


فریشتەکان کە گوێیان لە حیکایەتەکانی ئێوە بوو
شەرمەندە بوون
کە گوێمان لە حیکایەتی فرۆشتنی ئێوە بوو
حیکایەتی بەکاڵابوونی جەستەو
مەزادی لاشەی کیژۆلەَ گەرمیانیەکان
شەرم لەبەرد و دار دەتکا
فریشتەکان،
لەحزور پاکیزەیی ئێوە خەجاڵەت و
زەوی لەبەردەم بەرائەتی ئێوە شەرمەندە
هەموومان قسەمان کرد
من شعرێکم نووسی و
رۆژنامەیەک تێر تێر گریا..
فریشتەیەک گوناهەکانی سڕیەوە و
بەخێر نووسی
خودا ئاگری دۆزەخی گەرم تر کرد
تا پیاوە عەگال بەسەرە شەهوانیەکان باشتر بقرچێن
کۆشکەکانی بەهەشتی قەشەنگ تر کرد
تا پاکیزەکانی ئەنفال نیشتەجێ بن و
لەوێدا چاوەڕێی ئازیزان بکەن
(سینۆهە) تفی لەمەملەکەتی خواکانی فیرعەون و
ئایەتەکانی لەزەت کرد
هەرەمەکان مانیان لەنمایش گرت و
بڕیاریان دا قفڵ لەدەرگاکانیان بدەن
(زانا) حیکایەتی فرۆشتنی خۆی و پاکیزەکانی ئەنفالی
لەسەر عەگالێک نوسی و سوتاندی
ئاگر خۆش نەک خامۆش
بەڵکو لەزەتی پیاوانی عەرەب لەنێو دوکەڵی خۆتدا وون بکەی
(نادیا) بەنوزانەوەی هاواری لێ هەڵسا
خودایە، ئێمە قوربانی و غەنیمەتی جەنگ نین
تا بەکەنیزەک بکرێین
ئێمە قوربانی شەهوەتی ئەو پیاوانە نین
کەبەباشترین شێوە خەڵقت کردن
هەموویان قسەیان کرد
گەرمیان چەند بروسکەیەکی پێ گەیشت
بۆسنە نوسیبوی هەردووکمان هاودەردین
تەیمور بەهیوای ئازادی و
کەرکوک بەهیوای گەڕانەوە
ئەی پاکیزە شۆخەکانی ئەنفال
کەی دێنەوە
ئێرە پڕدەکەنەوە لەگوڵ
پڕی دەکەن لە پاکیزەیی و
لەبۆنی سەدوهەشتاو دووهەزار سێو
پڕی دەکەن لەتامی سەدو هەشتاو دوو هەزار گوڵەگەنم
لێوانەی دەکەن لەدەنگی سەدوهەشتاو دوو هەزار چریکە
سیخناخی دەکەن
لەتەهلیلەی سەدوهەشتاو دوو هەزار ئایەتی ئەنفال
ـ________________________________
سینوهە:پزیشکی
تایبەتی فیرعەون
زانا:
پاڵەوانی رۆمانی فرۆشراو کچێکی فرۆشراو
لەیەمەن
نادیا:
خوشکى زاناو پاڵەوانی رۆمانی فرۆشراو
Kazhal_3@hotmail.com
|