بۆنی نه‌وت.
زاهیر باهیر
- بەشی چوارەم -
کله‌یر، زۆر به جوانی نه‌وت و سه‌رچاوه سروشتییه نایابه‌کانی دیکه‌ی یا به گشتی ئابووری گرێداوه‌ته‌وه به جه‌نگی گه‌وره و درێژخایه‌ن هه‌رچه‌نده زۆربه‌یان له لایه‌ن میدیای جیهانییه‌وه به تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاواوه به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بییان به‌به‌ردا کراوه. بۆ نموونه که مه‌سه‌له‌ی چێچنیا به مه‌سه‌له‌ی تێکه‌ڵه‌ی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی له‌قه‌ڵه‌م دراوه، به‌ڵام شوێنگه‌ی سیاسی و جوگرافی گرۆزنی(Grozny) سه‌ره‌کییه بۆ پاڵاوتنی نه‌وتی خاو و خاڵێکی گرنگیشه بۆ لووله‌کانی نه‌وت و گاز، که ئه‌م وزه‌یه به زه‌ریای قه‌زویندا ده‌گوێزرێته‌وه بۆ ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات، که‌واته چۆن ڕێگه ده‌درێ به چێچنیا، که ببێته بنکه‌یه‌ک، که له‌وێوه کاری تێکده‌رانه بکرێ یا نه‌خشه له دژی لووله‌کان داڕێژرێت.
بێگومان سه‌رده‌می پێش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆڤیێت ئه‌م گیروگرفته له گۆڕێ‌دا نه‌بووه، چونکه سه‌رجه‌می نه‌وتی قه‌زوین له نێوان ڕووسیا و ئێران‌دا دابه‌ش بووبوو، به‌ڵام دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سۆڤیێت له ساڵی 1990دا، ئازه‌ربایجان و کازاخستان و تورکمه‌نستانیش به‌شی خۆیان ویست. به‌ڕای کله‌یر، هیچ کام له‌م وڵاتانه، که ئه‌مه‌ریکا له ده‌رهێنان و ناردنی نه‌وتدا، هیوای پێ به‌ستوون، ناتوانرێ گه‌ره‌نتی ئاشتی و سه‌قامگیری بدرێت. ڕه‌نگه به‌یه‌کدادانه‌کان له کاتێکه‌وه بۆ کاتێکی تر، ئه‌هوه‌نتر یا که‌متر و بچووکتر ده‌رکه‌ون، به‌ڵام له مه‌ودایه‌کی دوورودرێژدا زه‌قتر و تیژتر ده‌بنه‌وه تا ده‌گه‌نه ڕاده‌ی ته‌قینه‌وه بۆیه به‌ڕای ئه‌و نه‌وت و تێپه‌ڕینی له که‌نداوی عه‌ربی یا فارسییه‌وه و له‌و لوولانه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی تری جیهان، سه‌لامه‌تی تێدا نییه.
ئه‌مه‌ریکا، سه‌باره‌ت به نه‌وت، له‌گه‌ڵ وڵاتانی سه‌ر زه‌ریای قه‌زویندا، له په‌یوه‌ندییه‌کی نوێ‌دا بوو، که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می بیڵ کلنتن. کلنتن به ئاشکرا باسی له داخوازی نه‌وت و په‌یوه‌ندی نزیکی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌کرد، بۆیه له ئابی 1997دا له کۆشکی سپی، له بینینی سه‌رۆکی ئازه‌ربایجان، حه‌یده‌ر عه‌لیێڤدا وتی:"له جیهانێکدا که داخوازی نه‌وت له زیادیدا بێت، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه نا‌توانیت له وه‌ده‌ستهێنانی نه‌وتدا پشت به یه‌ک ناوچه ببه‌ستێت"، له سه‌ر ئه‌مه ڕۆیشت و وتی:"نه‌خشه‌ی ئێمه بۆ گه‌شه‌کردن و یارمه‌تیدانی ئازه‌ربایجان، یارمه‌تیدانێتی له ده‌رهینانی ئه‌و نه‌وته یه‌ده‌که‌یدا، به‌مه نه‌ک هه‌ر یارمه‌تی ئازه‌ربایجان ده‌ده‌ین له نه‌شونماکردنیدا، به‌ڵکو یارمه‌تی خۆیشمان ده‌دده‌ین له په‌لوپۆکوتاندا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی وزه، بۆ به‌هێزکردنی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییمان(ل133). هه‌رچه‌نده کلنتن له دواییدا دیژکه‌می له‌م قسه‌یه کرد له‌به‌رده‌م نوور سوڵتانی سه‌رۆکی کازاخستاندا و سه‌په‌رموراتی نیازۆڤی، سه‌رۆکی تورکمانستان. کلنتن له‌و لاشه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان و له‌گه‌ڵ تالیباندا تا ساڵی 2001 واته تا ده‌وروته‌سلیمی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی کرد به بووش، له وتووێژدا بوو.
ئه‌م په‌یوه‌ندییه که جۆرج بووشیش هاته سه‌ر کار، گرنگیی پێدرا و بگره له هه‌ندێ ڕوویشه‌وه چووه پێشه‌وه. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ جۆرجیادا. ئه‌وه بوو له ساڵی 2003دا ئه‌مه‌ریکا 64 میلیۆن دۆلاری دا به جۆرجیا و 150 که‌سی پسپۆری بواری له‌شکریشی نارد تاکو مه‌شق به هه‌ندێک له سه‌ربازانی جۆرجیا بکه‌ن. له ساڵی 2003دا ئه‌م کرده‌یه‌یان درێژکرده‌وه به سه‌رفکردنی 11 میلیۆن دۆلاری تر تاکو 400 که‌س مه‌شق پێ بکرێن، ئه‌مانه‌ش ناوی"به‌تالیۆنی پاراستنی لووله نه‌وته‌کان"یان لێ نرا، که ئه‌مه‌ش له سه‌ر بڕیاری شه‌فه‌ردنازه بوو، تاکو ببێته پاسه‌وانی لووله‌کانی BTC ، له سنووری جۆرجیادا(باکۆ-تبلیس-جه‌یهان). کاتێکیش که شه‌فه‌ردنازه له ده‌سه‌ڵات لابرا، بووش به‌په‌له که‌وته ئه‌وه که جێگره‌که‌ی لایه‌نگری خۆیان و ڕۆژاوا بێت. ڕامس فیڵدیش له‌و کاته‌دا له تبلیس له‌گه‌ڵ Nino Burd Zhonodze که به شێوه‌یه‌کی کاتیی سه‌رۆککۆمار بوو، کۆبووه‌وه و گوتی:"له پشتگریکردن و یارمه‌تیدانی جۆرجیا له بنیاتنانی ئاشتی و ئاساییش و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کگرتووییدا، دڵنیاتان ده‌که‌ینه‌وه"ل138.
به سه‌رنجدانی ئه‌وه‌ی پێشتر نووسراوه به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌مه‌ریکا جگه له‌وه‌ی که ده‌بێ نه‌وت به خوێن بکڕێت، دیسانه‌وه ده‌بێ بودجه‌یه‌کی گه‌لێ گه‌وره بۆ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ش ته‌رخان بکات. ته‌نیا یه‌ک نموونه‌ی بچووکی وه‌ک ڕاگرتن و به‌رده‌وامبوونی له‌شکره‌که‌ی له عیراق و که‌نداو و وڵاتانی سه‌ر زه‌ریای قه‌زوین و کۆڵۆمبیا ساڵانه زیاتر له 150 ملیار دۆلاری تێده‌چێت. بۆیه کله‌یر ڕای وایه که ئه‌مه‌ریکا ده‌بێ چاره‌یه‌کی تر بدۆزێته‌وه بۆ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی نه‌وت بۆیه به‌شی کۆتایی کتێبه‌که‌ی له ژێر ناونیشانی له پاشکۆییه‌وه بۆ ئۆتۆنۆمی و تێکه‌ڵاوی و گونجاندن و سه‌روه‌ری(From Dependency to Autonomy and Integrity)بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشه‌یه ته‌رخان کردووه. ئۆتۆنۆمی: به‌لای کله‌یره‌وه ده‌کاته پشتبه‌خۆبه‌ستن، سه‌ربه‌ستی و ئازادی له‌و کاروبارانه‌ی که ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه که ده‌بێ ئه‌مه‌ریکا وه‌رگرتنی نه‌وت یه‌کسه‌ر ڕاگرێت به‌ڵکو پێویستی به‌وه هه‌یه که ده‌بێ ئه‌وه‌نده به‌هێز بێت که ئیدی هیج مه‌رجێک جا له شێوه‌ی دیپلۆماسییدا یا پابه‌ندبوون به پاراستنی ئاساییشی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نه‌وته‌وه بێت، قه‌بووڵ نه‌کات.
Integrity : مه‌به‌ستی کله‌یر له‌مه، هه‌یبه‌ت و شه‌هامه‌ت و که‌سایه‌تی ئه‌مه‌ریکایه، که ده‌بێ خاوه‌نی پرنسیپه‌کانی خۆی بیت تا بتوانێت سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی وزه، که له‌گه‌ڵ شته بنه‌ڕه‌تی و به‌هاداره‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بێته‌وه و له مه‌ودایه‌کی دووردا له به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکادا ڕه‌نگ بداته‌وه، بڕیاری خۆی بدات. بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌مه‌ریکا پێویستی به‌وه هه‌یه که هه‌موو پابه‌ندبوونێک که له پێناوی نه‌وتدا به‌ستراوه و که چاوپۆشیکردنه له مافی مرۆڤ و به‌رگریکردنه لێی، هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌نده به‌و بڕیاره گرنگانه‌ی سه‌باره‌ت به ستراتیژییه‌تی وزه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌درێن و به وتووێژه‌کان و ناوه‌ڕۆکه‌کانیانه‌وه که ده‌بێ ئاشکرا بن و بزانرێت ئایا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ره‌یکادان یا نه، نه‌ک وه‌ک ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که له لایه‌ن بووش و چێنییه‌وه نه‌خشه‌ی بۆ کێشرا. هه‌روه‌هاIntegrity یانی ڕێزگرتن له ژینگه و ئه‌وه‌ی که وه‌چه‌ی ئێستا و داهاتوو پێویستییان پێیه‌تی.
دواتر کله‌یر ده‌ڵێ:"بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌وانه پێویستمان به‌وه هه‌یه که پێداگرین له سه‌ر سێ مه‌سه‌له‌ی گرنگ:
1. ته‌لاق دان یا جیاکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی کڕینی وزه‌مان له پابه‌ندبوونمان به ده‌سته‌به‌رکردنی ئاساییشی وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت. 2. که‌مکردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستنمان به هاوردنی نه‌وت. 3. ئاماده‌بوون بۆ حه‌تمییه‌تی گواستنه‌وه‌مان له قۆناخی نه‌وته‌وه بۆ قۆناخی پاش نه‌وت."
پێویسته ئه‌مه‌ریکا پابه‌ندبوونی خۆی، که له پێناوی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن و ده‌ستبه‌سه‌رداڕۆیشتنی نه‌وت هه‌یه‌تی، له یارمه‌تی دیپلۆماسی و له‌شکری ئه‌و وڵاتانه‌دا، هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. به‌ڕای کله‌یر، ده‌بێ بنکه سه‌ربازییه‌کان له سعوودییه و وڵاتانی که‌نداو و عیراق و ئۆزبه‌کستان و کیرگیستان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و پاشه‌کشه به هێزه‌کانی بکات. هه‌روه‌ها پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان، کازاخستان و جۆرجیادا ده‌بێ پێوه‌ندێکی دیپلۆماسییانه‌ی دوور له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وت بێت. به‌ڕای کله‌یر مه‌رج نییه ئه‌مه‌ریکا ئه‌مانه له ماوه‌ی ڕۆژ و دوو ڕۆژدا بکات، به‌ڵکو بۆ نموونه له مه‌سه‌له‌ی سعوودییه‌دا ده‌توانێت ئه‌مه له دوو ساڵه‌وه بۆ سێ ساڵ بکات و له هه‌مان کاتیش‌دا هانیان بدات که خۆیان له نێوان خۆیاندا پابه‌ند بن به‌و به‌ره‌یه‌وه که دروستیان کردووه تاکو یارمه‌تی یه‌کتر بده‌ن.
کله‌یر ڕای وایه که جیاکردنه‌وه‌ی نه‌وت له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه نه‌ک ئیدی چیتر قوربانیدانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی بۆ خاتری نه‌وت پیویست نابێت به‌ڵکو ئه‌مه‌ریکا له‌و کاته‌دا ده‌توانێت به ملیار دۆلار پاشه‌که‌وت بکات، چونکه وا خه‌مڵێنراوه بۆ هاوردنی نه‌وت له نێوان ساڵانی 2001 و 2025 دا، ئه‌مه‌ریکا 3.5 تریلیۆن دۆلاری ده‌وێت، له کاتێکدا ناته‌واوی بودجه‌ی بازرگانی له ئاستێکی وه‌ستاودا نییه. سه‌رفکردنی پاره به‌م شێوه‌یه گورزێکی بنه‌ڕه‌تی له ئابووری ئه‌مه‌ریکا ده‌دا. ئه‌م پاره‌یه له پێداویستی هاووڵاتانیدا به‌کار بهێنرێت. له‌و لاشه‌وه ڕق و کینه‌ی خه‌ڵک دژی ئه‌مه‌ریکا، که ده‌بینن ئه‌مه‌ریکا چیتر پارێزگاری له ڕه‌وتاری نامرۆڤانه‌ی خاوه‌ن نه‌وت ناکات، داده‌مرکێته‌وه. کله‌یر ڕای وایه که ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگی مۆراڵییه، چونکه به‌ستنی پێوه‌ندی گه‌رموگوڕ و داپۆشین یا به‌رگریکردن له سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ی هه‌ریه‌که له وڵاتانی وه‌ک سعوودییه، عومان، قه‌ته‌ر، ئازه‌ربایجان، کازاخستان و ئۆزبه‌کستان یانی به‌رگریکردن له دڕه‌نده‌ترین و گه‌نده‌ڵترین ڕێژیم.
که‌مکردنه‌وه‌ی پاشکۆیی بۆ نه‌وتی هاورده: کله‌یر پێیوایه ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی داهاتووه. بۆ ئه‌مه‌ش مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که هه‌موو نه‌وتێکی هاورده بوه‌ستێنرێ، به‌ڵام گرنگه له ساڵی 2010دا له کێشه‌ی گیرۆده‌یی ڕزگار بن. به‌مه‌ش ئیتر ئاساییشی ئه‌مه‌ریکا نابه‌سترێت به سعوودییه‌وه و به واتایه‌کی تر ئه‌مه‌ریکا نه‌که‌وێته به‌ر ڕه‌حمه‌تی سعوودییه. کله‌یر که باس له‌مانه ده‌کات مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه، ئه‌مه‌ریکا له‌بری نه‌وتی هاورده‌دا خۆی نه‌وتێکی زۆر ده‌ربهێنێت، چونکه ئه‌مه نه چاره‌یه و نه‌ده‌شتوانرێ تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت، به‌ڵکو ده‌بێت پشتبه‌ستن به نه‌وت که‌م بکرێته‌وه بۆیه گه‌ر بتوانرێ له ساڵی 2010دا ڕاده‌ی به‌کارهێنانی نه‌وت که‌م بکرێته‌وه بۆ ڕاده‌ی ساڵی 1990. به‌مه نزیکه‌ی 7.2 میلیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌کات له ڕۆژێکدا که به‌مه‌ش یانی 90 ملیار دۆلار له ساڵێکدا ده‌گێڕدرێته‌وه، که ئه‌مه‌ش گه‌ر نرخی به‌رمیلی نه‌وت له 35 دۆلار زیاتر نه‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م نرخه بچێته سه‌ره‌وه ئه‌وه زیاتر پاره پاشه‌که‌وت ده‌کرێت. هه‌ر به‌م کاره‌ش پارێزگاری له ژینگه ده‌کرێت که 174 میلیۆن مه‌تر شه‌شپاڵوو دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن له باری ژینگه که‌م ده‌بیته‌وه.
ئاماده‌بوون بۆ حه‌تمییه‌تی گوستنه‌وه له قۆناخی نه‌وته‌وه بۆ قۆناخی پاش نه‌وت. کله‌یر له‌م خاڵه‌دا پێ له سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت، که ده‌بێ کار بۆ ئه‌وه بکرێت که ده‌وڵه‌ت بودجه‌یه‌کی گه‌وره دابنێت بۆ په‌یداکردنی وزه له سه‌رچاوه‌یه‌ک یا سه‌رچاوه‌گه‌لێکی تر وه‌ک هایدرۆجین، با، هه‌تاو یا Ethanol . ئه‌مه ته‌نیا چاره‌یه‌که، چونکه ئه‌مه‌ریکییه‌کان ده‌زانن که وابه‌سته‌یی ئه‌وان به نه‌وته‌وه وابه‌سته‌ییانه به وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وته‌وه. وابه‌سته‌ییشیان به وڵاتانای خاوه‌ن نه‌وته‌وه ئاساییشی ئه‌مه‌ریکا له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی ئه‌واندا ده‌بێت، بۆیه ده‌بێ هه‌نگاوی تازه بنێن بۆ وه‌ستاندنی نه‌وتی هاورده یا به گشتی پشتبه‌ستن به نه‌وت له هه‌موو شتێکدا.
کله‌یر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانیت که بڕێکی گه‌وره‌ی وزه بۆ په‌یداکردنی گه‌رمی له ماڵ و ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و هه‌روه‌ها له به‌کارهێنانی ئامرازه‌کانی گواستنه‌وه‌دا جا ئیدی ئه‌و ئامرازی گواستنه‌وانه سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بن یا هی خه‌ڵکی و کۆمپانیا تایبه‌تییه‌کان بن، به‌کار ده‌هێنرێت، بۆیه پێیوایه نه‌ک هه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و وزه‌یه گرنگه به‌ڵکو ده‌بێ سه‌رتاپای سیستمی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی ئێستا بگۆڕێت، چونکه وزه‌ی نوێ یا وزه‌ی جێگری نه‌وت ناتوانرێت به‌و سیستمه کۆنه‌دا بگوێزرێته‌وه به‌ڵکو سیستمێکی تازه‌ی پێویسته. کله‌یر ئه‌وه تێده‌گات که سه‌رچاوه‌ی نوێ له دانی وزه‌دا هه‌م گرانه و هه‌م گیروگرفتی خۆی هه‌یه بۆ نموونه: هایدرۆجین زۆر گران ده‌که‌وێت، چونکه هایدرۆجین وه‌ک سه‌رچاوه‌ی نه‌وت له سروشتدا نییه به‌ڵکو ده‌بێ له خه‌ڵووز و ئاوه‌وه په‌یدا بکرێت. به‌کارهێنانی سه‌رچاوه‌ی با بێ کێشه نییه، چونکه پێویستی به بایه‌کی به‌هێز و به‌رده‌وام هه‌یه، بۆیه ئه‌مه ده‌توانرێ ته‌نیا له باکووری ئه‌مه‌ریکا دروست بکرێت، له‌وێش خه‌ڵکێکی که‌م ده‌ژین و نێوه‌ندی پیشه‌سازییش نییه. سه‌رچاوه‌ی هه‌تاویش پاره‌یه‌کی زۆری ده‌وێ. سه‌رچاوه‌ی خه‌ڵووزیش خراپه و ده‌بێته هۆی ده‌راندنی CO2 یه‌کی زۆر. (کۆتایی)
*************************************** 1- کله‌یر پڕۆفیسۆرێیکی (ئه‌مریکی)یه لهNorthampton, Massachussetts ده‌ژی ئه‌م کتێیبانه‌ی نووسیوه: Rogue States and Nuclear Outlaws Low Intensity Warfare and Resource Wars
1- Freedom Next Time , John Pilger, ل2 2- لەنگەرگەیە‌کی (ئەمە‌ریکی)یه که له جه‌نگی جیهانی دووهه‌م دا ژاپۆن لێیدا. _______________________________________ سه‌رچاوه: خوێن و نه‌وت (Blood and Oil) نووسینی: مایکڵ کله‌یر Michael Klare له بڵاوه‌کراوه‌کانی : Penguin Group چاپی یه‌که‌م، ئه‌مریکا، 2004
له‌نده‌ن
|