٢١\١١\٢٠١٩
بۆچی پارتی و
یەکێتی پشتگیریی لە گەندەڵیی ئەکەن؟

ئهحمهد رهجهب
نزێکەی دوو مانگە راپەرینێکی سەرتاسەری لە شاری بەغدای پایتەخت و
شارەکانی خوارووی عێراق دژ بە گەندەڵی ھەڵگیرساوەو حکومەتەکەی عادل
عەبدولمەھدی بە یاوەری دەستێکی دەرەکی خاوەن ئەزمون لە کوشتن و
خوێنرشتن ھەوڵئەدەن دەنگی خەڵکی راپەریوو خۆپیشاندەران کپ بکەن و ئەوەی
شایانی باسە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە
رێی بەشداریپێکردنیان لە کۆبوونەوەی حیزبەکانی نوری ئەلمالکی و حەیدەر
ئەلعبادی و ھادی ئەلعامری و نەوەکەی ئایەتوڵلا ئەلحەکیم وچەند حیزبێکی
تر چوونە پاڵ گەندەڵی و دژ بە خواست و داوای خەڵک و خۆپیشاندەران و
بەوەش ھەڵویستیان ئاشکرا بوو.
ماوەیەک لەمەوبەرو لە سەر بانگھێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆنفرانسێک بۆ کەسی یەکەمی حیزبەکان لە ھەولێر بەریوەچوو بە نیازی
ئاڵووگۆری بیروراو، چۆنێتی کارکردن بەرەو یەکریزی لە ناو حیزبەکانی
ھەرێمی کوردستان و، شایانی وەپیرھێنانەوەیە کەسی یەکەمی خودی پارتی
ئامادە نەبوو، لەو رۆژەوە پارتی و یەکێتی لە شاخەوە گەرانەوە بۆ ناو
شار خۆیان بە نوێنەری ھەموو ھاوڵاتیانی کوردستان ئەزانن و، زۆر جار بە
بێ حیزبەکانی ترو خەڵکی کوردستان دووقۆڵی و سەربەخۆ بریار لە چارەنووسی
گەل و نیشتمان و کێشە جۆراوجۆرەکانی نیشتمانیاداوەو تا ئێستاش
ئارزوومەندانە ھەمان رەفتار پەیرەو ئەکەن و، لە رابردوودا چەندان شاندی
ھاوباشی پارتی و یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق
بوون و، ئەوانەش بەبێ بەشداری لایەنە نارازییەکانی ھەرێمی کوردستان
بەرێوەچوون.
کەس نکوڵی لەوە ناکات کە پارتی حیزبێکی گەورەیەو یەکێتیش لە پلەی
دووەمدایە بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ئەو دوو حیزبە پێکەوە ناتوانن
نوێنەرایەتی ھەموو خەڵک و گەڵی باشووری کوردستان بکەن چونکە حیزب و
کەسایەتی و توێژەکانی تر لە کۆمەڵکادا بوونیان ھەیەو، قەوارەشیان لەو
دوو حیزبە فراوانترە.
شاراوە نییە زۆر کەرەت ناکۆکی و گرژی ئاڵۆزی لە نێوان پارتی و یەکێتی
روویانداوەو، نەیانتوانیوە چارەسەری گیروگرفتەکانیان بکەن و، بۆ نموونە
ھەردوولا لە رۆژی ھەڵپژاردنەوە تا ئێستا بە دانانی پارێزگارێک بۆ
کەرکوک شکستیان ھێناوەو، بە دەوری بازنەیەکی بۆشی بێسەرروشوێن
ئەسوورێنەوە و خۆیان ئەخڵافێنن و، بە گیڤە گیڤ و قسەی بریقەدار خەڵک
فریو ئەدەن و، جاروبار وەک دوو رکابەر نیازی تۆڵە سەندنەویان لە یەکتر
ھەیەو زوربەی خەڵک لە بیریانە بە ھۆی ئەنجامی ھەڵپژاردەکانەوە کەوتنە
قسەو قسەڵۆک و تۆمەتبارکردنی یەکتر.
ھێزەکانی سۆپا و ئەمن وئاسایش و حەشدی شەعبی و بە یارمەتی راستەو خۆی
ئێران خۆپیشاندەران ئەکوژن و خوێنیان ئەرێژن و، دژی مافەکانیان ئەوەستن
و، وا دیارە پارتی و یەکێتی لە ئاستی داوا رەواکانی خۆپیشاندەران کوێرن
وچاویان نابێنێت و کەرن و گۆێیان داخراوەو، بۆ شاردنەوەی گەندەڵییەکانی
ناو ھەرێم پشتگیری لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی ئەکەن بۆ ئەوەی
بمێنێتەوەو، ھەموو پیشاندەران داوا ئەکەن دەستلەکاربکشێتەوەو، جێی
پێکەنینە پارتی و یەکێتی بە قەڵەمباز ئەگەرێنەوە بۆ باوەشی نوری
ئەلمالکی تاوانبار بە برینی موچەی کوردستان و ھێنانی دەوڵەتی ئێسلامی (
داعش) و حەیدەر ئەلعبادی ئەو کەسە شۆڤەنیستە کە دژ بە ریفراندۆم وەستاو
ھێزی ناردە سەر کوردستان و تانکەکانی پێشمەرگەیان شێلاو سنوورو
فرۆگەخانەکانی کوردستانی لەکارخست.
بەڵێ ، بە ئامادەبوونی ھادی ئەلعامری پیاوی ھەوڵگیری ئێتلاعاتی ئێران و
نەوەکەی ئایەتوڵلا ئەلحەکیمی چڵکاوخوری ئێران و رێوی ناو حیزبە شیعەکان
کۆبوونەوەی ١٢ حیزب بەرێوەچوو، چوونی پارتی و یەکێتی جێی شەرمەزاوییەو،
کەسانی پاکی ناو ئەو دوو حیزبە کوردستانییە دژ بە گەندەڵی و خوێنرشتنن
و، ئەم جۆرە کارانە ئەبێتە ھۆی ئەوەی ھیچ لایەنێک برواو متمانەی بە
پارتی و یەکێتی نەمێنێت و، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ لەتکردنی خودی ئەو
دوو حیزبە و، زۆرانە لە نێوان ئەوانەی پشتگیری لە خۆپیشاندەران و داوا
رەواکانیان و ئەکەن و، ئەوانی تر کە پشتگیری لە گەندەڵی و کوشتن ئەکەن.
لەو بروایەدا نیم گەلی کوردستان بەرامبەر بە گەندەڵی وکوشتن بێدەنگ بن،
بەرامبەر بە فرۆشتنی نەوت و پارەکەی دیار نەبێت و، بەرامبەر خوێنی
سۆرانی مامە حەمەو و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و ھاوارییانیان و،
ئەوانەی تا دوێنی داوی ریفراندۆم و سەربەخۆییان ئەکردو، لەمرۆدا بە
راکردن بەرەو بەغدا ئەرۆن.
٢٠\١١\٢٠١٩
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|