بۆ له‌ناو ڕێکخراوی (ئاسوده)شدا ژنان پارێزراونین.
عامر سابیر
له شه‌وی یه‌کشه‌مه ١١/٥/٢٠٠٨ ژنێک به ناوی (س. ح. م) که ڕێک پاش (١٠) هه‌فته له‌وه‌ی چۆته ڕێکخراوی ئاسوده له سلێمانی، درایه به‌ر ده‌ستڕیژی گولله و ئێستا له وه‌زعێکی زۆر ناله‌باردا له نه‌خۆشخانه که‌وتووه.
ئه‌م ژنه که خاوه‌نی سێ منداڵه، مێرده‌که‌ی ئامۆزای خۆیه‌تی و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێکردووه، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنه‌ی که بڕیاره ژیانی تیادا پارێزراوبێت زۆر نامه‌ردانه و ترسنۆکانه ته‌قه‌ی لێده‌کرێت و ده‌بێته قوربانییه‌کی تری شه‌ره‌ف پارێزی و ناموسپه‌رستی، که ژماره‌ی تیاچوانی تا دێت زۆر تۆقێنه‌رانه له هه‌ڵکشاندایه، له سایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره خێڵه‌کی و مشه‌خۆر و دواکه‌وتووانه‌ی کوردستاندا.
ئاخر حیزبێک (یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان) که تا دوێنێ، ئه‌و نه‌وشیروان مسته‌فایه، به‌ڕێوه‌به‌ری بوو، که باوه‌ری وایه کێشه‌یه‌ک نییه له کوردستاندا، به ناوی کێشه‌ی ژنانه‌وه، چۆن ئه‌توانێت ته‌نانه‌ت له ئه‌مینترین شوێنی رێکخراوی دیفاع له ژنانیدا، پارێزگاری له ژنان بکات.
له‌وکاته‌وه‌ی نێچیر‌ڤان بارزانی و حکومه‌ته ته‌مه‌ڵ و دزه‌که‌ی، له ژێر فشاری به‌ره‌ی پێشکه‌وتووخوازی کۆمه‌ڵگادا، له دوای بلۆکبارانکردنی (دوعا) وه بڕیاری داوه که به جیدی به‌رانبه‌ر توندوتیژی له دژی ژنان بوه‌ستێته‌وه، ژماره‌ی ژنانی کوژراو له هه‌فته‌دا له هه‌شته‌وه هه‌ڵکشاوه بۆ دوازده له کوردستاندا.
لێره‌دا چه‌ند پرسیارێک ڕووبه‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتمانی و (خانم)ی به‌رپرسی ڕێکخراوی ئاسوده ده‌بێته‌وه:
١) بۆچی ئه‌و ژنانه‌ی که بۆ پاراستنی ژیانیان، گه‌یشتوونه‌ته لاتان تا بیانپارێزن، له هه‌مان خانووی ڕه‌سمی ڕیکخراوه‌که‌تاندا، ئاوا به ئیهمالی دایانده‌نێنن و ته‌نها پیره‌مێردێکی پۆلیس داده‌نێن به حه‌ره‌سیان. ٢) بۆ ئه‌و خانووه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانتان کردووه، هیچ ئه‌منیه‌تێکی تیادا ڕه‌چاونه‌کراوه، بۆ پاراستنی ژیانی ئه‌وانه‌ی تیایدان، تا ئاوها له سه‌ربانی دراوسێکانی ئه‌و (خانووه)وه ئه‌تواندرێ ته‌قه بکرێ و به‌م شیوه‌یه ژنانی تیادا بکوژرێ. ٣) بۆ تا ئێستا، که ئه‌وه هه‌فته‌یه‌ک زیاتره، تاوانبارانی ئه‌و ڕووداوه ده‌ستگیرنه‌کراون؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌زانن کێن. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵکو ئه‌وان به‌رده‌وامن و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له هه‌موو ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ن که سه‌ردانی ئه‌و ژنه برینداره ده‌که‌ن له نه‌خۆشخانه. ٤) ئێستا که دوو پۆلیس دانراوه بۆ پارێزگاری ئه‌و له نه‌خۆشخانه، ئایا نه‌ئه‌کرا پێشتر چوار که‌س دابنێنن بۆ پارێزگاری ئه‌و خانووه‌ی تیایدا بوون، بۆ ئه‌و ژنه ئێستا له هه‌موو خزمه‌تگوزاریی و یارمه‌تیه‌کی ڕێکخراوه‌که‌ی ئیوه بێبه‌شه. ٥) بۆ ناکرێ ژنانی سلێمانی ببه‌نه زاخۆ و هی دهۆک بهێننه که‌لار و هی ئۆردوگای شۆڕش ببه‌نه شه‌قڵاوه و هی ده‌ربه‌ندیخان ببه‌نه قه‌ڵادزێ و به‌م شێوه‌یه. ٦) بۆ تا ئێستا، ساڵانه چه‌ند سه‌د ژنێک له‌وانه‌ی که هیچ ئومێدێکیان بۆ نه‌ماوه تا به‌سه‌لامه‌تی له کوردستاندا بژین، کارتان بۆ نه‌کردووه تا بیاننێرنه وڵاتانی ده‌ره‌وه. بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌گه‌ر کاری جیدی بۆ بکرێت زۆربه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتووی دنیا، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌م ژنانه وه‌ک په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرن و ژیانیان ڕزگار ده‌که‌ن.
19/5/2008
|