په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠٢٠

بۆچوونێک دەربارەی قەوارە و ناقەوارەیی ھەرێمی کوردستان.


زاھیر باھیر       


من لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارە نادەمەوە ئایا ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی وەکو ئەوەی کە ئێستا ھەیەتی بمێنێت یاخود ھەڵوەشێتەوە، باشترە؟ ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت بیخەمە بەردەم خوێنەرانی ئەم وتارە، تەنھا ورووژاندنی پرسیارگەلێکە تاکو خۆیان سەرپشک بن لە وەڵامیانا.


پێشەکی دەمەوێت کارئاساییەک بۆ خۆێنەر بکەم تاکو بتوانن وەڵامێکی لۆژکیانە بە پرسەکە بدەنەوە یاخود ھەر ھیچ نەبێت ببێتە مایەی تێڕوانینیان، بۆ ئەمەش من بە کورتی شتێک دەربارەی قەوارەی ھەرێم و پارێزەری قەوارەکە کە حکومەتی ھەرێمە، لە چەند رویەکەوە دەخەمە ڕوو.


یەکەم: ئێمە ئامارێکی پشتبەستراومان لەبەردەمدا نییە سەبارەت بە قەوارەی ئێستتای کوردستان و ئەو زەوی و خاکەی کە ئێستا لەژێر سای دەسەڵاتدارانی ھەرێمدایە ھەر لەو کاتەوەی کە بوونەتە حوکمڕان واتە ساڵی ٩١/٩٢ وە. ھەندێک دەڵێن ئەوەی کە ماوەتەوە بەڕێژەی لە سەدا ٢٤ لە چاو ساڵی ١٩٧٥، ساڵی ئاشبەتەڵ. ھەندێکی دیکە زۆر ڕمڵی زیاتر لەوە لێدەدەن، بەڵام ھەندێک لایان وایە کە لە ئێستادا ئەو خاک شوێنانەی کە بە فیعلی دەتوانرێت بوترێت کوردستانە و لەژێر فرمانداریی ئەم حیزبانەدایە لە سەدا ٤٠ زیاتر نییە. کەواتە لێرەدا قەبارەی ڕاستیی کوردستان گوومە و ئاشکرا نییە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە لە ھەڵگیرساندنەوەی شەڕی ١٩٧٤ وە،کورد چ لە ڕووی خاکەوە و چ لە ڕووی زەرەرو و زیانی گیانیی و ماڵداریی و ئاژەڵداریی و سروشتەوە لە زەرەردایە و ئەم زەرەرمەندییەش سنووریی نییە و ناشتوانرێت پێشبینی کۆتایەکەی بکرێت.


دووەم: لە ڕووی ئابوورییەوە: ئاشکرایە کوردستان لە ڕوی ئابوورییەوە لەو کاتەوەی کە خاوەنی حکومەت و بوونی خۆیەتی، لەبری چونە پێشەوەی زیاتر، لە خاپووربون و کاولیدایە. ئەوەشی کە ٣٠ ساڵ و پێشتریش ھەبووە ھەمووی لەدەستچووە. ئاشکراشە پارێزەرانیی ئەم قەوارەیە لە ماوەی ئەم زەمەنە دووروو درێژەی دەسەڵاتیانا شکستێکی گەورەیان ھێنا و بەروبوومی وڵات بە ھەموو چەشنەکانییەوە ھەر لەبەروبوومی سروشتی و کشتیاریی تادەگاتە پیشەسازیی ھەڕاج و تاڵان کراون و ھەر بەردەوامیشە،بێ ئەوەی تاکێکی کورد بچوکترین سوودی لێوەرگرتبێت. تائێستاش متمانەی کۆمەڵی کوردی لەسەر ھاوردەی وڵاتانی دەرودرواسێی و وڵاتانی دیکەیە. خەڵکی بێ بەشە لە مووچە و بژێوی ، ھیچ پرۆژەیەک لە کوردستانا جگە لە دروستکردنی ھەندێک بەنداو و ھەڵکەندنی بیری نەوت و دروستکردنی مۆڵ و ھوتێل و ھەندێک ڕیگاو شەقامی بێ کەڵک و نازەرووریی و دروستکردنی شووقە و ڤییەلای گرانبەھای نوێ لەژێر ناوی گوندی جیا جیادا، ھیچی دیکە نەکراوە. سەروەت و سامانی وڵات بە ئاشکرا دزراوە و دەدزرێت. ئەمە جگە لەوەی کە دەستەیەک بازرگانی چاوچنۆک بە بەشداری و ئاسانکاریی ھەندێک لەبەرپرسەکان دروستبوون و تورەقییان کردووەو زۆرێک لە شادەماری لایەنی ھاوردەی بەرھەم و پیداویستییەکانی خەڵکیان لەتەک ناردنە دەرەوەی نەوت و شمەکی دیکە، بازاڕیان قۆرخ کردووە. کە لەم بارەشدا ئەوەی ئەو بازرگان و بەرپرسانە مەبەستیان نەبێت و بە تەنگەوەی نەیەن کۆمەڵی کوردی و کواڵەتی ئەو کاڵا و شمەکانەیە کە دەھێنرێنە ناوەوە ھەر لە کەل و پەل و پیداویستی دیکە تا دەگاتە دەرمان کەرەسە زەروورییەکانی تری بەشی خۆپارێزی و تەندروستی، کە زۆربەیان بەسەرچوون.


سێیەم:لەبارەی سەربازیی و بەرگرییەوە: ئەم قەوارەیە خاوەنی سووپایەکی یەکگرتوی نیستمانیی نییە ، ئەوەی کە ھەیەتی چەند ھێزێکی میلیشیایی جیا جیاو سەر بەحیزب و سەر بە خانەوادەکانن. جێگای داخە ئەو میلیشیانەش گەرچی زۆربەیان خەڵکانی ھەژار و باش و بێ زەررەرن بەلام بە خۆیان بوونێکی سەربەخۆیان نیە بۆیە وەکو داشی دامە یارییان پیدەکرێت، بەیانی ھەر کام لە خاوەنەکانیان دەتوانن بیانکەن بە گژ ھەر لایەنێکدا کە بیانەوێت. وەکو وتم ئەمانە چەکدارانی حیزب و خانەوادەن نەک کوردستان و خەڵکەکەی، بۆ پارێزگاری ئەوان لەوێ نین، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سەرانی حیزب و خانەوادەکان و کۆمپانیا گەورەکانی ناوخۆ و دەروەی کوردستانن.


چوارەم:لە ڕووی سیاسییەوە: کۆمەڵە خەڵکێک ، چەند حیزبێک بە ڕاستەوخۆ و ناڕەستەوخۆ حوکمڕانن کە ھەموان دەزانن ھەر لایەیان سەر بە یەکێک لە دەوڵەتانی دەرودراسێن و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و ئەمەریکا و وابەستەی بڕیارە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەوانن. پەڕلەمانێکی گاڵتەجاڕی بێ ئیرادە و بێ بڕیار و بێ کار و گەندەڵی ھەیە ، کە کەسێک ناتوانێت پاساوی بوونی بکات.


لە سەرێکی دیکەشەوە کوردستان بووەتە مەیدانی تۆڕە سیخوڕەکانی ئێران و عێراق و تورکیاو سعودییە و وڵاتانی دیکە. ئیدی سی ئای ئەی و موسادی ئیسرائیلی و میتی تورکیی و ئێم ئای سکسی بریتانیی و ئیتڵاعاتی ئێرانی و وڵاتانی تر تەراتێنی تیادا دەکەن. ئەم دەسگە سیخوڕییانە ئەوەندەی لە کوردستان نوسینەگە و چالاکی ئاشکرایان ھەیە لە وڵاتانی خۆیاندا نەک ئەوەندەیان نییە بەڵکو ئەوەندەش ئازاد نین.


کوردستان قەوارەیەکە کە ڕۆژانە لە لایەن عێراق و ئێران و تورکیاو بۆردماندەکرێت ، لاقەدەکرێت، مرۆڤەکانی دەکوژرێت و ماڵدارییەکانی لەناودەبڕێت سروشتەکەی وێراندەکرێت. پارێزەرانی ئەم قەوارەیە نەک ھەر قسەیەک ناکەن بەڵکو خۆشیان دەستیان لەگەڵدا تێکەڵدەکەن بۆ ھێنانی ئەم کارەساتە بەسەر گەلەکەیانا.


پێنجەم: لە ڕوی کۆمەڵایەتییی و ڕووەکانی دیکەوە: کە باس لە ڕوی کۆمەڵایەتی قەوارەی ھەرێم دەکەم مەبەستم ھەموو لایەنە کۆمەڵایەتییەکانە ھەر لە ڕۆشبنیریی و پەروەردە و فەرھەنگیی و کولتوریی و ھونەر و وێژە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خوو و نەریتی مرۆیانە. لەم پەیوەندییەدا پرسی ژنان ، ڕایسیزم ، دین و ئاینیش دەگرێتەوە، کە لە سەراپای ھەر یەکێک لەوانە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خراپەکە ،بە خەستی ڕەنگدەداتەوە.


لە ھیچ کامێک لەم لایەنانەوە شتێکمان نییە کە بڵێی ھی میللەتەکەیەو تایبەتمەندی خۆی پاراستووە لەم قەوارە " نیشتمانییەدا". پەروەردە و ڕۆشنبیریمان ھێشتا سەردەمی بەعس و خێڵەکی بەجێ نەھێڵاوە ، تەنانەت ھیچ ھەنگاوێکیشی بۆ نەنراوە. خزمەتگوزارییەکان نەک ھەر لەڕووی قەوارەیانەوە بەڵکو لەڕوی بەڕیوەبردنیشیانەوە ھەرەسیان ھێناوە، کولتورمان ڕەنگدانەوەی کولتوری بازاڕی ئازادە و ھەڵسوکەوتی ئەکتەرەکانی ھۆڵی ودوو کردنی ھەموو شتێک بە مرۆڤەکانیشەوە بە کاڵایەک لە بازاڕدا بەتایبەت ئافرەتانمان. بایاخدان بە فێربوونی زمانی کوردی زۆر لە دامێنی گرنگیدانەوەیە لە بەرانبەر زمانی تورکیی و ئینگلیزی-دا. دوای ئەمەش خوا ھەڵناگرێ نوسەر وڕۆشنبیرەکانیشمان درێغییان نەکردەوە لە وێرانکردن و شێواندانی زمانی کوردیی بە قەرزکردنی وشە و دەستەواژەی زمانەکانی وەکو ئینگلیزی. ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێک لە ماڵپەڕە کوردییەکان و دوکانەکان و ھوتێلەکان و چێشتخانەکان و شوێنەوار و گەشتوگوزراییەکان و تەنانەت عیادەی دکتۆرەکانیش بە ناوی ئینگلیزی یا نیوە کوردی و نیوە ئینگلیزییەک نوسراون کە زۆر کات خۆشیان ماناکەی نازانن . ئەمانە ھەمووی کراوە و دەکرێت بێ ھەبوونی چاودێرییەک، لێپرسینەوەیەک ، بە تەنگەوەھاتنێکی زمان و فەرھەنگی کوردیی.


لە لایەکی دیکەوە ئەوەندەی کە گرنگی بە دروستکردنی مزگەوت دراوە ئەوەندە گرنگی بە کردنەوەی خەستەخانەو قوتابخانە نەدراوە. لە کاتێکدا کە پەتای کۆرۆنا ئەوەی سەلماند نەک ھەر مزگەوتەکان و دین نامان پارێزن، بەڵکو نێوەندیی بڵاوکردنەوەی پەتای ڕۆحیی و جەسەدیشن.


لە ئەمڕۆی کوردستانا چارەسەر نییە ، مووچە نییە، ئازادیی نییە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نییە، ھەر ھەمووشیان دەسەڵات لێیان بەرپرسیارە. ڕاستە لەسەردەمی بەعسدا دەممان دەگیرا بەڵام سکمان لە برسا نەی دەقۆڕان ، چارەسەر ھەبوو، گرانی بەو رادەیە نەبوو، گەندەڵی زۆر کەمتر بوو، ئەوەی کە نەبوو ئازادیی بوو . ئەئ ئێستا لە سای پارێزەرانی ئەم قەوارەیەدا؟


کەواتە کرۆکی پرسەکە ئەوەیە، قەوارەیەک کە لەلایەن پارێزەری قەوارەکەوە لە ھەموو ئەو ڕوانەوە کە لە سەرەوە باسم کردن ئاوا ئەتک کرابێت؟ دانشتوانەکەی ئاوا بارودۆخی ھەموو لایەنەکانی ژیانیان خراپ بووبێت، ئاڵھای سەردەمی ێەدام حوسەین بکەنەوە، ئایا ئەمە چی دەگەیەنێت؟ قەوارەیەک ئازادیی تێدا نەبێت، تۆپی ئێرانی و تەیارەی دەوڵەتی تورکییە ھەر کەسێکیان بوێت، ھەر بنکە و بارەگایەکیان بوێت لەھەر شوێنێکدا بێت بتوانن بیپێکن و بێ ئەوەی پارێزەی قەوارە " حکومەتی ھەرێم" تەنانەت بە ساردێکیشەوە سەرزەنشتێکیشیان بکات، ئایا ئەم وڵاتە قەوارەی ھەیە؟ یاخود ئەمە ھەر قەوارەیەکە لە مەیدانی ساخکردنەوەی ململانێ نێوانی ولاتان و تیرۆرکردنی نەیارەکانیانا؟ قەوارەیەک بەو دەوڵەمەندییە کە ھەموان دەیزانین بووەتە سەرچاوەیەکی خێر و بەرەکەت و بەسەر ئێران و تورکیا و ولاتانی دیکەدا، ڕژاوە ، بەڵام ئایا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە جگە لە کوێرەوەریی چی دیکەیان لەم ھەموو سامانە، چنیوەتەوە؟ ئا لەم بارەدا دانیشتوانی ئەم قەوارەیە لەبەردەم سێ گریمانان، ڕازیبوون بەم قەبارەیە، ڕادەستکردنەوەی بە حکەموتی بەغداد یاخود ڕەتکردنەوەی ھەردوکیان و بنیاتنانی قەوارەیەکی نوێ؟ وەڵام لای خوێنەر و دانیشتوانی قەوارەکەیە.


١٠\٧\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک