١١\٥\٢٠١٧
بۆچی خوانەناس و
مرۆڤدۆستم.

تەسلیمە نەسرین |
وەرگێڕانی: بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە |
من لە خێیزانێکی موسوڵمان چاوم بە دنیا
هەڵێنا، دایکم منی ناچار دەکرد هەموو رۆژێک قورعان بخوێنم... نوێژەکان
لە کاتی خۆیدا بکەم و لە رەمەزاناندا، بەرۆژوو بم. لە دەورانی
گەشەونمامدا، دایکم منی دەبرد بۆ لای “پیرە” پیاوێک، کە سەرۆکی
گرووپێکی مەزهەبی و جێگای رێز و متمانەی موسڵمانان بوو. ئەم “پیرە”
پیاوە خاوەنی دارودەستەی تایبەتی خۆی بوو، باوەڕی بە جنۆکە و خورافات
هەبوو. ”پیر” رایگەیاندبوو ئەو ژنانەی لەبەردەم پیاواندا پێدەکەنن، یان
لە ماڵ دەچنە دەرەوە، لە لایەن جنۆکەوە بەکاردەهێنرێن. بۆیە ئەو بێ
رەحمانە ئەو ژنانەی کوتەک کاری دەکرد، تا گوایە جنۆکە لە گیانیان
بێتەدەرەوە. ئەو وێنایەکی ترسناک ئامێزی لە دۆزەخ دەکرد، و هەر کەسێک
لەگەڵ ئەو دیداری بکردایە دەبوو پارەی پێبدات.
“پیر” لە لایەن چەند ژنی جوان و گەنجەوە دەورە درابوو کە لەشیان بۆ
دەشیلا و بەدەم دواکاریەکانیەوە دەچوون. رۆژیك بە ئامادەبوونی راگەیاند
کە قیامەت، رۆژی نابوود بوونی زەمین، بە زوویی دێت و پێویست نییە ژنان
شوو بکەن، ئەوان پێویستە ژیانیان فیدای خودا بکەن.
من بەو هۆیەوە، کە ”پیر” درندانە کوتەک کاری ژنانی دەکرد، تا جنۆکە لە
گیانیان بێتە دەرەوە، و لە وەسف و پیاهەڵدانەکانی بە قیامەت نەک ترساو
هەر تۆقیبووم، بەڵام قیامت هەر نەهات.
“پیر” نەخۆشەکانی بەخوێندنەوەی قورعان و کوتەک کاری کردن ”چارەسەر”
دەکرد. ئەو ئاوی مقەدەسی هەبوو کە نەخۆشەکانی پێ شیفا دەدا، بەڵام
نەخۆشەکان بە خواردنەوەی ئەو ئاوە نەخۆشتر دەبوون. دیارە ئەو ئاوەی بە
منیش دا، بەڵام من کاتێک چاکبوومەوە کە باوکم بە دەرمانی پزیشک منی
چارەسەرکرد، من باوکم پزیشک بوو.
باوکم هانی دەدام خویندنی سکیولار (نائیسلام) هەبێت، من لەبارەی (بیگ
بانگ) گەشە و پیکهاتەی خۆرەوە خوێندم و فێربووم، لەبەر هەمان هۆ
سەبارەت بەوەی خوا لە شەش رۆژدا تەواوی جیهانی دروستکردوە، دەربارەی
داستانی ئادەم و حەوا و سوڕانەوەی خۆر بە دەوری زەویدا، و ئەوەی
کێوەکان وەکو بزمار باڵانسی زەویان راگرتوە و شتی تر... بە تەواوی
بروابووم بە ئیسلام لەدەست دا. دایکم لە منی دەویست، کە سەبارەت بە خوا
پرسیار نەکەم و کوێرانە باوەری پێبهێنم. دواتر قورعانم خوێندەوە، دیارە
دیراسەیەکی قوڵم کرد، بۆ ئەوەی لە تەواوی ماناکانی تێبگەم... بینیم
قورعان بە تەواوەتی بی پایە و بی بنەمایە. قورعان کە بە ملیۆنان کەس
باوەریان پێیەتی، لە کۆیلەتی و نایەکسانی نیوان مرۆڤەکان و خەڵک،
راشکاوانە بەرگری دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، لە وڵاتانی تردا یەکسانی
ژن و پیاو بە وینەی مافێک بە فەرمی ناسراوە و مافێکیش لە لایەن مرۆڤەوە
بەکاردەهێنرێت.
لە قورعاندا پیاو مافی هەیە چوار ژنی هەبێت، مافی تەڵاقی هەیە، دەتوانی
لەگەڵ ژنانی کۆیلە سیکس بکات و ژنەکانی خۆیشی دارکاری بکات. لە
بەرامبەردا ژنان دەبێت لەشیان دابپۆشن، چونکە ئەوان تەنیا وەکو
کاڵایەکی سیکسی و ئامرازی چێژی پیاوان سەیر دەکرێن. ژنان بێبەشن لە
مافی تەڵاق، میراتی یەکسان و شایەتی دان لەگەڵ پیاواندا. من تێگەیشتم
کە خودا بۆ مۆسوڵمانان و نەفرەتکردن لە ناموسوڵمانەکان و کوشتنی
هەڵگەراوەکان، لە ئیسلامدا حەڵاڵە.
من قورعانم خستە کەنارەوە و سەیری چواردەوری خۆمم کرد. من دینم لە
ژیانی واقعی و رۆژانەی خۆمدا، بی ئەندازە ستەمکارانە بینیەوە. من
تیگەیشتم کە نارەوایی و بێ مافی سەرچاوەگرتوو لە دین، بە تایبەت لە
وڵاتە موسوڵمانەکاندا، روو لە زیادبوونە.
بە هەست و ئاگایەک کە بەستم دەهێنا، تیدەگەیشتم کە دین پێکەنیناوییە،
چونکە رێگری بیرکردنەوەی ئازادانەی مرۆڤ و هۆش و عەقڵیەتی ئەو دەبێت.
باوکم منی فێری ئەوە کرد، کە بە هیچ شتێکی بێ هۆ بڕوا نەکەم. منیش هەر
ئەو کارەم کرد. من نەمدەتوانی بە دین و خوا بڕوا بکەم، بۆیە بووم بە بێ
خودا. لە کۆتایشدا پێنووسەکەم هەڵگرت و دەستم کرد بە نووسین دژ بە دین
و تەواوی خورافاتە مەزهەبیەکان. من دەستم دایە ئاشکراکردنی تاوانەکانی
مەزهەب، بەتایبەتیش بێ رەوایی و ستەمێک کە بەرامبەر بە ژنان دەیکەن. من
بینیم چون ئیسلامیەکان وەکو ئاژەڵ یان کویلەی چەرخە کۆنەکان لەگەڵ
ژناندا رەفتار دەکەن. من دەربارەی هەموو ئەوانە نووسیم و هەر بەو
هۆیەوە روبەرووی هێرش و پەلاماری فیزیکی و زمانی پیسی مەزهەبیەکان
بوومەوە. ئەوان چەندین جار لە دادگا سكاڵایان لەسەر تۆمارکردم. منیان
بە هەڵگەراوە لە دین لەقەڵەم دا و چەندین خۆپیشاندانیان لە دژم وەرێخست
و مەراسیمی هەڵواسین و لەداردانی منیان نمایش کرد. ئەوان چوونە سەر
نووسینگەی ئەو رۆژنامەیەی من ستوونێکم تیایدا دەنووسی، تیک و پیکیان
داو دژی سەنووسەر و بڵاوکراوەکە لە دادگا سکاڵایان تۆمار کرد. توورەیی
کەسانی مەزهەبی لە دژم هێندە زۆر بوو، بە ناچار وڵاتم جێهێشت.
من لە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جهیاندا ژیانم دەکرد. من بینیم چۆن
مەزهەب ستایشی هەژاری دەکرد و بە سەریدا هەڵیدەدا، چۆن خەڵکانی هەژار
دەچەوسێنرانەوە. دەڵین هەژاری بۆ سەر زەوی نێردراوە، تا بە ژیانی پر لە
بەدبەختی و دواکەوتووی خۆیان باوەر بەخوا بهێنن. من هیچ خوێندنێکی
مەزهەبیم نەدی کە خوازیاری چارەسەری هەژاری بێت، بەڵکو دەوڵەمەندان
راسپێردروان بە بەخشینی پارە بە هەژاران بە شێوەی دایکە تریزا، خوا
رازی بکات. هەژار دەبێت هەژار و بەدبەخت بمێنێتەوە و هەلپەرستان بە
کەڵک وەرگرتن لەوان بلیتی بەهەشت ئامادە بکەن.
من ئیسلام و ئیسلامی بونیادگەرا ”ئیسلامی سیاسی” بەیەک ئەندازە دەخەمە
بەر رەخنە. من جیاوازی لە نیوانیاندا نابینم. من دین وەک ریشەو
سەرچاوەیەک دەبینم کە بنیادگەرایی بەناونیشانی پێشەنگێکی خۆیان ژەهری
لێ هەڵدەمژن. ئەگەر ئێمە بونیادگەرایی بخەینەکەنارەوە، بەڵام دین
بهێڵینەوە رۆژێکی تر جۆرێکی تر لە بونیادگەرایی گەشەدەکات و
پەیدادەبێت. بە پێچەوانەی هەندێک لە رۆشنبیرانی لیبرال کە بەرگری لە
ئیسلام دەکەن و گوناحەکە دەخەنە ئەستۆی بونیادگەراکانەوە، بە بڕوای من
ئەوە ئیسلامە کە ستەم لەژنان دەکات، ئەوە هەر ئیسلامیشە کە دژی
دیموکراسی و مافی مرۆڤە.
من خوا و و بێ رەحمی و ناپیرۆزیم قبوڵ نییە، من ویژدانی خۆمم هەیە کە
باوەری پێبەخشیم کە لە کۆمەڵگایەکی پشت ئەستوور بە یەکسانی و عەقلانی
پشتیوانی بکەم... دین سەرچاوەی فەناتیزم، رژاندنی خوێنی خەڵکی، کینە،
راسیزم، ناکۆکی و جەنگە. تەنها مرۆڤدۆستی دەتوانێ مرۆڤایەتی بە مرۆڤ
ببەخشێت و دنیایەکی مایەی ژیان کردن بەدی بێنێت.
من بێ خودام، باوەرم بە بە نوێژ و دوعا، نییە. من باوەرم بەکار هەیە.
کاری منیش کارێکە کە بە ناونیشانی نووسەرێک دەیکەم... چەکی من
پێنووسەکەمە.
bopeshawa@gmail.com
|