٢٥\٦\٢٠١٤
بیرەوەریی
گەریلایەکی پەکەکە:
بۆنی مەرگ
لە هەموو لایەکەوە دەهات!

موراد تورک |
وەرگێڕانی: رێبوار
|
لەگەڵ دەنگی تۆپ و گوولە هاوانەکاندا لەناو
دارستانەکەدا دووکەڵێکی ڕەش ئەوەندەی ناوقەدی دارێکی بە
تەمەن بەرزدەبۆوە، شەوێکی نوتەک و بەفران باربوو، جەندرکەمانی
دوژمن ئەوەندە شەکەت و ماندوو ببون کە بەیەک ڕیز لەناودارستانەکەدا
ڕێیان دەکرد بەدوای یەکدا لەسەرخۆشێکی نیوە شەویان دەکرد بە چەپ و
ڕاستدا دەهاتن و دەنگ و ناڵەیان دەگەیشتە ئەو شوێنەی کە ئێمە خۆمانمان
لێ مەڵاسدابوو ، گورزێکی باش لە هێزی دوژمن وەشێنرابوو بەم شێوەیە دوا
یەکینەکانی هێزی دوژمن پاشەکشێیان دەکرد ، هێواش .. هێواش دووکەڵە
ڕەشەکە ئاسمانی سەر دارستانەکەی دادەپۆشی ، هێشتا کات مابوو بۆ ئەوەی
بەباشی دونیا تاریک دابێت ، کڕێوەی بەفر وەک ئەو پەپولانە بوون کە
دانسی مردنیان دەکرد ، دوایش هێواش.. هێواش لەگەڵ ئەو دانسەدا
دەگەیشتنە سەر لاشەی جەندرمە کوژراوەکان و دایاندەپۆشین ، ئەم چالاکییە
دوا هەمین چالاکی ئەم شەڕەبوو کە چەند ڕۆژێک بوو بەردەوام بوو هەربۆیە
ئەم چالاکییە قەدەری ئەم شەڕەی پێنیشان دەکرا ، بەڵێ ئێستا ئەوکاتە بوو
کە دەست بوەشێنین لەم گرووپە جەندرمە بریندارە و پەرتوبڵاوەی سوپای
تورک ، من دڵنیام هەرگیزاو هەرگیز ئەمەیان لەبیر ناچێتەوە ، بەڵام
ئەو گرووپە لەوە
دەچوو کە نیازیان نەبێت لە شوێنێکدا
بحەوێنەوە، بەرەو تارمایی دارەکان بە خێرایی
دوور دەکەوتنەوە ، دوای ماوەیەکی کەمی تر
ئێمە بەرەو ئەو شوێنە ملمان نا کە دووکەڵە ڕەشەکەی لێ بەرزدەبۆوە ،
کەوتبوینە دوای شوێن پێیان ، تارمایی دارەکان کە کڕێوە بەفریان بەسەردا
دەباری وەک دێوزمە بوون بۆ ئێمە ، ئێمە گەیشتینە ئەو شوێنەی کە گوولە
هاوانێکی لێتەقیبۆوە و هێزی دوژمن پاشەکشێیان لێکردبوو لەپاش خۆیان
برینپێچی خوێناوی و فیشەکیان بەجێهێشتبوو ، ئەو شوێنانە پڕبوو لە لاشەی
کوژراوی جەندرمەی تورک ، پرشی خوێن بە هەموولایەکدا پرژابوو ، ئەو
چاڵەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەی گوولە هاوانێکەوە هاتبووە ئاراوە ئێستا
ببوو بە مەنزڵی ئێمە ، بەسەرماندا لەگەڵ دووکەڵی ڕەشدا بەفر دەباری ،
لەناکاو گوێمان لە دەنگێک بوو سەرمان هەڵبڕی ، قەلەڕەشکەیەک لەناو
لقەکانی دارەکەی بانسەرمانەوە قیڕەیەکی کردوو هەڵفڕی ، کاتێک دەنگی
شەقەی باڵی قەلەڕەشکەکە لە گوێمان دوور کەوتەوە من تەماشای فڕینی
باڵندەکەم نەکرد بەڵکو تەماشای کۆتایی ئەو توولە ڕێگایەم دەکرد کەلە
دارستانەکەوە دەچووە دەرەوە ، گرووپە پەرێشان و زامدارەکەی هێزی دوژمن
ڕێیان دەکرد.
ئەو گەریلایانەی لەژێر فەرماندەیی مندا بوون نەیاندەزانی لەم حاڵەتەدا
کەچی بکەن ، ئاماژەم بۆ چەند هەڤاڵێکم کرد
کە زۆر بە هێواشی بەدوایاندا بچن، بێگومان
لەناو بەفرداو لەو ڕەوشەدا نەدەکرا بەخێرایی هەنگاو بهاوێژرێت و پێش
لەم یەکینەیەی دەژمن بگیردرێت ، بەڵام بۆ چاودێری کردنیان پێویست بوو
کە ناوبەرێکی کەممان لەگەڵیاندا هەبێت ، من دڵنیا بووم لەوەی کە ئەم
گرووپەی هێزی دوژمن زۆر لێمان دوور ناکەونەوە ، هێواش .. هێواش دونیا
تاریک دەبوو، بەفر و ڕەشەبا لەزیاد بوندابوو ، من سەرەرای ئەوەی هەموو
گریمانە و مەترسییەکم لەچاو گرتبوو وە بڕیارمدا بوو کە ئەم شەو ئەم
گرووپەی هێزی دوژمن لەناو ببەین ، بە هەڤاڵانم گوت کە لەو خانووە بچوکە
چاوەڕێ بکەن کە دار بڕەکان بە لق و پوشوپەڵاش لە ناو دارستانەکە
دروستیان کردبوو.
هەڤاڵان کەوتنە ڕێ، دوای ماوەیەکی کورت یەکێک لە هەڤاڵانم بەڕاکردنەوە
گەڕایەوە لامان پێی گوتین " گرووپەکە لەگەڵ بریندارەکانیان خۆیان کرد
بە خانووە بچکۆلەکەدا " بەڵێ ئەمە هەواڵێکی خۆش بوو ، ماوەیەک قسەم
نەکردوو گوێم بۆ ترپەی دڵی دارستانەکە ڕاگرت ، ئەم خانووە هەر نیو
کاتژمێرێک لێمانەوە دوور بوو دەبوایە ئێمە بچوینایەتە ئەوێ و هێرشمان
بکردایەتە سەر هێزی دوژمن و هەموویانمان لەوێ لەناوببردایە ، ئەم
بۆچونەم بۆ هەڤاڵانم هێنایە زمان و ئەوانیش بەم بڕیارەم کەیف خۆش بوون
، پێیانم گوت "راوەستن با جەندرمەکان بەتەواوی لە خانووەکە جێگیر ببن و
ترس و مەراقیان کەم بێتەوە و دڵنیا بن لەوەی کە کەس بەدوایانەوە نیین
ئینجا ئەچینە سەریان".
لە نیوەی شەودا زۆر بە هێمنانە و زۆر ووریایانە بەرەو خانووەکە کەوتینە
ڕێ ، ئێمە بە تولەڕێکەدا ڕێمان نەکرد بەڵکو بە لێواری دارستانەکەوە
دەچوینە پێشەوە ، سەرەرای ئەوەی بە فرێکی زۆر دەباری و ڕێگریش بوو لە
خێراییمان بەڵام شوێنەکە دوور نەبوو کە پێی نەگەین ، زوو گەیشتینە
شوێنی مەبەست ، بەدەم بۆنی دووکەڵەوە چاومان کەوت بە خانووە
پوشوپەڵاشەکە .لەبەردەم خانووەکە سەربازێکی ئێشکگر ڕاوەستا بوو ،
ئاگرەکەی ناو خانووەکە لە درزی دەرگاکەوە بەدیدەکرا ، ئێشکگرەکە
هەندێکجار تفەنگەکەی دەکردە نێوان قاچەکانێوەی و دەستەکانی لەیەک
دەخشاند و گەرمیانی دەکردەوە و تەماشای چەپ و ڕاستی خۆی دەکرد .
ئیشارەتم بۆ هەڤاڵان کرد کە ئامادەبن و زۆر بە هێمنانە بە چواردەوری
خانووەکە سوڕاینەوە و خۆمان گەیاندە پشت خانووەکە ، بەقەد بەرزایی
ژوورەکە پەنجەرەیەک هەبوو بە خشکە هەڵگژام و لە پەنجەرەکەوە تەماشای
ناو ژوورەکەیانم کرد ، هەڵمێکی گەرم دای لە دەموچاوم هەروەها بۆنی
داودەرمان هات بەلوتمدا ، لەو ژوورەدا ٦ سەرباز لە چواردەوری ئاگرەکە
دانیشتببون کە یەکێکیان بریندار بوو ، ئەوەی سەرنج ڕاکێشەر بوو ئەوەبوو
کە هەمووشیان تەماشای ئاگرەکەیان دەکرد ، سەربازێکیان چڵێکی خستە ناو
ئاگرەکەوە و دوایش دەریهێناو جگەرەکەی پێ داگیرساند ، دوای ئەوەی چەند
قومێکی دا لە جگەرەکەی و بەباشی دایگیرساند ئینجا جگەرەکەی کردە دەمی
سەربازە بریندارەکەوە ، ئەویش وەک منداڵێک کەوتە مژینی جگەرەکەی ، ئەم
بریندارەیان چاوێکی و نیوەی سەری بە برینپێچ بەسترابوو ، لەگەڵ هەر
مژینێکی جگەرەکەی تەماشایەکی بنمیچی ژوورەکەی دەکرد ، لەوەدەچوو کە
هەستی بەبوونی من کردبێت ، لەناکاو وورتەورتێکی کرد وامزانی منی بینیوە
و بەسەربازەکانی تر دەڵێت لە ڕاستیدا هەندێک شڵەژام.
سەربازێکیان گوتی " شارلۆ گۆرانییەکمان بۆبڵێ " شارلۆش گوتی " جگەرە
دەکێشم وازم لێبێنە " سەربازێکیان بەدانەکانی نینۆکەکانی دەقرتاند ،
یەکێکی تریان ئاگرەکەی خۆشدەکرد ، سەربازە ئێشکگرەکە سەری هێنایە
ژوورەوە و گوتی " زۆرساردە بایەکێکی تر ئێشکبگرێت " سەربازێکیان بە
دەنگێکی گڕ وەڵامی دایەوە پێی گوت " گۆڕینی چی ماوەی ١٠ خولەکێکە لە
دەرەوەی جارێ ماوتە بڕۆ دەرەوە " ئێشکگرەکە گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی ،
جەندرمە بریندارەکە کە ناوی شارلۆ بوو بەسەربازێکی تری گوت " دکتۆر
چاوم ئاخ چاوم " دکتۆرەکەش پێی گوت " بابگەینە شوێنی خۆمان شارلۆگیان
چاک دەبیتەوە لەجارانیش باشتر دەبیت " بریندارەکە جگەرەکەی تەواو
کردبوو هەربۆیە دووبارە گوتی " جگەرەیەکم بەنێ قاچەکانم خەریکن سارد
دادەگەڕێن کوا جگەرەیەکم بەنێ " یەکێک لە جەندرمەکان گوتی " ئەو
پەنجەرەیە داخەن " جگەرەیەکیان کردە دەمی شارلۆنەوە ، سەربازێکیان
هەڵساو بەرەو من هات ، سەرم نەوی کردەوە ، کڕێوەی بەفر لە پەنجەرەکەوە
دەچووە ژوورەکەوە ، دەنگی پێی سەربازەکە لە من نزیک دەبۆوە ،
پەنجەرەکەی داخست ، بەفر هێواش .. هێواش پەنجەرەکەی دادەپۆشی ، لەناکاو
دەستێک خرایە سەرشانم ، کە ئاوڕم دایەوە تەماشامکرد یاریدەدەرەکەم بوو
بەدەنگێکی گڕ پێی گوتم " چاوەڕێی چی دەکەین با لێیان دەین " ئێمە
چواردەوری خانووەکەمان گرتبوو ، ٢ گەریلام لە شوێنێکی گونجاو لە نزیک
دەرگاکە جێگیرکرد ، کە ویستیم بگەڕێمەوە لای هەڤاڵان لەناکاو تیشکێک لە
دەموچاومیدا ، تەماشایەکی ژوورەکەم کردەوە ، شارلۆ ڕێک لەبەردەمم بوو ،
شارلۆ سەری پێچی بوو سەرقاڵی جگەرە کێشان بوو ، لە نێوان درزی
چڵەدارەکان و پوشوپەڵاشەکاندا بۆنی دووکەڵی ئاگرەکە و جگەرەکە دەگەیشتە
لووتم ، لەوەدەچوو ژوورێکی گەرم و خۆش بوبێت ، بەڕاستی جێی حەوانەوە
بوو ، بەفرێکی زۆر دەباری ، دەستەکانم بۆنی بارووتی گرتبوو هەروەها
چەوری چەکەکەم و دوێنێش لە شەڕدا فیشەکێک بەگۆنامدا تیغی کردبوو پێی
بریندار ببووم بێگومان ئێشی زۆریش بوو لەناو ئەو هەموو بێدەنگییەدا
گوێم لە زڕەی سەعاتەکەی دەستم بوو ، سەرەرای هەموو ئازار و ماندوبونێکی
خۆم بەڵام بەردەوام دڵم لەلای جەندرمەکان بوو هەردوو چاویشم لەسەریان
بوو ، لەوەدەچوو بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە ئازار نەکات و ئازارەکەی لەبیر
بەرنەوە جەندرمەکان داوایان لە شارلۆ دەکرد کە گۆرانیان بۆ بڵێت ،
جگەرەکەی شارلۆ لەتەواو بوندابوو ، سەربازێکیان گوتی " کەمی ماوە
ڕۆژبێتەوە شارلۆ گۆرانییەکمان بۆبڵی لە مەترسی ڕزگارمان بووە "
یاریدەدەرەکەم لەگەڵ مندا کە گوێی لەم قسانە بوو دانەکانی جیڕ کردەوە و
دوایش گوتی " ئیتر لە دۆزەخدا گۆرانێکەت دەڵێیت " منیش پێم گوت " ششششش
بێدەنگ بە " جارێکی تر گوتی " چاوەڕێی چی دەکەیت باڵێیاندەین " " باشە
چاوەڕێ کە " تەماشایەکی ژوورەکەم کردەوە شارلۆ بە دەنگێکی پڕ حەسرەت و
ئازارەوە گوتی " چاوەکانم هیچ نابینێت .. نابینێت و نابینێت " یەکێکیان
پێی گوت " چاوەکانت چاک دەبنەوە بڕوا بکە لە جارانیش باشتر دەبننەوە "
یەکێکی تریان گوتی " شارلۆ دەبینیتەوە بڕوابکە چاوەکانت نابینا نابن و
کە چاکیش بویتەوە من خۆم ئاوێنەت بۆڕادەگرم کە خۆت ببینیت " شارلۆ
دەستی بەرز کردوو ناولەپەکانی کردبۆوە دوایش هێواش .. هێواش
ناولەپەکانی گرمۆڵە کردەوە ، هەموویان لەهەمان کاتدا بێدەنگ بوون ،
تەنها ئاگرەکە چەند جارێک چەند پارچەدارێکی چروکاند ، ئەم بێدەنگییە
لەئەنجامی ورتەورتی شارلۆ تێکشکا ، شارلۆ گوتی " جارێکی تر ئەتوانم
ببینم وایە ؟ " یەکێکیان پێی گوت " بێگومان چاوەکانت هەروا نامێننەوە "
یاریدەدەرەکەم دەستی کردە سەرشانم کە ئاوڕمدایەوە بینیم زەردەخەنەیەکی
کرد پێی گوتم " تۆ شێتی " ئەم چاولێبڕینەی
هێزی دوژمن و گوێگرتن لێیان لە تێکستی گۆرانییەک دەچوو کە زۆر حەزم
لێدەکرد ئەویش:
بەفر دەباری.
لە درزەکانەوە تیشکی ئاگرەکە دەبینرا.
لە ناو تیشکەکاندا پەپوەلە
سپییەکان سەمایان
دەکرد.
دارستانەکە ئەوەندە بێدەنگ بوو بە تەواویی
گوێمان لە گۆرانی شارلۆ دەبوو...
دەستم لە زامنی چەکەکەم هەڵگرت و ئەمنێتێکەیم داخست، بۆ
دواجار لە درزەکەوە تەماشای شارلۆم کرد دوا وشەی گۆرانییەکەی
دەچڕی، بەڵێ گۆرانییەکەی
تەواو بوو، ملی شارلۆ خواربۆوە، ئاگرەکەش وەک لەشی شارلۆ ساردبۆوە،
شارلۆ لەوێدا گیانی لەدەستدا، منیش بە هەڤاڵانم
گوت: "پاشەکشە دەکەین" لە ژێر
بەفربارینی ناو دارستانەکەدا بە بێدەنگیی بە
یەک ریز پاشەکشێمان
کرد.
ماڵپهڕی رێبوار
|