په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢١

بۆچی سەرجەم ''موستەشار''ەکان بەشدارن لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؟


عەلی مەحمود محەمەد  


لە رێکەوتی ٢٠-٦-١٩٨٧دا, بیرۆی باکووری پارتی بەعس, کۆبونەوەیەک دەکات, لەو کۆبونەوەیەدا بڕیارێک دەدات تیایدا ژیانی گەلێک بە تەواوی دەگۆرێت, ئەویش بڕیاری شوومی ژمارە ٤٠٠٨ بوو, ئەم بڕیارە بە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی کوردستان دێتە ژماردن, سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان بەشێوەی سستەماتیک و نەخشە بۆ داڕێژراو, لەم کات و رۆژەوە کوشت و بڕو دەرکردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە, بە پێی بڕیارەکە سەرجەم ئەو گوندانەی تاکو رێکەوتی ٢٢-٦-١٩٨٧ دەستیان لێنەدرابوو دەبێت بڕوخێنرێن, ھەموو ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان بکرێنە ناوچەی قەدەغەکراو, گوندی قەدەغەکراو ھەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەو کاتەدا, کە رژێم تەنھا سەنتەری شارەکان و بەشێک لە رێگاکانی بەدەستەوە مابوو, لە روی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە ھیچ مرۆڤ و ئاژەڵێکی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ کرا, ھاتو چۆو کشتوکاڵی تێدا قەدەغە کرا, ھێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە کشتوکاڵیەکان و رێگاکانی بە چڕی دەکرد, ئەوەی بەربکەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە, سیاسەتی زەوی سوتاندن پەیڕەو کرا, ھێزەکان دەستکراوە کران بۆ کوشتنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە زەوی و ئاسمانەوە, بڕیارەکە ھەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بکوژرێت, بە تفەنگ یان تۆپ یان رۆکێت وە یاخود لە ئاسمانەوە بە جۆرەھا کۆپتەرو فڕۆکەی جەنگی پیراتۆز, بە چەکی ئاسایی یان ھیشۆیی و کیمیاوی, یان لە کاتی دەستگیرکردندا لەسەر رێگاو بانەکان یان لە ھێرشەکاندا بۆ ناوچەکانیان گولە باران بکرێن, ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ ساڵ بۆ ٧٠ ساڵ بوو, بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن لە دەرەوەی دادگا, دەستنیشان کران بۆ لەناو بردن, بێ ئەوەی یەک کەسیان لێ دادگایی بکرێت, بەمەش دۆسیەکانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە, ماف و توانای ھیچ داکۆکیکردنێکی یاساییان لە خۆیان نەبوو.


لێرەوە زۆربەی دەستکەوتەکان کە تاڵانی لادێنشینانی کوردستان بوو, کە بەدەست دەھێنران لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەکان و ھێزەکانی حکومەتی عێراقی بوون بە پێی بڕیارەکە, ھێزەکان عێراق بە تەواوی دەستکراوە کران بۆ فەرھودو تاڵانی, بە تایبەت فەوجەکانی جاشەکان, کە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان لێ نا, بە پێی بڕیاری ٤٠٠٨ تەقەکردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست کوشتنی ھاووڵاتیان, بە تایبەتیش خاڵی ٥ی بڕیاری ٤٠٠٨, گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو, بەردەوام تەئکیدی لێکراوەتەوە, ئەو خاڵە بریتی بوو لە ئیعدامکردنی گشتی " ھەموو ئەو کەسانەی لەو گوندانە دەستگیر دەکرێن, دەبێت لێکۆڵینەوەیان لە گەڵدا بکرێت لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە, ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵە پێویستە ئیعدام بکرێن پاش ئەوەی زانیاری بە کەڵکیان لێوەردەگرترێت و لە کاتی خۆیدا ئاگادار بکرێینەوە".


ھەرچی خاڵی حەوت لە بڕیاری ٤٠٠٨ بوو, جاشەکانی سەرپشک کرد لە تاڵانکردن" ھەموو ئەو شتومەکانەی کەوا فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەکانیان دەستیان دەکەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنھا چەکە قورسەکان و چەکی ئەسناد و چەکی مام ناوەندی نەبێت, چەکە سوکەکان بۆ خۆیان دەبێت, ئێمەی لێ ئاگادار کەنەوەو تەنھا ژمارەکانیان تۆمار بکەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەکان چالاک بن و بۆ ئاگادارکردنەوەی ھەموو موستەشارەکان و فەرماندەی سرییەکان و مەفرەزەکانیان, وە بە وردی ئێمە ئاگادار بکرێینەوە لە چالاکیەکانی فەوجەکانی بەرگری نیشتمانی.".


لە رێکەوتی ٨-٩-١٩٨٧ بە نووسراوی ژمارە ٥٧٣١ی بیرۆی باکوور, بڕیار درا تەنھا ٥٠%ی پێکھاتەی فەوجە خەفیفەکان لە بارەگا جێگیرەکانیان و رەبایەکان بمێننەوە, ئەوی دی بەکار بھێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەکراوەکان, بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو دانیشتووانە سڤیلەکەی بدەن, لە ھێرشەکاندا جاشەکان پێش سوپا کەوتن, بەشداریان کرد لە پەلاماری ھاووڵاتیانی سڤیلی لادێ نشین, خانووی ھاووڵاتیانیان روخاند, مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران کرد, لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست, بڕیاری ٤٠٠٨یش لەو بارەوە ئازادیانی کرد لە تاڵانکردن, واتا بەردەوام چارەکی کۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەکان لە ماوەی ئەو ٣٦٤ رۆژەدا لە ئەرکدا بوون لە پانتایی جوگرافیای کوردستان, وێڕای چارەکێکی دیکە زیاتریان بەردەوام لە بارەگاو رەبایەکاندا پارێزگاری حکومەتیان دەکرد و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاکان بۆ پێشمەرگەو ھاووڵاتیان, دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا" چونکە ئەوان لە مانگدا ١٥ رۆژ دەوامیان دەکرد", بۆیە ھەموو لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەکان و قۆڵەکانیەوە بەشدار بوونە, سەرەتا جاشەکان وەک چاو ساغ و شارەزا چونەتە گوندەکان و ھەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشکەوتەکان و سەر چیاکانیان کۆنترۆڵ کردوە, دواتر سوپا, بەمەش دەردەکەوێت تەواوی فەوجە جاشەکان لە پرۆسەی ئەنفالدا لانی کەم چەندین جار بەشدارییان کردووە لە تاوانەکەو تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید, ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا, ئەوانەی نووسراون ئەوانەن یان مەدالیای ئازایەتیان وەرگرتووە, یاخود سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە, یاخود نویان لەو تاک و تەرا بەڵگە نامانەدا ھاتووە دەستیان بەسەردا گیراوە.


تەواوی شایەدحاڵەکانیش ئەوە دەرەخەن, کە زۆرینەی خەڵک یان لەلایەن جاشەکانەوە راستەوخۆ دەستگیر کراون لە کاتی خۆ شاردنەوە, یاخود لە لایەن ئەوانەوە تەسلیم کراونەتەوە, یاخود پڕۆپاگەندەی درۆیان کردووە بۆ خۆ بە دەستەوەدان , لە کاتێکدا لە ھەموو قۆناغەکانی ئەنفال, ئەمنی پارێزگاکان پێشتر ئاگادارایانیان کردۆتەوە کە لێبوردن ھاووڵاتیانی ناوچەی ناو پرۆسەی ئەنفال ناگرێتەوە.


ئەگەر لەناو ئەو ٤٢٣ کەسەی وەک تۆمەتباری ئەنفال ناویان ھاتووە,تەنھا ٢٥٨یان کورد بن, کە زیاترە, ئەوا لەوانەی ناویان تۆمارکراوە ٦٠,٩%ی کوردن.


سەیر کەن تەنھا لە پرۆسەی ئەنفالی ٨, بە پێی بەڵگەنامەیەک ,لانی کەم ١٦٣ فەوجی جاشی خەفیفە, بە ٦٥,٣٧٥جاشەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.

دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال.

ھێما بیرکارییەکان بۆ ژماردنی تاوانەکانی ئەنفال کڵۆڵە, ھێندە تاوانەکان زەق و گەورەو زۆرن, یاساکانیش لە ئاستیدا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان, بەڵگەنامەو فلیم و دیدنامەکان لاوازن, کۆمەڵکوژی, کوشتنی مەیدانی, دورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان, زیندانیکردن و کوشتنی تەواوی ئەو خەڵکە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی کۆکردنەوەی تۆپزاوەو شوێنەکان دی, دواتر کوشتنیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان, تەرمی بەشێکیان لە موسڵ و سەماوە دۆزرایەوە و لە لایەن پسپۆری نێودەوڵەتی مایکل تربیل و ئەوانی دییەوە دەرھێنرا, زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەکانیشیان نەدۆزراونەتەوە, بێبەریکردن لە پێداویستییەکان ژیان, ئەشکەنجەدان, دەستدرێژی سێکسی و پەلاماردان و لاقەکردن, سزادانی گروپ بە ھۆی جیاوازی نەتەوەییەوە, پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەکی کۆکوژی کیمیاوی و ھیشۆیی و چەکی کلاسیک, پەلاماردانی گوندەکان و بێھۆکار روخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانەو مزگەوت, بەزۆر گواستنەوەو سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرە ملێ لە ئۆردوگاکان و بێبەریکردن لە ھەلی کار و پێداویستی ژیان, توندوتیژ جوڵانەوە لە گەڵ ھاووڵاتیانی سڤیل تا ئاستی کوشتنی بە ئەنقەستی بە کۆمەڵیان, بێرێزیکردن بە تەرمی مردووەکانیان, مردن بەھۆی برسێتی و تێنوێتی و گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە, نەبوونی بێبایەخترین کەرەستەی ژیان لەناو زیندانەکان, ھێرش بۆ سەر ھاووڵاتیانی سڤیل کە ھیچ بەشداریەکیان لە چالاکی سەربازی نەبووە, وێرانکردنی ماڵیان و تاڵانکردنیان, جیاکردنەوەی ژنان و پیاوان و رێگا گرتن لە بەیەک گەیشتنیان, بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت, توندوتیژی بە نەخشە, زیانی جەستەیی و عەقڵی, وێرای مردن زۆرێک لە ئەنفالکراوان تووشی کەمئەندامی بوون لە زیندان, بێھۆکار پەلاماردانی خەڵکی سڤیل, کوشتنی بە دەستی ئەنقەست, کوشتنی نابەجێ, بێبەشکردنی توند لە ھەموو پێداویستییەکی تەندروستی و ژیان, دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا بەروبوومی کشتوکاڵی ھەڵگیراو, نەھێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری, کوێرکردنەوەی کانیاو پڕ کردنەوەی بیرەکان, پەیڕەوکردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن, بۆردومان کردنی گوند بە خەڵکەکەیەوە, لە زیندانەکان و شوێنەکانی کۆکردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس, کەمی خۆراک و برسیکردن, نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشکی, سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا, تەعریبکردن.......ئەمانە نموونەیەک کەم بوون, تا شوێنپێی ھەموو قوربانییەکان ھەڵنەگرترێت ناتوانرێت ھەموی بنوسرێتەوە, بۆیە بەڵگەنامەو فلیم و دیدنامەو نووسراوەکان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەکە بن, کاتێک ئامادەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەبیت دەزانیت چ تاوانێک ئەنجامدراوە, دەزانیت چ جەھەنەمێک لە ژێر بیابانەکان شاردراوەتەوە.


دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکان لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢١-٨-٢٠٠٦ دەستی پێکرد,لە ٦١ دانیشتندا, کۆی گشتی ١١٩٣ سکڵاکەرو دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی, سکاڵاو شایەدییان پێشکەش کرد, لەوانە ٥٢ سکاڵاکەر, ١٠ رزگاربووی گۆڕی بە کۆمەڵ, ٨ دیدەر, ٤ پسپرۆی بیانی " کلایکۆلون سنۆ ١٩٢٨ئۆکلاھۆما وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا......زانای بواری زانستی بایۆلۆژی,پسپۆر لەسەر ئاستی جیھان, گۆڕی بە کۆمەڵی کرۆمی ھەڵدابوەوەو کاری لەسەر قوربانیانی کیمیابارانکردنی گوندی فرجینی کردبوو کە چەکی کیمیاوی تێدا بەکار ھاتبوو, ئەسفەندیار ئەحمەد شکری توێژینەوەی لەسەر ئەو ئاوارانەی دیار بەکر و ماردین کردبوو, کە کیمیاوی لێیانی دابوو, مایکل کۆمفر ترەمبیل پسپۆر لە بواری پزیشکی رێوشوێنی دیاردە سزاییەکان لە موسڵ و موسەنا گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانی ھەڵداوەتەوە, بە ھاوکاری پسپۆڕانی ئەمەریکی و کۆستاریکی و ئوسترالی و کەنەدی, دۆگلاس سکوتی- ئەمەریکی پسپۆر لە بواری چەک و زانستی سزایی", راستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەکە کرد و وتەیان پێشکەشکرد لە بەردەم دادوەرەکان, لە رێکەوتی ٢٤-٦-٢٠٠٧ بڕیاری دادگا دەرچوو, لە رێکەوتی ٤-٩-٢٠٠٧ بڕیاری کۆتا درا, تاوانکاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دران.


لە پرۆسەی دادگاییەکە حەوت تۆمەتبار دادگاییکران, وە ژمارەیەک تۆمەتباریش لە ھەنگاوی یەکەمدا دیاریکرابوون بۆ دادگاییکردن لێ ئامادە نەبوون وەک لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەکاندا ناویان ھاتووە " بە پێی نووسراوی ف٢ ١٤٤٥ رێکەوتی ١٨-١٢-٢٠٠٥ ی دادگای باڵای تاوانەکان, بڕیاری گرتن بۆ ٢٤ کەس دەرچوو, کە بریتی بوون لە" نزار خەزرەجی, یونس ئەلدرب, ئەیاد خەلیل زەکی, رەمزی مەحمود, سەعید مەحمود باریکە, قاسم دڕەیی, معتەسەم بەرزنجی, یاسین رەئوف, تەحسین شاوەیس, قاسم ئاغای کۆیە, بایز عەبدالڕەحمان, عەلی ئەحمەد رەشید, نیعمە فارس, حەمید شەعبان, نەجم عەبدوڵا دوری, عیسمەت سابیر, عەدنان جەباری, جیھان موسا, رەفعەت گلی, عوسمان شێخ سەعید, شێرزاد ساڵەح, تۆفیق جەبار قارەمان, حوسێن شێخ سەعید, حەسیب حەمە ئینجە".


ھەروەھا "لە رێکەوتی ٢١-١٢-٢٠٠٥, بە پێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەکان ژمارە ف٢ ١٤٧٤, داوای ناوی سیانی و ناونیشانی ١٨ تاوانبار دەکات کە بریتین لە" سەعید مەحمود باریکە, عەدنان جەباری, شێخ رەئوف, شێخ جەعفەر, شێخ رەمەزان, قاسم دڕەیی, جیھان موسا, معتەسەم بەرزنجی, رەفعەت گلی, یاسین رەئوف, غەسان شێخ سەعید, تەحسین شاوەیس, شێرزاد ساڵەح, قاسم ئاغای کۆیە, تۆفیق جەبار قارەمان, بایز عەبدالڕەحمان, حوسێن شێخ سەعید, عەلی ئەحمەد رەشید, حوسێن حەمە ئینجە".


حەوت کەسەکەی دادگایی کران, پێشتر زیندانیبوون, بریتی بوون لە: سەدام حسێن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتکریتی سەرۆک کۆماری عێراق کە رۆژی شەممە رێکەوتی ٣٠-١٢-٢٠٠٦ لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارە درا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر ھەڵگیرا, عەلی حەسەن ئەلمەجید ئەلحەسەن عەبدالغەفور عەبدالقادر ئەلناسری ئەلتکریتی بەرپرسی بیرۆی باکوری پارتی بەعس, لیوا روکن سابیر عەبدالعەزیز حوسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری ھەواڵگری گشتی سەربازی, فەریق روکن حوسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتکریتی یاریدەدەری ئەرکانی سوپا بۆ کاروبارەکانی ئۆپەراسیۆنەکان, لیوا روکن سوڵتان ھاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەکەم, تاھیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سکرتێری لیژنەی کاروباری بکوور و پارێزگاری موسڵ , عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێکخراوی ھەواڵگری رۆژھەڵات.


تۆمەتباران بەم شێوەیەی خوارەوە, پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان سزا دران:

عەلی حەسەن ئەلمەجید ٥ سزای لە سێدارەدان, یەک زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی, یەک سزای ١٥ساڵ زیندانی,٢ سزای زیندانی ١٠ ساڵی و ٢سزای زیندانی ٧ ساڵی.
لیوا روکن سوڵتان ھاشم ٤ سزای لەسێدارەدان, ٢ سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی, ١ سزای زیندانی ١٥ ساڵی, یەک سزای زیندانی ١٠ ساڵی و ٢سزای زیندانی ٧ساڵی.
فەریق روکن حوسێن رەشید ٤ سزای لەسێدارەدان و سزایەکی ٧ ساڵی زیندانی.
سابیر عەبدالعەزیز حوسێن ٣ سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی ١٠ ساڵی.
عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ ٢ سزای زیندانی بەند بوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەکی زیندانی ١٠ ساڵی.
تۆمەتبار تاھیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو.
ناوبراوان بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پرۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانبار کران.
تاوانباران عەقیدی روکن فەرحان موتڵەگ لە رێکەوتی ٣٠-٣-٢٠١٣ لە گرتوخانەی موسڵ و سوڵتان ھاشم یش لە نەخۆشخانەیەکی شاری ناسریە لە رێکەوتی ١٩-٧-٢٠٢٠ مردن و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانیان لەسەر جێبەجێ نەکرا.


ھەروەھا لە رێکەوتی ٢٠-٥-٢٠٠٧ دادگای باڵای تاوانەکان بە فەرمی لیستێکی بە ٤٢٣ ناوی راگەیاند وەک تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال, کە تاکو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییکردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەکراوە چ لە عێراق یاخود کوردستان, کە ٢٥٨ کەسیان ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستانن, چ بە لیست, وە چ بە کەسی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە, تاکو ھەنووکە ھیچ یەکێک لەو تۆمەتبارانە بانگ نەکراون بۆ لێکۆڵینەوە, دووجار رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید لە رێگای داواکاری گشتییەوە لە شاری ھەولێر سکاڵای لەسەریان تۆمارکردووە, وەلێ لە ژێر فشاری کەسانی دەسترۆیشتووی دەسەڵاتدارەوە داوکاری گشتی بێ ئیرادە کراوەو لە سکاڵاکە نە پرسراوەتەوە.


بەھانە بۆ لێپرسینەوە لە تۆمەتباران, لێبوردنە گشتیەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٩١ ە, بەڵام لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٩١ بە پێی بڕگەی شەشی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی ھیچ شەرعیەتێکی نییە, ھەر لێبوردنێک پێش جێبەجێردنی ئەم یاسایە دەرچوبێت بۆ تۆمەتبارانی دوو توێی تاوانەکانی بڕگەکانی ١١ و ١٢ و ١٣ و ١٤ دادگای باڵای تاوانەکان, کە بریتین لە تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی پێشێلکردنی یاسا عێراقیەکان, بە پێی بریارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی لەسەر تاوانباران عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان ھاشم و .... تاوانی ئەنفال تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە, ئەم تاوانانەش بە تێپەڕ بوونی کات کۆن نابن و بەسەر ناچن و بنەمای نێودەوڵەتییان ھەیە, زمکان" زەمان و مەکان" تۆمەت لەسەر تۆمەتبار ھەڵناگرن, وە تاوانی نێونەتەوەیشن, لەسەر ئەو بنەمایە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزراوەو ئەم جۆرە تاوانانە لە تایبەتمەندیەتی, تۆمەتبار بۆ کوێ ھەڵبێت دەربازی نابێت لە سزا, تەنانەت ناکرێت پەنابەریشی پێبدرێت , تۆمەتباری ئەنفال مافی پەنابەری سیاسیان پیچ نادرێت, بە پێی رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدی ساڵی ١٩٤٨, چونکە بەشدارن لە تاوانی جینۆساید, وە سزا دەسەپێنرێت بەسەر ھەموو کەسێکی بەشدار لە پرۆسەی پاکتاوی بە کۆمەڵ, نابێت رزگاریان بێت لێی, بەو پێیەی ئەمانیش کەسانێکن بەشداربوونە لە ئەنجامدانی تاوانەکە, بۆیە وەک بەشدارکەرێک لە پرۆسەی کۆکوژی دەبێت دادگایی بکرێن و تاوانباران لە سزا دەربازیان نەبێت.


بۆیە ئەمانەلێبوردن نایانگرێتەوە, بەم ھۆیەشەوە ئەو بڕیارەی بەرەی کوردستانی ھیچ بنەمایەکی یاسایی و ھێزێکی نییە, بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە عێراقیش بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە, ھاتووانی ناو لیستەکە لە بەغدا پۆستی سەربازی و تەشریعیان وەرگرتووە و چونەتە پەرلەمانەوە و فەرماندەیی گرنگیان لە سوپا وەرگرتووە, یاسای بنەبڕکردنی پارتی بەعس ئەمانی لێ دەرکراوەو بڕیارەکانی نەیانی گرتۆتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک