١٢\١٢\٢٠١٠
بۆ ئێمەی
کورد، ویکیلیکس هیچی نوێی پێ نەبوو!
- وشەگەلێکیش لە بارەی گرتنی (ئاسەنگ)ەوە -

هەڵگورد سەمەد
تەواوی ئەو بەڵگانەی پێگەی(ویکیلیکس) بڵاوی کردنەوە بێگومانم کە هی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکان، چونکێ زانیارییەکان وردن و رێی تێناچێ ئەو
زیانیارییە وردانە لەلایەن چەند رۆژنامەوانێکەوە ساختە بکرێت. لە هەمان
دەمدا تا هەنووکە بە فەرمی ئەمریکا دروستی نێوەرۆکی بەڵگەکانی رەت
نەکردۆتەوە.
لێ سەرباری هەموو ئەو هەڵڵایەی لەدونیا لەسەری کرا، بۆ ئێمەی کورد ئەو
پێگەیەی شتێکی ئەوتۆی تێدا نەبوو کە کورد توشی شۆک بکات. هەرچەندە
باوەڕ ناکەم کورد بە هیچ شتێک تووشی شۆک بێ. دەنا ئەوەی ئێمە لە
باشووری وڵات لە دوو دەیەی رابردوو بینیمان بەشی ئەوە دەکەن مرۆڤ توشی
شۆکی راستەقینە بکەن و بیر لە گۆڕینی بارودۆخەکە بکاتەوە بە هەرشێوەیەک
بێت. بۆیە پێموانییە نە ئەو بەڵگەنامانەی ویکیلیکس و نە دەیانی دیکەی
وەها شەقامی کوردی بجوڵێنێت!
سازش کردن لەسەر کەرکووک شتێکی کۆنە و ئێمەی کورد لەو چەند ساڵەی دوای
لەناوچوونی ریژێمی بەعس بە چاوی خۆمان بینیمان. ئەدی نەدەبوو هەتا
کۆتایی ساڵی 2007 بەندی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێ بەجێ کرابا؟!
ئەمڕۆ سێ ساڵی رەبەق بەسەر وادەی جێ بەجێ کردنی ئەو بەندە رەت بووە،
کەچی هێشتا سەرژمێریش نەکراوە، هێشتا هەموو راگوێزراوەکانی سەردەمی
بەعس قەرەبوونەکراونەتەوە! ئەوەی لە بەرپرسانی کوردیشی دەبیستین جگە لە
نووزەیەکی کز هیچی دی نییە. ئەدی ئەوە سازش کردنی کردەیی نییە لەسەر
کەرکووک؟!
ئەوەیدیکە باس لەوە دەکات بەرپرسانی کورد لە کن ئەمریکاییەکان قسەی
سوکیان بەیەکدی گوتبێت، ئەوەش شتێکی نوێ نییە، بەتایبەت بۆ ئێمەی
رۆژنامەنووس. کەمرۆژنامەنووس هەیە نەزانێ بەرپسانی کورد لەودیو پەردەوە
چی بەیەکدی دەڵێن. کامە رۆژنامەنووس هەیە بەرپرسێکی کورد و دەیان
بەرپرسی کورد جوای کوژاندنەوەی ریکۆردەرەکانیان جێنویان بە بەرپرسی دی
نەدابێ و قسەی سوکیان بە یەک نەگوتبێ؟! بۆ ئێمە دووڕوویی بەرپرسانی
کورد شتێکە رۆژانە دەیبینین و دەکارم بێژم لەگەڵی لێ ڕاهاتووین!
هەرچی باسی مەسەلەی دەستوەردانەکانی ئێران و تورکیا و سعودیە وڵاتانی
دییە، هەموومان دەیزانین و تەنانەت لە گۆڤاری لڤین و چەندان رۆژنامە و
گۆڤاری دیکە زۆر بە وردی و بە داتاوە بڵاوکراونەتەوە. لە نموونەی ئەو
راپۆرتانەی لەسەر (ئیتیڵاعات لە کوردستان) و (بنکەکان و چالاکییەکانی
میت لە کوردستان) کە لە گۆڤاری لڤین بڵاومان کردنەوە.
دوای بڵاوکردنەوەی شەپۆڵی سێیەمی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس دەربارەی
راپۆرتی بالیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی جیهان، ئەمریکا و زۆرێک لە
سیاسییەکانی دونیای توشی شەرمەزارییەکی بێوێنە کرد. بەوەنا کە ئەمریکا
سووکایەتی پێ کردوون، لەبەرئەوەی ئەو سوکایەتییانە کەوتنە سەر رووپەڕی
رۆژنامەکان و لە تەواوی وڵاتان بوونە قسەی سەر زاری خەڵک. ئەوەش
لەسەرێکەوە ئابڕووچونێک بوو کە یەکەمجارە وڵاتان بەخۆیانەوە دەیبینن.
لە سەرێکی دییەوە ئەوەی دەرخست کە بە کردەیی ئەمریکا کاری دیپلۆماسی
ناکات، بەڵکو زۆربەی کاری باڵیۆزەکانی ئەمریکا سوککردنی بەرپرسانی
وڵاتانە و سیخوڕیکردنە بەسەریانەوە. دیپلۆماتەکانی ئەمریکا هێندەی بە
قسەوقسەڵۆکەوە خەریکن هێندە خەریکی کاری دیپلۆماسی نین. یەڵام سەرەڕای
هەموو ئەوانە ئەوەی بووە هۆی دروستکردنی پرسیارێکی گەورە لەسەر
دیموکراسییەتی ئەمریکا و دواتریش ئەوروپا، تەنگ هەڵچنین بوو بە بەڕێز
ئاسەنگ لەدوای وەشاندنی شەپۆڵی سێیەمی بەڵگەنامەکان. ئەمریکییەکان بە
لێدوانە سەیرەکانیان سەبارەت بە گرتن و تۆڵەکردنەوە لە ئاسەنگ
گەلێکمانیان توشی سەرسوڕمان کرد. ئەوروپییەکانیش بە چوونە پاڵ ئەمریکا
لەو هەڵوێستەی بەرامبەر پێگەی ویکیلیکس و دامەزرێنەرەکەی و داخستی
پیگەکە لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی و داخستنی هەژماری بانکی ناوبراو
هێندەی دی لەوە دڵنیای کردینەوە کە ئەوروپا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ
لەلایەن ئەمریکاوە بەکاربهێنرێت بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی هۆی.
دەنا ئەوروپییەکان لەبری ئەوەی هەڵوێست لە دژی ئاسەنگ بگرن، دەبوو
هەڵوێست لەبەرامبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەربگرن و پرسیار ئاراستەی
ئەو بکەن. بە دیدی لەم روەوە لاوازی سەرانی سیاسیی ئەوروپامان بۆ
دەردەکەوێت.
ئەوەی ئێمەی نیگەران کرد، رووبەڕوکردنەوەی تۆمەتێک بوو بۆ جولیان
ئاسەنگ لەو دەمەیدا تەنیا چەند کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی
بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەت نەببوو، دواتریش دەستگیر
کرا. ئەوە روونە کە گرتنی ئاسەنگ پاڵنەرێکی سیاسیی لەپشتەوەیە و
ئەمریکا رۆڵگێڕی سەرەکییە لەو شانۆگەرییەدا.
ئەوەی زێدەتر توشی نائومێدیمان دەکات ئەوەیە کە رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان
و ئەوانەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەکەن لەو رووداوە هێندە شەرمنانە
قسە دەکەن وەک ئەوەی ئاسەنگ تۆمەتباری جەنگ بێت. یانەکێ وەک ئەوەی
ئاسەنگ تاوانبار بێت و بەر لە دادگا ئەوان تاوانەکەیان بۆ سەلمابێت.
دەبوو ئەوان گەلێک ئازایانەتر و ئازادانە تر بهاتبانایە دەنگ و کەمپینی
گەورەیان رێکخستبا. دەبوو ئەوان مانیان گرتبا هەتا ئەو هاوکارەیان
بەردەدرا.
خۆ ئەمن پێموایە لە مەسەلەی وەشاندنی راپۆرتەکانی باڵێۆزخانەکانی
ئەمریکا تۆمەتبارێک هەبێت، خاتوو (کلینتن)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە.
ئەگەر بڕیارە تاکە کەسێکیش دادگایی بکرێت هەر ئەوە، نەک ئاسەنگ. ئەگەر
کەسێکیش هەبێت شایانی دەرکردن بێت لە کارەکەی هەر ئەو خاتوونەیە.
دەبوو بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا رێگربان لەو هەڵسوکەوتەی
دیپلۆماتەکانیان کە خەریکی نووسینی قسەوقسەڵۆ ک و ناتۆرە نانن لە
هاوپیشەکانیان. دەبوو دیپلۆماتەکانی ئەو وڵاتەش مل دانەدەن بۆ داوایەکی
لەو جۆرە کە لێیان کرابێت، چونکە بەپێی یاساکانی ئەمریکاش ئەوان
ناچارنین جگە لە کاری دیپۆماتی خۆیان کارێکی دی لە چەشنی سیخوڕی بکەن.
جگە لە ئەمریکا ئەوە کێیە دەڵێ (بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە نێهێنیانەی
ئەمریکا بۆ رەوشی تەناهی دونیا خراپە؟!) پێموانییە هیچ کەسێکی ژیر ئەم
قسەیە پاتە بکات، جگە لەوانەی بە فیتی ئەمریکا دەڕۆن بەڕێوە. دەنا بە
دیتنی من ئەو کارەی ویکیلیکس کارێکی نایابی رۆژنامەوانییە، بە
رەچاورکردنی ئەوەی کە پێویستە وردتر مامەڵە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی
ئەوانە بکەن کە تێیاندا نووسراون، بە جۆرێک کە وا بڵاو نەکرێتەوە ژیانی
کەس بخاتە مەترسییەوە. دەنا وەکی دی دەتوانین بڵێین دەچێتە چوارچێوەی
لێکۆڵینەوەی رۆژنامەوانی. بۆ ئێمەی کورد، ئەگەر بڵاوبوونەوەی ئەو
بەڵگانە هچ سودێکی نەبێ، ئەوەی بۆ روونتر کردینەوە کە سیاسییەکانی لای
خۆمان چەندە بێهێز و دەستەپاچە و دووڕوون و تا چەند زانیاری لە
هاوڵاتیانیان دەشارنەوە، هەورەها چەندە بەندەی دڵسۆزی ئەمریکان. لە
هەمان دەمدا ئەو تەلیسمەشی بەتاڵ کردەوە کە پێیوابوو ئیدارەکەی سەرۆک
ئۆباما لەوانی پێش خۆی باشترە. ئەوەی بینیمان بەتەواوی هەرەسهێنانی
دیپلۆماسیەتی ئیدارەکەی ئۆبامابوو، کە پێموایە تا چەند دەیەی داهاتووش
ئیدارەکانی داهاتووی ئەمریکا دەبێ باجی ئەوە بدەن هەتا ئەو بارە لارە
راست دەکەنەوە.
فەرەنسا
ماڵپهڕی
ههڵگورد سهمهد
|