په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٨\٢٠١٨

بۆ عەلی قەرەداغی شیوەن بۆ لیرەی تورکی ئەکا؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


بە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکاو باج دانان لە سەر شیش و ئەلەمنیۆم لە لایەن ئەمریکاوە بەھای لیرەی تورکی دابەزیوەو تورکیا دووچاری قەیران بووەتەوەو ترسێکی گەورەیش لای وەبەرھێنەرەکان درووستبووە سەبارەت بە دەستوەردانی رەجەب تەیب ئەردۆگان لە ئابووری وڵات.

رژێمی تورکیای فاشیست لە سایەی ئیخوان ئەلموسلمین و حزبی دادو گەشەپێدان و سەرۆکە شۆڤەنیستەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان بە ھیچ شێوەیەک لە کوشتنی رۆڵەکانی کوردستان دەستیان نەپاراستووە و، بۆ لە ناوبردن و نەمانی دانیشتوانی ئەم خاکە بە ئاشکرا ھاوکاری چەتە روورەشەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) یان کردو، بوونە ھۆی قرکردنی گەلی کوردستان.

تورکیا سیاسەتی ئاگرو ئاسنی لە باکووری کوردستان بەکارھێناو، شارە کوردییەکانی خاپور کردو، ھاوڵاتیانی کوردی ناچار کرد خاک و ماڵ و سامانیان بەجێبھێڵن و، سەرگەردان ببن و، دەیان و سەدان و ھەزاران کوردی سڤیل بگرن و بکوژن و، لە پاش ھەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندامانی حزبی گەلانی دیموکراتی { ھەدەپە}‌ ژمارەیەکی زۆر خرانە بەندیخانەکان و، پاشان ئێستاشی لە گەلدا بێت شاڵاویان ھێنا بۆ باشووری کوردستان و، رۆژانە بە فرۆکەی جەنگی و بە تۆپ کاولی ئەکەن و، ئێمەش ھیچ بەرپرسێکی بوێرمان نییە کردەوەکانی تورکیای رەگەزپەرست ریسوا بکات و، دیارە بەرپرسە باڵاکانی باشووری کوردستان ناوێرن بەرنگاری تورکیا ببنەوە، چونکە خاکەکەی لەلایەن ئەوانەوە داگیرکراوەو، و لە بەر بازرگانی نەوت و غاز وگیرفان پرکردن ناتوانن بە تورکیا بڵێن : بۆ دەرەوە.

تورکیا بە داگیرکردنی خاکی وڵاتان و، ھاوکاری دەوڵەتی چەپەڵی ئیسلامی ( داعش ) و تاقمی دێزی ئەلنوسرە بووەتە ھۆی ئاوارە بوونی سەدان ھەزار ھاوڵاتی سڤیل بەتایبەت لە سوریاو، ئەمەش لە گەڵ سزاکانی ئەمریکاوە بووەتە ھۆی ھەژانی لیرەی تورکی و دابەزینی بەھاکەی.

ساڵانێکە لە سەر بارودۆخی سوریا بە گشتی و، ئازادکرنی مەنبج بە تایبەتی و، سیاسەتە چەوتەکانی ئەردۆگانی شۆڤەنیست پەیوندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا تێکچووەو گرژی تێکەوتووە، ئەوەش شتێکی چاوەروانکراو بوو، لە سەر رەفتاری ئەردۆگان و، ئەمریکاش سزای ئابووری خستووەتە سەر تورکیاو، بۆیە بەھای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی و ، کاریگەری خراپی لە سەر ئابووری تورکیا دروستکردووە.

عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی زانایانی موسڵمانی جیھان و سەروکی رابیتەی ئیسلامی کورد، لەبارەی قەیرانی دارایی تورکیا و دابەزینی بەھای لیرەی تورکی ئەڵێت : تورکیا رووبەرووی جەنگێکی ئابوری بووەتەوەو، داوایکرد وڵاتانی ئابووریی خۆیان بۆ رووبەرووبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا یەکبخەن.

عەلی قەرەداغی لە نووسینیکدا ئەڵێت : بە پشتیوانی خوای گەورە ئابووری تورکیا بەھێز ئەبێتەوە و کۆتای بەم جەنگە بۆگەنە دێت کە بە ھۆی دابەزینی بەھای لیرەی تورکی ھەندێ وڵاتی خۆشحاڵ کردووەو، ئەم عەلێ قەرەداغییە لە پاش تەقینەوەکانی ئیستەنبول (٢٩ یونی / حوزەیرانی ٢٠١٦) داوای لەھاوڵاتیانی کوردستان کرد بە مەبەستی گەشتوگوزار سەردانی وڵاتی تورکیا بکەن (بۆ خۆشی و رابواردن و مەی خواردنەوەو گەمەکردن لە گەڵ لەشفرۆشان) و ھەموو ئەمانە لە پێناوی بووژاندنەوەی ئابووریتورکیاو وتی:تەقینەوەکانی فرۆکەخانەی ئەتاتورک پێویست ناکات ببنە ھۆی سارد بوونەوەتان و، ئەگەر ئەم عەلی قەرەداغییە چڵکاوخۆری رژێمی شۆڤەنیستی تورکیا نییە، بۆ ئەو داوایە ئەخاتەروو، لەباتی ھاندانی خەڵک بۆ نوێژو عیبادەت، ھانی خەڵک ئەدات بۆ پۆخڵاوات و سیکس و (فاحیشە) کە سەرتاپای کۆمەڵگەی تورکیای داگیر کردووەو، کومەڵکەش بەو نەخۆشییانە ئەناڵێنێت.

عەلی قەرەداغی و ئوممەی ئیسلامی و زانایانی جیھانی ئیسلامی و گشت ئیخوانەکان یەک مۆدێلن و چاویان ھەموو شتێک ئەبێنێت، تەنھا گەلی کوردستان نەبێت، کە بە ئاگری رەجەب تەیب ئەردۆگانی تیرۆریست و ئاکپارتی دێزو رژێمی تورکیای شۆڤەنیست ئەسووتێن و، چاوەکانی عەلی قەرەداغی لە ئاستی کوردستان داخراون و، کۆمەڵکوژی کوردان لە جزیرەو سڵۆبی و سورو نسێبین و وان و شرناخ و ئامەدو مێردین و جۆڵەمێرک و شەمزینان و ھەکاری و گەڤەرو سیدەکان و قەندیل و ئامادی و ناوچەکاتی تر نابینێت.

رژێمی تورکیای رەگەزپەرست توانیویەتی ھەندێ کەناڵ وژمارەیەک رۆژنامەنووس و حزب و سەرکردەی حزب، ئەوانەی لە سەر بیرو بۆچوونی ئیخوان ئەلموسلمین و حزبی دادو گەشەپێدان گۆشکراون لە باشووری کوردستان بکرێت و، شەو رۆژ لە خزمەتی ئاغا تۆرانییەکانیان بن و، ئەم رژێمە داپلۆسێنەرە بە ھیچ شێوەیەک لە کوشتنی رۆڵەکانی کوردستان دەست ناپارێزێت و، بۆ لە ناوبردن و نەمانی دانیشتوانی ئەم خاکە بە ئاشکرا ھاوکاری چەتە روورەشەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی تیرۆریست (داعش) و، تاقمی ئەلنوسرەیە کردو لە ئێستاشدا ئەیکات.

لە ھەفتەی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان مەکتەبی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی عەلی قەرەداغی و سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بەرپرسان ئەکاتەوەو، بەم کارەش پێگەیەکی تری سیخوریی میتی تورکی لە کوردستان دەست بەکار ئەبێت.

ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە ھەڵوێستی بتەو بگرێتەبەر لە ئاست پاراستنی ھاووڵاتیانی کوردستان و ئاسایشیان و، ھەر لێرەوە داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەکرێت دۆسیەی دەستدرێژییەکانی تورکیا و بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیلی بێتاوان و، خاپورکردنی دێھات و،س وتاندنی پوش و دارستان و باخەکانی وڵاتەکەمان بگەیەنێتە نەتەوە یەکگرتووەکان و، بە فەرمی سکاڵا بەرامبەر بە تورکیای فاشیست تۆمار بکات و، ھاوکات داوا لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەکرێت ھەڵوێستی راشکاوانە بەرامبەر بەم تاوانانە دەرببڕن و ریسوا‌ی بکەن کە بەرامبەر بە گەل و نیشتمان ئەکرێن.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی تورکیاوە ھەڵوێستی بەرامبەر بە عەلی قەرەداغی زۆر لاوازەو، پێویستە ھەڵویستی توند بگرێتەبەر بەرامبەری ، چونکە خۆی بەکورد ئەزانێت و لەولاشەوە بە ھەڵویستەکانی پشتگیری لەدەوڵەتی تورکیا ئەکات و لەئاست تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان بێدەنگە.


١٥\٨\٢٠١٨
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک