په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٢\٢٠١٤

بۆچی وەزارەتی کار بیمەی بێکاریی بە کرێکارانی زەمانکراوی بێکارکراو نادا؟

حوسێن ساڵح     

 

سالێکی تەواوە لەم هەرێمە بە بیانووی نەهاتنی بودجە و مووچە لە حوکومەتی ناوەندییەوە،حوکمەتی هەرێم تەواوی پێشینەکانی خانووبەرە و سلفەکانی کۆمپانیاکانی وەستاندوە، بەمەش زۆری لە پرۆژەکانی وەستاندووە و بازاڕی کاری کوردستانی نابوت کردووە، هاوکات قەیرانیکی قووڵی بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتیی کرێکار و زەحمەتکێش دروست کردووە، هەزاران کرێکار لە کەرتی تایبەت بێکار کراوە، هەر پێی ئاماری یەکێتیی وەبەرهێنەران نیزیک بە ٤٠٠٠٠٠ هەزار کرێکارە و پێنج هەزار کارگەی بچووک و گەورە نیوەی بێکار وەستاون، کە لە شاری سلێمانی ٨٠٠ کارگە داخراوە ١١٠٠٠ هەزار کرێکار بێکار کراوە.


ئەم ئامارانە بەشیک لە کرێکارانی بیناسازیی ناگرێتەوە کە خاوەن کارێکی دیاری کراویان نییە، یان بڵێن بینای ماڵان دەکەن کە لەم بارودۆخە داتەواو بێکار کەوتون، کرێکار لە مانگێکدا ٤ رۆژ بەختی کارکردنی هەبێت، بەشێک لەوانە کرێچین کە مانگانە ٣٠٠ بۆ٤٠٠ هەزار کرێی خانوو دەدەن، هەروەها دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان کە هەزاران کەس دەبن و لە چاوەروانی کار دان لەم ئامارەدا نین. هەر بۆیە بێکارکردنی کرێکاران و نەبوونی هەلی کار، بارودۆخێکی خراپی بە نسیبی کرێکاران کردووە، جاریکی تر خۆیان و خێزانەکانیانی ڕووبەرووی هەژاریی و نەداریی و کارەسات کردۆتەوە. کۆمەڵگای کوردستان بۆتە کۆمەڵگای بێکارکراو، رێژەی بێکاریی ٢٧٪ە.

 

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بێدەنگیی حوکمەت و وەزارەتی کارە لەم نێوەدا، دیارە مەبەستی من ئەوەیە کە بەشێک لەم چەند سەد هەزار بێکارە ٦٢٠٠٠ هەزار کرێکار بە پێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی زەمان لە هەر سێ پارێزگای سلێمان و دهۆک و هەولێر زەمان کراون، تەنیا لە سلێمانی ٣٠ هەزار کرێکار زەمان کراوە، واتە بە پێی یاسای ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کەرتی تایبەت، کە برگەیەکی دەڵێ هەموو کرێکارێک پاش لەدەستدانی کارەکەی دەتوانن بیمەی بێکاریی وەرگرێت بۆ سێ جار، کە هەر جارێ ٦ مانگ بە مەرجێ ٢ ساڵ پارەی زەمانی دەستەبەر کردبێ. ئەم زەمانکردنە کە کرێکار و خاوەنکار بە هاوبەشیی لە ١٧٪ی دەدەن، واتە کرێکار ٥٪ و خاوەن کار ١٢٪، واتە ئەگەر مووچەی گشتیی کرێکاران بە ٣٠٠ هەزار لانی کەمی کرێ دیاری بکەین، واتە کرێکار لە مانگێکدا ١٥ هەزاری زەمان و خاوەنکاریش ٣٦٠٠٠ هەزار کۆی هەردووکیان لە مانگێکدا دەکاتە ٥١٠٠٠ هەزار ئەگەر ئەم ژمارەیە کەرەتی واتە ٦٢٠٠٠ هەزار کریکاری زەمانکراو لە ساڵێکدا بکەین ئەوا دەکاتە ٣١٢٠٠٠٠٠ ملیار کەواتە ئەم بێدەنگییەی حوکمەت بۆ ئەوەیە کە بەخشکەیی خۆی لەوبەر پرسیارەتە بدزێتەوەو کڵاو بنێتە سەری کرێکاران.

 

حوکمەتی هەرێم سەرەڕای لە سەدا ١٧ بودجەی حوکمەتی لەم مەرکەزی و، هەروەها داهات و فرۆشتنی نەوت و باج و سامانی ئەم وڵاتە، خەریکە پارەی چەند ملیاری زەمانی کرێکارانیش لوش دەدا و گوێ بە یاسا و رێسای خۆشیان نادەن، تا ئێستا وەزارەتی کار نە بەرێوەبەرایەتیەکانی زەمان، نە سەندیکای گشتی ئامارێکیان نەک ڕانەگەیاندوە، بەڵکو لە ئاست لەشکری بێکارییدا بێدەنگ بوون بۆیە ئەگەر ئەم قەیرانە لە کوردستان واقیعەتیشی هەبێت، ئەوا هیچ پەیوەندیەکی بە کرێکارانی زەمانکراوە نییە بە پێی یاساکە، چونکە کرێکاران و خاوەن کارەکان ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاندوە بە دانی بڕی مانگانەیان.

 

ئێستا لەم دەورەی بێکارییەیاندا دەبێ ئەو مافەیان پێ بدرێ کە بیمەی بێکارییە و هیچ منەتێکی تێدا نییە و پارەی کرێکاران خۆیانە. ئەگەر دەسەڵاداران پابەند نابن تەنانەت بەو یاسا خراپەش، جیگەی ڕەخنەی ئێمە هەڵسوراوانی کرێکارییە، بە خەوی ناوشیاریی و نارێکخراویی سەرجەم کرێکارانی کوردستان، وای کردوە کە نەک باری بێکاریی قەبووڵ نەکەن لە دەسەڵاتداران، بەڵکو ئەو مافانەی خۆشیان کە بە پێی یاسای کار ئەیانکەوی، وەکو سەلامەتی شوینی کار، بیمەی کەمئەندامبوون، خانەنشینی، بیمەی بێکاریی گرێبەست... هتد، هەر بۆیە کرێکاران ئەم مافانەی خۆیان ناناسن و شەڕی بۆ ناکەن، بۆیە یاسا هەبێ و نەبێ بە بێ وشیاریی و هاوسەنگیی هێزی ئەوان وەک یەک وایە.

 

مێژووی دوو سەدەی سەرمایەداریی ئەوەمان پێدەڵێ کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان ئامادە نین یاسا و رێسا لە بەرژەوەندیی کرێکاران بنووسنەوە و جێبەجێ بکەن، بەڵکو ئەوە خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی کرێکاریی بووە بە ئاستی قوربانیدان، توانیویەتی خواست و ماف و یاساکان بەسەر سەرمایەدارییە نێودەوڵەکەیان دابسەپنێ. بۆیە بوونی یاسای کار بەس نییە لە کوردستان، کە تەنیا بۆتە مەرەکەبی سەر کاغەز، بەڵکو دەبێ کرێکاران یەخەی دەسەڵاتداران بگرن و چیتر ئەو بارە قەبووڵ نەکەن، کرێکارانی زەمانکراو کە لە ئێستادا بێکار کراون لە دەوری یەکتر کۆبنەوە بتوانن نارەزایەتی بۆ بەردەم بەرێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەڕێ بخەن تا بتوانن مافی خوراویان بگێرنەوە، کە داخوازیی بیمەی بێکارییە.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک