په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١١

بۆچی پارتی نیشانەی خۆپیشاندانەکانە...؟!


کامەران عەزیز  

هەڵوێستی سێیه‌م:


ئێستا لە شەقامی کوردیدا ئەم پرسیارە واتا ناونیشانی ئەم وتارە زۆر باوە و لە هەر کۆڕ و کۆمەڵیکدا چەندەها بارە دەبێتەوە و دەڵێن بۆچی ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بەرەو بارەگاکانی پارتی هەنگاو هەڵدەگرێت و دەڕوات..؟!


لە وەڵامی ئەم پڕسیارەدا دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەم چەند فاکتەرەی خوارەوە و بیسەلمێنم کە بۆچی پارتی بوەتە نیشانەی هێرشی خۆپیشاندەرانی کوردستان..؟! وە ئەم هۆکارە وای کردوە کە پارتی هەردەم وەڵامی هەبێت و ببێتە سەرچاوەی سەرەکی هێزی سەرکوتکردن و کوشتن و سەرنگومکردن و خوێنڕشتنی خۆپیشاندەران، وە پارتی لە هەر هێزێکی دی لە کوردستان زیاتر ترسی لێ نیشتوە و لە دڵە ڕاوکێ و لەرزینێکی زۆردایە..وە لە هەر حیزبێکی دی زیاتر خۆی ئامادە کردوە، بەڵام پارتی لەوە تێناگات کە سەرکەوتن و سەرئەنجامی خۆپیشاندان، هەموو هێزەکان دەگڕیتەوە و هەموویان دەکەونە بەردەم دادگایی خۆپیشاندەرانی کوردستان..!


لێرەدا دەمەوێت، بە کورتی لە فاکتەرەکانی ئێستاوە بۆ ساڵانی پێشوو دەست پێ بکەم:.


1. لە یەکەم ساتی دەستپێکردنی شەپۆلی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی کوردستاندا، ئەوا پارتی بوو کە یەکەم جار لولەی تفەنگی کردە خۆپیشاندەران..یەکەم حیزب بوو کە یەکەم دەستڕێژی گوللەی بەرامبەر بە سنگی هاولاتیانی خۆپیشاندەر خاڵی کردەوە..یەکەم حیزب بوو چەندەها لاوی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد، یەکەم حیزب بوو کە بە کوشتنی یەکەم ڕێژوانی لاو، وەڵامی دایەوە.. واتا یەکەم حیزب بوو لەم داویەدا لە هاتنی شەپۆلی ناڕەزایەتی‌یەکاندا، یەکەم دڵۆپی خوێنی ڕشت، ! یەکەم حیزب بوو کە شەقامە وێرانەکانی ئەم کوردستانەی بە خوێن سوور کرد..! یەکەم حیزب بوو کە شیوەنی لە نێو کورداندا دروست کردوو چاوی دایکان و باوکانی پڕکرد لە فرمێسک..! وە ئێستاش هەر پارتی‌یە کە بەردەوام تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و منداڵان و گەنجان خەڵتانی خوێن دەکات و دەکوژێت..!


2. وە هەر ئێستا یەکەم حیزبە کە پارێزگاری لەم حکومەتە نا عەدالەت و پڕ لە گەندەڵە دەکات، نەک هەر ئامادە نی‌یە بۆ هیچ ئاڵوگۆڕ و چاکسازیەک لە کوردستاندا بەڵکو زۆر بە سەختی، بە بەهێزترین چەک، بە توندترین سەرکوت، بە گەورەترین ڕیاکاری و بەڵێنی وەهم و درۆ، دەیەوێت پێش بە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بگرێت. وە یەکەمین حیزبیش بوو کە هەڕەشەی ( دەست بڕینەوەی لە هاوڵاتیانی ئازادیخواز) کرد...!
بۆ نمونە ئێستا هەر هێزی پارتی‌یە کە ڕیگای لە خۆپیشاندانی شاری هەولێر گرتوە، ئەوا پارتی‌یە کە توشی هیستریاکی گەورە بوە و زۆر دەترسێت کە لە ژێر سایەی قەڵای دەستەڵاتیدا خۆپیشاندان ڕووبدات، گەر خۆپیشاندانیش ڕوو بدات ئەوا لەم شارەشدا هەر پارتی دەبێتە نیشانەی گەورە، چونکە ئەوا پارتی‌یە کە خۆی حازر و ئامادە کردوە بۆ هەر ڕوو بەڕووبونەوەیەک، وە ئامادەیە وەک ڕژێمی قەزافی هەرچی توانا و هێزی چەک و تەقەمەنی هەیە دژ بە هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر بەکاری بهێنێت، تا هەیمەنە و دەستەڵاتداریەتی سەرۆک و سەرۆکایەتی حیزبەکەی لە دەست نەچێت..!


3. ماوەی چەند ساڵێکە پارتی دیموکراتی کوردستان بوەتە سەرچاوەی بەرتەسکردنەوەی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان، چەندەها یاسای دواکەوتوانەی بە زۆر و جەبەڕووتی خۆی بە سەر هاولاتیانی کوردستاندا سەپاندوە، وە چەندەها خروقاتی خوڵقاندوە، چەندەها جار بوەتە هۆی ئازاردان و ئەشکەنجەدان و زیندانی کردنی ڕۆژنامە نوسان و نوسەر و ڕٶشنبیرانی کورستان، وە چەندین ڕٶژنامەنوس و نوسەرانی لە ڕێگای دادگا تایبەتەکانی خۆیەوە بە سزا و غەرامە کردن و زیندانیکردن گەیاندوە.


4. سەرۆکی هەرێم، ئەم مرۆڤە بێجگە لەوەی سەرۆکی خێزانەکەیەتی لە گەڵ ئەوەشدا سەرۆکی هۆزەکەیەتی واتا سەرۆکی بارزانی‌یەکانە..، وە لە دەرەوەی خێزان و هۆزەکەی ، ئەندامی باڵای پارتێکە، وە لە نیو ئەم پارتەدا سەرۆکایەتی ئەم پارتەشی بۆ خۆی بە دەستهێناوە..!! وە لە دەرەوەی بنەماڵە و هۆز و پارتەکەیدا هەرچۆنێ بێت وە بە هەر ڕێگایەکی مەشروع یان نا مەشروع بێت..! سەرۆکایەتی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئاساییش و یاسایی و دادگایی..هتد هەرێمی کوردوستانیشی بە دەستهێناوە..!


5. لەگەڵ هەموو ئەم سەرۆکایەتیەدا، بەڵام هەر بە ناوی حیزبەکەیەوە لێدوان بۆ هاوڵاتیان دەدات..وە هەر بە ناوی حیزب و بنەماڵەکەیەوە پەنجەی هەڕەشە بەرز دەکاتەوە..وە هەر بەناوی حیزبەکەیەوە خەڵکی ئازادیخواز دەکاتە دەرەوە لە کوردستان..وە هەر بە ناوی حیزبەکەیەوە دادگایی هاوڵاتیان و نوسەر و ڕٶژنامەنوسان دەکات..! لەوانەیە سەرۆک لە بیری چوبێتەوە کە سەرۆکی هەموو کوردستانە نەک سەرۆکی حیزبێک، ئەگینا ئاوڕێکی لە کارە نەشیاوەکانی حیزبەکەشی دەدایەوە و هەموو کارە نەشیاو و نا عەدالەتەکانی بە بێ جیاوازی خۆی و ئەوانی دی وەک یەک دەبینی..!


6. پارتی لە باری جوگرافیەوە بەرینترین ناوچەکانی کوردستانی لە ژێر دەستەڵاتدایە و بەم هۆیەوە توانیویەتی زۆرینەی دەنگەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بۆ چەندەها ساڵ ، بۆ خۆی ببات و مسۆگەر بکات.


7. پارتی بە هۆی داگیرکردنی زۆربەی دەستەڵات لە حکومەتی هەریمی کوردستاندا، وە بەهٶی بردنی زۆرترین و باشترین وەزارەتەکانی حکومەتەوە، گەورەترین بودجە و سەرچاوەی سامان و سەروەتی ئابوری کوردستانی خستۆتە ژیر دەستەڵاتی خۆیەوە، وە ئەم بەشە زۆرە زیاتر بە قازانجی حیزبی وبنەماڵەیی بەکاردەهێنێت، وە هەر لە نێو حیزبەکەیاندا تەخشان و پەخشانی دەکەن و دەستەڵاتی حیزبی پی فراوان دەکەن.


8. پارتی خۆی کردوەتە خاوەنی هەر بڕیار و قەرارێکی (سیاسی و ئیداری و سەربازی) لە کوردستاندا و هەرخۆشی بەهێزی حیزبی خۆی (قەرار و پەیوەندی)‌یە بازرگانی و سیاسی و ئیداری و سەربازیەکان، یەک بە یەک، بەبێ هیچ پرسێک، بڕیاری لەسەر دەدات و تەنفیزی دەکات .


9. کەواتە بە هۆی زۆرترین دەستەڵات و هەیمەنەی گەورەی (پارتی‌)یەوە زۆرترین نا عەدالەتی و گەندەڵی و دزی کە لە کوردستاندا ڕوو دەدات و دەکرێت لە سەدا حەفتای بە هۆی دەستەڵاتی پارتی دیوموکراتی کوردستانەوە ڕوو دەدات..!


10. کۆی هەموو ئەو کارە نەشیاوانەی سەرەوەیە وای کردوە کە رق و بێزاری و ناڕەزایەتیەکی زۆر لە بەرامبەر پارتیدا کۆ بێتەوە، وەک ئێستا بەڕوویدا بتەقێتەوە، وە خۆپیشاندانەکان بەرە و بەهێزتر و توندتر بڕوات گەر بێتو پارتی بەردەوام بێت لە سەر چۆنیەتی مامەڵە و لوتبەرزی خۆی..!


11. ... هتد


بەڵی بنەما و ناوەڕۆکی ئەم خاڵانەی سەرەوەیە کە بوەتە پاڵنەری دروستکردنی ڕق و توڕەیی خۆپشاندەران بەرامبەر بە بنکە و بارەگاکانی(پارتی). وە ئەم شێوەکارانەیە دەستەڵادارانی پارتی توشی بوغرایی و لوتبەرزی کردوە، دەتوانم بڵێم؛ گەر فریا نەکەوین ئەوا پارتی بەردەوام دەبێت لە سەر چۆنیەتی مامەڵە و لوتبەرزی خۆی و سەرۆکایەتی و سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کردەوە دەست دەکەن بە (دەست بڕینەوەی هەر یەکەمان..!) و بەرەو جێگیرکردنی تەمەنێک لە مێژووی دیکتاتۆری هەنگاو هەڵدێنن...!!


27\2\2011

ماڵپه‌ڕی کامه‌ران عه‌زیز

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک