په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٥

بۆچی پارتی، هێندە پێدادەگرێ لەسەر رێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا؟
ئایا بە هەڵوەشاندنەوەی (بەشێک) لە رێکەوتنە نووسراو و نە نووسراوەکان، خەڵکی کوردستان هیچ قازانجێک دەکەن؟

جیهاد محەمەد     


ئەم دوو پرسیارەی سەرەوە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانی سەرقاڵکردووە، هەوڵئەدام لەم بابەتەدا بە گوێرەی بیرکردنەوەی خۆم وەڵامیان بدەمەوە.


پارتی دیموکراتی کوردستان / عێراق، وەک حیزبێکی بەهێز و یەكێک لە لایەنە گرنگەکانی رێکەوتنە حیزبییەکان و پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان، کە خاوەنی ٣٨ کورسی پەرلەمانن، پێداگرییان لەسەر ئەجندای خۆیان و بەردەوامی رێکەوتنییان لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا ئەوەیە، کە ئەم حیزبە زۆر قازانجیان لەم رێکەوتنە و حوکمەتی بنکە فراوان کردووە.


بەڵام ئەوە چەند مانگێکە چوار حیزبی شەریکی پارتی دەیانەوێت <بەشێک> لە رێکەوتنەکان هەڵبوەشێننەوە، کە لەوانەیە ئەم ناکۆکییە بگاتە ئەوەی، کە حکومەتە بنکە فراوانەکەش هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەستپێبکات، یان ئەگەر لە رووی یاسایی و دەستوریەوە بۆی هەبێت لەوانەیە مەسعود بارزانی باری نا ئاسایی رابگەیەنێت.


بۆچی پارتی لە رێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا قازانجی زیاتری کردووە و هەروەها لە پێکهینانی حکومەتی بنکە فراوانیشدا ئەم قازانجەی زیاتر بووە؟


یەکەم: ئەم حیزبە، حیزبێکی بنەماڵەییە و بنەماڵەی بارزانیەکان و کوڕ و نەوەکانی مەلا مستەفای بارزان دەستڕۆشتووی بە‌هێزی ئەم حیزبەن، ئەم حیزبە بە جۆرێک سیاسەتدەکەن و قسە لەسەر مەسەلە نەتەوەیی و حوکمڕانیی کورد دەکەن، کە بە بێ کەسانی دیاری ئەم بنەماڵەیە وەک خودی مەسعود بارزنی بە هیچ جۆرێک نەتەوەی کورد ناتوانێت هەنگاوبنێت بۆ پێشەوە، هەرچی شتێکی باشکرابێت لە مێژووی نەتەوەی کوردا، ئەگەر ئەم بنەماڵەیە ئاگادریشی نەبووبێتن، یان تیاییدا هاوبەشییشیان نەکردبێت هەر دەبێت بوترێت، کە لە سایەیی سەری ئەمانەوە بووە ئەو کارە باشانە. ئەم بیکردنەوەیەش پێویستی بە رێکەوتن هەیە لەگەڵ حیزبەکانی تردا، خۆ ئەگەر رێنەکەوتنێک دروستنەبوو ئەوە دەیخەنە خانەی خیانەتکردن و ناپاکییەوە دەرهەق بە گەلی کورد.


دووەم: سیاسەتی ئەم حیزبە هەژموونگەراییە، هەر لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵان و راپەرینی ساڵی ١٩٠١ەو تا دەگاتە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٠٢ و هەموو هەڵبژاردنەکانی تر و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حوکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان، بەردەوام ئەم حیزبە هەوڵی هەژموونی خۆی داوە و بۆشی چۆتە سەر، جا ئەگەر بە ئاشتیی بووبێت یان بە شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئەگەر بە رێکەوتن بێت ئەوە باشترە بۆیان، بۆیە بەردەوام هەر لایەنێک ناکۆ بوو لەگەڵ ئەو رێکەوتنانەدا تەخوین دەکرێت لە لایەن ئەم حیزبەوە.


سێیەم: بە هۆکاری شەراکەتە ستراتیجیەتەکەیان لەگەڵ یەکیتیدا، توانییان دەسەڵاتێکی تەواوی حیزبەکەیان داسەپێنن بەسەر کوردستاندا، ئەم دەسەڵات و داگیرکارییەش بووە هۆی ناسینی پارتی وەک دەمسپی و دەمڕاستی گەلی کورد لە لای دۆست و دووژمنانی گەلی کورد. بەردەوامی لەم کوێخایەتییەدا رێکەوتنی گەرەکە.


چوارەم: ئەم دەسەڵاتە گەوەر و هەژموونە بەهێزەی ئەم حیزبە، بوو بە هۆی قازانجکردنێکی زۆر لە فرۆشتنی نەوت، چ بە ئاشکرا، چ بە قاچاخ. دیسان لە رێگەی دامەزراندنی دامودەزگای گومەرگەوە هەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە ئەم حیزبە بوو بە خاوەنی ملیارەها دۆلار، جگە لەوەی ئەندامانی بنەماڵی بارزانی و خودی مەسعود بارزانی دەوڵەمەندیەکەیان هێندە گەورەیە، کە هەندێک جار دەخرێنە ریزی دەوڵمەندەکانی جیهانەوە. بەردەوامی ئەم دەوڵەمەندییەش پێویستی بە رێکەوتن هەیە، بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت لە کوردستاندا قسەی لەسەر بکات.


پێنج: ئەم حیزبە بۆ پشتیوانی خۆیان توانیان ١١ کورسی بە ناوی کورسییەکانی کۆتا بدەن بە مەسیحیەکان و کلدانی و ئەرمەنیەکان و تورکمانەکان، کە لە راستیدا رەنگە ئەم گروپە بچوکانە بە هەموویان نەتوانن ٣ کورسی بەدەست بهێنن ئەگەر بە هەڵبژاردن کرا، ئیتر ئەمە بووە بە قەرزێک بەسەر ئەم گروپانەوە، بۆیە ئەگەر ئەم حیزبە بڵێت، حوشتر دەفڕێت، ئەوانیش دەستدەدەن بە گەردنیایندا و بە مسیح سوێند دەخۆن، کە ڕاستە حوشتر دەفڕێت. ئەمەش بووە بە پاڵپشت و قازانجیکی زۆر بۆ ئەم حیزبە و بنەماڵەی بارزانییەکان و مەسعود بارزانی، ئەم کورسیی کۆتایانە پێویستی بە رێکەوتن هەیە، بۆ ئەوەی کەس ناکۆک نەبێت لەگەڵیدا.


شەشەم: ئەو گرێبەسەتی لەگەڵ تورکیادا ئەنجامیان داوە، کە بۆ پەنجا ساڵ نەوتی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بفرۆشن، بە بێ ئەوەی حساب بۆ هیچ حیزبێکی کوردستان بکەن، ئەمەش بووە بە رێکەوتنێکی سیاسیی توندوتۆڵ لەگەڵ حیزبی ئاکەپە و خودی ئۆدۆغاندا. بەردەوامی ئەم رێکەوتنە گوماناوییە، پێویستی بە بەردەوامی رێکەوتن هەیە لەگەڵ حیزبەکانی کوردستاندا.


وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، کە ئەوە ماوەی چەند مانگێکە چوار حیزبی کوردستان ناکۆکن لەگەڵ ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ پارتیدا کراون و، داوای هەڵوەشاندنەوەی هەندێکییان دەکەن، وەک: هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و دەنگ نەدان بۆ کاندیکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێم، لە سەر بەرمەبنای نایاسیی و نا دەستوریی ئەم کاندیدەی پارتیی.


پرسیاریی راشکاو ئەوەیە، ئایا بە هەڵوەشاندنەوەی <بەشێک> لەو رێکەوتنانە هیچ لە ژیانی خەڵکی گشتی کوردستان دەگۆڕێت؟ ئایا قەیرانە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی و پەروەردەیی و تەندەروستییەکان، کە تاقەتییان لەبەر خەڵک بڕیوە بە هەڵوەشاندنەوەی <بەشێک> لەو رێکەوتنانە دەگۆڕرێت و، باری ژیانی خەڵکی سوکتر دەبێت؟ ئایا کێشەی نەتەوەیی کورد، کە کێشەیەکی میللییە بە هەڵوەشاندنەوەی <بەشێک> لەو رێکەوتنانە دەگۆرێت؟ یان پێویستە <سەرەجەمی> ئەم رێکەوتنانە هەڵبوەشێتەوە بۆ ئەوەی بە راستیی خودی خەڵکی کوردستان خۆی ببێت بە خاوەنی دەسەڵاتی خۆی و پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت نەک حیزبەکان. واتە گۆڕانکارییەکی ریشەیی نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی <بەشێک> لە رێکەوتنە حیزبییەکان.


بە رای من هەتا سەرجەمی هەموو رێکەوتنەکان هەڵنەوەشێتەوە سیستمی حکومڕانی لە کوردستاندا نەکرێت بە سیستمێکی مەدەنی و کولتووری دیمکراتیی فەراهەمنەکرێت، دادپەروەری نەچەسپێت، سەروەری یاسا بەسەر هەموواندا وەک یەک جێبەجێ نەبێت، یەکسانی ژن و پیاو نەیەتە ئاراوە، ئازادییەکان هەموویان بەرفراوان نەکرێن بۆ هەموو خەڵک وەک یەک. بە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە رێکەوتنەکانی نووسراو یان نەنووسراو یان بە هەموارکردنەوەی هەندێک لە یاساکان سوودێکی ئەوتۆی نابێت بۆ خەڵکی کوردستان.


کورتەیەک لەو رێکەوتنانەی نێوان حیزبەکانی کوردستان، نووسراو یان نەنووسراو، تا هەنووکە ئەمانەی لای خۆاروەیە:


• دابەشکردنی پۆستەکانی کوردستان و عێراق.
• نووسینەوەی دەستوور بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان و بیرکردنەوەی خۆیان نەک کەسانی شارەزا و پسپۆر لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا.
• شاردنەوەی پێوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی ئقلیمییدا.
• باسکردن و زەقکردنەوەی گەندەڵیەکان، بەڵام بەو مەرجەی هیچ گەندەڵیەک نەدرێت بە دادگا و لێپرسینەوەی لەسەر نەکرێت.
• ئەجندایەک، کە خەڵکی بێدەنگ بکەن پێیی ئەویش بە ناوی ئەوەی ئەزموونەکە لە دەستنەچێت.
• دابەشکردن و خۆڕادەستکردنی خۆیان بە هێزە دەرەکییەکانی وەک ئێران و تورکیا و بێ ئیرادەکردنی خەڵکی کوردستان.
• موزایەدەی سیاسیی لە بەرامبەر یەکتریدا، لێرەشەوە خۆڵکردنە چاوی خەڵکییەوە کە ئەم حیزبانە هەموو شتێکیان لە یەکتری ناچێت و جیاوازییان هەیە.
• بە حیزبییکردنی پەرلەمان و هەموو دەسەڵاتەکانی تر.
• داپۆشین و شاردنەوەی ئەو تیرۆرانەی، کە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە کراوە و دەکرێت.
• داپلۆسین و پەلاماردانی خۆپیشاندەران.
• بەرەڵاکردن و وازهێنان لە بازاڕەکانی کوردستان.
• وازهێنان لە کشتوکاڵی کوردستان و پڕکردنی بازار لە کەلوپەل و خواردن و خواردەنەوەی بیانیی بەسەرچوو و نا تەندروست.
• کردنی مینبەری مزگەوتەکان بە مینبەری سوکایەتیکردن و پەلاماردانی خەڵکانی ئازادیخواز و کەسانی رۆشنبیر.
• دزین و فرۆشتنی نەوت بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموو خەڵکەوە.
• لێدان لە دیموکراتیەت و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانی خەڵک.
• بیرنەکەوتنەوەی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، تەنهان لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا نەبێت.
• خراپی و نالەباری پەروەردە و فێرگەکان.
• گوێنەدان بە تەندروستی گشتی و پیسکردنی ژینگە.
• سیستمی حوکمڕانی بە ئارەزووی خۆیان و لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبییدا بێت، کەی ویستیان، هەر جارەو بە جۆرێک ناوی دەبەن، جارێک بە سیستمی پەرلەمانی، جارێک بە سیستمی سەرۆکایەتی، جارێکیش بە سیستمی تێکەڵ.
• لە دەڤەری زەردا جگە لە پارتی هیچ هێزێک نەبێت خۆی بە خاوەنی ئەم دەڤەرە بزانێت.
• لە دەڤەری سەوزدا جگە لە یەکێتی هیچ هێزێک نەبێت خۆی بە خاوەنی ئەم دەڤەرە بزانێت.
• کردنی هێزی پێشمەرگە بە هێزی میلیشیایی و هێزی پارتی و یەکێتی.


٣١\٧\٢٠١٥ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک