١٧\٩\٢٠١١
بۆمباباران و لەشکرکێشی،
یان ترس لە شۆڕش.

عەبدوڵا مەحمود
تائێستا، تۆپباران و لەشکرکێشی جمهوری ئیسلامی ئێران و ڕژێمی تورکیا
بەردەوامەو بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ و بەیانی پەرلەمانی!! کوردستان
سوپا یئێران بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر هاتۆتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و
تورکیاش جگە لە ملهوری سەربازی دەمێکە بارگەی جێخستووە.
دیارە کورتکردنەوەی دەستێوەردانی ئەم رژێمانە بە بۆردومانکردنی ناوچە
سنوریەکان، یان هێرش و پەلامار بۆسەر بارەگاو هێزەکانی پژاک و پەکەکە،
یان هێزە نەیارەکانی ڕژێمی ئێران و تورکیا... بێ ئامانج نییە. چونکە
تۆباران و بۆمبابارنکردن و بەزاندنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها
گۆشەیەک و دیوێکی ملهوڕی نواندنی ئەم ڕژێمانەیە کە نزیکەی ٢٠ ساڵە، ناو
بەناو و لەژێر بیانو پەڵپی بێبنەمادا، ئەنجامی دەدەن.
ئێران و تورکیا، بەبەرنامەوە دەستێوەردانی خۆیان لە وەزعی سیاسی عێراق
بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەست پێکردووە. لەوکاتەوەی ڕژێمی بەعس لە
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەریک خراو پاشان نەخشەی جەنگی و جەنگ لەدژی
بەپاکرا، هەردوو ڕژێمی ئیران و تورکیا، بەمەبەستی بەهێزکردنی ڕۆڵی
سیاسی خۆیان لەناوچەکە و عێراقدا بەنەخشەو لەرێگای جۆربەجۆرەوە ئەم
دەستێوەردانەیان دەستپێکرد. دۆسیەی ململانێی ئەمریکاو ئێران لەژێر ناوی
بەرنامەی هەستەیی ئێران، دەوری ئێران لەپشتیوانی رەوتگەلی ئیسلامی شیعی
لە خوارو ناوەراستی عێراق و رەوتگەلی ئیسلامی سونی لە کوردستان،
تورکیاو ئێران و پیشبرکێیان لە ناوچەکە، مەسەلەی بوونی تورکمان لە
کەرکوک و پێگەیان لە بڕیاری سیاسی عێراق، تا دەگات بە دۆسیەی سیاسی
کوردستان و دۆخی هەڵواسراو کراوەکەی و دەسەڵاتی خۆجێی حزبەکانی
کوردستان... کۆمەڵیک فایلی زنجیرەیین کەوای کردووە عێراق کوردستان
بکەنە مەیدانێکی جەنگی سیاسی و دیبلۆماسی و گۆرەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی
کێشە وململانیی نیوان خۆیان و ئەمریکاو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و
ئابورییەکانیان.
لەو نێوەدا، دەیان بنکەو بارەگایی جاسوسیان لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا،
قوتکردۆتەوە. بە ئاشکرا رەوتگەلی سیاسی سەر بەخۆیان دروست کردووە، یان
کەوتونەتە دەستەمۆکردنیان، وە لە هاوکاری و پشتیوانی حزب و لایەنەکانی
موچەخۆری خۆیان دریغیان نەکردووە بۆ ئەوەی مەئموریەتی ئەم رژێمانە جێ
بەجی بکەن و لەو رێگایەشەوە دەستێوەردانی خۆیان ببەنە پێشەوە.
ئەوەی لە دۆخی ئیستادا دەگوزەرێ، بیگومان زۆر فاکتەری تازەی لەپشتەوەتە.
درێژە کیشانی دورگەی ئاوەڵاو کراوەی کوردستان و نەبوونی ئاسایشی سنوری
بەهۆی نەبوونی ناسنامەی جێگاو ڕیگای حقوقی کوردستان لە جغرافیای رەسمی
ناوچەکەو دنیادا. ململانێ و کێشمەکێشی باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی لەسەر
چۆنیەتی پێکهێنانەوەی قەوارەی دەوڵەتی عێراقی، ناکامی ئەمریکا لە عێراق
و ناچاربوونی بە پاشەکشەی زوربەی هێزە چەکدارەکانی، بوونی فایلی کیشەی
کەرکوک و تورکمان، ئامادەیی رەوتگەلی ئیسلامی سەر بەئێران و رەوتی
باڵادەست و کریگرتەی ئێران لە پیکهاتەی حکومەتی!! عێراقدا" مجلس اعلی
ئیسلامی و رەوتی سەدر و فەزیلەو...، بوونی رەوتگەلی ئیسلامی و ئامادەیی
خۆشخزمەتی پارتی و یەکێتی زوربەی باڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن! بۆ ئێران....
هەموویان زەمینەکان و ژینگەی دەستێوەردانەکانی ئیران و تورکیایان
دروستکردووە.
بە جیا لەوهۆکارانەی سەرەوە دەورەی شۆرش و دۆخێ شۆڕشگێڕانە کە ناوچەکەی
داگرتووە، تازەترین فاکت و بەهێزترین هۆکاری درێژەپێدانی
دەستێوەردانەکانی تورکیاو ئێران و فراونکردنەوەیەتی.
پریشکی شۆڕش و ئاگری توڕەیی جەماوەر لە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان و بۆ
ڕاماڵینی نابەرابەری ئابوری و گەندەڵی... دەوری ئێران و تورکیای
تەنییوە. سوریای دۆست و هاوسێی هەردوو ڕژیمی ئیران و تورکیا و... لە
لێواری کەوتندایە بەدەستی جەماوەری توڕە لە سەرکوت و گرانی و برسێتی...تاد.
دەستپێکردنی شۆرش لە سوریا و بەردەوامی بۆ روخاندنی ئەم رژێمە،
سێڵاوێکە لە تورەیی کە لەگەڵ خۆیدا، شەپۆلەکانی هەرئیستا کەنارەکانی
ئەم رژێمانە دەلەرزێنێ... هێزی تورەو شاراوەی بۆ گۆرانکاری و شۆرش لە
ئێران و تورکیادا... ڕادەپسکێنێ و ئامادەی دەکات و دەیجوڵێنی. ئیران و
تورکیا بەدوای بەرگرتن بە سێڵاوی شۆڕشەدا... وێڵن. وێڵن تا جوڵەکان و
ئامادەییەکان، تا هێزی شاراوە و ئامادەی ڕاسان دەستەمۆ بکەن، سەرنجەکان
و چاوی تیژ سەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بگوازنەوە سەر کێشەو دۆسیەیەکی تر.
ئێران و تورکیا، وەک دوو رژێمی فاشستی دینی و ناسیونالیستی، لە کەنار
ڕاپەرینی برسیەکان و خوازیارانی ئازادیدا کە لەسوریا دەستی پێکردووە،
هاوکات وەکو دوو ڕژێم کە ئامادەنین کیشەی خەڵکی کوردستان بە چارەسەر
بگەیەنن، ناچارن لە دۆخی شۆڕشگێرانەی ئێستای ناوچەکەو دنیادا، لە فەزای
چاوکراوەیی و خۆ هۆشیاری جەماوەری و بەرین بونەوەی تورەیی و نەفرەت و
نارەزایەتی ئۆردوی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناو کارگەو شارەکان،
دەستەمۆی جەنگی سەر سنورەکان و پێکدادنی چەکداری و دەستێوەردانی
ناوچەیی بکەن.
فاکتەکان و زەمینەکانی هەڵسان و ڕاپەرینی دنیای عەرەب و ناوچەکە، لە
تورکیاو ئێراندا ئامادەیی بەرجەستەیان هەیە. سەرکوت و دیکتاتۆریەتی
مەزهەبی ئێران و قەومی و فاشستی تورکی، قوڵبونەوەی قڵشتی چینایەتی
فراوان، کێشمەکێشی باڵەکانی باڵای دەسەڵاتدارێتی ئێران و بۆ رزگارکردنی
دەسەڵاتی ئیسلامی، درزە فراوانەکانی دەسەڵاتی رەسمی دەوڵەتی تورکیا
لەگەڵ دەسەڵاتی سەرکردەو سوپا سالارە خاوەن کودەتا سەربازییەکان،
درێژەدان بە زوڵمی نەتەوایەتی، لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵی و برسێتی و
گرانییەی دەستی ناوەتە بینەقاقای ملیۆنەها ئینسانەوە...تاد، ژینگەی
هەڵسانی ئۆردویەکی ملیۆنی لەدژی ئەم ڕژێمانە سازداوە.
ترس و هەراسی هەردوو ئەم ڕژێمە لە شۆرش و راپەڕینی جەماوەری، مەبنای
جموجۆڵە دژی خەڵکی و ملهوری نواندنی ئەم دەورە تازەیەیە.
چونەسەری ئاستی دەستێوەردانەکانی ئێران و تورکیا و بۆدومان و لەشکرکێشی
سەربازی ئیستا نەک تەنها بۆ پاشەپێکردن بە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی
کوردستان و نارەزاییتیە جەماوەریەکانیان کە لەشارەکاندا قوڵپدەدات، نەک
بۆ دەستەمۆکردنی زیاتری دەسەڵاتی لۆکاڵی یەکێتی و پارتی، نە بۆ
ململانێی لەسەر چۆنیەتی سازدانەوەی دەوڵەتی عێراق و نە بۆ ململانیی
لەسەر قەڵەمرەوی باڵادەستی... بەڵکە لە بنەرەتدا بۆ ئەوەیە کە
دەسەڵاتەکانیان لە مۆتەکەی شۆڕش دوربخەنەوە. ئەو شۆڕشەی لەسەر بنەمای
پچرانی پەتی تەحەمولی ملیۆنی و ئینسانەکانی وێل بەدوای ئازادی و نان و
بەرابەری و لە ژێر کاریگەری شۆڕشی وڵاتانی ناوچەکەدا، خەریکە وەجوڵە
دەکەوێت.
لەشکرکێشی و مانۆرەکانی هەر دوو رژێمی ئێران و تورکیا لە ئاستی دنیا و
ناوخۆ و لەسەر سنورەکان و ... هەوڵ تەقەلایەکی بەنەخشەیانە بۆ بەرگرتن
بەشۆڕش و ڕاپەرین کە ئێستا لە سوریای پاڵ دەستیاندا، شەپۆڵ دەدات.
بێدەنگەی ئەمریکاو غەربیش لەبەرامبەر بەم هێرشانە، نیشانەی
پشتیوانیکردنی ڕاستەوخۆیە لەم هێرشانەو درککردنی هەلومەرجی خەتەرناک و
لەدەست دەرچووی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەورەیەیە. بێگومان
هەرهەوڵێک و هەر مانۆرێک کە بتوانێ فراونبونەوەو بەرین بوونەوەی دۆخی
شۆڕشگێڕانەو شۆڕش، دوابخات یان بەلارێیدا ببات، لەلایەن ئەمریکاو
غەربەوە قابیلی پشتیوانییە.
ناوەڕاستی
سێبتەمبەری ٢٠١١
ماڵپهڕی عهبدوڵا مهحمود
|