٢٣\٦\٢٠١٣
بۆ کوشتت؟

سوارە کەمال
ئەگەر وەدەرخستنی شەرمنانەی پرۆژەی ڕەش نووسی دەستووری ھەرێم، بەتایبەت
کاتی نزیک بوونەوەی ھەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بێنینەوە یاد ، ئەو دەمەش دەنگۆی
کەموکوریەکانی کەوتە بەرباس، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردن
، ئیدی ئەو دەنگۆیە سرکرا.
پاش تێپەربوونی نزیک بە دوو ساڵ ، بزوتنەوەی گۆڕِان، لە ٢٩/١/٢٠١١
بەیاننامەیەکی (حەوت) خاڵی راگەیاند، کە لە خاڵی (٧) دا، داوای "
کێشانەوەی رەشنووسی دەستووری ھەرێم و ھەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن
بە سیستەمی حوکمڕانی وڵاتەوە و حەواڵەکردنیان بۆ پارلەمانی
داھاتوو"تیادا ھاتووە. پاش (١٩) رۆژ لە دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە ،
واتا ١٧ شوبات خۆپیشاندانی جەماوەری دەستی پێ کرد، .ئەمە بۆە ھۆکارێک
ھەر سێ لایەن (گۆران، یەکگرتوو، کۆمەڵ) زیاتر ھەماھەنگی یەکتر بکەن، وە
خۆیان تێکەڵ بە داواکانی خۆپێشانەدەران بکەن، بەرئەنجام ئەو روداوانە
بوونە ھۆی ئەوەی لە ٣ی ئازاری ٢٠١١ دا پرۆژەی چاکسازی سیاسیی ھەرێم کە
لە ٢٢ خاڵ پێکھاتبوو راگەیندرێت.
لە ھەمانکاتدا بەرزبوونەوەی دەنگی خۆپیشاندەران، پەرلەمانی ناچار کرد
دەقی بڕیاری ژمارە(٢) ی ساڵی (٢٠١١) دەربکات، کە لە برگەیکیدا ھاتووە:
"چاو بخشێندرێتەوە بە رەشنووسی دەستووری ھەرێمدا بە مەبەستی داڕشتنی
دەستوورێکی ھاوچەرخی دیموکرات کە تێیدا گشت مافە مەدەنی و سیاسی و
یاسایەکانی ھاونیشتیمانیان بەرەسمی ناسرابن و دەسەتەڵاتەکان بە ئاشکرا
جیاکرابنەوە و سەربەخۆییان پارێزراو بێت، ھەروەھا دیاریکردنی میکانیزمی
شیاو بۆ رێگاگرتن لە ھەر جۆرە لاقەکردنێکی دەسەڵات. ھەمواری یاسای
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە سەرۆکی ھەرێم تەنھا لە رێگەی
پەرلەمانەوە ھەڵبژێردرێ.
بەڵاَم دەسەڵاَتی کورد ھەموو ئەمانەی دیزە بە دەرخۆنە کرد.
ئەم جارەشیان، پاش تێپەربوونی حەوت ساڵ بە سەر نووسینی ڕەش نووسی
دەستوور ، دیسانەوە، بەھۆی نزێک بوونەوەی وادەی ھەڵبژاردن بەتایبەت
ئەودەمەی دەنگۆی کاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی وە پاش ئەوەش پرسی
تێپەراندنی قسەی لێکرا. ئیدی گفتوگۆو و دایەلۆگی جددی لەمەر ئەو پرسە
ھێنرایە ئاراوە..
دیارە ھۆکاری وەردرخستنی، ھەوڵدانێ بوو، بۆ گوشار خستنە سەر حیزبەکان
تاکۆ لە ھەندێ ھەڵوێستدا نەرمی بنوێنن، واتا باسکردنی پرسی ڕەش نووسی
دەستوور لەبەر پەرۆشی بۆ دوا ڕۆژی وڵاَت و ژیانی نەوەکانی داھاتوو
نەبوو. بەڵکو ویسترا وەک کارتێکی گوشار بەکاربھێنرێت، وەڵی تاکۆ ئەم
ساتەش فرسەتیان پێنەدراوە. لەبەر ئەوەی زۆرێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران،
ئازاو ئازادانە شان بە شانی رێژەیەکی بەر چاو لە ھەلسوراوانی حیزبەکان،
ئۆپۆزسیۆن بەگشتی، بە جددی ھاتنە قسەو سەرئەنجام ھەڵوێستی لایەنەکان تا
"ئاستێک" رون و یەکلا کرایەوە.
ئیدی ئەو بێدەنکیەی لە نێو لایەنکرانی حیزبەکانی دەسەڵاتەیش ھەبوو،
رێچکەیان بۆ شکێندرا، وتوانرا ئەو پرسە لە دەستی تاکە حیزب نەک بەتەنھا
وەردەرھێنرا، بەڵکو بەھای داوای گێرانەوەی بۆ پەرلەمان و
ھەموارکردنەوەی برگەکانی بۆ گەراندرایەوە وە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن و
سازشی حیزبەکان تەکاندراو تا ئاستێکی بەرچاو تێکەل بە دەنگی
ھاووڵاتیانی کوردستان کرا، بەو مەبەستەی "شاید" ھەموارکردنەوەی"بەسوود
و بەرژەوەندی" کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بشکێتەوە.
لێرەدا باس لەوە ناکەین کە ٢٤ ماددەی گەورەو کاریگەر دراوە بە سەرۆکی
ھەرێم ، یان ١٥ ماددەی دراوە بەسەرۆکی دەسەڵاتی راپەراندن، یان حسێب
نەکردنی کەرکوک و ناوچە دابراوەکان لەم دەستوورە، یان ئەگەر پەسەند کرا،
ئەم ھەرێمە بەرەو کام سیستەم دەبا...ھتد. بەڵکۆ ئەوەی دەمانەوی
بیوروژێنین، بەھەند وەرگرتنی مافی خەڵکە لەوەی ھەر پرۆژەیەک بخرێتە
ریفراندومەوە، دەبی دەنگدەر زۆر بەباشی تێگەیندرابی، واتا دەبی ئاشنا
بگرێت بە بڕگەکانی ناو ئەو پرۆژەیە.
ئەمرۆ باس لە پرۆژەی ڕەشنووسی دەستوور دەکرێت.
لەبەر ئەوەی دەستوور ئەو گرێبەستەیە کە مافە سروشتی یەکانی تاکەکانی
کۆمەڵگای تیادا زامن و دەستەبەر دەکرێت، ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە،
ئەو ئامرازانەی دەبنە گەینەری زانیاری لە بارەی دەستوور بە شێوازێکی
سادەو ئاسان بیگەیننە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەبەر ئەوەی کاتی
ریفراندۆم لەسەر ھەر پرۆژەیەک دەکرێت یەکێک لە پێداویستە ھەر گرنگەکانی
ئەوەیە کە تاک دەبێ تێگەیشتبی، یان تێگەیاندربێت لە ناوەرۆکی ئەو
پرۆژەیە، پاش ئەوە دەنگی لەسەر بدات، پێچەوانەی ئەوەش حەتما دەرئەنجامی
نەرێنی دەبێ.
تێنەگەیشتن کارەساتە.
ئێوارەی ١٤/١٠/٢٠٠٨ کەسێک بە مەبەستی کوشتن، نشتە سەر نووسەری
بەناوبانگی مسری نەجیب مەحفوز، باش دەستگیرکردنی لێیان پرسی بۆ ویستت
بیکوژی؟ لە وەڵامدا وتی" لەبەر ئەوەی رومانی ( اولاد حارتنا)ی نووسیوە،
لێیان پرسییەوە ئەو رۆمانەت خوێندوتەوە؟ وتی نەخێر.
ئەی ئەگەر ئەو کەسەی لە ٢١/٧/ ٢٠٠٨ دەستی چووە خوێنی سۆرانی مامە حەمە
بگیرایە و لێیان پرسێبایە بۆ کوشتت؟ چی وەڵامێکی دەبوو بە دڵنییایەوە
ھەمان وەڵامی ئەو کەسەی دەبوو: "بەڵی لەبەر نووسینەکەی، دەریش دەکەوت
کەنەک نەی خوێندووتەوە بەڵکو نەخوێندەواریش دەردەچوو! دیارە لەم
کوردستانەی خۆمان نموونەی زۆرمان ھەیە. ئەمەش شتێکمان پێدەڵێت کە
پێویستە مرۆڤ پێش ئەوەی بە ئەنجام دانی ھەر کارێک ھەڵسی پێویستە بە
وردی بیری لێبکاتەوە پاش دڵنیابوون لە سوود و زیانەکانی ئەنجامەکەی
ھەرچی بێت گوناھی خویەتی
ئەمرۆ دامودەسگاکانی راگەیاندن گەرمترین بابەتیان پرسی دەستوورە. ئایا
ھەمواربکرێتەوە یان بخرێتە راپرسییەوە! "ئەگەر خرایە" راپرسییەوە، ھەر
تاکێیک بە بی تێگەیشتن لەو برگانەی نێو ڕەش نووسی ئەو دەستوورە لایەنی
کەم ئەوەی پەیوەندی بەژیانیەوەیە ھەیە، دەنگی پێ بدات بە نەخێر یان
بەڵی بێت وەک ئەوە وایە نەک تەنھا کەسێکی کوشتووە لەسەر نوسینێک بەلکو
بە بەشدار دەناسرێت لە کوشتنی مللەتێک.
چون؟
زۆر بە سادەیی لەبەر ئەوەی دەستوور بریتییە لە گریبەستی کۆمەڵایەتی
نێوان کۆمەڵانی خەڵک و دەسەڵات، بەلام بەداخەوە لەم کۆمەڵگایەدا حیزب
بووە بە داگیرکەری مێشکی مرۆڤەکان، ھەوڵیداوە لە جیاتی ھەمووان
بیربکاتەوە. واتە بەشێوازێ دەدوێت خەرێکە دەستوور بریتی بکات لە
گریبەستی نیوان حیزب و دەسەڵات.
یانی چێ؟
ئەمشیان زۆر بەسادەیی ئەگەر لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن بپرسی، ئەگەر
دستوور خرایە راپرسییەوە دەنگت بە نەخێر دەبێ یان بە بەڵێ؟ بی ئەملاو
ئەولا دەلێت بە نەخیر!
ئەی ئەگەر پارتی بوو (ئەلبەتە بەرێژەیەک) دەڵیت بە بەڵی دەنگ دەدەم.
ئەی بێلایەن بوو چی دەلێت؟
ئەی ئەگەر پرسیاریان لێکرا، ئایا دەستوورتان خوێندووتەوە؟ دەبێ وەڵام
یان چی بێ؟
کەواتە لە وڵاتێکدا، مرۆف لەسەر وتار و گوتار کوژرابی، دەبی رەشنووسی
دەستوورێک کە دایکی ھەموو یاساکانە، ئەگەر بە باشی نەخویندرابێتەوە،
یان دەنگدەرانی بە وردی تێنەگەیشتبێتن، و دەنگی بەسەر بدەن، دەبی چی
جۆرە کوشتنێکی بەدودا بێ؟
swarekemal@yahoo.com
|