١٣\٥\٢٠٢٠
بۆ
ئیرنێست هەمەنگوای.

عەبدولوههاب
ئەلبەیاتی* |

و: نەژاد
عەزیز سورمێ |
١
لە ئیسپانیادا
مەرگ لە مەدریدە و
خوێن لە خوێنھێنەر..
گوڵاڵەی زەرد و شەختە
لەژێر پێتدا.
جەژنەکانی ئیسپانیا
بێ کەژاوەیە
خەمەکانی ئیسپانیا
بێ سنوور ..
ئەو زەنگانە بۆ کێ لێ دەدرێن؟
لۆرکا بێدەنگە و
خوێن لە ئینجانەی گوڵاندایە
شەوی غەرناتەیش
لەژێر شەپقەی
پاسەوانی شێر و ئاسندا..
دەمرێ و
منداڵانیش لە بێشکەدا
دەگرین ..
لۆرکا بێدەنگە
تۆیش لە مەدریدی
چەکت
ئازار و وشە و
ئەو بورکانانەیە
ئاگراو ھەڵدەڕێژن..
زەنگەکان بۆ کێ لێ دەدرێن؟
تۆ بێدەنگی و
خوێن
جێخەو و
دارستان و
لووتکە
بۆیە دەکا.
٢
لێواری مەرگ
ئاگر لە دووکەڵدا و
مەی لە کووپە و
گوڵ لە بێستان و
وشە و
پاساری و
دەردی خۆشەویستی و ڕۆژگار..
بێدەنگی دەریایان
کەشتییەوانی نیگەران کردن..
ھەبوو.. نەبوو
ململانێیەکی خوێناوی بەھێز
لە نێوان مرۆڤ و تاریکاییدا ھەبوو
ئەمشەو
سەعات ھەشت،
لە باخچەی لە یادچووندا
پێکدەگەین و
شوێن
لە شەقامە نادیارەکانی شاردا
ون بووە و
کچێک فرمێسکی باراندن و
چاوی لێکنان و
ونم کرد..
لە کتێبی
گەڕۆکەکانی ئیسپانییاندا
دۆزیمەوە..
لەژێر ئاڵای گەلانی زەویدا
لەژێر ئاڵای مرۆڤ..
گۆرانی دەچڕی..
٣
کۆتایی
مەرگ لەسەر جێدا
لۆرکا پێی وتم
مانگیش پێی وتم
ونت کردم..
ژێ ونی کردی
وەڕسیی تۆی مراند..
ڕۆیشتی و
بەھار لە ڕێگاماندا بوو
قەرەجیش کۆچیان کرد و
ڕەشماڵەکانیان سووتاندن
گوڵیش سووتا
گۆرانییەک
خوێنی لەبەر دەڕوا..
وابوو
پەیامبەرایەتی قەدەر
وای پێ گوتم..
تۆم
لە شێخ محییەددین**
پرسی
وتی بەردێک لە دەمم دایە..
پەیامی عەشق و خوداوەند
لەژێر پێی مانگ دان
کوشتارگەی دونیات لە دڵدایە و
شوێنەوار و
ستایشی خوا
شێخ محیەددینی برادەرم وتی
لە ھەواڵەکە مەپرسە!
خەڵکی دەڕۆن و نایێنەوە
نھێنیش
بەسەر لێومانەوە
خۆی کوشت.
______________________________________
•
عەبدولوەھاب ئەلبەیاتی: (١٩٢٦ - ١٩٩٩) شاعیری عێراقی ناسراو یەکێک لە
دامەزرێنەرانی شیعریی نوێی عەرەبی لە عێراق. لە بەغدا لە دایک بووە و
بکالۆریۆسی لە بەشی عەرەبی وەرگرتووە. لە نێوان ١٩٨٠ تا ١٩٨٩ لە
ئیسپانیا ژیاوە ، لەو ماوەیەدا زۆر لە کۆشیعرەکانی کراونەتە ئیسپانی.
ساڵی ١٩٩١ چووەتە ئەردەن.. یەکێکە لەو شاعیرانەی لە شیعرەکانیدا بایەخی
بە مێژوو و کەسایەتییەکانی مێژوو داوە و ھەمیشە وەکو ماسک لە بەکاری
ھێناون. بڕوانە:
www.afdhl.com/poem/text-25311.html
**
محییەددین بن عەرەبی: سۆفی بەناوبانگی ئەندەلووس کە بە شێخی گەورە
ناسرابوو، لە ھەمان کاتدا شاعیر و فەیلەسووف.
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|