په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠١٢

بۆ مەرگی دانا جەمال، دەسەڵات و خەمی خوێندکار و خوێندنگا!!
 

شێرزاد فاتح


ڕۆژی شەممە بەرواری ١٣ی ئوکتوبەری ٢٠١٢ هەواڵێکی دڵتەزێن ڕایچڵەکاندین، دیوارێکی قوتانخانەی ئامادەیی ئالان لە هەڵەبجەی تازە، بەسەر چەند خوێندکارێکدا ڕوخاوە ، سەرەنجام بەداخەوە دانا جەمالی تازە لاو و دڵپڕ لە هیوا بووە قوربانی بێدەربەستی دەستەی بەڕێوەبەری خوێندنگا و پەروەردەی شارەزوور.


زۆرجار ڕووداوە سروشتییەکانی ناوچە جیاجیاکانی دنیا لە جۆری بوومەلەرزەو لاوفا و، یانیش باری دەروونیی خراپ و ناجێگیری کەسێک بووەتە هۆی بە بارمتە گرتنی ژیانی خوێندکاران و کەوتنەوەی کارەسات و گیان لەدەستدانی خوێندکاران. کەخۆشبەختانە تا ئێستا لە کوردستان هیچکام لەو ڕووداوانە ڕووینەداوە، بەڵام لەبەرامبەردا بەداخەوە ئێستا لە کوردستان لە سایەی دەسەڵاتێکی گەندەڵدا، لاوەکانمان دەبنە قوربانی کەمتەرخەمی دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.


بە چاوپێخشانێکی خێرا بەسەر هەلومەرجی قوتانخانەکانی کوردستاندا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەمڕۆ هیچ هەلومەرجێکی سەلامەتی و تەندروستی لە بەشی هەرە زۆری قوتابخانەکانی کوردستاندا بەدی ناکرێت، نەک هەر لە گوندو شارۆچکەکان، بەڵکو لە شارە گەورەکانیشدا، خۆێندکاران لەگەڵ هەمان هەلومەرجدا ڕووبەڕوون ودەستوپەنجە نەرم دەکەن، قوتابخانەی هەولێری نموونەیی یەکێک لەو نمونانەیە، کە بەڕاستی مایەی شەرمەزاری دەسەڵاتێکە کە ناتوانێت پێداویستییەکانی منداڵان و لاوەکانمان دابین بکات و خۆی بەبەرپرس بزانێ بەرامبەر بە ژیانی هاوڵاتییەکانی.


ئێمە لەسەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵمان بۆ خێزان و کەسوکاری دانا جەمال و هاوڕێ و هاوپۆلەکانی، پەروەردەی شارەزوور و دەسەڵاتدارانی کوردستان بە بەرپرس دەزانین لە پاراستنی سەلامەتی خوێندکاران و دابینکردنی خوێندنگای ئامن و بینای گونجاو بۆیان، لە هەمانکاتدا پشتیوانیی تەواو لە داخوازییەکانی خوێندکارانی ئامادەیی ئالان دەکەین.


سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵان

www.childiraq.com 
Sherzad.fatih@gmail.com

 

ماڵپەڕی شێرزاد فاتح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک