په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

بۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.


سەلام عەبدوڵا  


بەوردیی بەیاننامەکەتانم لە 13/5/2010 خوێندەوەو دەستتان خۆش بێت، بەڵام چەندین خاڵی تێدایە کە بەم شێوەی خوارەوە، جێی سەرنج و رەخنەی زۆر جیددین:


1- نەدەبوو خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دژ بە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان وەک(تێکدانی باری ئاسایشی....بۆ لێدانی ئاسایشی نەتەوەییمان...گێرەشێوێن، فەوزا و ئاشوب، پشێوی نانەوە و نەهێشتنی ئەخلاق و ژیان و گوزەران و ئەمنییەتی هاوڵاتیان بخەنە مەترسییەوە....)وەسف بکرێ. خۆپیشاندانەکان، نیشانەی بەرزبوونی ئاستی هوشیاری سیاسی و ئینسانی گەلەکەمان دژ بە دیاردەی تیرۆرەو ئەم مافە لەسەردەمی رژێمی فاشیستی بەعس، قەدەغەبوو و سزای قورسی لەسەر بوو. هەروا لە زۆربەی وەڵاتە دیموکراتەکان بە سەدان خۆپیشاندان، وتار، کاریکاتۆر دژ بە بەرپرسانی یەکەمی وەڵاتەکانیان و حزبەکانیان رێکدەخرێت، بەبێ ئەوەی بەو شێوانە وەسف بکرێن!


زۆربەی حزب و گروپ و کۆمەڵەکان لە ناڕەزایەتییەکان بەشداریان کرد، کەچی لە بەیاننامەکە بەشێوەیەک پێناسە کراون وەک بڵێی لەلایەن(گۆڕان)ەوە رێکخراون. بۆ نموونە رێکخستنی ناڕەزایەتی ناوبراو لە خانەقین و کەلار لەلایەن چەندین حزب و لایەن و سەندیکاوە رێکخران و زۆربەی بەشداربووانیشیان سەر بە گۆڕان نەبوون و خەڵکانی زۆر دژ بە گۆڕان رێکیان خستبوو و بەشداریان تێدا کردبوو.


2- بەیاننامەکە بەشێوەیەکی زۆر دواکەوتوو و ناشرین بە زمانی هەڕەشەو چاوسووردنەوە نووسراوە کە بێجگە لە دڕندەکانی بەعس و قاعیدە، نە پارتی و نە هیچ هێزێکی تری پێویستی پێ ماوە. بۆ نموونە نووسراوە(جەماوەری خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم پیلانە و داڕێژەر و ئەنجامدەرانی لە گۆڕ دەنێین و وڵات و ئەزموونەکەمان جارێکی دیکە رووی گەشی خۆی نیشانی دۆست و نەیارانمان دەداتەوە).


لێرەشدا نەدەبوو وشەی(لە گۆڕ دەنێین)بەکاربهێنرێت و بەهەمان شێوە نەدەبوو بنووسن(جا ئەگەر زوو دەستی رەشی نەگریسیان نەبڕینەوە، لەو بڕوایەداین کارو کردەوەی دڕندەتریشیان لە بەرنامەیە).


لە بەیاننامەکە باس(لە نەهێشتنی ئەخلاق) دەکات!


کامە ئەخلاق؟


- زیادبوونی بێکاری، بێ ئەخلاقییە
- جیاوازی شێتانە لە نێوان داهاتی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان، بێ ئەخلاقییە.
- بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان، بێ ئەخلاقییە.
- سزانەدانی ئەوانەی بەشودانی کیژۆڵەی13و14و15ساڵانە، بێ ئەخلاقییە.
- نەبوونی مافی بیمەی کۆمەڵایەتی، بێ ئەخلاقییە.
- دیاردەی نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت بۆ پارەدارەکان، بێ ئەخلاقییە.
- ناچارکردنی مرۆڤ بە شاردنەوەی هەست و سۆزی راستەقینەی، بێ ئەخلاقییە.
- گەندەڵی، بێ ئەخلاقییە....هتد


مەکتەبی سیاسی بەو بەیاننامەیە بارودۆخەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز و بەرەو خراپی برد و بەڕاستی هەڕەشەیەکی جدییە لە دەستکەوتەکانی راپەڕینی سەرکەشی1991، واتە دەستکەوتنی مافی خۆپیشاندان، ئازادی بیروباوەڕ و مانگرتن. دەبێ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی خاوەن دەسەڵات و هێزی سەربازی و ئەمنی و دارایی باش بزانێت کە لەداهاتووشدا خەڵکی کوردستان ئەو مافە سەرەتاییانە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ هاتووە، خۆپیشاندان و مانگرتن دژ بە دیاردەی بێکاری، هەژاری، ناعەداڵەتی، رێکدەخەن.


ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، بازاڕی ئازاد، کەرتی تایبەت هەڕەشەن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و هۆی ئاشوب، فەوزان، نەک ئیعترازی جەماوەری دژ بە تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس و نووسەران.


ئایا حەق نییە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنە لە بەیاننامەکەی خۆیان بگرن و داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکەن؟!


لەبەیاننامەکە مافێکی سەرەتایی بە درووستی نووسراوە(هەموو ئەوانەی لەو ماوەیەی رابردوودا بوختانیان بە دام و دەستگا ئەمنییەکانی هەرێم و بە پارتیمان کردووە و بە بێبەڵگە و هەروا لە خۆڕا، تۆمەتباریان کردووین، راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەلدا دەکرێت). ئەمە پەیڕەوکردنی ماددەی 8ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە(هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە پەنا بباتە بەر دادگا نیشتمانییەکان بۆ ئەوەی مافی خۆی وەربگرێت لە کاروبارێکدا دەستدرێژی لەسەر ئەو مافە سەرەتاییانە کراوە کە یاسا پێی بەخشیوە.) مەکتەبی سیاسی مافی خۆیەتی حزبەکەیان بە بێتاوان بزانێ و ئەو نووسراوانە لە دژی نووسراون، بە(بوختان)بزانێ تا دادگایەکی دادپەروەرو سەربەخۆ بڕیاریان لەسەر دەدا.


نەگبەتییەکە ئەوەیە بەیاننامە هەموو خۆپیشاندان و نووسراو چالاکییەکان بە پیلانگێڕی ناودەبات!


ناکرێت بە تیوری(پیلانگێڕان)کار بکرێت.


یاسا سەروەرە، نەک فڵانە یان فیسارە حزب و کەسایەتی و بەرپرس!


ئایا حەق نییە ئیتر ئەو جۆرە زمانە کە بەیاننامەی ناوبراو پێی نووسراوە، وەلابنێین و تەواوی سەروەری و رێز و حورمەت بۆ یاسا بگەڕێتەوە؟!


نە هەڕەشەکردن، نە دەستبڕین، هیچ پەیوەندییەکیان بە سیستێمی دیموکراسییەوە نییە، چ جا ئەگەر لەبەرامبەر خۆپیشاندن دژ بە تیرۆرکردنی رۆژنامەس سەردەشت عوسمان)بەکاربهێنرێن.


هیوادارم برایانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی تر چاو بە بەیاننامەکەیان بخشێنن و لەبریدا بەیاننامەیەکی تر بنووسن، بەڵام بە روحی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و دوور لەگشت شێوە هەڕەشەکردن و چاوسوورکردنێک و ئەوجا هیوادارم ئەم رەخنانەش بە مانای(پیلانگێڕان و رقوقینەو دەستی رەش...تد)لێی تێنەگەن!


بژی مافی ئازادی خۆپیشاندان، مانگرتن و بیرباوەڕ!
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا