاوە دەستی دەداتێ؟ بۆچی دادگایی تاوانباران بە غیابی نادرێت؟ ئامادە نەبون لە بەردەم دادگا خۆی پێویستی بە ئیجرائات نییە؟
 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک