په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٢\٢٠١٨

بۆ مووچە نادەن؟


عەلی مەحمود محەمەد  


لەو رۆژەوەی دەستەواژە گرنگەكەی ترۆتسكی ''كەم لە سیاسەت، زۆر لە ئابووریی''م خوێندۆتەوە ، لەو كاتەوەی گەلحۆیەكی وەك بۆشی باوك نەیزانی ئابووریی سەری كورسییەكەی لە بەرامبەر كلنتۆن دەخوا، دەزانم شیكاریی ئابووریی و ژمارەكان چەندە گرنگن و سووكانی سیاسەتیشى بە دەستەوەیە، بۆیە چۆن بیركاریی سەردەمی قۆناغی سەرەتاییم لەبەربوو، ئاواش دروستی ژمارەكان لام پیرۆزە، دەزانم وردە سیاسییەكانی سەر شاشەكان بە ئارەزووی خۆیان ژمارەكان بەكاردەهێنن، چۆنیان بوێت ئاوای دادەڕێژن، حكومەتەكەش هێندە گەندەڵە ناتوانێ وەڵامیان بداتەوە.

 

بە كورتیی دەزانم نەوت لە مانگێكدا هەر چركەیەك نرخەكەی دەگۆڕێت، ئەوەش دەزانم نەوتی كوردستان لە بەهەشتەوە نابارێت تا باشی باشەكە بێت و بە نرخی ستانداردی برێنت لە بازاڕ بفرۆشێ، دەشزانم كوردستان هەرێمێكە و بەس و نەوتەكەی لە مەزادی بازاڕدا بە هەرزانتر دەفرۆشێ، چاكیش دەزانم نەوت تا دەگاتە سەر زەوی لەم كوردستانە ١٣ بۆ ١٤ دۆلار تێچویەتی و ناردنیشی بۆ سەر ئاو پارەی ترانسفێری دەوێ، توركیاش ئەوەندە مرۆڤدۆست نییە لەبەر خاتری كوردان لەو بەشەی خۆش بێ، ئەوەش دەزانم نەوت بهاتبایەتە خوار ٢٣ دۆلارەوە دەرهێنانی زەرەرە لە كوردستان، با زۆر سەرتان نەیەشێنم هەموو ئەوانە دەزانم، لە بەرچاویشمە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بەرهەمهێنانی نەوت لە ٦٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە، وەلێ دوای هەموو ئەمانە و پرسیاری زۆری دیش مافی خۆمە پرسیارێك بكەم بۆ مووچە نادەن؟ بۆیە پرسیار دەكەم چونكە دەزانم بایی مووچە داهاتی نەوت هەیە، چونكە داهاتی نەوتەكە ئێستا زیاترە لەو كاتانەی نەوتی برێنت لە بازاڕدا ٣٠ بۆ ٤٠ دۆلار نرخی بوو بە حیساب و كیتابی بیركارییانە نەك هاتوهاواری سەر شاشەی سیاسیانە، لەو كاتەی بە ٤٠ دۆلار بوو نەك ٢٧ و ژمارەكانی دی، مانگانە نزیك ٣٤٠ ملیۆن دۆلار دەمایەوە، ئێستا لانی كەم ئەگەر ٤٠ دۆلار سافی بمێنێتەوە لە بەرمیلێك لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە نرخەكەی لە ٦٣ دۆلار نەهاتۆتە خوار، ئەوا داهاتی ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە، من باسی دزی و فزییەكان ناكەم ژمارەی فەرمییەكان شیكاریی دەكەم، ئەگەر ئەو كات حكومەت مانگانە چارەكە مووچەكەی دابێ، خۆ ئێستا دوای بایۆمەتری دەتوانێ هەمان مووچە بداتەوە، وێڕای ئەوەی سنووری جوگرافیای حكومەت بچووك بۆتەوە و بەمەش خەرجییەكانی كەمبۆتەوە، با بیكاتە ٣٤ رۆژ جارێك بە پێوەرە كۆنەكەی خۆی، وەلێ ئەوە ٧٥ رۆژە مووچەی نەداوە بە خەڵك.

 

ئێستا ئەگەر باسی پارە دزراوەكان و زەوییە تاڵانەكان و شتی وا نەكەین، مافی خۆمان نییە داوا بكەین كوا مووچە؟؟؟ ئەوەی بۆم دەركەوتووە حكومەت قۆناغ بە قۆناغ دەمانباتەوە بۆ بارودۆخی ژیانی ساڵی ١٩٩١ بەدواوە، هەموو ئاسۆیەکی ژیانێكی باشتری لە جەستەی خەڵكدا بە پرۆسەیەكی چەند ساڵە كوشت، هەموو ناڕەزایەتییەكی ئابووریی هاووڵاتیانی لە شەڕی كورسییەكانی حیزبەكاندا سوتاند، ئەگەر مووچە دەنگی بۆیان كۆكردبێتەوە، ئەوا لە داهاتوودا هەر خودی مووچە كورسییەكان دەسوتێنێ.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک