٢١\١٠\٢٠١٠
بۆ عەلى بابان،
منیش پێشنیار دەکەم بڕگەى ئایین لە فۆرمى سەرژمێرى لابدرێ.

هیوا رەش
کاتى خۆى سەددام حوسێنى سەرکردەت پەیامێکى گڵاوى پێبوو بۆ گەلى کورد و
ئەیویست بەپلانى تواندنەوەى نەتەوە (( خطة الصهر القومي )) سیاسەتى
لەناوچوونى گەلى کوردمان بگرێتە بەر بۆ ئەمەش پاڵەوانى نێو قەفەسەکانى
تاوان - عەلى کیمیاوى - ڕاسپارد ، بەعسییەکان لە سەرژمێریى 1987 جگە
لەو پلانە سیاسەتى ڕاستکردنەوەى نەتەوە ((تصحیح القومیة )) شیان پیادە
کرد ئەمەو وێڕاى کۆڵێک سیاسەتى شۆفینیستیى وەکو ( عەرەباندن - ڕاگواستن
- دەرکردن - زەوى سوتماک - ناوچەى یاساغ - کۆمەڵکوژى - کیمیاباران و
ئەنفال و ... .) ، هەروەها هەزاران هەزار
کوردى فەیلى و شەبەک و ئێزیدى بە تۆبزى و زۆرەملێ و هەڕەشەى مەرگ کران
بە عەرەب ، وەکو پێم ڕاگەیاندى - عەلى کیمیاوى هاوهزر و هاوبیر و هاوڕا
و هاودەنگ و هاوڕەنگ و هاوتاوانت پێینەکرا ناسنامەمان بسڕێتەوە ،
چاوەڕوانى تۆین بزانین چیت پێئەکرێ ؟ هەموو ئەو سیاسەتە زەقە
نامرۆڤانەیەتان پیرۆز بێت ، بەڵام ئەکرێت منیش داوات لێ بکەم لەگەڵ
لابردنى خانەى نەتەوە ، خانەى ئایینیش لا ببرێت تا هەموومان نە
نەتەوەمان دیار بێت نە ئایینمان ، ئەوسا با بزانین تۆ لەژێر چ
پەردەیەکى دیکەوە خۆت مەڵاس ئەدەیت و ژەهرى - امە عربیە واحدە ، دات
رسالە خالدە - چۆن ئەگەیەنیتە جەستەمان و بە چ شێوەیەک بە گەردەلوولى
لماوى بیابان ئەتەوێ تەسلیم بین بە هزرى دوڕگە وشک و برینگەکانى
بیابانى عروبە ؟ ! ئەگەر هەر ئەوەش ناکەیت و پێشنیارەکەى منت بەلاوە
ئەستەمە داوات لێئەکەم ئەو پەنجەیەى قەڵەمەکەتى پێ ئەگریت بۆ ئیمزا
کردنى مەرامە نەگریسەکەت بیخەیتە ژێر دەستاڕەوە تا ورد و خاش بێت و
نەوێریت گەمە بە موقەددەساتى گەلى کورد بکەیت و نەتوانى کارى لەم
شێوەیە دووبارە بکەیتەوە .
نازانم سەرکردەکانمان دڵگران نابن بەم قسانەم و ناترسن عەلى بابانى
جێگرەوەى عەلى کیمیاوییان لێبڕەنجێت ؟ ئەگەر سەرکردەکان بوێر بن ،
ئەوسا منیش بەم تەمەنە هەڵکشاوەمەوە پێشمەرگە لاوەکەى جارانم و پێم
خۆشە ئەگەر گەییشتە حاڵەتى بەڕەنگاربوونەوەى چەکدارى یەکەم تەقە لە
لوولەى تفەنگى منەوە ئاراستەى دوژمنان بکرێت و هەر خۆمیش ببم بە
سەرقافڵەى شەهیدانى بەرگریى دوژمنانى پەنهانى گەلەکەم .
دەبا هەموو لایەک بە کردەوە بیسەلمێنین ( دینمان ، ئایینمان هەر
نیشتمان ) ە .
---------------------------------------------------------------------------------------------------
(لا فرق بین العربی و العجمی الا
بالتقوى) ، عەلى بابان.
مەرامە گڵاوەکانى کارلێکراوان بە هزرى بەعسیزم وەکو هینى بزن دیارە ،
ئەمەش بە تایبەتى لەم هەڵوێستە دوادواییانەیان لەمەڕ سەرژمێریى عێراقدا
بە ئاشکرا دەرئەکەوێت کە هەموو هەوڵەکانیان خستە گەڕ بۆ دواخستنى ئەو
پرۆسەیە و بۆیان چووە سەر ، ئێستاش ئەیانەوێت بڕگەى - نەتەوە - لە
فۆرمى سەرژمێریدا نەهێڵن ، لە کاتێکدا ئەو گومانلێکراوە بەعسییانە
دەمێکە باس لەوە ئەکەن کە نەتەوەى کورد زیاد لە ئیستیحقاقى خۆى بودجەى
لە 17 % ى بۆ تەرخان کراوە و قەوارەى کورد لە عێراقدا شایەنى 13 % ى
بودجەن ! جا ئەمە ئەوە هەڵئەگرێت بپرسین ئەگەر کورد بەو جۆرە ڕێژەى
کەمە و قەوارەى بچووکە ئەبێت هۆکەى چى بێت لە دەرخستنى ڕاستییەکان
بترسن ، وێڕاى ئەوەى لەمێژە کۆشش ئەکەن ناوچە داگیرکراوەکان نەک (
دابڕاوەکان و جێناکۆکەکان ) ، تەعریب ئەکەن و هەڕەشە لە دانیشتوانە
ڕەسەنەکانى ئەکەن تا زێدى باب و باپیرانیان جێبهێڵن .
کە باس لە ئاساییشى نەتەوەیى ئەکرێت ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر
کەوتۆتە بەر هەڕەشە و مەترسیى نەوەکانى لم و بیابانەوە و ئەو پەیامەى
مامۆستاکانیان پێیان تەواو نەکرا ئەوا ئەمان مەبەستیانە تەواوى بکەن ،
پێویستە هەموو بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بێینە مەیدان تا گوتارى
شۆفینیزمانەى عەلى بابان و ئوسامەپلان پوچەڵ بکەینەوە ، تا بۆمان بکرێت
سەردەمییانە و شارستانییانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ لەبار بردنى ئەم
پلانە نەگریسە تا ئەگاتە بەڕەنگاربوونەوەى چەکداریى ، چونکە بێدەنگیمان
بەرامبەریان لە دەستدانى یەکجارەکیى ناوچە داگیرکراوەکانى کەرکوک و
خانەقین و موسڵ و ژەنگار و ناوچە داگیرکراوەکانى ترمانە .
کرێکاران و جوتیاران و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و
فەرمانبەران و کاسبکاران و پیشەداران و ئەندازیاران و پزیشکان و
ساسەتمەداران و ڕۆشنبیران و ئەدیبان و نوسەران و هەژاران و زەحمەتکێشان
و سەرمایەداران و ئاغا و کوێخاکان ( جگە لە ئەنفالچییان ) ، با سەرجەم
چین و توێژەکان ببین بە پێشمەرگە و باوەش بە قەڵەم و هەڵوێستدا بکەین و
ئەم پلانە نەفرەتاوییە شەرمەزار بکەین تا بەوەش ڕا ئەگەین کە باوەش بە
چەکدا بکەین .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|