١١\١٠\٢٠١٠
بۆ ئەوانەی
زوڕناژەنی سیاسەتی ئاکپارتین:
ئەوە کرۆکی کرانەوەکەی تورکیایە، کێشەی کورد کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە؟!!

رابەر رەشید
زۆرن ئەوانەی لەم باشووری کوردستانەوە، براکانی خۆیان لە باکوور بە
تیرۆریست و ئاکپارتییەکان بە فەرمانڕەوایەکی عادیل و موسڵمانی عەیار 24
ئەژمار دەکەن و رۆژ لەدوای رۆژیش ئاغاکانیان لە تورکیاوە پێچەوانەی
بانگەشەو بانگەوازە نا لۆژیکییەکانی ئەمان دێنەگۆو پەڵەیەکی رەش دەخەنە
سەر هەڵوێستی ئەوانەی کە پێیانوایە گەریلا لە قەندیل زیادەیەو پەکەکەش
واقیعی ناوچەکەو جیهانی زیرەکانە نەخوێندۆتەوە، بۆیە دەسبەرداری خەباتی
چەکداری نابێتء بارودۆخی باشووریش رەچاو ناکات!!، بە پاساوی ئەوەی باوی
خەباتی چەکداری لە جیهاندا نەماوە!!، ئەی کورد ناڵێت: مست لە درەوشە
دەگەڕێتەوە؟!
سەیرە خەندەیەکی درۆزنانەو هەڵبزڕکاوانەی سەرۆک وەزیرانێکی وەکو
ئەردۆغان، یان گولی سەرۆک کۆماری تورکیا تەنها لەبەرئەوەی بەناو حزبێکی
ئیسلامییە، بە دەروازەی گەیشتن بە مافە رەواکانی کوردستانییانی باکوور
بزانن، ئاخر لە (400) ساڵی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییەکان و نزیکەی (90)
ساڵی حوکمی ئاگرو ئاسنی کەمالیستەکانی تورکیا، بە
ئاکپارتییەکەیشییانەوە، تا ئێستا کورد لە سەر زێدی رەسەنی خۆی، جگە لە
راگواستن و گوندسووتان و قڕکردن و زیندانیکردن، چی دەستکەوتووە، تا
لێرەوە هاوبیرەکانی ئاکپارتی پیلانێکی درۆزنانەی ئەو پارتە بە گرەنتیی
رزگاریی کوردستانییانی باکوور بزانن؟!
ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ بۆچوون و پێشبینی کردنی واقیعییانەی رۆشنبیرو
رۆژنامەنووسء سیاسەتمەدارە دووربین و خاوەن هەستی یەکێتی نەتەوەیی و
یەکپارچەیی خاکی کوردستانی دایک زیاتر دێنەدی و گریمانە فشۆڵ و بێ
بنەماکانی ئەوانەی لێرەوە نوقڵانەی دادپەروەریی رژێمی ئاکپارتیی خاوەن
زیندانە رەش و تاریکەکان و دژە منداڵ و خەڵکی بێ تاوانی باکوور، تەنها
لەبەرئەوەی وەکو مرۆڤێک داوای سادەترین مافی زەوتکراوی خۆیان دەکەن،
دەبێ بەشیان کوێرەوەری و دواکەوتوویی و کونجی زیندانەکان بێت، وا
رۆژانە دەمامکی فریودەرانەی رژێمەکەی ئاکپارتی و ئیسلامییەکانی تورکیا
لەبەردەم گورزی تفەنگی گەریلاو خەباتی جەماوەرییانەی کوردستانییانی
باکوور بەڕووی رای گشتی و نێودەوڵەتیدا دادەماڵرێت و راستییەکان ئاشکرا
دەبن.
لەم یەکدوو رۆژەی رابردوودا سەرەک کۆماری تورکیا عەبدوڵڵا گول زۆر
راشکاوانەو لەنێو پارلەمانی وڵاتەکەیدا پرسی کوردی لە باکووری کوردستان
زۆر بە سادەیی خستە بەرباس و راستەوڕاست وتی: کێشەی کورد هەیە، لێ
کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەو ناکرێ بە رێگای سیاسی چارەسەر بکرێت!! ئەرێ تۆ
بڵێی کەسێک هەبێ باوەڕ بەو وڕێنانەی (گول) بکات؟!، یان هەر بەڕاستی
پرسی کورد لە باکووری کوردستان، پرسێکی کۆمەڵایەتییەو ئێمە زێدەڕۆیی
دەکەن لەوەی داوای مافەکانی خۆمان دەکەین؟!، بەڕاستی ئەو قسانە تەنها
قسەی کەسانێکی تاسەر ئێسقان رەگەزپەرست و دیکتاتۆرو دووڕوو و ناڕاستە،
ئەگینا تۆ بڵێی نووسینەکانی نووسەری تورک (بێشکچی)ییان نەخوێندبێتەوە،
کە زیاتر لە (36) کتێب و توێژینەوەیەو هەر هەموویان بوونی پرسی کورد لە
باکوور، وەکو پرسێکی سیاسی دەناسێنن؟!
ئەرێ ئەی ئەوانەی لێرەوە لەم باشوورە نیمچە ئازادەوە بوونەتە زوڕناژەنی
ئەو رژێمەی کە تەنانەت ئامادە نییە منداڵانی نەتەوەیەکی جیا لە تورک بە
زمانی دایک لە دبستانەکاندا بخوێنن و فێری زانست و زانیاری ببن، ئەرێ
نازانم دوای ئەوەی عەبدوڵڵا گول زۆر بە راشکاوانە ئەو قسانەی لە
پەرلەمانی وڵاتەکەیدا راگەیاند، ئێستا دەبێ، ئێوە چی بڵێن و چۆن پاساو
بۆ قسەکانی ئەو سەرۆک کۆمارە –حەیاتەی هاوبیرتان- بهێننەوە؟!
تۆ بڵێی لەگەڵ ناخی خۆتاندا نەکەونە شەڕێکی دەروونی دژوارەوەو بە
کارنامەی هزریی خۆتاندا نەچنەوەو هەڵوەستەیەک لە بەردەم ئەو بۆچوونە
مڵەمایە نەکەن، بەوەی کە ئێوان دیدێک وا کردوونی بە دەروێش و کوێرانە
بانگەشە بۆ سیاسەتی ئاکپارتی دەکەن؟!
خۆزگە یەکێک لەوانە، بەڵام بوێرانەو بە هزرو بیری خۆى، نەک لەبەرخاتری
خاترداران دەهاتەگۆو وەکو مرۆڤێک، نەک کوردێک بەچاوو ویژدانی خۆی ئەو
ستەم و چەوساندنەوە بێئەندازەیەی رژێمی ئاکپارتی دەخوێندنەوەو
راشکاوانەش شرۆڤەی رەوتی رووداوەکانی باکووری کوردستانی دەکرد، بەڵام
بە ویژدانی خۆی، نەک ویست و ویژدانی ئاکپارتییە کوردکوژەکان، ئەوکاتە
با بزانێت، چۆن پێکەنینی بە فیقەی زوڕناکەی خۆی دەهات؟!
کەرکوک
rabersaley@yahoo.com
|