په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٠

بۆ لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان.

 

سڵاوێکی گەرم، بەرێزان..

هەروەک لە دوا کۆبوونەوەى ڕۆژى 5/4 لەگەڵ بەرپرسی لقى کوردستانى رێکخراوەکەمان، داواتان کردبوو کەئەو بەڵگانە بخەینە ڕوو کەئاماژە بۆ ڕێکەوتننامەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن و بەم هۆیەشەوە دیپۆرتى هەزاران پەنابەرى کوردستانى تا ئێستا لێکەوتۆتەوە. بەڵام بەرلەوەى ڕاستەوخۆ لەبارەى بەلگەکانەوە قسە بکەین تەئکیدکردنەوە لەچەند ڕاستیەک بە پێویست دەزانین:


1- ئاشکرایە کە هیچ حکومەت و لایەنێک، بەپىى سروشتى کارو بەرژەوەندیەکانى ناچار نییە بە ئاشکراکردنى ڕێکەوتن و پرۆتۆکۆڵە سیاسى وئابووریکانى خۆى لەبەردەم راِى گشتیدا. بە تایبەتى ئەو ڕیکەوتنانەى کەبەرۆشنى لەدژى بەرژەوەندیەکانى هاوڵاتیان بێت. لەم ڕوانگەیەوە، ڕێکەوتنى نێوان حکومەتى هەرێم و دەوڵەتانى ئەوروپا بۆ هاوکارى کردن لەناردنەوەى پەنابەرانى کوردستاندا بەتەواوى ڕێکەوتنێکى نهینى وشاراوەیەو لە پشتى ڕاى گشتى خەڵکى کوردستانەوە بریارى لێدراوە. لەلایەکى تریشەوە لەم جۆرە ڕێکەوتنەدا نە نوینەرى فیدراسیۆنى پەنابەرانى عێراقى و نەنوێنەرى هیچ ڕێکخراویکى تر بەشدارو ئاگادارنەبووە تا دەقى ڕێکەوتن نامەکە وەک بەڵگەیەکى نوسراو لەبەردەست ئیمەدابن. هەربۆیە بەلگەنامەکانى ئێمە زیاتر کۆمەڵە ئاماژەیەکن کەلەسەر دانپیدانانەکانى نوێنەرانى دەوڵەتانى ئەوروپا وحکومەتى عێراقى وهەرێم، کەلەکۆبوونەوەکان ولەمیدیاکاندا ئاشکرابوون، هەروەها بەشیکى زۆریشیان لەو گوزارشتانەوە کۆکراونەتەوە کە پەنابەران لەکاتى پرۆسەى گرتن ودیپۆرتکردنەوەیاندا لەلاى ئیمە تۆماریان کردووە.


2- بەڵام بەجیا لەهەر بەلگەیەکى نوسراو وئیمزا لێدراو، خودى هەڵسوکەوتى دەزگاکانى حکومەتى هەرێم لەمەر دیپۆرتى پەنابەران و شێوازى وەرگرتنەوەیان بەڕۆشنى بەلگەى ئاستێک لەهاوکارى حکومەتى هەرێم لەم پرسەدا نیشان دەدات. کەگومانێک بۆ نەبوونى ڕێکەوتنێکى نهێنى لەلایەن دەوڵەتانى ئەوروپا و حکومەتى هەرێمەوە ناهێلێتەوە.


3- حکومەتی هەرێم خۆی بە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق پێناسە دەکات بۆیە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق جێ بەجێدەکات بەتایبەتی ئەو بڕیارەی کەلە بەرژەوەندی خۆی دەگەرێتەوە.


4- مەسەلەی ناردنەوەی پەنابەران لەلایەن یەک تەرەفەوە ئەنجام نادرێ .واتە ناکرێ ووڵاتانی ئەوروپا پەنابەر بنێرنەوە ئەگەر حکومەتی هەرێم پێشتر ئامادەی وەرگرتنەوەیان نەبێ.بێگومان حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی لێتێگەیشتنو ڕێکەوتنێکی پێشتردا یە دیپۆرتی پەنابەران قبوڵ دەکات.
لەسەر بنەماى ئەو خاڵانەى سەرەوە بەلگەکان دەخەینەروو:


هەڵویستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڵگەی ڕێکەوتنامەکان:


هەڵویستی تا ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری و یارمەتی دان و خستنە ئیختیاری بەڵگەو زانیاری و فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی (هەولێر و سلێمانی )بووە بەردەم ئەم ووڵاتە ئەوروپیانە :

1. ساڵی 2005 ئیتفاقیەک ئیمزا کراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانو حکومەتی عێراقی دا لەسەر رازی بوون و هاوکاری ئەوان بۆ ناردنەوەی پەنابەران. ناوەرۆکى ئەم ریکەوتنە بەپێ ئیعترافی حکومەتی بەریتانیا کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژى 27-11-2006 وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەگەڵ بەرپرسیارانی رێکخراوو کۆمیتە کوردی و عێراقیەکان بەسترا، دانیان بەم ڕێکەوتنەدا نا و بەئاشکرا بەنوێنەرانى ڕێکخراوەکانیان ڕاگەیاند کەحکومەتى بەریتانیا بەبێ ڕەزامەندبوونى حکومەتى هەرێم ئەم کارەناکەن. بۆ زانیارى زیاتر نۆینەرانی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون لەوانە بەرێز شانازی ئیبراهیم ئەحمەد وعەلی بەیاتی لەسەفارەتی عیراقی وبەشیوەیەکى فەرمى ڕایاگەیاند ئیتفاقیانکردوە. (لەمبارەوە تکایە برواننە بەڵگەی ڕەسمی نامەی بڵاوکراوەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەلایەن(تۆم دۆد) بروانە نامەی تەرجەمەکراو کە لەلایەن ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن دەقاو دەق لە 22-2-2007 بڵاوکراوەتەوە هەمان نامە کۆپیەکی هاوپێچە بە زمانی ئینگلیزی).


2. ناردنەوەی پەنابەران دوو دوو یان سێ سێ لەرێگای هێڵی ئاسمانی مەلەکی ئەردەنی لە عەمانەوە بە فرۆکەی ئەهلی دپیۆرتی فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر کراونەتەوە. بەبێ ئەوەى کاربەدەستان هیچ کاردانەوەیەکى لەخۆی نیشاندا بێت. هەروەها ئەو تیکتانەی بە پەنابەران دراوە لە زیندانەکاندا کە پێشتر ئاگادارکراونەتەوە دیپۆرتی هەولێر یان سلێمانی دەکرێنەوە وە بەردەوامیش پیان وتراوە حکومەتی هەرێم رازی بوە وەرتان بگرێتەوە بەلگەیەکى ترە بۆ لەئارادابوونى ڕێکەوتنى نهینى نێوان ئەوروپا و حکومەتى هەرێم (بۆ ئەم مەبەستە بروانە تیکتەکانی پەنابەرانو لیدوانەکانیان لە میدیاکان هاوپیچی ئەم نامەیەیە).


3. بەیانی رۆژی 12-2-2007 لەکاتێکدا ئێمە لەبەردەم فرۆکەخانەی سەربازی برایزنۆرتن لەشاری ئۆکسفۆرد لە حالەتی خۆپێشانداندا بووین کە ئەو وەجبەیەی پەنابەران کە پێک هاتبوو لە 38 پەنابەر بەفرۆکەی سەربازی دیپۆرتی کوردستان دەکرانەوە من لەڕێگای نۆینەرمان لەشاری هەولێر بە بەرێز دکتۆر نوری عوسمان لە نوسینگەی سکرتارێتی سەرۆک وەزیران مان راگەیاند فرۆکەیەکی سەربازی ئەمرۆ بەرێ دەکەوێت لە فرۆکەخانەی هەولێر دەنیشێتەوە ئەگەر بەڕاستی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەت لەگەڵ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران نیین ئەوا ئەو پەنابەرانە وەرمەگرنەوە لە وەڵامدا بە نۆێنەری ئێمە ڕاگەیاندبوو کە پەیوەندی بە ئێمەوە نیە ئەوە شەریکەی ئەهلی یە؟داوا مان لێکرد خۆی بێت بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر.. ئێمە کۆمەڵێک ڕۆژنامە نووسمان نارد یەکسەر پەیوەندی کرابوو بە ئاسایشەوە نۆینەری ئێمەو ڕۆژنامە نووسەکانیان دەستبەسەر کردبوو و تەلەفیزیوونەکانی فرۆکەخانەیان کوژاندبووە و فرۆکەکە لە مەخزەنی فرۆکەخانە نیشتبووە وەکۆستەریان هێنا بوو هاوکات هێزەکانی تایبەت لە فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر ئامادەبوون تا ئەم ڕاستیەیان لەپێش چاو هەموو لایەک بشارنەوە.


4. بە بەڵگەو لە ڕێگای پاریزەرەکانی ئەو پەنابەرانەی کارمان بۆ کردون لە مەترسی دیپۆرت رزگاریان بکەین ئاگادار کراوینەتەوە پەنابەران پێش ناردنەوەیان بەلیست ناوەکانیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کراوە ئەوانیش موافقەتیانکردوە وەریان بگرنەوە.


5. هێڵی ئاسمانی زاگرۆز کە هی پارتی دیمکراتی کوردستانە بەردەوام لە شاری فرانکفۆرت تیکتی فرۆشتوە بە حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە رەفزکراون وەیان وەڵامی موقەتیان پێدراوەو لیان سەندراوەتەوە بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بەڵگە نامەی رێکخراوی (Caravan for the Rights of Refugees and Migrants / Munich) کەمپینی رێکخراوی ناوبراو و خۆپیشاندانیان لەبەردەم شەریکەی زاگرۆس لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵەمانیا ساز کردوە وەهەروەها هەواڵی ناوەندی هەواڵگری کە لە 12-8-2007 بڵاوکراوەتەوە ...هاوپێچە بەڵگەکان.


6. ڕۆژی 14-5-2009 سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن رێکەوتنامەی نیوان وەزیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق (ووشیار زیباری) وسەفیری حکومەتی دانیمارک لەعێراق (بۆریک ویبەر) یان بڵاورکردەوە سەبارەت بە ناردنەوەی 282 پەنابەری عێراقی کە زۆربەیان کوردن و خیزان و منداڵیان هەیە و ژمارەیەکیان بەزۆر دیپۆرتی بەغدا کرانەوە لەویشەوە بەفرۆکەی تایبەت دیپۆرتی فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر کرانەوە لەویش بێ دەربرینی ناڕەزایەتی وەرگیرانەوە .. بۆ بەڵگەی ئەو رێکەوتنە بروانە ئه‌م سایته:‌
http://www.reliefweb.int/rw/rwb.nsf/db900sid/SNAA-7S25JA 
بەڵگە نامەی 18 بەندی ڕێکەوتننامەکە بەزمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە و هاوپیچەی ئەم نامەیەیە. هەروەها بەرێز Birger Riis سەفیری دانیمارک لە بەریتانیا لە وەڵامی نامەیەکی فیدراسیۆندا سەبارەت بەنیگەرانی لە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەرانی عێراقیدا لە ناوەرۆکی نامەکەیدا هاتووە"ئەو پەنابەرانەی بە خۆبەخش نەگەرینەوە ناچارین بە پێ ئیتیفاقیەکی تازە کە لەنێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی دانیمارکدا هاتووە بەزۆر دەیانگێرینەوە.

7. لە شوباتی 2008 ڕێکەوتننامەی نێوان نۆینەری حکومەتی مودراتی سویدی لە بەغداو وە ووشیار زیباری وەزیری خاریجی حکومەتی عیراقی ئیمزاکراوە سەبارەت بە وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە وەیان ئیقامەی کاتیان هەیە بەهۆیەوە 1400 پەنابەری کوردی عێراقی دوای 7 ساڵ یان 8 ساڵ ژیانکردنیان لە سوید وە هەموویان بە بریارێک ئیقامەی کاتیان پێدرا دوای ئەو رێکەوتنامەیە ئیقامەی کاتی بۆیان تازەنەکرایەوە گرتنو راونانو دیپۆرتیان بۆ بەغدا دەستیپێکرد لەوێشەوە بۆ فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر کە زۆربەی ئەوانەی نێراونەتەوە کورد بوون.دەقی ئەم ڕێکەوتنە بە ئاشکرا لە میدیاکان بڵاو بۆتەوە تەواوی سەرچاوەی رێکخراوەکان بڵاویانکردۆتەوە زیاتر لەمانەش ئەو ئیختیاراتانەی خراوەتە بەردەست پەنابەرانێک کە دەگەرێنەوە لەسەر سایتی باڵویزخانەی عێراقی لە ستۆکهۆڵم بڵاوبۆتەوە.هاوپێچە بەڵگەکان....


8. لە 14-5-2009 هەمان ڕێکەوتنامە لەنێوان حکومەتی عێراقی و حکومەتی نەرویجی ئیمزاکراوە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر پەنابەر دیپۆرتکراوەتەوە، لەو وڵاتەوە لەرێگای ستۆکهۆڵمەوە . پەنابەران شاهیدی ئەوەن کە نۆینەری حکومەتی هەرێم لە فرۆکەخانەی سوید ئامادەبوو بۆ وەرگرتنی لیستی پەنابەرە نێراوەکان بەڵگەکانمان پێشتر بڵاوکردۆتەوە رێکخراوی پەنابەرانی کوردی عیراقی لە نەرویج راستیەکانی ئەو رێکەوتننامەیەی پشت ڕاستکردۆتەوە.


9. سایتی دەنگو باس لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ تانیا تەلعەت گلی ئەندامی لیجنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئەوەی راِگەیاندوە کۆمەڵێک پرۆتۆکۆل ئیمزاکراوە لە پێناو خۆشبوون لە قەرزەکانی عێراق. پەنابەران وەربگرنەوە بەڵگە ئەو چاو پێکەوتنە هاوپێچی ئەم نامەیەیە.


10. بەردەوام پێش گەیشتنەوەی ئەو فرۆکانەی پەنابەری بەزۆر نێراوەیان پێیە لە هەرێمی کوردستان، پێش وەخت هیزی تایبەت ئامادەکراوە لە فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێرو سلێمانی بە جلو بەرگی تایبەتو چەکی تایبەت و دواتریش ئەو پەنابەرانەی ناڕەزایىەتیان دەربڕیبێت یان دانەبەزی بووبن لە فرۆکەکە ئەوا بەزەبرو لەژێر هەرەشەدا پەنابەران شەقکاری و لیدراون بەزۆر دابەزینراون (کە ئەمە ئیتر بەڵگەی ناویت تەواوی مدیاکانی کوردستان لەزمانی پەنابەرە بەزۆر نێراوەکانەوە ئەوەیان راپۆرتکردوە).


11. کردنەوەی نوسینگەی رێکخراوی(IOM) کە ڕێکخراوێکی جیهانیە بۆ ناردنەوەی پەنابەران لەو رێگایەوە لە هەولێرو سلێمانی نوسینگەی هەیە بە بەردەوامی مافی ئەو پەنابەرە نەدراوە کەبریار بوو بڕێک پارە بدرێتە ئەو پەنابەرانە لەپێناو دامەزراندنەوەی ژیانیان لەکوردستان بەڵام ئەو مافە نەدراوە بەزۆریان .(ناوی ئەو پەنابەرانە هاوپێچە لەگەڵ ئەم نامەیە).


12. پەنابەرانێکی بەزۆر نێراوە کاتێک ناوی نەبووبێت لە فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر بەهەمان فرۆکە لەگەڵ پاسەوانەکانی بەریتانیاوە نێراونەتەوە بەریتانیا (چەند حالەتی وا لە فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێر روویداوە پێشتر ئێمە ناوی ئەو پەنابەرانەمان لە ریگای ناوەندی هەواڵگریەوە بڵاوکردۆتەوە.


13. ساڵی 2006رێکخراوی ئێمە ویستی یەکێک لەو پەنابەرانەی کە لە وەجبەی 15 پەنابەر بە فرۆکەی سەربازی نێرابووە بۆ کوردستان بە هەڵە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیامان ناچار کرد کە بهینێتەوە بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم تەواوی زانیاری لەسەر ئەو هاوڵاتیە بە وەزارەتی ناوخۆ دابوو و رێگەگری کردبوو لە هێنانەوەی ئەو پەنابەرە. کە ئێمە وێنەی بەڵگەکانمان لەرێگای پاریزەرێکەوە پێگەیشت .


لەمانەش زیاتر وەرگرتنەوەی پەنابەرە بەزۆر نێراوەکان لە هەردوو فرۆکەخانەی نیو دەوڵەتی هەولێرو و سلێمانی بێ لەخۆ نیشاندانی بچوکترین نارەزایەتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بە پێچەوانەوە بەردەوام هاوکاری ئەم سیاسەتە چەوەتەکراوە دوایین ناردنەوەی پەنابەران بۆ کوردستان لە 28-3-2010 لە کاتێکدا کە وەفدی پەرلەمانی کوردستان بە سەردانێک گەیشتبوونە بەریتانیا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە کۆبوونەوەدا بوون.


زیاتر لە 4 هەزار پەنابەر بەزۆر ڕەوانەی کوردستانکرونەتەوە تا ئێستا هیچ یەک لەداواکاریەکانیان جێ بەجێنەکراوە کە بەشێوەی یاداشت خراوەتە بەردەست پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق.

داواکاریەمان لە لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە :


‌ئەم دۆسیەیە بەرنە پەرلەمان و کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدرێ بە بەشداری نۆینەری حکومەتی هەرێم ونۆینەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی دروست لەسەر ئەو مەسەلەیە کە لەخزمەتی پەنابەرانی کوردا بێت.


ئێمە لێرەدا چەند داواکاری وپێشنیار دەخەینە بەردەمی ئێوە بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا قسەی لەسەر بکرێ.
:
1. ئەو پەنابەرە کوردانەی بەزۆرەملی ڕەوانەی کوردستان دەکرێنەوە لەلایەن فرۆکەخانەکانەوە وەرنەگیرێنەوە.
2. ڕاگرتنی دەستبەجێ ئەو ڕێکەوتننامانەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەنجامدراوە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا دا دەربارەی ناردنەوەی پەنابەران وە ئەمە بەڕەسمی ڕابگەیەنرێت.
3. ئەم ڕەوشەى پەنابەران لەوڵاتانى ئەوروپا و بەتایبەتى سیاسەتى ناردنەوەى پەنابەران ئیدانەو سەرکۆنە بکەن و بەڕەسمى بەحاڵەتی پێشێلکارىیەکانى مافى مرۆڤى لەقەڵەم بدەن وداوا بکەن کە ڕێز لەمافی مرۆڤ بگرن.داوا لە یوئین بکەن کە فشار بخاتە سەر ووڵاتانی ئەوروپی بۆ ڕێزگرتن لەمافی پەنابەرانی کوردو مامەڵە کردنیان وەکو ئینسان.
4. داوا لە حکومەتی عێراقی بکرێت کە تەواوی ئەو ڕێکەتنە ئاشکراو نهێنیانەی لەسەر حسابی پەنابەران کراوە هەڵبوەشێنەوە،هیچ پەنابەرێک لە فرۆکەخانەی بەغدا وەرنەگیرێتەوە.
5.ئەو پەنابەرانەی بەزۆرە ملی دیپۆرتی کوردستان کروانەتەوە قەرەبوو بکرێنەوە ،بیمە یان کاری گونجاویان بۆ دابین بکرێت.وەڵام بە خواستەکانی پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان بدەنەوە کە بەشێوەی یاداشت ئاڕاستەی پەرلەمان وسەرۆکی حکومەت کراوە.
6. داواکاری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەو پەنابەرانەیین کە منداڵەکانیان لەڕیگای پەنابەریدا تیاچوون .

جێ بەجێ کردنی ئەم داوایانە لەخزمەتی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندیەکانی پەنابەرانی کوردە لەدەرەوە بەهیواین بە چاوێکی بەرپرسیاریانە بۆ جێ بەجێکردنی ئەم داوایانە هەوڵ بدەن وەڵامان بدەنەوە.. ئێمە دەستى هەر هەوڵێکى ئینسانى کە لە خزمەت باشکردنى رەوشى پەنابەراندا بێت دەگوشین و بەتەواوی تواناشەوە بۆ ئەم ئامانجە لەگەڵ ئێوە هاوکار دەبین.

_______________________________________________
تیبینی: ئەم نامەیە هاوپێچ بە ژمارەیەک لە بەڵگەو نوسراو راگەیاندنی رەسمی لەرێگای بەرپرسی فیدراسیۆن لقی کوردستانەوە ڕەوانەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان کراوە تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕەسمی نەدراوینەتەوە، جگە لەوەی لەم ماوەیەدا بەدوای شکستی ناردنەوەی 70 پەنابەری کورد بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی ،حکومەتەکانی ئەوروپاو بەتایبەتی بەریتانیا سیاسەتێکی تریان گرتە بەر ئەویش لەڕێگای هێنانی وەفدی حکومەتی عیراقی لە بەغداوە بۆ سەردانی گرتووخانە دەستبەسەرەکان بەدوای ئەم سەردانەدا لە 9-6 وە 16-6 دا دوو وەجبە نزیک بە 100 پەنابەری دیکە کە زۆربەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بوون دیپۆرتی بەغدا کرانەوە لەویش ژمارەیەکیان زیندانیکران ، دوای هەوڵەکانی ئێمە و رێکخراوە مرۆیەکان ئازاد کران. ئەم ڕاستیە ئیتر هیچ گۆمانێک ناهێڵێتەوە لە ڕێکەوتننامەو تەوافق و هاوکاری حکومەتی عێراق و هەرێم بۆ ئەم سیاسەتە چەوتە.
لەکاتی پێویستدا تەواوی بەڵگەکان بۆ ڕای گشتی رادەگەیەنیین.

 

دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

17\5\2010
07856032991

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال