په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٩\٢٠١٠

بۆنە هونەریی ‌و ئەدەبییەکان.


فه‌ره‌یدون سامان 


ساڵانە بەر لەسازدانی ئەو هەموو سیمینارو فێستڤاڵانەی کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بەبۆنە هونەری‌و ئەدەبییەکان سازدەدرێن‌و پارەیەکی قەبەشی بۆ تەرخاندەکرێت، شوکر خەڵکێی زۆری کوردو دۆستانی غەیرە کوردیش بانگهێشت دەکرێن، سەرەنجام مرۆڤ دەگاتە ئەو دەرەنجامەی لەسازدانی ئەو جۆرە سیمینار و فێستڤاڵانە هێندە زەرەر دەکەین بەرامبەر قازانجێکی کەم کە چەند کەسانێک (کە گشت دەرفەتێکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووەو توانستە ماددی‌و مەعنەوییەکانی حیزب ‌و حکومەتیشان بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەگەڕ خستووە) ئەگینا تائێستا وێڕای دەست بەتاڵی رۆشنبیری کوردیی شتێکی ئەوتۆی لێ شین نەبووەو، هەر بۆ نموونە زۆربەی ئەوانەی کە وەک رادەسپێردرین بۆ هەڵسەنگاندنی دەقە ئەدەبییەکان یان بابەتە هونەرییەکان خەڵکانی شارەزاو پسپۆرنین، تاچەند دوور لەمەزاجی شەخسی‌و فشاری ئەم‌ و ئەو... پشت بەمیتۆدە رەخنەییە ئەکادیمیەکان دەبەستن کە بێلایەنانە ئیش لەسەرئەو دەقە داهێنراوە ئەدەبیانە یان کارە هونەرییانە دەکەن، چونکە لەڕابردوو لە هەر بۆنەیەکی ئاوادا بە دانپێدانی زۆر لەو بەشداربووانە کە بۆچوونەکانیان لەڕۆژنامەو گۆڤارەکانی (تەنانەت هی خۆیان)دا بڵاوبوونەتەوە، بەشداربووان هەمیشە رووی گلەییان لەو لێژنانەی هەڵسەنگاندن بووە کە ناهەقییان بەرامبەر بەدەقەکانی وانکردووە، بەرامبەر بەوەش نووسەری زۆر ئاسایی‌و بەدەقی زۆر ساکارترەوە خەڵاتکراون، پێم وایە بەڵگەکان هێندە زۆرن‌و لەبەردەستن ئەگەر خوێنەر بیەوێ دەکارێ بەئاسانی بکەوێتە بەردەستیان، پرسیار لەوەدایە میتۆدو رێبازە رەخنەییەکان دەبن بەسەنگی مەحەکی هەڵسەنگاندنی کارێکی هونەری و دەقە ئەدەبییەکان، یان مەزاجی کەسێک‌و شارچێتی‌و ناوچەگەرێتی پێوەرن بۆ پەسندکردنی هونەرمەندێک یان نووسەرێک نەک دەقێکی ئەفرێنراو.


ئیدی گرنگ نییە بەقەد ئەوەی چۆن ساڵانە فێستڤالەکان سازدەدرێن، با لەفشەش فشەتربن، وەلێ بە بۆچوونی خۆیان‌و کارگێڕانی فیستڤاڵەکە بەسەرکەوتوویی بەئەنجام گەیشتووە، چونکە لێرەو لەوێ لەتاران و لەبەغدا، چەند نووسەرو ئەدیبێکی پلە سێ‌وچوار بانگهێشت دەکەن، کە دڵنیام هونەرمەندو ئەدیبە ناودارو داهێنەرەکان ئەو جۆرە فشانەیان قبوڵ نییە.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدون سامان