په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بۆ ئێراق سوپای هەبوو تا کورد هەڵیبووەشێنێتەوە؟!

  
ستار محەمەد قادر


ئەگەر ئەم وڵاتە سووپای هەبووایە، لە ماوەی بیست رۆژدا داگیر نەدەکرا؟! ئەگەریش رژێمی رووخاو پشتی بە سووپاکەی قایم بکردایە، لە کاتی هێڕشی سەربازی ئەمریکاو وڵاتانی هاوپەیمانی پەنای بۆ سووتاندنی نەوتی خام نەدەبرد، تا بیەوێت لە رێی دووکەڵەوە پارێزگاریی لە خۆی و سووپاکەی بکات؟!!


ئەوەی تۆزێک بە ئینساف و بە ویژدانەوە بیەوێت باس لە سووپای ئێراق بکات، دەبێت بە سینەیەکی فراوانەوە باس لە دەرۆزەکردنی سەربازانی نێو ئەو سووپایەش بکات! باس لەو بێزارییەی سەر لەبەری ئەو سووپایە بکات کە بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵ بوون و کران بە سووتماکی شەڕە دۆڕاوەکان.
کێ هەیە ئەو راستییە بە باشی نەزانێت پێش رووخاندنی رژێم ئەو سووپایە تەنها ناوی هەبوو بە بێ ناوەڕۆک. بریتی بوو لە جەستەیەک کە رۆحی تێدا غائیب بوو؛ جەستیەک کە گوزارشتی لە ماندوو بوونێکی بێ ئەندازە دەکرد. ئەو سووپایەی وا ئەمڕۆ لە پێناو مەرام و موزایەداتی سیاسیی دەهێنرێتە زوبان و دەیانەوێت هەڵوەشانەوەی سووپایەکی لە بنەچەوە هەڵوەشاوە لە سەر کورد و سەرکردایەتییەکەی بکەنە ماڵ و کوردی پێ لەکەدار بکەن، ئەگەر ئێراق سووپای هەبووایە، هەرگیز بە ئاوەزو میزاجی کەسێک کە بە دەستی نەخۆشی نەرجسیەتەوە دەیناڵاند، بە بڕیارێکی لە ناکاوو نا ئەقڵانی دیکتاتۆر پەلاماری وڵاتێکی عەرەبییان نەدەداو دەروونی پر لە شکست و نووشستی خۆیان بە کردنی کۆیت بە پارێزگای هەژدەهەمینی ئێراق، لە سەرکەوتنێکی بێ مۆراڵی سەربازیدا قبووڵ نەدەکرد!


ئەگەر ئێراق سووپای هەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو سووپایە هەڵگری خەسڵەت و مۆراڵی سەربازی دەبوون و رێگر دەبوون لە هەر بڕیارێک کە ببێت بە مایەی لە کەدار بوونیان. کێن ئەوانەی وا باس لە مەزنی سووپایەک دەکەن کە لە ماشەیەک زیاتر ناتوانیین بە هیچ شتێکی دیکە بیشووبهێنین. سووپایەک پابەند نەبێت بە پڕنسیپەکانی سەربازیی و لە ئاست سەرپێچییەکانی سەرووی خۆی کەڕو لاڵ و بێ رۆح و مۆراڵ بێت، دەبێت نەبوونی لە بوونی باشتر نەبێت؟! ئاخر خۆ ئێمەی کورد و سەرجەم نەیارانی رژێم بۆ ساڵانێکی زۆر بە دەستی بێ مۆراڵی ئەو سووپایەوە دەمان ناڵاند، هەر ئەو سووپایە هەڵەبجەی ژەهراوی کردوو هەر ئەوانیش ئەنفالمانیان کرد و سەر لەبەر دێهاتەکانیان لە گەڵ زەویدا تەخت کرد. ئایا سووپایەک لە رابردوودا ئەوە ئاکاری بووبێت و لە هیچ شتێک کە لە سەرەوە بڕیاری لە سەر درابێت و ئەمری پێکرابێت، هەڵوەستەی نەکردبێت، دەکرێت لە روومان بێت بە سووپا ناوی بهێنین!


سووپای ئێراق لەو کاتەوە هەڵوەشایەوە کە وڵاتی کۆیتی داگیر کرد، لە چرکە ساتی داگیر کردنی کۆیتدا، پێش ئەوەی لە فۆرمی سووپایەکی تۆکمە دەربکەوێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی مانیفێست کرد. بەر لەوەی سەرکەوتن تۆمار بکات، شکستی نەبوونی ئەخلاقی سەربازیی دا بە گوێی دونیادا. داگیر کردنی وڵاتی کۆیت بە شێوەیەک لە شێوەکان بە واتای پاسیڤ بوون و قۆرخکردنی رۆحی ئەو سووپایە دێت لە لایەن کەسێکی دەروون نەخۆش و بێ مۆراڵ و سەرکێش و بە مانای وشە نا تەندرووستەوە. ئەو مەخلووقەی کە ئەمڕۆ ناوی بە سووپا دەهێنرێت، هیچ نەبوون جگە لە رۆبۆتێک بە دەستی دیکتاتۆرێکەوە! چونکە ئەگەر سووپایەک لە بارتەقایدا نەبێت لە بەرانبەر کارێکدا کە ببێت بە مایەی لە دەستدانی ئەخلاقی سەربازیی و هەڵوەستەیەک نەکات، چۆن و بە چ لۆژیک و حەقێک لە روویان دێت ناوی سووپای لێ بنێن و شانازی پێوە بکەن؟!


هەر چەندە ئەگەر بمانەوێت لە رووی زانستی سەربازییەوە قسە لە هەڵوەشاندنەوەی واقیعی ئەو سووپایە بکەین، ئەوا بە پێی بۆ چونی ئەو کەسانەی کە لەو بووارەدا شارەزان و ئەکادیمین، هەر سووپایەک ئەگەر گیرۆدەی شەڕێکی درێژخایەن بووبێت، ناتوانێت جارێکی دیکە بە هەمان رۆحییەتی شەڕی یەکەمەوە شەڕی دووەم ئەنجام بدات. بۆیە ئەوانەی وا لە رووی سیاسییەوە باس لە هەڵوەشاندنەوە ئەو سووپا هەڵوەشاوەیە دەکەن، ئەوەیان لە بیر چوو ئەگەر ئێراق سووپای هەبووایە سەرۆکەکەیان لە نێو کونە رێویدا نەدەدۆزییەوە! من پێم سەیرە کاتێک شۆڤێنییەکی عەرەب بە میزاجی شەخسی خۆی دەیەوێت کورد لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو سووپا هەڵوەشاوەدا بەرپرسیار بکات، بە پەلە سەرۆک کۆماری ئێراق و سەرۆکی هەرێم پاکانەی خۆیانیان بۆ دەکەن، ئەی بۆ ئەوە نادەن بە روویاندا ئەگەر ئێراق سووپای هەبووایە بە ماوەی بیست رۆژ پایتەختە بێ سەرۆکەکەی نەدەکەوتە ژێر هەژموونی هێزەکانی ئەمریکاوە و سەرۆکەکەشی بارگەی خۆی نەدەپێچایەوە بۆ ناو چاڵێک، بۆیە دەبێت بە راشکاوی ئەوە بڵێین و لە کەس نەسڵەمینەوە، ئەم وڵاتە لە رابردوودا نە سەرۆکی هەبووە و نەش سووپا؟!

 

 

star_qadr@yahoo.com