١١\١٢\٢٠١٣
بۆ ئەوەی کەیسی
کاوە گەرمیانی نەدۆڕێنین.

هێمن رەئووف
ئێمە کەیسی سەردەشت و سۆرانمان دۆڕاند.. کەیسی ١٧ شوباتمان بە هەموو
شەهیدەکانیەوە دۆڕاند. بۆ ئەوەی هەم کاوە لەدەست نەدەین و هەم ئەو
ئابڕوە تکاوە کۆبکەینەوە پێویستمان بە ئازایەتی و عەقڵە.
١- ئەگەر بمانەوێت بە ڕێگایەکی یاسایی و لەڕێی بە جیهانیکردنی ئەم
کەیسەوە دەسەڵات ناچار بکەین، بەر لەهەر شتێک ئەبێت بێشەرەفی و
بێمۆراڵی جیهانی سەرمایەداری لەبەرچاوبگرین. بە دڵنیاییەوە هیچ وڵاتێک
ئامادە نیە بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئەم گروپە وڵات فرۆشەی
ناویان دەسەڵاتی کوردیە لەق بکات و لەبەر خاتری خوێنی ڕۆژنامەنوسێکی
تیرۆرکراو دەسەڵاتمان بۆ بڕوخێنن. لەبەر ئەوە زۆر بە کورتی و سادەیی
دەبێت لە لێڤڵێک خوارترەوە کار لەسەر کەیسەکە بکەین.
پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە دانپیانان بەوەی
کام لە بەرپرسە باڵاکان لەپشت ئەم تیرۆرەوەیە، ئەمەش لە ڕێگای کۆڵندان
و برەوپێدانی ئەو فشارە مەدەنیەی ئێستا جوڵەیەکی تێدایە. گرنگە لەدوای
ئاشکراکردنی چوار ناو بێخەم دانەنیشین و سەری مارەکە لەیاد نەکەین. بە
سزاگەیاندنی بەرپرسێکی باڵا سەرکەوتن و دەستکەوتێکی گەورە دەبێت.
لەهەمان کاتدا سەرەداوی دەیان تاوانی پێشوتر ئەنجامدراو دەردەکەون و
ئەو تابوە تێک دەشکێت کە خەڵک پێی وایە بەرپرسەکان هەریەکە خودایەکن و
چیان بوێت دەیکەن. لەهەمان کاتدا ئازادی و بەرقەرارکردنی ژیانێکی ئازاد
هەنگاوێک پێش دەکەوێت.
٢- ئەگەر ئێمە دەمانەوێت بەزۆر و بە هێزی جەماوەری ئەم هەقە بسێنین.
ئەگەر پێمان وایە ئەم دەسەڵاتە مافیایەکی پەتییە و دیکتاتۆر و خوێنڕژ و
تاوانبارە بە کوشتنی خەڵک و دزینی سامانی گشتی و وێرانکردنی یاسا و
دادوەریەکەی، ئەگەر لەو میللەتە ڕادەبینین بەدەم ئەم شۆڕشەوە بێن... لە
ئێستا باشتر نیە بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری هێنانە خوارەوەی ئەم گروپە
ملهوڕ و مافیا و پیاوکوژە. ئەگەر بەتەنها لەدوای ڕاپەڕینەوە دەست بە
کۆکردنەوەی بەڵگەکان بکەین، ئەم دەسەڵاتە ماف و شەرعیەتی ئەوەی پێوە
نەماوە ڕابەرایەتی میللەتێکی قوربانی بکات. بەڵام ئایا میللەت ڕابەر و
ستافێکی بەدیلی ئامادەیە بۆ گرتنەدەستی ئەم ئەرکە؟ ئەمە پرسیارەکەیە.
ئایا لە هۆشیاری خەڵکدا متمانە دراوە بە تاقمێکی تر بێخەمبن لەوەی
ژیانی ئایندەیان پارێزراوتر و دادوەرانەتر دەبێت؟ ئەگەر وایە !! ئێستا
ساتی شۆڕشە. ئەگەر نا بەر لەهەر شتێک دەبێت هەوڵی پێگەیاندن و ڕێکخستنی
ئەو ستافە بدرێت، تا بەدەردی وڵاتانی عەرەبی و بەهارە کاولکاریەکانی
دەوروبەرمان نەچین.
کەنەدا
ماڵپهڕی
هێمن رهئووف
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|