په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٤

    بۆ هەڵەبجە.

عەلی ره‌سوڵی. و. ئازاد نەجم

لەسەر خاکی ئەم دەڤەرە
بووکەڵە دارینەکان
ھاوکات لەگەڵ بسکی ئاڵۆزی کچاندا
خنکان
کەسێ زریکەیانی روو بە مێژوو نەکردە ھاوار
کەسێ جلوبەرگە سپیەکانیانی نەکردە دیاریی بۆ سنوورەکان.

لەسەر خاکی ئەم دەڤەرە
دایکێک لەگەڵ شکۆفەکانی بەھاردا
لایلایەی مەرگی چڕی
دایکێک بە شەقشەقەی منداڵانەوە
بە دوای ھاوارێکی میھرەبانانەدا وێڵ بوو
کەسێ جلوبەرگە رەشەکانیانی بە با نەسپارد.

لەسەر خاکی ئەم دەڤەرە
بەھار بۆ ھەمیشە بۆنی بە مەرگەوە کرد
گوڵە حاجیلەکان لە نێو تابووتی مەرگا نوستن
پێدەشتەکان قردێلەی رەشیان لە قژیان دا
کەسێ بۆ مەرگی سەوزایی ورتەی لێوە نەھات
کەسێ بۆ مەرگیان ھاوارێکی نەکرد
کەسێ بۆ لێوانی مردووی منداڵان
ھەناسەیەکی تازەی دەسنەکەوت.

لەسەر خاکی ئەم دەڤەرە
بەڵێ لەسەر خاکی ئەم دەڤەرە
منداڵان لە بووکەڵە دارینەکان دەترسێن
لە شەوق و شادی بەھار دەترسێن
ئیدی دایکان لە بەھار دووگیان نابن
بەھار لە خونچەکانی خۆی دەترسێ
من و سەرجەم شەقشەقەکانیش
لە سپێدەیەکی مەرگبار دەترسێین.

 

 

communard@live.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک