٢٢\٢\٢٠٢٥
بۆچی زانا و شێخە وەهابییەکانی سعودیە
جیهاد
و غەزا لە دژی ئیسرائیل ڕاناگەیەنن؟
- دەیەی ڕەش و دەیەی تاوان و فەتوای جیهادی سیاسیانە بە بەرگی
ئیسلامییەوە! -

شوان عەزیز
زانا و شێخە فەتواچیە وەهابییەکانی سعودیە زۆر بە باشیی کەرتی غەزەی
ناو فەلەستین دەبینن کە چۆن بۆتە وێرانە بە دەستی سوپای ژێرفەرمانی
حکومەتی ڕاستڕەوی (ئیسرائیل)ەوە، بەڵام نوقەیان لێوە نایەت! ئەو
فەتواچیە وەهابییانە خۆیان کەڕ و لاڵ و کوێر کردوە لە ئاست ئەو هەموو
کوشتار و ماڵوێرانییە بێوێنەیە کە بەسەر خەڵکی کەرتی غەزەدا هاتووەو
بەردەوامیشە! بە بڕوای من، ئەوانە فەتواچی سیاسین! چونکە کاتێک کە
دەوڵەت دەیەوێت بێدەنگ بن ئەوان دەچنە خەڵوەتەوە و کاتێکیش سیاسەتی
دەوڵەت بیەوێت کە ئەو فەتواچیانە وەدەنگ بێن، هەر دەستبەجێ فوو بە
بڵنگۆی تەواوی مزگەوتەکاندا دەکەن و تەواوی جیهانی ئیسلامی لێ دێننە
سەرپێ و ئامادەی جیهادی دەکەن! بەڵام هەر کاتێک کە سیاسەتی دەوڵەت
وابخوازێت بێدەنگ بن ئەوا ئەو شێخ و زانا و فەتواچیە وەهابییانە خۆیان
نەبان دەکەن لە ئاست کوژرانی نزیکەی پەنجا هەزارلە خەڵکی ناوغەزە کە لە
ناویاندا دەیان هەزار لە منداڵ و ژنی بێتاوان هەیە! ئەو فەتواچیە
سیاسیە وەهابییانە وەک ئەوە خۆیان نیشان دەدەن کە نابینن بە سەدان
هەزار لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان برینداربوون و لە ناویاندا بە
دەیان هەزار هەیە کە بێدەست و بێ قاچ و بێ چاو بوون! ئەو فەتواچیە
وەهابییانە نابینن کە تەواوی کەرتی غەزە بە ژێرخان و سەرخانیەوە لەگەڵ
زەوی تەخت کراوە و تازە کەڵکی ژیانی تێدا نەماوە! ئەمانە لە سعودیە
لێیان پاڵداوەتەوە و فەتوایەک چیە لە دەمیان نایەتەدەر لە دژی سوپا و
حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل.
بەڵام هەر ئەو زانا و شێخە سیاسی و فەتواچیە وەهابییانە بوون کە خۆیان
دەگەیاندە ئەوسەری دنیا و ئاگری فیتنەیان دادەگیرساند! هەر بۆ نموونە
ساڵی ١٩٩١ ئیسلامی سیاسی لە جەزائیر بە ئاماژەی فەتواچیە سیاسیەکانی
سعودیە تەواوی بزووتنەوە و پارتە ئیسلامیەکانی جەزائیری لە نێوخۆدا
کۆکردەوە و جیهادیان لە دژی حکومەتی ئەو کاتی جەزائیر ڕاگەیاند.
ئیسلامی سیاسی شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە جەزائیر هەڵگیرساند کە دەیان
تاوانی جەنگ و دژە مڕۆڤانەی تێدا ئەنجامدرا، بە کێرد و شیر و تەوران
سەری خەڵکی بێتاوانیان دەپەڕاند! ئەو شەڕە کە بووە شەڕێکی ناوخۆیی لە
ساڵی ١٩٩١وە درێژەی کێشا تا ساڵی ٢٠٠١. شەڕەکە هێندە ترسناک و هێندە
زۆر خەڵکی بێتاوانی تێدا بووە قوربانی و دە ساڵیشی خایاند بۆیە وەک
دەیەی ڕەش خۆی خستە ناو مێژووی هاوچەرخەوە! لەو دە ساڵەدا یان با بڵێین
لە دەیەی ڕەشدا زیاتر لە دوو سەد هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی جەزائیر
بوونە قوربانی.
ڕۆڵی زانا و پیاوانی سەر بە ڕەوتی وەهابی لە سعودیە لە هەڵگیرساندن و
بەردەوامی پێدانی دەیەی ڕەشدا لە ڕووی دینییەوە بە ئاشکرایی دەرکەوت کە
کاریگەریی هەبووە! وەهابییەکانی ناو سعودیە فەتوای جیهاد و غەزایان دا
لە دژی حکومەتی ئەو کاتی جەزائیر. بە ئاشکرا فەتوایان دا کە هەر کەسێک
لەگەڵ حکومەتی جەزائیر بێت کافرە و خوێنی حەڵالە و غەزا و جیهاد لە
دژیان ڕەوایە! ئەم فەتوادانە بووە هۆی کە ڕەوتە ئیسلامیەکانی جەزائیر
سڵ لە هیچ تاوانێک نەکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان جیهاد و غەزا
دەکەن لە دژی کافران. بە کێرد و شیر و تەوران کەوتنە گیانی خەڵکی
بێتاوانی جەزائیر و کەوتنە نێو لادێ دوورە دەستەکان و چەندین خەڵکیان
بە شیران سەر دەپەڕاند. بۆ نموونە تەنها لە یەک شوێنی بجووکدا لە ڕووی
دانیشتوانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە چوار سەد کەسیان
بە شیر و تەور و کێردان سەر پەڕاند.
بەڵام کاتێک کە دەرکەوت سعودیە لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی نیویۆرک لە
١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١دا تێوەگلاوە، هەر ئەو مەلا و زانا و شێخە
وەهابییانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٩١ دا فەتوای جیهادیان لە دژی
حکومەتی جەزائیردا، ئەو جارە ١٨٠ پلە بایاندایەوە و فەتوایاندا کە
نابێت شەڕ لە گەڵ حکومەتی جەزائیردا بکرێ و دەبێ دەستبەجێ بوەستێ و
بەردەوامیپێدانی شەڕ حەرامە و ڕێگەپێدراو نییە لە ڕووی دینییەوە!
هەروەها داوای ئەوەیان کرد کە دەبێ تەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی ناو
جەزائیر لەگەڵ حکومەتی جەزائیر ئاشت ببنەوە و شەڕ و ناکۆکیی کۆتایی
پێبهێنن.
دیسان هەر ئەو مەلا و شێخە وەهابییانەی سعودیە بوون کە لە ساڵی ١٩٧٩شدا
فەتوای جیهادیاندا لە دژی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و داوای
جیهادیان کرد لە موسڵمانانی جیهان کە لە دژی هێزە کافرەکانی سۆڤیەت لە
ئەفغانستان بجەنگن و جیهاد و غەزا ئەنجام بدەن! لەو بارەوە حکومەتی
سعودیە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە ناردنی موجاهیدین بۆ
ئەفغانستان تا لە دژی سۆڤیەت جیهاد بکەن! لە ئەفغانستانیش بە هۆی
فەتوای وەهابییەکانی سعودیە لە ماوەی ١٠ دە ساڵدا لە سەرووی ١٧٦ هەزار
کەس بوونە قوربانی و ئەفغانستانیان بەرەو کەلاوە برد. دیسان لە ساڵی
٢٠١٣دا هەر ئەو مەلا و شێخە وەهابییانەی سعودیە بوون کە فەتوای جیهاد و
غەزایان لە دژی حکومەتی سوریای بەشار ئەسەد دا. هەروەها هەر ئەوانە
بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە لە سوریاش لە سەرووی ٥٠٠ هەزار کەس بوونە
قوربانی و سوریایان بەرەو کەلاوە و وێرانیی برد. فەتوای ئەوانە بوو کە
هیچ پێداویستیەکی ژیانیان لە سوریادا نەهێشت و لە ڕووی پێشکەوتنەوە
سوریایان دەیان ساڵ بۆ دواوە گێڕایەوە.
جا لێرەدا کورتەی باسەکە ئەوەیە کە بە هۆی فەتوای ئەو شێخ و مەلا و
زانایە وەهابییانەی سعودیەوە لە ماوەی دە ساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن
موسڵمان بە دەستی موسڵمان کوژران، زیاتر لە ١٥ ملیۆن موسڵمان بە دەستی
موسڵمان ماڵیان وێرانکرا و لە شوێنی خۆیان بە زۆرەملێ کۆچیان پێکرا و
بوونە پەناهەندەی هەندەران! ئەوە بێجگە لەو هەموو ماڵوێرانیی و
کاولکاریی و بریندارانەی کە بە هۆی بەردەوامیی ئەو شەڕانەوە پەیدابوون.
پرسیاری سەرەکی دەستبەجێش کە دەبێ بکرێت ئەوەیە بۆچی هەر ئەو مەلا و
شێخە وەهابییاناەی سعودیە کە بە نوێژی نیوەڕۆ دەبینن کەرتی غەزەی برا
موسڵمانەکانیان بەرەو وێرانەیەکی تەواو ڕۆییشتووە، وا زەوییەکەش بە
وێرانەیی خراوەتە مەزادەوە و تڕەمپ بە تەمایە بیکڕێت بۆ پڕۆژەی
وەبەرهەمهێنان، کەس ناتوانێت ئیتر لەو بەشەدا ژیان بەسەربەرێت، خەڵکی
کەرتی غەزە کەوتوونەتە نێوان دوو بەرداشی بێویژدانی دژە مرۆیی لە لایەک
حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل و لە لایەکی تریشەوە برا حەماس و جیهادییە
موسڵمانەکانیان، هەردووک لایان کەوتوونەتە هاڕینی خەڵکە بێتاوانەکە،
لەو نێوەدا بێجگە لەوەی تەواوی شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆتە وێرانەیەک کە
ئیتر سەختە ژیانی بۆ بگەڕێتەوە! لە لایەکی تریشەوە بە سەدان هەزار
بریندار و دەست و قاچ پەڕیو لە ئەنجامی ئەو شەڕەدا پەیدابوون، نزیکەی
پەنجا هەزاریان لێ کوژرا کە بەشێکی زۆریان منداڵان بوون و چەندین
کارەساتی جەرگبڕی تر، کەچی هێشتا مەلا و ئاخوندە وەهابییەکانی سعودیە
لەو گوێیەیان ناچێ بە گوێیەکەی دیکەیان و نە بایان دێ و نەباران. بۆچی
ئەوەندە بوێرییان تێدا نییە فەتوای جیهاد لە دژی دەوڵەتی ڕاستڕەوی
ئیسرائیل بدەن و ڕایبگەیەنن کە جیهاد لە دژی ئیسرائل و سوپای ئیسرائیل
پێویستە و دەبێ ئەنجامبدرێ؟ یان ئەوەتە ئەو ماستە گوریسێکی تێدایە و
فەتواکانی تریشیان فەتوای سیاسی بوون و پەیوەندییان بە دینەوە نەبووە و
دینیان بەکارهیناوە.
______________________________________________
تێبینی: لە
پەیوەند بە مێژوو، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان و فەتوای مەلایەکانی
سعودیە سوودم لە (جەزیرە نێت، ویکیپیدیا، شەرق ئەوسەت و قودسی عەرەبی)
وەرگرتوە.
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|