|
٢١\٢\٢٠٢٦
بۆ لێدانی ئێران،
ترامپ لەبەردەم سێ بژاردەیە.
|

کارلۆ مەسالا* |

وەرگێڕانی لە
ئەڵمانییەوە: هەڵۆ محەمەد |
بەڕێز مەسالا، ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەسەر
بەرنامەی ئەتۆمییەکەی وتووێژ دەکات و هەروەها هەڕەشەی «شتە خراپەکان»
دەکات ئەگەر ڕێککەوتنێک نەبێت. ئایا هێشتا دەتوانرێت رێگری لە
هەڵگیرساندنی شەڕێک بکرێت؟
بێگومان دەتوانرێت شەڕ ڕابگیرێت ـ ئەگەر ئێران هەموو ئەو شتانە بکات کە
دونالد ترامپ داوای لێ دەکات. بەڵام ئەمریکاش خۆی خستووەتە دۆخێکی
ناچاربوون.
بە چ واتایەک؟
ئەوان گەورەترین هێزی سەربازی لە کاتی شەڕی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بۆ
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە، بە تایبەتی هێزەکانی ئاسمانی و
دەریایی. ئەگەر ترامپ لە کۆتاییدا ئەوەی چاوەڕوانی دەکات بەدەست
نەهێنێت، لەوانەیە ناچار بێت کارێک بکات کە خۆیشی نایەوێت بیکات.
ئایا پێت وانییە ئەم هەموو یەکە سەربازییانە کۆ دەکرێتەوە و دواجار
نانێندرێن بۆ جەنگ، یاخود چ دەڵێن؟
دەبێت بڵێم بەڵێ، دەکرێت! ئەگەر تاران ڕازی بێت بە تەواوی بەرنامەی
ئەتۆمییەکەی واز لێبهێنێت، ئەوا ترامپ دەتوانێت هێزە دەریایی و
ئاسمانییەکانیش بگەڕێنێتەوە و بڵێت: سەیر بکەن، بە هەڕەشەکانم ئێرانم
ناچار کرد کارێک بکات، کە هەرگیز ئامادە نەبوو هەنگاوی بۆ بنێ.
ئەگەر واشینگتۆن و تاران نەگەنە ڕێککەوتن، هێرشێک بۆ سەر ئێران چۆن
دەبێت؟
بە وردی ناتوانرێت پێشبینی بکرێت. بە زۆری چاوەڕوانی ئەوە ناکەین هێزە
زەمینییەکان بەکاربهێنرێت وەک لە شەڕی عێراقدا ببینیمان. بەڵام ئەوە
مانای ئەوە نییە کە هێزی تایبەتی بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەتی بەکار
نەهێنرێت. بۆیە بە گشتی قسە لە داگیرکردنی ئێران ناکرێت.
ئەی بۆ چییە؟
ئێمە بەتەواوی نازانین . ترامپ سێ هەڵبژاردەی هەیە:
یەکەم، دەتوانێت هێرشەکان تەنها لەسەر دامەزراندنە ئەتۆمییەکان چڕ
بکاتەوە.
دووەم، ئەگەری هەیە «هێرشی لەناوبردن و سەرپانکردنەوە » ئەنجام بدات؛
واتە بە ئامانج گرتنی ڕابەرایەتی ئایینی، سیاسی و سەربازیی ئێران.
سێیەم، هەوڵ بدات توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو
کەم بکاتەوە، وەک هێرش بۆ سەر بنکەکانی هێزی ئاسمانی و درۆن و بنکەکانی
هاویشتنی مووشەک. ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا کام بژاردە هەدەبژێرێت، دیار
نییە. ئەمەش پەیوەندی هەیە بەو ئامانجە سیاسییانەی لە پشت هێرشەکانەوەن.
ترامپ دەتوانێت بەدوای چ ئامانجێکەوە بێت؟
لە سەرەتا وا دەزانرا کە بەڵێنی «یارمەتی لە ڕێدایە» دەیەوێت پشتیوانی.
ناڕەزایەتییەکان دژ بە ڕێژیمی مەلاکان بە شێوەیەکی بەرچاو بکات تا
دەسەڵاتداران بروخێنن. بەڵام ئەم باسە ماوەیەکە قسەی لەسەر ناکرێت.
ئەوەی ترامپ چ ئامانجێکی سیاسی هەیە؟، تەنها کاتێک ڕوون دەبێتەوە کە
هێرشەکە ئەنجام بدرێت.
ڕێژیمی ئێران، هەرچەندە لە رووی سەربازییەوە لاوازە، بەڵام هەڕەشەی
تۆڵەکردنەوە دەدات. ئەم تۆڵەکردنەوەیە چۆن دە بێت؟
وەک لە ماوەی شەڕی دوازدە ڕۆژەکەی حوزەیرانی ڕابردوو، بە هێرش بۆ سەر
دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئێران هێشتا توانایەکی گەورەی
مووشەکی بالیستیکی هەیە. لەوانەیە میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەک
حیزبوڵڵا لە لوبنان یان حوسییەکان لە یەمەن بەکاربهێنرێن بۆ ئەنجامدانی
هێرش. بەڵام ئەوان زۆر لاواز بوون. هەروەها داخستنی دەریای هورموزیش
دەتوانرێت وێنابکرێت. و لە دواخاریشدا، هێرش بۆ سەر ئیسرائیل.
حکومەتی قودس هێزە سەربازییەکانی خستووەتە دۆخی ئامادەییەوە. ئایا
وڵاتەکە ئامادەی هەیە بۆ شەڕێک لەگەڵ دوژمنی باوەکوشتەی سەرەکیی خۆیداـ
ئێران ؟
شەڕێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چی دەگەیەنێت؟
لەنێوان هەردوو وڵاتەکە مەودایەکی دووری چەند هەزار کیلۆمەتر هەیە.
بۆیە پێکدادانەکە بە هێزی ئاسمانی و مووشەکەکان دەبێت. ئەوەی
ئیسرائیلییەکان لە توانای سەربازییاندا هەیانە، شەڕی دوازدە ڕۆژەکە
پیشانی دا.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر مووشەک لەلایەن
ئێرانەوە بهاوێژدرێت، دەتوانێت هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بخاتە
تەنگەتاویەوە، یاخود؟
ڕاستە. بەڵام دروست لەبەرئەوە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەمریکا لە
هێرشی یەکەمدا بە شێوەیەکی زۆر توند هێرش دەکاتە سەر بنکە مووشەک
هاوێژەکانی ئێران، تا ئیسرائیل لە رێژنەت بۆمبارانی فراوان پارێزراو
بێت؟
پێکدادانێکی سەربازی چی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت؟
ئەگەر شەڕەکە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی مەلاکان، لەوانەیە
ئەنجامی باشیش بۆ ناوچەکە هەبێت و ڕێکخستنێکی نوێ درووست بێت، چونکە
ئەم ڕێژیمە ساڵانێکە هۆکاری ئاژاوەیە. بەڵام ئەمە پەیوەندی هەیە بەوەی
کێ لە تاران دەسەڵات وەردەگرێت. لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەموو شتێک بە
شێوەیەکی زۆر خراپیش کۆتایی بێت؛ ئەگەر وڵاتانی دراوسێی ئێران دژ بە
هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بوەستن و بۆ نموونە مافی تێپەڕبوونی
ئاسمانی بە واشنگتۆن نەدەن. ئەمەش دەتوانێت دینامیکایەکی نوێ لە
هاوپەیمانی و پەیوەندییە ناوچەییەکان درووست بکات. بەڵام لە ئێستادا
ئەمە پێشبینی ناکرێت
__________________________________________________
*
پرۆفیسۆر Carlo Masala. بۆ سیاسەتی
نێودەوڵەتی زانکۆی سەربازی فیدراڵی لە میونخ.
●
سەرچاوە رۆژنامەی دێر تاگەسشپیگلی ئەڵمانی ٢١\٢\٢٠٢٦.
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|