١٧\٦\٢٠١٢
بۆچی کۆمەڵگای
کوردستان بە توندوتیژیی دژی ژنان راناچڵەکێ!

گۆنا
سەعید
بەڕێوەبەراێتی گشتی بەدواداچونی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان
رایدەگەیەنێت: لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا
ژنان ٢١٨ سکاڵایان لە دەزگاکانی پۆلیسدا تۆمارکردووە، ھاوکات (١٠)
حاڵەتی خۆسوتاندن و (١٣) حاڵەتی سوتان لە ھەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون
، ھەروەھا سایتەکە روونکردنەوەی داوە لەسەر
جۆر و ژمارە و ناوچەی حاڵەتەکان کە ڕوویان داوە لە ئەشکەنجەدان و کوشتن
و خۆکوشتن و خۆسوتاندن و سوتان و توندوتیژیی
سێکسیی.
ئەمجارەشیان ئامارەکان هەروەک ئامارەکانی مانگی پیشوو، سالی پیشوو و
چەند ساڵی پێشوو دیسان ترسناک و تۆقینەرن و پێمان دەلینەوە کە شتێک لە
وەزعی توندوتیژیی نێو کۆمەڵگا لە سەر ژنان کەم نەبۆتەوە، بە لەبەرجاو
گرتنی ئەوەی کە ئەم ژمارەیە تەنها ئەوانەن کە تۆمار کراون ، لە کاتێکدا
کە زۆربەی زۆری ژنان بە هۆی ڕیگریەکانی بەردەمیان هەر لە زەبر و زەنگی
خێزانی و فشاری کەس وکار و ترسی لەدەست دانی منداڵ و ترس لە توندوتیژیی
زیاتر و خەمی "ئابڕوو" چوون و ترس لە تەڵاق دان و دابین بوونی بژێویان
و هەژاری بەرفراون لە نێو ژناندا و نەبوونی سەربەخۆیی ئابووری و بیمەی
کۆمەلایەتی، و لە هەموو ئەمانەش زیاتر، نەبوونی ریگای ئاسان کراوو
سەلامەت و نهێنی بۆ دەست گەیشتن بە تۆمارکردنی سکالاکانیان ، شتێکی
ڕوون وئاشکرایە کە ئەم ئامارانە قەترەیەکن لە دەریایەک لە توندوتیژیی
هەموو ڕۆژە و هەمە لایەنە کە بەرامبەر بە ژنان دەکریت. . لەمەش زیاتر
ئەم ئامارانە توندوتیژیی لە بابەتی بە زۆر بەشوودان وخەتەنەی منداڵان و
ئازاردانی دەروونی و کۆنترۆڵ کردنی ژیان و قەدەغەکردنی کچان لە خویندن
و کار کردن ومەحروم کردنی مادی و دەستدریژی سێکسی لەسەر ژنانی
فەرمانبەر و کرێکار و منداڵانی کچ لە خۆی ناگرێت کە ئەمانەش دەستەیەک
کیشەی زۆر بەرفراوانی ژنان و کچانن لە کوردستان . ئەم ئامارانە هەروەها
ئەو سکالایانە لە خۆ ناگرێت کە لەسەر ئەو توندو تیژیانەیە کە لە لایەن
پیاوانی کورد لە هەندەرانەوە بەرامبەر بە ژن وکچەکانیان کراوە ، لە
بابەتی بەزۆر بردنەوەی کچان بۆ کوردستان ، فرەژنیی ، ناردنەوەی ئەو
ژنانەی کە لە هاوسەرەکانیان لە هەندەران جیا دەبنەوە و پاسپۆرتیان لی
دەسەندریتەوە.
بەڵام ئەوەی جیگای باسە لیرەدا ئەوەیە سەرەرای ئیدعاکانی دەسەڵاتی
هەرێم بە دروست کردنی دەیان لیژنە ودام و دەزگای بە دوادا چوونی
توندوتیژیی و ئەنجومەنی خانمان و فەند کردنی دەیان رێکخراوی خێر خوازی
و مەدەنی کە بە ڕواڵەت لە دژی ئەم توندوتیژییانەن بەلام لە ناوەڕٶکی
کارەکانیاندا هەستاون بە قەتیس کردنی مەسەلەی نایەکسانی و توندوتیژیی
لەسەر ژنان لە چوارجیوەی فریاکەوتنی ژنانی قوربانی و هوشیار کردنەوەی
خەڵک و بەرنامە ی ڕۆشنگەری لیرە ولەوێ ، بەم شیوەیەش مەسەلەی نایەکسانی
قوڵی ژنان کە ڕیشەی وا لە ناخی دەسەلات و یاسا و سیستەمی حوکمڕانی
دادەبڕینن و مەسەلەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان وپیاوان دەکەنە مەسەلەی
هەوڵدانی بی هوودە بۆ سەندنەوەی هەندێک مافی زەوت کراو و لە
هەولەکانیاندا تەنانەت هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر ئامۆژگاری پیاوانی
ئایینی و دام و دەزگا حکومیەکان کە خۆیان سەرجاوەی چەوسانەوە و
پلەدوویی ژنانن . هەر بۆیە سەرەرای ئەم هەولانە هیشتا ئیشارەتێک نیە بۆ
کەم بوەنەوەی ئەم توندوتیژییە هەمەلایەنەیە لەسەر ژنان . لەبەر ئەوەی
هێتشتا دەست نەخراوەتە سەر ڕیشەی ئەسڵی ئەم ستەم و چەوساندنەوە
هەمەلایەنە لەسەر ژنان ، هیچ کەسێک تا ئێستا ئەم ستەمە هەمەلایەنەی کە
توندوتیژیی تەنها بەشێکیتی نەخستۆتە بەر مایکرسکۆبی لیکدانەوەیەکی
سیاسی و کۆمەلایەتی هەمەلایەنە ، بە مانایەکی تر وەزعی ژنان وەی یەک
پاکێج سەیر ناکرێت.
ئەم توندوتیژییە پەیوەندی بە جێگا وڕێگای ژنانەوە هەیە لە کۆمەلگادا،
ریشەکەی وا لە ناو سیستەم و دەسەلاتی سەرمایەدارانی کوردستان بە حیزب
ومیلیشیا ویاسا و بریارەکانیانەوە . هیشتنەوەی داب ونەریتی عەشایەری و
دواکەوتوو کۆنەپەرستی دیینی لە نێو یاساکاندا ، کەلتووری سەرجادە دژ بە
ژنان و ئازادیەکانیان ، بی کار کردنی ژنان ، حساب نەکردنی کاری نێو مال
و دایکایەتی وەک کار ، پلە دوویی هەمە لایەنە لە هەموو بوارەکانی
خیزانی وکۆمەلایەتی وئابووری . دەسەڵات لە هەریم خۆی سەرچاوەو ریشەی
ئەم ستەمەیە ، مەسەلەی توندوتیژیی لە بەرامبەر بە ژنان هەم ئاکامە و
هەم هۆیە ، دەسەڵاتی بورژوازی کوردی و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی دەزانن کە
پلە دوویی ژنان لە قازانجی هیز ودەسەلاتی ئەوانە و نیوەی کۆمەلگایان
گیرۆدە کرددووە بە شەڕیکی ڕۆژانە بۆ مان ونەمان لەگەڵ کۆنەپەرستی و
توندوتیژیی نیو خێزان ، ئەوە مەسئولینی نیو دەسەلاتن کە پیویستیان بە
هێشتنەوەی ژنانە لەو وەزعەدا ، فرەژنیی و پلە دوویی و سووری دەستیان بە
خوێنی گیانی چەندها ژن لە سەرەتای نەوەدەکانەوە سەرجاوەی گوێنەدانیانە
بە دارشتنی بەرنامەیەکی کارا وهەمەلایەنە بۆ نەهیشتنی توندوتیژیی، بی
کاری وهەژاری و نەبوونی ئابووری سەربەخۆ ی ژنان وای کردووە کە ژنان لە
نیو پەیوەندیە خیزانیە سەرکوتەرەکاندا بمیننەوە ، زاڵکردنی دیین و
کەلتووری و یاسای دواکەوتوو ئەو دەسەڵاتە ناڕەوایەی داوە بە پیاوان کە
توندوتیژیی بە هەموو جۆرێک ئەنجام بدەن بەرامبەر بە ژنان بە بێ هیج لێ
پرسینەوەیەک.
دەسەلاتی هەرێم بەم هەموو گەندەڵی و میلیشیا
بوون و حیزبی بوونەیەوە نایەویت و هیج چارەسەریکی بۆ مەسەلەی ژنان پی
نیە ، هەرچی ئۆپۆزسیۆنیشە ئەوە لەم پاکیجە باشتریان پی نیە بۆ ژنان
ئەگەر خراپتر نەبێت بە هۆی زاڵکردنی زیاتری کۆنەپەرستی دینیەوە بەسەر
ژیانی تایبەتی وخیزانی ژناندا.
دەست خستنەسەر ئەم خالانە لە لایەن بزوتنەوەیەکی سسیاسی و کۆمەڵایەتی
ژنان ، هاتنە مەیدانی بۆ شەر لە بەرامبەر ئەم هەموو نایەکسانی و
چەوسانەوەیەدا تەنها کلیلی ئەو قوفلە گەورەیەیە کە دەرگای بە ڕووی
چوونە پیشی مەسەلەی ژنان لە کوردستان داخستووە.
پەیوەست بوونی ئەم بزوتنەوەیە بە بزوتنەوەی خەباتی خەڵکی کریکار
ورزەحمەتکیش بۆ باشترکردنی ژیانیان لە دژی ئەم دەسەڵاتە ، تیکۆشان بۆ
یەکسانی هەمەلایەنە و دابین کردنی کار وبیمە کۆمەلایتیەکان ، وەدی
هینانی سیستەمیکی حوکومرانی لە نوینەرانی راستەقینەی خەلک نەک حیزبەکان
، تەنها رێگەی چوونە پیشی ژنانە بەرەو یەکسانی هەمەلایەنە.
هەوڵدان بۆ وەلانانی ئەم سیستەمی دەسەلاتە و کارکردن بۆ هینانە دی
حکومەتێکی سکولار لە نوینەرانی خەڵک نەک حیزب و میلیشیا و بەشداری ژنان
لەم پرۆسەیەدا دەتوانێت زامنی دەنگیان بێت لە هەر یاسا و بریارێکی
پەرلەمانی و سەرۆکایەتیدا ، دەتوانێت تەنها زامنی خەباتی ڕوو لەسەری
بێت بەرەو یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان.
کەم بوونەوە و لەناوچوونی
ئەم ئامارانە راستەخۆ پەیوندیی بە هاتنە
مەیدانی ئەم بزوتەوەیە هەیە.
تەنها بەم ریگایە، دەست دەخەینە سەر بۆشایی و کیشەی ئەسڵی ئەمڕۆی
مەسەلەی ژنان کە چیتر کەس لە کوردستان ڕاناچڵەکێنێت . یەکسانی یاسایی و
کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان تەنها بەم ڕیگەیە
زامن دەکرێت و دێتە دی ،لەم پرۆسەیەشدا ژنان تێ دەکۆشن بۆ بە دەست
هێنانی مافە یەکسانەکانیان لە یاسادا و وەک بەشێک لەم بزوتنەوەیە خەبات
دەکەن.
ماڵپهڕی
گۆنا سهعید
|