١٤\٩\٢٠١٢
بۆ نابین بە
دەوڵەت؟!

ستار محەمەد قادر
رەنگە ئەم پرسیارە باشترین دەلاقە بێت بۆ ئەوەی لە سۆنگەیەوە قسە لەسەر
ئەو ئیشکالیەتە رۆحیە بکەین وا
سیاسەتمەدارانی کورد دەربارەی پرسی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت
هەیانەو هەر یەکەیان بە دیدێکی جیاواز مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن، بەرای
من هۆکارە زاتیەکان زیاتر لە هۆکارە مەوزوعیەکان ریگری لە بەرجەستە
کردنی ئەو خەونە دەکەن، لە بەر ئەوە ئێمەی کورد خاوەن کیانێکی یەکگرتوو
نیمان بۆ ئەوەی دەست و پەنجە لە گەڵ پرۆسەی گۆڕانکاریەکاندا نەرم بکەین
و لە کات و ساتی خۆیدا هەلەکان بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان بقۆزینەوە،
هەر چەندە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ، تا ئێستا خاڵێکی جەوهەری و لاوازە
لە هەموو کایە مرۆییەکاندا بە ئاشکرا بە رووخسارمانەوە دیارە، بەڵام
هێندێک موجامەلەی ئەو حاڵەتە دەکەن و لێی را دەکەن؟!
ئەگەر لاپەڕەکانی مێژوو هەڵبدەینەوەو بمانەوێت سوودیان لێ ببینین،
ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە، کورد لە هاوسەرگیریی سیاسیدا هەرگیز
مۆفەق و سەرکەوت و نەبووە، بۆیە کاتێک دەسبەرداری بیرۆکەی درووستکردنی
دەوڵەتی سەربەخۆ دەبێ و داوای دیمۆکراسیەت دەکات، دەبینین بە شێوازی
جیاواز لە لایەن دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانەوە ئەو داوایەی
رەتدەکرێتەوە!
کورد ئەزموونێکی تاڵ و دژواری لە گەڵ پرۆسەی داگیرکاری و دابەشکردنی
خاکی کوردستاندا هەیە، وڵاتە داگیرکەرەکان، کوردێکیان دەوێت بێ ماف و
پاسیڤ، ئەوان هەمیشە بە چاوی رەعیەتەوە لە کورد دەنواڕن، هیچ جۆرە
بوارێکیان بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە نەهێشتۆتەوە، بەردەوام لە هەوڵی
ئەوەدان زوبانی دایەلۆگ پەراوێز بخەن و بە ئاگرو ئاسن و چاو
سوورکردنەوەو پیلان وەڵامی داوا رەواکانمان بدەنەوە، ئەمەش هۆکارێک
بووە بۆ ئەوەی کورد لە رێی شۆڕشەوە بەرگری لە ناسنامەی خۆی بکات، راستە
ئەمڕۆ هاوکێشە سیاسیەکان گۆڕاون، بەڵام ئایا ئێمە توانیومانە بە
رەوڕەوەیەکی تەندرووستدا بیانبەین؟!
لێرەدا دەتوانین ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئایا سیاسەتمەدارانی کورد
باوەڕی تەواویان بەوە هەیە کە کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە؟! وا بزانم
ئەگەر بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویست بەوە ناکات مامەڵەی
" نیو " نەتەوە لە گەڵ کیانی خۆیدا بکات، زەروریە بڕیاری حاسیم و
یەکلایکەرەوە بدات، چونکە ئەگەر کورد خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆوە
دەبینێت، چۆن دەتوانێت بە میکانیزمی عێراقێکی دیمۆکرات و فیدڕاڵ ئەو
خەونە لە واقیعدا بەرجەستە بکات؟!
ئەگەر بڕوای تەواومان بە سەربەخۆیی خۆمان هەیە، ئەوا دەبێت دەسبەرداری
ئەو هاوسەرگیریە سەپێنراوەی مێژوو ببین، چونکە کاتی دابەشکردنی خاکی
کوردستان هیچ جۆرە راوێژێک بە کورد وەکو نەتەوەیەک نەکراوە، ئەگەریش
بارگاوین بە گومان، دەبێت لەوە دڵنیا ببین بە نیو باوەڕەوە هیچ جۆرە
ئامانجێکی نەتەوەیی بەدیناهێنین، کاتی ئەوە هاتووە کورد خۆی بۆ ئەوە
ئامادە بکات، یان دەبێت بە فیعلی دەسبەرداری بیرۆکەی درووستکردنی
دەوڵەت ببێت، یانیش ئازایانە بڕیاری لەسەر بدات، ئەگەر بەم بەشەی
ئێستای رازییە، پێویستە گوزارشت لە رازیبوونەکەی بکات، ئەگەریش ناڕازیە،
دەبێت بیر لە رێگا چارەی دیکە بکاتەوە؟!
سەرکردایەتی کورد دەبێت باش ئەو راستیە بزانێت، کاتێک ئەوان
جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن بە بەهانەی مانەوەمان لە چوار چێوەی عێراقدا،
ئەوان رێگا چارەی نیوەیان کردووە بە مژارو لە نیوەی رێگادا راوێستاون و
نیو خەونیان هەیەو بە نیو هیوا رازین، ئەوان دەبێت کاتێک قسە دەکەن، بۆ
بواری پراکتیکی قسەکانیان تەرجەمە بکەن، ئەگەر هەر بڕیارێکیان دا،
دەبێت تا کۆتایی بەرگری لێ بکەن، چونکە نە قسە کردن دەمانگەیەنێت بە
ئامانج و نەش وسکووت بوون کێشەکانمان چارەسەر دەکات، پێویستە
دەسبەرداری بیرۆکەی نیوە ببین، ئەگەر دیمۆکراتیزە کردنی عێراق لە
خەونێکی شاعیرانە زیاتر هیچی دیکە نیە، پێویستە رەفزی عێراقێکی پڕ لە
ئیشکالیەت و دژوار بکەین، لە بەر ئەوەی نیوەی رێگاکە نامانگەیەنێت بە
هیچ شوێنێک، هەر وەکو بیرۆکەی نیوە نامانگەیەنێت بە هیچ دەرەنجامێک،
ئێمەی کورد نەتەوەیەکین وەکو هەموو نەتەوەکان، مافی خۆمانە بڕیار لەسەر
چارەنووسمان بدەین، ئەگەر لەوەشدا نیوەین، ئەوا نیوە گوزراشت لە
لاوازیی و بێدەسەڵاتی نەتەوەیەکی پاسیڤ دەکات، ئەمەش لە گەڵ واقیعی
میللەتێکدا ناگوونجێت، کە ئەنفال و کیمیا باران و تەعریب و تەبعیس
نەیتوانیبێت بۆ ساتێکیش چۆکی پێدا بدات، سەرکردایەتی کورد لە چی سڵ
دەکاتەوە، ئەوان باش ئەو راستیە دەزانن، ئەگەر راپرسی بۆ پرسی دەوڵەت
بکرێت، بە خوێن پاڵپشتی دەکرێن، ئایا ئەو مافە بۆ کورد بە رەوا نابینن؟!
کەواتا دەکرێت لێرەوە لە خۆمان بپرسین، ئایا ئێمە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی
خۆمان را ناگەیەنین و بۆ نابین بە دەوڵەت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|