١٦\٨\٢٠١٠
بۆ ئەوانەی
بوونەتە ئەسکوێی نەگونجاوی هەموو دیزەیەک.

جەمال نەبەز
بەڕێز دکتۆر دیلان رۆشنی، لەم رۆژانەدا بەشێکی کۆنە وتارێکی منی
خستووەتە فێس بووکەوە. تەواوی ئەم وتارە لە هەفتەنامەی (میدیا) لە
ژمارە 255ی رۆژی 29/8/2006 لەژێر سەرنێوی "کۆڕی زانیاری و ئەکادێمیای
کوردی"دا بڵاوکرابووەوە. بەڕێز د.دیلان، سەرنێوی پارچە وتارەکەمی
نێوناوە"هەنبانە بۆرینە، هی هەژار نییە" و، داوای لە خوێنەرەکان کردووە،
بێروڕای خۆیان لەوبارەیەوە دەرببڕن. چەند کەسێک بەدەنگییەوە هاتوون و
شتیان نووسیوە. هێندێکیان ویستوویانە تۆمەتەکە لە هەژاری دیوەخانشین
دووربخەنەوە. ئەوەش نەک لەبەر خاتری هەژار، بەڵکو لەبەر خاتری خاوەن
دیوەخانان. یەکێکیشیان دەبێژێ: " ئەم نووسینەی جەمال نەبەز دەمێکە
بڵاوکراوەتەوە، (سەیرە) کەوا ئێستە دەخرێتەوە بەرچاو، (چۆنکە) ئەمە
لەکاتێکدایە کە شێرکۆی کوڕی هەژار نامیلکەکەی چاپکردووە". ئەز خۆم ئەو
نامیلکەیەی کاک شێرکۆم هیشتا نەدیوە، بەڵام وەک بیستوومە، موویەکی ساخی
بەڕیشی باوکییەوە نەهێشتووەتەوە. هەرچی چۆنێک بێ، شێرکۆ کوڕی باوکی
خۆیەتی و، مافی ئەوەی هەیە باسی باوکی خۆی بکا، بەڵام خۆزگە ئەم کارەی
لەسەردەمی ژیانی باوکیدا دەکرد، بۆ ئەوەی ئەویش بۆی هەبووایە لەسەر خۆی
بکاتەوە.
بۆ بنجبەستکردنی قسەکەی خۆم لەبارەی" فەرهەنگەکەی هەژار"ەوە، ئەوا
لێرەدا نامەیەکی رەوانشاد مامۆستا گیوی موکریانی دەخەمە پێشچاو، کە لە
کوردستانەوە، لە مانگی تەممووزی 1977دا بەهۆی هاوبیری هێژام مامۆستا
فایەق عارفەوە، تەمەنی درێژبێ، ناردبووی بۆم بۆ بەرلین، کە ئەویش
بەدەستیی گەیاندی پێم. ئەوە دوا نامەیە کە مامۆستا گیو لە ژیانیدا
نووسیوێتی، چۆنکە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە کۆچیدواییکرد. ئەو سەردەمە
کە تەممووزی 1977 بوو، دوو ساڵێک بەسەر هەرەسەکەدا تێپەڕیبوو. مامۆستا
گیو، لە نامەکەیدا دەنووسێ کە سێ ساڵ و نیو لەوەبەر(واتە: لە ساڵی
1973دا، کاتێک کە هەژار هێشتا لە بەغدا لە "کۆڕی زانیاری کورد"دا
ئەندام بوو: ج.ن) فەرهەنگێکی 1286 لاپەڕەیی فولسکاپی بەخۆڕایی داوە بە
"کۆڕ" بۆ چاپکردن. "کۆڕ" بەبیانووی ئەوەی کە دەبێ فەرهەنگەکە بەڕێنووسی
"کۆڕ" بنووسرێتەوە، داویانە بە مەلا عەبدوڵڵا نێوێک و ئەویش بە 400 ـ
500 دینارێکی ئەو زەمانە، بەو رێنووسە ئامادەیکردووە. ئەوجا "کۆڕ" ئەو
کۆپییەی نەداوە بە مامۆستا گیو، چۆنکە گوتوویانە پارەیان تێدا
بەختکردووە. مامۆستا گیو دەبێژێ: "دەزانن کە ئەو پیر و نەخۆش و بێکەسە
و زۆری نەماوە تەفروتوونە دەبێ و، پاش نەمانی وی، ئەوسا بەکەمێ
دەسکارییەوە، بەناوی خۆیانی چاپدەکەن."
ئەمەش وەسێتێکە و کردوویەتی بۆ من، چۆنکە دەبێژێ: "ئەو مەبەسەم بۆیە بۆ
ئێوە نووسی کە ئاگاداربن بۆ دووای من...هتد". لەبەرئەوە، ئەز،
بەفەرمانی ویژدان و ئەرکی سەرشانی خۆم هەستام، چۆنکە مامۆستا گیو، وەک
گوتم ماوەیەکی کورت پاش ئەوە، کۆچیدواییکرد. تا لە ژیاندا مابوو"کۆڕ"نە
فەرهەنگەکەی چاپکردو، نە کۆپییەکەشی گێڕایەوە بۆی، پاش نەمانی ویش؛
نەیدایەوە بە منداڵەکانی. ئەز، هەر پاش وەرگرتنی نامەکەی مامۆستا گیو
کەوتمە خۆم و لە تشرینی دووەمی 1977دا وتارێکم نووسی لەبارەی چەند
زاراوەیەکی تازەبەکارهاتووی (کۆڕی زانیاری کورد)، لەو وتارەدا باسی
فەرهەنگەکەی مامۆستا گیویشم کرد. ئەم وتارە لە ژمارە 22ی ساڵی 1978ی
گۆڤاری کۆلێجی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدادا بڵاوکرایەوە، لەوەدا نووسیومە:
کۆڕ... فەرهەنگێکی کوردی ـ عارەبی مەزنی کە خوالێخۆشبوو گیوی موکریانی
ژیانێکی پێوەبردووەتەسەر، بڵاوناکاتەوە. لەهەمووی خراپتر ئەوەیە یەکسەر
بەخاوەنەکەی ناڵێ بڕۆ بەرهەمەکەت بڵاوناکەمەوە؛بەڵکو چەند ساڵێک
دەیهێنێ و دەیبا و دەستیدەستی پێدەکا و وێنەی فەرهەنگەکەی دەگرێتەوە و
بێ رازیبوونی نووسەرەکەی لای خۆی گلیدەداتەوە و ناینێرێتەوە بۆی.
نووسەری نەگبەتیش لەژێر باری ئازار و خەفەت و پیشخواردنەوەدا دەناڵێنێ.
لێرەدا پێویستە بێژم، پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتارە کە لەگەلێک شوێندا
چاودێری (رەقابە) لەجیاتی وشەکانی من خاڵی داناوە، سەرکردەی "کۆڕ"
مەسعود محەممەد کەوتە هاندانی دەستوپێوەندەکانی لەدژم، یەکێک لەوانە:
ئەوڕەحمانی حاجی مارف بوو کە چاپنامەکانی سەردەمی بەعسی پڕدەکردەوە
بەپەلاماردانی من، بەڵام لەبارەی فەرهەنگەکەی مامۆستا گیوەوە هەموویان
نقەیان لەخۆیان بڕی.
شایەنی باسە، هەژار پاش رێککەوتنی 11 مارتی 1970، بە فەرمانی رەحمەتی
مەلا مستەفای بارزانی؛ کرا بە ئەندامی "کۆڕ". هەر دوای هەرەس؛ لەگەڵ
بارزانی چووە ئێران و لە کەرەج گیرسایەوەو، تا رژێمی شاهەبوو، ژیانی
باش بۆدەچووە سەر. لە سەردەمی رژێمی مەلاکانیشدا، بەیارمەتی چەند کەسێک
کەوتە وەرگێڕانی قورئان و بابەتی ئیسلامیی، بۆ بەشی کوردیی(دامەزراوەی
ئەلبەلاغ)ی سەربە رژێم لە تاران. هەروەها پەرتۆکی "الشفاء"ی ئیبن سینای
لە عارەبییەوە کرد بە فارسی. هەژار لەم ماوەیەشدا ژیانی بەتێروتەسەلی
برد بەڕێوە.
ئەز لە پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەتەی رابردوودا ناسیاوەتیم لەگەڵ
هەژار بەهێزبوو. بەکوردێکی لەڕێی نیشتماندا ماندوو و دەربەدەرکراوم
دەزانی. هەڵبەستەکانیم بڵاودەکردنەوە، کە کێشەیەکی ببووایە پشتگیریم
دەکرد و، لەبارەی یارمەتیی داراییشەوە برایەتیم دەکرد. بەتایبەتی کە
نەخۆشیی سیل زۆری هێنابوو بۆی، تاکەکەسێک کە بەدایەخی دەرهات من بووم،
ئەمەشی لە هەڵبەستێکدا دەربڕیوە کە لە هاوینەهەواری شەقڵاوەوە ناردبووی
بۆم و، دوکتۆر عێزەدین مستەفا لە پەرتۆکی (ئوستاد)دا بڵاویکردووەتەوە.
هەژار خۆی نەیخستووەتە نێو دیوانەکانی، چۆنکە ئێدی کاری بەمن نەمابوو.
خاوەن دیوەخانانیش لەبەر رەخنەکانم لێیان، پێیان بەسێبەری سەرمدا دەنا.
هەژار، هەڵبەستوانێکی باش و قسەخۆش و کۆمیدیایێکی سەرکەوتووبوو، بەڵام
بەتاقیکردنەوە و تێپەڕبوونی رۆژگار دەرکەوت بۆم کە زۆر سپڵە و
پارەپەرست و پێنەزان و فرەڕووە. کە قسەتبکردایە لەگەڵی دوو بەدوو، هەر
خۆی و خۆت دەمانەوە بە"باشی". لام وایە، رەحمەتی مەلامستەفای بارزانی،
تاکە کەسێک بووبێ کە هەژار راستەوخۆ لێینەخوێندبێ. ئەوەش هۆی خۆی هەبوو،
کە هەلپەرستیی هەژاری پێشاندەدا. ئەوی (چێشتی مجێور)ەکەی هەژاری
خوێندبێتەوە، کەسایەتیی ئەم پیاوەی لە زمانی خۆیەوە، بەباشی بۆ
دەردەکەوێ. ئەمەش بەپێچەوانەی خووڕەوشتی مامۆستا گیوی موکریانییەوە بوو.
خۆشم ئاگام لە ژیان و هەڵسوکەوتی هەردووکیان هەبوو. مامۆستا گیو
بەهەژاری و کولەمەرگی ژیا، بەڵام تامابوو، سەری بەرز راگرت و زوڕنای بۆ
هیچ رژێم و هیچ ئاغا و هیچ خاوەن دیوەخانێک لێنەدا. پەنجاساڵی ژیانی
خۆی؛ بەبێ هیچ پاداش و دەسکەوتێک، بە فەرهەنگنووسین و رۆژنامەوانییەوە
بردەسەر. کە لە ساڵی 1960دا بوومە مامۆستا لە قوتابخانەی دوانێوەندیی و
قوتابخانەی مامۆستایانی سەرەتاییی هەولێر، زوو زوو دەچوومە خزمەت
مامۆستا گیو و، چاوم بەبەرهەمەکانی رۆندەبووەوە. کە مامۆستا گیو لە
پاییزی 1961دا لەلایەن رژێمی قاسمەوە گیرا و رەوانەی گرتووخانەی
حیللەکرا، چووم بۆ سەردانی لەوێ، تەماشامکرد لەگەڵ چەند کوردێکی فەیلی
دانیشتبوو، کە ئەوانیش هەر زیندانیی بوون، وشە کوردییەکانی
زاراوەکەیانی دەنووسییەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگەکانی. گیوی
رەحمەتی نەچوو وەک هەژار زوڕنا بۆ قاسم لێبدا و بێژێ: "کەسی خۆمە و باش
دەیناسم x بۆتە دۆستم کەریم قاسم". هەرچی هەژاریشە، ئەوا هیچ کاتێک
ئاگام لەوە نەبووە، کە خەریکی فەرهەنگنووسین بووبێ، فەرهەنگێکی
واگەورەش، وەک (هەنبانە بۆرینە) کاری چەند ساڵێکی کەم نییە، بەتایبەتی
بۆ هەژار کە زوو زوو نەخۆشییەکەی پرزەی لەبەردەبڕی و کاری پێنەدەکرا.
راستیی؛ وەک تیشکی خۆر وایە، کە بەر گوڵ بکەوێ بۆنە خۆشەکەی پتر
بەرزدەبێتەوە و نەشەدەدا بە گیان، کە بەر گووش بکەوێ، بۆگەنەکەی پتر
لووت کاس دەکا.
ئێستەش با چەپکێک تیشک ئاڕاستەی هەردوولا بکەین:دە فەرموون، ئەمە ئێوە
و ئەوەش نامەکەی مامۆستا گیوی موکریانی، وەک وەرامێکی ددانشکێن بۆ
هەموو ئەوانەی کە لە هەموو دیزەیەکدا بوونەتە ئەسکوێ، بەڵام بەداخەوە؛
ئەسکوێیەکی نەگونجاو.


4\8\2010 -
بەرلین
ماڵپهڕی جهمال نهبهز
|