په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٠

بۆچی و لەپێناو چی شۆڕش‌ و راپەرینمان کرد..؟؟!!


شێرزاد عومەر مەحمود


ئاغای گوندێک ئۆتۆمبێلێکی دەبێت. کە لەو گوندە تەنها ئاغا ئۆتۆمبێلی دەبێت. رۆژێک ئاغا دەیەوێت بچێتە شار‌و لەگوند دەردەکەوێ. کەمێک دەڕوات دەبینێ یەکێک لە خەڵکی گوندکە بەپیادە بەرێگادا دەڕوات. ئاغاش بۆئەوەی هەست بەتەنهایی نەکات هاوگوندیەکەی خۆی سوار دەکات. کەمێک دەڕۆن ئاغا بە پیاوەکە دەڵێت: حەزدەکەیت ببی بەخاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلە.؟


پیاوەکەش جووتیارێکی زۆر هەژارە و لەژیانی خاوەنی کەرێک نەبووە چۆن ئۆتۆمبێل، بۆیە بە ئاغا دەڵێت: ئاغام خۆشبێ من وئۆتۆمبێل لەیەکتر دوورین، هەموو ژیانی خۆم جووتیاری بکەم ناتوانم چارەگێکی پارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی تۆ ئیش بکەم. ئاغاش پێی دەڵێت: بڕۆ دڕکی ئەو دارگوڵە بخۆ بەڵێن بێ ئەو ئۆتۆمبێلەت پێ ببەخشم..!! کابرای جووتیاریش خۆی لەئۆتۆمبێل دەهاوێژێ و یەکڕاست دەچێ دڕکی دارگوڵەکە دەخوات کە لەدەمیەوە تا ناو گەدەی بریندار دەبێت و ئاغاش لەسەر بەڵێنی خۆی ئۆتۆمبێلی خۆی بەکابرای جووتیار دەدات. دەچنە شارو هەر بەیەکەوەش دەگەڕێنەوە، لەڕێگای گەڕانەوەیان بۆگوند کابرای جووتیار بیردەکاتەوەو لەمێشکی خۆیدا دەڵێت: ئەگەر بەخۆم و ئۆتۆمبێلەوە بگەڕێمەوە گوند خەڵکی گوند ناڵێن ئەو ئۆتۆمبیلەت لەکوێ بووە.؟ لەوانەیە بڵێن دزیوتە..دوورنیە بڵێن بە ئیشی خراپ و ساختە پەیدات کردوە...؟ئیتر جووتیارەکە زۆر فکرو خەیاڵی تری بەمێشکدا دێت و دەگاتە ئەو باوەڕەی کە بەجۆرێک ئۆتۆمبێلەکە بداتەوە ئاغا، ئاغاش لەهەمان کاتدا لەلای خۆیەوە بیردەکاتەوە و لەمێشکی خۆیدا دەڵیت: باشە ئەگەر خەڵکی گوندی بەبێ ئۆتۆمبێل بمبیننەوە ناڵێن ئاغا چی لەئۆتۆمبێلەکەی کردوە.؟ رەنگە بڵێن لەقومار دۆراندویەتی، دوژمنم زۆرە هەر زوو دەڵێن چەتەو رێگر ئاغایان رووت کردوەو ئۆتۆمبیلەکەیان لێ سەندوە و ئابروم دەچێت.! لەوکاتە جووتیارەکە بەئاغا دەڵیت: وەڵا ئاغام دەمەوێ ئۆتۆمبێلەکەت پێ بدەمەوە، بەڵام ئەگەر دەخوازی ببیتەوە بەخاوەنی ئۆتۆمبیل فەرمو بڕۆ ئەو دڕکەی دارگوڵە بخۆ، جووتیارەکە قسەکەی تەواو ناکات ئاغا خۆی فرەدەداتە خوارەوەو زوو دەچێت دڕکی دارگوڵەکە دەخوات وئەویش لەدەمیەوە تا ناو گەدەی بریندار دەبێت ودیسانەوە دەبێتەوە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی...!

 

ئیتر دەگەنەوە گوند و لەناو گوند جووتیارەکە بە ئاغا دەڵێت: ئاغام کاتێ لەگوند دەرکەوتی ئۆتۆمبێلی خۆت لای خۆت نەبوو.؟! ئاغاش گووتی: بەڵێ لای خۆم بوو.جووتیارەکە دیسان پرسیەوە: ئەی ئێستا هەر بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆت نەگەڕایەوە ناو گوند.؟! ئاغاش دیسان گووتی: بەڵێ ئەوەش راستە و وایە. جووتیارەکە گووتی: ئەی پێم ناڵێی بۆچی ولەپێناوچی ئەو دڕکەی دارگوڵەکەمان خواردو لە دەممانەوە تاگەدەمان هەموو برینداربوو و ژیانی خۆمان خستە مەترسی و جەستەی خۆمان فیداکرد..؟!

 

گەلۆ: ئێمەی کورد ئەو هەموو قوربانیەماندا، ئەو هەموو ساڵە خەبات وتیکۆشانەمان کرد، بۆئەو سەربەست وسەربەخۆ بین، بۆئەوەی ببین بەخاوەن ئیرادە و کەسێتی وبیرو هزر وئابوری وهێزی سەربەخۆی خۆمان، بۆئەوەی برەو بەکلتورو زمان و ئایندەی نەتەوەکەمان بدەین، بۆئەوەی ببین بە ئاسۆیەکی گەش بۆ کوردانی بارچەکانی تر بۆ ئەوەی لە دونیادا حیسابێکمان بۆبکریت کەئێمەش نەتەوەین وخاوەن مافی خۆمانین، بەڵام بەداخەوە ئەمرۆ بەناوی یاسای وەبەرهینانەوە ئابوری وبازاڕو بونیادنانەوەو فابریقەو کۆمپانیاو کاڵای غەیرە کورد قۆرغیان کردۆتەوە..قوتابخانەو پەیمانگاو زانکۆی تورکی وعەرەبی رەگ‌و ریشەی خۆیان دادەکوتن لە وڵاتەکەمان، هەموو چارەنووسمان دیسانەوە لەبن دەستی دەیان سەدامی شیعەو سوونەیە. ئیتر لێرەوە لە ئاغاکانمان دەپرسم: ئەرێ ئێوە پێمان ناڵێن بۆچی‌و لەپێناو چی شۆرش وراپەڕینمان کرد..؟؟!!


 

s4632628@gmail.com