په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠١٠

 بۆ ئەوەى لە ئێستا جوانتر بی.


هەردى شەفیق   

سڵاو ڕوئیاى گوڵ..


هەرشتێک کە ئێمە بە تەواوى لێى سودمەندین، لە بەرامبەردا کەسانێک هەن، بە تەواوى لێى بێ بەشن، یا مافى کەسانێکى ترى بەسەرەوەیەء زەوتمان کردووە، یا دەستى کورتى ئەوان نایگاتێ. لە بارودۆخێکدا کە نان نیە بیخۆیت ،بیرت نەچێت خەڵکێکی بێشومارى سەر ئەم زەمینە بە درێژایى تەمەنیان ئاوائەى گوزەرێنن. ئەوکاتەى نانێک فڕێ ئەدەی، پارەى پسکیتێک بەفیڕۆ ئەدەیت، چاوى مناڵێکى دڵکشاوت بێتەوە بیر، دایکى لە پێناو برسێتى ئەودا لەشى ئەفرۆشێ. ئەوکاتەى بە پۆشاکێکى ڕِازاوەوە ناز بەسەر شەقامەکەدا ئەکەیت، بیرت نەچێت کچانێک هەن ئاخ بۆ ئەوە هەڵئەکێشن دەستێک جلى جوانی وەک ئەوەى تۆیان هەبێت. ئەوکاتەى بیر لەوەئەکەیتەوە ناز بەسەر گوڵء مانگء مرۆڤدا بکەیت، بیرت نەچێت چەند دڵ لە ژێرپآى تۆدا وردئەبن، نازدارى تۆ لە ناخى تۆدایە، لەو شوێنەدایە دڵى هەژارەکان ورد نەکەیت. هیچ شتێک لەم سەرزەمینەدا لە خۆت بایت نەکات، لە بەر ئەوەى، چۆن بەڕووتى هاتیتە دنیاوە وەهاش بەڕوتى لێى ئەڕۆیت. بەونازءنیعمەتە بایى مەبە کە دنیا ئەتداتێ، پێش ئەوەى پێت بڵێم ئەوانەى لەم دنیایەدا بوون بەدەستى بەتاڵەوە ڕۆیشتوون ،ئەواڕۆژێک لە ڕۆژان دنیا وەکو مارگەستونىء گلەییان بووە لە دەست بێوەفایى دنیا،پێت دەڵێم لەخۆبایى بوون نەخۆشیەکە نەفامى و دەستءپێ سپیبوونء هیچ لەبارانەبوونت دەرئەخات، ئاخر ئەوانەى هونەرێکى بچوکیشیان هەبێت هونەرەکەیان نیشان ئەدەنء خۆیان بێدەنگ ئەوەستن، بەڵام ئەوانەى لەخۆباین هیچیان نیە نیشانى بدەن جگەلە لوت بەرزى. هەمیشە کەسانى لوت بەرزء خۆبەخوازانن دنیا وێران ئەکەن. هیتلەرء مۆسۆلینىء ستالینء ێەدام هەر ئەم سیفەتەیان،نەبوو؟؟


هەموو ڕۆژێک بەشێک لەو پارەى کەلێت زیادە بیدە بەوکەسەى تاسەر ئێسقان کڵۆڵى ئەیکرۆژێ. بۆ ئەوەى خەوى ناخۆش نەبینى. هەرگیز بیر لەوەمەکەرەوە لە کۆشکێکى سەد نهۆمیدا، بە ویژدانێکى نەخۆشەوەبخەویت، واش مەزانە هەموو ئەوانەى لە باڵەخانەکاندا بەشۆرتء ستیانى گوڵ گوڵیەوە خەوى ڕەنگاڵەیى ئەبینن، نا ڕوئیا ئەوەى نانى هەژارێک بخوات ویژدانیشى دەست نەخاتە بیناقاقاى، ئەوا مۆتەکە ئەى تاسێنن. هەرکات ئەمەت نەکرد وابیر بکەرەوە ئەوان لەناو خانویەکى خۆشدا خەوى نا خۆش ئەبیننء تۆ لە کەلاوەیەکدا خەوى خۆش ئەبینى.ئەگەر بوویت بەدایک دایکێکى میهرەبان بە،چۆن پێت خۆشە بۆ مناڵەکانى خۆت ئاواش باپێت خۆشبێت تەواوى مناڵانى دنیا خۆشبەخت بن، ئەگەر بویت بەدایکى منداڵ، دەغیلەکەى لێمەکە بەخوا، فێرى بکە ئەوەندە پارە کۆبکاتەوە کە پێویستى پێیەتى،ئاخر منداڵێک باوەش بە دەغیلەکەیدا ئەکات، وائەزانێت دنیا خاڵیە لە برسێتى و مردن. هەرگیز بەدرۆى سیاسیەک باوەڕمەکە، کەباسى دوو دنیاى نا بەرابەرت بۆئەکات، ئەوانەش لەم ئانء ساتەدا سەرقاڵى بەکۆیلەکردنى مرۆڤن پێشتروایان وت. هەرکەسێک وتى نیشتمان شەرەفتە، لێى بپرسە ئایا تاکوئێستا بێشەرەفى لەسەر شەرەفى تۆ نەکردووە؟


هەوڵبدە ئەگەر سەرى ڕێزت دانەواند، با بۆ دەرۆزەکەرێک بێت، نەک بۆ سیاسیەکى دووڕوو، ئەگەر ویستت کەسانێکت خۆشبوێتء خاوەنى متمانەبن، ئەوا بادۆستەکانت هەژاربن، ئاخر ئەوان مەگەر چاریان ناچاربێت دەنا بێوەفاء بێویژدانء خراپەکارنابن، بەڵام ئەشێت سەروەت مەندەکان لە چاوچنۆکیانەوە زوڵمت لێبکەن. بیرت نەچێت ئەوانەى هەژارن هەتا ئەگەر خاڵى بن لەهەموو شتێک، هێشتا هەر ویژدانیان تیاماوەتەوە، ئەوە دەست بڕوو دوو ڕووەکانن ئەتوانن زۆر بەزویى دەوڵەمەندبن. ئەگەر پێت نەکرا لە ئازارى ئەوانى ترکەم بکەیتەوە هەوڵبدە لە ئازارەکانیان بچێژی. ئەگەر توانات نەبوو مناڵى هەژارێک ژیربکەیتەوە، لەبرسێتیدا ئەگرى وابیر بکەرەوە هەوڵبدەى هەمووان وەک تۆ خاوەنى ئەوخەمەبن ، هەوڵبدە هەرگیز تۆ ئەوکەسە نەبیت ئەیکەیتە گریان. خۆت لە دەسەڵات داران بە گەورەتر بزانەء، لە دەردەدارو مەینەتباران بچوکتر، هەوڵبدە هەمیشە لەوکەسانەبیت هەءڵئەدەن دنیا جوان بکەنء ئازارء مەینەتى کەم بکەنەوە، لەم دنیادا تەنیا ئەوکەسانە جوانن لۆکە ئەخەنە سەر برینەکانء بریندارەکان تیمار ئەکەن ء ئازارەکان ناهێڵن.لەیادى مەکە شەڕى تۆ شەڕى کەم کردنەوەى ئازارە. تەنیا ئەوانە جوانن شەڕ بۆئەمەدەکەن لەڕێگاى هەرکارێکەوەبێت، ئیدى ئەوانەى تر ناویان جوانیە وانین. ئەگەر پێکەنیت لەگەڵ هەژاراندا پێبکەنە، ئەگەر گریایت لەگەڵ هەژارەکاندا بگرى، ئەگەر سەرى ڕێزت دانەواند تەنیا بۆئەوانى دابنەوێنە، یان بۆ ئەوانەى لە پێناو ئەواندا دەمرن. بیرت نەچێت، کە تۆ شایسەى ڕێزیتء ئەبێت سەر بۆئەوانە دابنەوێنیت، کەخاوەنى ڕێزن. تۆ ئەبێت لەوەگەورەتربیت سەر بۆکەسێک دابخەیت زبڵخانەیەک هەیە لەناخی ئەودا، لە نانى ئەنبار کراو و پاروى فڕێنراوى گەداو بێنەواو لەشفرۆشان دزى ئەکات. هەرکاتێکیش هیچت نەبوو بیدەیت بەهەژارێک لەخەمیدا خۆت بکە بەهاوبەشىء بازرگانیش بەسەر خەمەکانیەوەمەکە.


ڕوئیا، نە لەئازار هەڵبێء نەلەگەڵیدا ڕابێ، هەوڵبدە بەسەریاسەرکەویت. خەونەکانت لەبەردى گەورە هەلمَچنەء حەوشەکەى پڕبێـت لەئاگرء لە بەردى بچوک هەڵى بچنەء بیکە بەباخچە.گەر لاشەت بۆ گەنى کرد هەوڵ بدە ویژدانت بۆگەن نەکات،ئاخر مرۆڤ تائەو کاتە مرۆڤە ویژدانى زیندووە،ئەگەر قومارت کرد لەسەر چارەنوسى خۆت بیکە، ناشیرینترین قومار ئەوەیە لەسەر ژیانى ئەوانى تر بیکەیت.هەرگیز وابیر مەکەرەوە بتوانیت هەمووشتێک بەپارە بکڕى ،چونکە هەندێک پێداویستى هەن لەدونیاى مرۆڤدا بەسامانى هەموو دونیا ناکڕدرێن،لەوانە ڕێز ،موحیبەت،ڕۆح ،عیشق و ...هیتد. نەلەماڵە دەوڵەمەندەکانء نەلەناو لاپەڕەى کتێبەکانا بۆ بەختەوەرى مەگەڕێ نە خۆشبەختى لەناو لاپەڕەى کتێبەکانەوە دێتەناودنیاى ئێمە ء نەلەعیشقى ئەودەوڵەمەندە درۆزنانەوە، ئەبن بەمۆدێلى ڕۆژانە، نە لەوئەکتەرە درۆزنانەشەوە فێرى عیشق بە ناتوانن لەگەڵ کەسێکدامانگێک هەڵبکەن.


کتێبەکان ڕێگاى خۆشبەختیت نیشان ئەدەن، خۆشبەختیت نادەنێ. دەوڵەمەندەکان فێرت ئەکەن گیرفانت پڕبێت لەپارە، نەک دڵت پڕبێت لەئاسودەیى. ئەکتەرەکان لەگەڵ ژیانى خۆیان درۆ ئەکەن، تۆبڵێیت لەگەڵ تۆدا ڕاستگۆبن؟! ئەگەر وایە بۆ عیشقى یەکێکیان ناکەن بەفیلم؟!


هەرگیز بەنەفرەتى ئەوکەسانە پەشیمان مەبەرەوە تۆزقاڵێک ویژدانیان تیا نیەو تف لەویژدانى تۆ ئەکەن،لەدونیادا خەڵک زۆرە بۆ ئەمە نەفرەت بارانت بکات، بەڵام کەمن ئەوانەى دەستەکانت ئەگرن.لەگەڵ عیشقء ،وەفاو ،ویژدان دۆستبە ئەوەش بزانە ئەمانە هەرچەند دۆستیان بیت ئەوەندە زیاتر دەردى غەریبى و هەژارى ئەکێشیت.ئەوەندەى بۆ مردووەکان ئەگریت ئەوەندەش بۆ زیندووەکان بگرى ئاخر تەنیا ئاودانى گوڵى باخچەکان شتێک لەم ژیانە ئەگۆڕێ و ئاودانى درەختى سەر گۆڕەکان بێفایدەیە.هەرگیز بەچاوەکانى فاڵچى و نوشتە نوسەکان باوەڕمەکە و ئایندە مەبینە، ئەوان شتێک بەختەوەریان ببینیایە لەغەیبا بۆخۆیان ئەیانبردو هیچیان لێنەئەدابەتۆ،شتێکیان لەغەیب بزانیایە چیان دابوو بەسەر ئەوەى دەست لەتۆ پانکەنەوە؟َ!تۆ ئەو کەسانەت خۆشبووێت لەبەر بارانى موحیبەتا ئەوەستن نەک ئەوانەى هەتا لەدوکەڵى خۆیانا ئەخنکێن پرسە ئەگێڕن و نازانن بۆ کێ.ڕوئیا بۆتۆ باشە خۆشت بووێم تاکو خۆتت خۆشبووێت ،ئاخر مرۆڤ کەکەسى خۆش نەویست ڕقى لەخۆیشى ئەبێتەوە،خۆشەویستى گیان ئەکاتەوە بەبەر ژیاندا تۆش خۆشەویستى منى و منت لەم دونیا تاریکەدا فێرى ڕوناکی کرد ،ئەى چۆن ئەبێت خۆت تاریکبیت؟!


هەرکەسێکت دى خراپەیەکى کرد بەرلەوەى بەنەفرەتى بکەیت لە هۆکارەکەى بپرسە،تۆچوزانى ئەو ژنەى لەشفرۆشى ئەکات چەنێک ئازارى برسێتى چێشتووەو چەنێک لەخۆى تەریق ئەبێتەوە،چوزانى ئەو کەسەى دزى ئەکات مناڵە ئێسکسوکەکانى چەنێک بۆ نانێک گریاون ؟؟ئاخر هەموو کەسێک ناتواێت ،یائەقڵى، یاژینگەکەى هاوکارى ناکات بیر لەخۆ گۆِڕین و پەروەردەیەکى تەندروست بکاتەوە. ئایا دوو ژینگەى جیاواز کاریگەریان نیە لەسەر دوومنداڵى جیاواز؟ئایاخراپە لەباوانەوە بۆ وەچەکان ناگوێزرێتەوە و لەوێشەوە وەکو پەتا بۆکۆمەڵگا؟0گوناهى ئەو مناڵە چیە پەروەردەیەکى دروستى نیەو فێرى هەموو خراپەکاریەک ئەبێت لەگەورەکانیەوە ؟؟ بۆ تۆڵە کردنەوەمەژى، بە ئومێدو و ئاواتەوە بژى. ئەوەى بۆ تۆڵەکردنەوە زیندووە، خوێنى ناهەقیش ئەڕێژێتء هەمان خەتاى دووژمنەکەى ئەچێتەگیانى. مرۆڤى باش هەرگیز لاسایى دوژمنێکى خراپ ناکاتەوە، کە بەو ئومێدەوە ئەژى تۆش خراپبیت. هەمیشە بەدواى خەونێکى مەنتقیدا هەنگاوبنێ، بەو ئومێدەوە زیندووبە ڕەنگە ئەوشتەى تۆ دەتەوێت لە ڕۆژێکدا بێتەدى کەتۆ چاوەڕێت نەکردووە. ڕوئیا ئەگەر بەرامبەرەکەت ئەقڵى نەبوو، تۆ ویژدانت هەبێت. ستەم لە هیچ ڕۆح لەبەرێک مەکە، سەگء مرۆڤ، یەک جۆر ئازارى برسێتى ئەچێژن. ستەم مەکە هەتا بەرامبەر بەستەم کاریش ،چونکە ستەم ستەم بەدواى خۆیدادێنێ، ئەگەر ویستت ستەم نەهێڵیت هەوڵبدە خراپە لەناخى ستەمکاردابکوژیت نەک خودى کەسەکە.


ئەگەر چویت بۆ پرسە لەپرسەى ئەو سواڵکەروو سۆزانیانەدا بگرى لەبەردەرگاى ویژدانى تۆدا خۆیان کوشت، نەک ئەو ناودارانەى تازیندوو بون نانى سفرەکەى تۆیان ئەدزى. ئەگەر چویتە ئاهەنگ،لەگەڵ ئەواندا هەڵپەڕە ء لەپاڵ بوکء زاواکانیاندا وێنە بگرە ئاخر تەنیا ئەوان قەدرى یادگاریە خۆشء دەگمەنەکانیان ئەزانن، بەڵام دەوڵەمەندان کەم ڕۆژى ساڵیان هەیەنەیکەن بەئاهەنگ، کەم ساتیان هەیە بۆئەوەى لە ئەلبوو مەکانیان بڕواننء بۆیادگاریەکانیان بگرین ء هەناسەى بۆ هەڵبکێشن.


هەوڵمەدە هەرگیز ویژدانت بخەڵتینی، هەرکات ئازارى دایت بەدەمیەوە بچۆ. تەنیا لەبەردەرگاى ویژدانى خۆتا تۆبەبکە. بامێشکت هەمیشە پڕبێت لەکتێب. ئاساییە کتێب خانەکەت کتێبى تیانەبێت، ئەمە خراپ نیە، خراپ ئەوەیە کتێبخانەیەکى دەوڵەمەندو و مێشکێکى خاڵیت هەبێت.


هەرشتێکیان لاپیرۆز کردیت، بیرى لێبکەرەوە بزانە ئەو پیرۆزییە بەرژەوەندى کەسانێکى تێدانیە پیرۆزى پێئەدەن؟ بیرت نەچێت هەمیشە مرۆڤ لە هەموو شتێکى سەر ئەم زەمینە پیرۆز ترە. ئاخر مرۆڤ نابێت بەهەرشتێکى پیرۆز کراو ڕازى بێت بەتایبەت ئەگەر بزانێت دەستیى هەیە لەنابوتکردنى ژیاندا. لەهەرکوێ بویت نیشتمانت ناودڵى خۆتە، لەهەر سیاسەتێکدا زوڵم هەبوو پیرۆزى بونی نییە، بیرت نەچێت هەمیشە قسەى پەیڕەو پڕۆگرامەکان شتێکى ترە. هەمیشە حەقیقەتێک لەودیوو شتەکانەوە هەیە، هەموو شتێک لەم دنیایەدا دیوێکى ترى هەیە. ئەشێت هەمان دیووى حەقیقەت بێت، مادام واشە تۆش ئەبێت هەمیشە دووچاوى ترت هەبێت دیوەکەى ترببینێت، کە دیووى ناخء دیوى ڕاستیەکەیە. هەرساتێک ئەیدلۆ ژیایەک لەسەرەتاوە هات ،یالە دووربوو بەبێ بیر کردنەوە بەحەق مەیناسە، لە خواربونەوەدا هەموو کەسء سیاسەتێک باشە، پێویستەلەسەر کەوتندا مرۆڤء ئایدلۆژیا کەى بناسینت. ڕوئیا کەپێت ئەڵێن تۆ ناسکى ڕاستە، بەڵام نابێت بشکێیت، هەتا هەزار جاریش بکەویت پێویستە لەوە بێتاقەت نەبیت هەوڵى هەستانەوە بدەیت.


ڕوئیا..... ژیان پرسیارێکە چارەنوسیش ناتوانێت،وەڵام بێت بۆى،مادام منء تۆ دوشتى جیاین لەبیر کردنەوەدا، ئەشێت دوو حەزى، یا دوو خەونى جیاواز یشمان هەبێت، لەوجێیەدا کەتۆ خەونێکى جیاوازت نیە بەنابەدڵى شوێنى خەونێى کەسێکى ترکەوتوویت، تۆبە بەهەڵەداچوویت. هەمیشە لەم کاتەدا بیربکەرەوە، بزانە تۆ بەهەڵەهاتویت یانا؟ کەسێک کەخەونەکانى خۆى خۆش ئەوێت مەرج نیە مرۆڤێکى خراپ بێت، ئایا هەرئەوانەى دنییایەک مرۆڤایەتیان پێشکەشى مرۆڤایەتى کردووە، ڕەنجء ئازارى مرۆڤایەتیان کەم کردەوەهەرئەوانەنەبوون بەدوواى خەونەکانیاندا چوون؟؟ بەڵام بیرت نەچێت هیتلەریش بەدواى خەونەکانیدا چوو، گاندیش هەر بەدواى خەونەکانیدا چوو. ئەوژیانەى کەخۆت پێت خۆشە خۆشت بوێ، ئەوان لەجێگاى تۆداناژین،هەتا بڕیار لەسەر ژیانى تۆبدەن هەتا منیش بم ،ڕێگا مەدە لەجێگاى تۆ بیر بکەمەوە.ئەشێت دوو مرۆڤ قازانج لەبیروو بۆچونى یەکترى بکەن،تائەوشوێنەجوانە کەنەى سەپێنن بەسەر یەکتریدا، بۆیەلەکۆتایدا ئەڵێم تۆهیچ جوانیەکت تێدانیە،ئەگەر کوتء مت وەک من بیربکەیتەوە،پێش ئەوەى ئەم نوسینەش ،وەک ئامۆژگارى سەیربکەیت یالەخۆشەویستیدا،هەوڵبدەیت لەسەرت ڕەنگ بداتەوە،پێت ئەڵێم تۆش خاوەنى ئەقڵێکى توانای گشت شتێکى هەیە،بۆیەئازادى ئەم نامەیەش فڕێبدەیتە ناوتەنەکەى زبڵەکەوەیاخودبەدڵت بێت.


ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق