په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٠

بۆچى سی و یه‌کی ئاب ئێکسپایەر نابێ؟!


گۆران دوکانى  


گەلێک جار گلەیی ئەوە دەکرێ کە باسی رووداوگەلێکی رابردوو دەکەین و برینەکان دەکولێنینەوە. بە لۆژیکی بگۆیانی ئەم وتەیە بێت ئیدی پێویست ناکات ئێمە باسی ئەو رووداوانە بکەین کە رابووردن، چونکە دەبێتە هۆی کولانەوەى برینە ساڕێژنەکراوەکان!، وەلێ ئێمەی رۆژنامەنووس لە دیوی دووەمەوە سەیری ئەو مەسەلەی دەکەین وتەنیا ئەو دیوە نابینین کە خەڵک، هەندێک جاریش بەرژەوەندیخوازەکان باسی دەکەن.


بە بۆچوونی ئێمە رووداوگەلی لە چەشنی 31 ئابی 1996 جگە لە رووە شەرمهێنەر و خیانەتە نیشتمانییەکەی، دیوێکی دیکەی ئەوەی دروستکەرانی ئەو رووداوە هێشتا دەسەڵاتدارن و ئامادەنین لەپای تاوەنەکانیان بچنە بەردەم دادگا. ئەوانە کەسانێکی هێندە روو قایمن تەنانەت خیانەتە گەورەکانیشیان بە سەروەری بەو میللەتە داماوە دەفرۆشن.


بۆچی ئێمە لە 31ی ئاب بێدەنگ نابین و بەردەوام لەسەری دەنووسین؟ ئەرێ دەبی حیکمەتی ئەم هەموو نووسینە لەکوێدا بێت؟! لێرەداهەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانە لە چەند خاڵێک کورت بکەمەوە:


یەکەم؛ ئەوەی لە 31ی ئاب بەسەر هەولێر هات خیانەتێکی نیشتمانی بوو. خیانەتی نیشتمانیش هەر کەس و لایەنێک بیکات دەبێ سزا بدرێت و نابێت رێگە بدرێت وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچێت.


دووەم؛تا ئێستا کەیسی سی و یەکی ئاب دانەخراوە و کار لەسەر تاوانەکانی ئەو رۆژە وباقی تاوانەکانی دیکەی شەری براکوژی نەکراوە، بۆیە دەبێ ئەو کەیسە بە کراوەیی بمێنێتەوە تا بە ئاکام گەیشتنی سەرجەم تاوانباران و دادگایی کردنیان.


سێیەم؛ ئەگەر بێتو ئێمە گوێ بۆ ئەو قسەیە بگرین کە پێیوایە نابێ قسە لەسەر رووداوەکانی رابردوو بکەین، کەواتە نابێ قسە لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە و کیمیابارنکردنیش بکەین، چونکە ئەوانە زۆر لە 31ی ئاب کۆنترن وهاوکات جیاوازیەکى ئەوتۆش نیە لەنێوان ڕەگەزى تاوانى سیویەکى ئاب وهەڵەبجەوئەنفالدا.
چوارەم؛ئێمە دەبێ باسی ئەورووداوە بکەین و بە خیانەت بیناسێنین، بۆئەوەی رێگری لێ بکەین و جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە. دەنا هەر ئەوهێزە کۆنزێرڤاتیڤەى ئەمڕۆ 31ی ئاب بە سەروەری ناودەبات، ئەوا مانای ئەوەیە کە لە هەر لەحزەیەکدا بارودۆخێکی لە چەشنی بەر لە 31ی ئابی بەسەردا بێت، ئامادەیە رووداوی لە چەشنی 31ی ئاب دووبارە بکاتەوە.


پێنجەم؛ تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و ورد لەسەر 31ی ئاب نەکراوە و بە تەواوی شەن و کەوی ئەو رووداوە نەکراوە.


شەشەم؛ دەرکەوتنەوەی ئەو هێزە بەربەرییە لە رووداوی 2005ی سوتاندنی بارەگاکانی بادینانی یەکگرتووی ئیسلامی و هێرشەکانی چەند شەوی دوای هەڵبژاردنی 27ی تەمموزی 2009دا ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەو هێزە هێشتا لەسەرپێ و ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەسات. بۆیە دەبێ بێوژان کاری لەسەر بکرێت تا ئەو هێزە بەربەرییە دەستبەرداری هەموو ئەو رەفتارە توندوتیژ و چەوتانەی دەبێت.


حەوتەم؛ سی و یەکی ئاب جگە لەوەی خیانەتێکی روونی نیشتمانییە. رووی گەلی کوردستانیشی لە جیهانی دەرەوە ناشیرین کردووە، بۆیە هەر دووبارەبوونەوەیەکی رووداوی هاوچەشنی 31ی ئاب زیاتر رووی گەلی کوردستان کرێت دەکات لە جیهانی دەروە و لای گەلانی دراوسێ.


لە حاڵی ئێستادا تەنیا چەند رۆژنامەنووسێکی بوێر کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن باسی 31ی ئاب دەکەن، ئەوانیش بەبەرچاوی هەمووان هەڕەشەیان لێ دەکرێت و دەڕفێنرێن و دەکوژرێن. بۆیە سەرکوتکاری ئەو هێزە ستەمکارەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیە و لە کایەکانی دەسەڵاتدایە وای کردووە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە لەئاست ئەو تاوانە گەورەیە بێدەنگ ببن. بەڵام رۆژگارێک بەڕێوەیە کە سەرجەم خەڵکی کوردستان و چین و توێژەکان قسە لەسەر 31ی ئاب و تەواوی خیانەتەکانی دیکەی پارتی و یەکێتی و تەواوی تاک و هێز و لایەنەکانی دیکە دەکەن و بە جددی هەوڵی بە سزاگەیاندنیانەوە دەکەن بەرێگەی یاسایی. بۆئەوەی ئیدی بۆ هەتا هەتایی رۆحیەتی خیانەت لە ناخی کۆمەڵگە لەناوبەرین، پێویستە بەردەوام 31ی ئاب وەکو رووداوێکی یەکجار شەرمهێنەر و کرێت پێناس بکەین و ئەنجامدەرانی دەبێت بە فەرمی لەسەر ئەو رۆژە داوای لێبوردن لە تەواوی گەلانی کوردستان بکەن و بەڵێنی دووبارەنەبوونەوەی بە خەڵک بدەن و ئامادەبن بچنە بەردەم دادگا، لەپاى هەمووئەمانەشدا هێشتا(31ى ئاب) خیانەتێکى ئەوەندە مەزنە و لەبەردەم مێژوودا ئێکسپایەرنابێت!.

 

ماڵپه‌ڕی گۆران دوکانی