په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠٢٤

  بۆ دیکتاتۆرێک.

 

 

  فەلاح هاشم*

و: جەلال ده‌باغ

تۆ بوویت دەرگای وێرانبوونت کردەوە
بەکراوەیی جێتهێشتەوە..
برینێکی بێ دەرمان و پێچانەوە..
لە کارەساتێک رزگارنەبووین
تا مەرگمانت بۆ داهێناین
بەوشێوەیەی کە خۆت ویستت
سوپایەکت لە دڕندەیی و شەڕەنگێزی
بە میرات بۆ هێشتینەوە
خۆتشاردەوە
بخەوە پڕ بە پڕی برژانگی چاوەکانت بە نەرمی
چیت خواست ئەوە ئەنجام بدە
کڵپەو بڵێسە لە بەرگماندا خامۆش نەبوو
نەشگەڕاینەوە.. ماڵەوە.

    بروسکەی تاراوگە بۆ فەرمانڕەوا.


بژی وەک دەتەوێ بەبێ من
گۆشەیەکی دوور بگرەبەر لەهیچ و پوچی توڕەییدا
هەموو شتێک لەلای من ئەمشەو جوانترە
ئاسایشی تایبەتیم و.. شەوو..موزیکی
یەکشەموان
پێویستم بە بەرانێک نییە
پێش من پارووەکە بجوێت
داوا نەکراوم بۆ تۆڵە سەندنەوەکانی هیچ کەسێک
وڵاتەکەم خۆشەویستیی هاوڕێکانمە
لە کاتێکدا رۆژەکانت کینەکانی وڵات دەجوونەوە
ئازاری تاوانەکانی دەستت بچێژە
گشت دارخورماکانی زەوی دێن
هاواردەکەن:
تفو لە تۆ
دۆڵابی
فرمێسکی عێڕاق تەلیسمە
فرمێسکی خوێن
هێشتا مێژو لە نهێنیی هەرزانییەکەی نەگەیشتووە
وەرزەکانی دروێنەکەش بێ بەزەیین
وەرزێک تۆوەکەی ڕەچەڵەکی خۆی بۆ وەرزێکیتر فڕێ دەدا
کە ئەو وەرزەش هەر نییە
بتەکانمان هێشتا ژماەی پێویستیان تەواو نەکردووە
ئەوانەشی لە دوایانەوەن قسەیان نەکردووە:
کام قیامەت کۆتاییهات
کامە حەشر لەرێگەیە
پێویستمان بە لوغمێکە بە قەبارەی نەزانینمان
بەڵکو بۆشایی تێبگات
لە هەوڵەکان
جارێکیان هەوڵم دا دەست لە ئاسمان بخشێنم
دووجاریتر هەوڵم دا
کاتێک لە سێیەمجاردا ژێرکەوتم
ئابڕومەندیم لێم یاخی بوو
بڕیارم دا
کە چوارەمجار
کۆتایی جارەکان نەبی.
__________________________________________
* فەلاح هاشم ساڵی ١٩٤٥ لە بەسرە لە دایکبووە، هونەرمەندو شاعیرو دەرهێنەرە، ماوەیەک لە هەفتەنامەکەمان بیری نوێ (الفکر الجدید) هاوکارمان بوو، هەندێک لە شیعرەکانی و کارە هونەرییەکانیمان لە (الفکر الجدید)دا بڵاوکردەوە. دەمێکەوە لە رژێمی دیکتاتۆر هەڵاتووە و لە تاراوگە دەژی.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک