١٣\١٠\٢٠١٨
بۆرژان.*

ئومێد قەرهنی
خۆر.
گیرفانەکانی لە پاڵتۆی
رووناکیی خاڵیی دەبن
تارمایی روانینەکان
لە برژانگەکانی رێگە دەشۆیتەوە،
وەکو پرسی دەرنگ کەوتووی بێگانەیەکیت
لە نێو نەڕەی رەشەبادا بۆ هۆتێلێک
خۆت و جانتایەک نیگەرانیی
لە نێو خەونەکانی سبەی دەنووی.
(بەسەر ترسی 'ئێستا' بێدەنگ کەوتووی،
چەندین پرسیاری رەنگاوڕەنگ
لە دۆڵەکانی مێشکت گەشت و رەو دەکەن).
ژیان.
بەسەر خاچی رابردووەوە
باڵەکانی راخستووە
لە نێو پەراسوی مێژووت
شانمداوە بە سوپایەکی بەفرین،
بە نەختێک گۆرانی غەمگینەوە
بە نەختێک تلاوەیی ناو ئاگر و دووکەڵەوە
بە نەختێک کۆخەی راوەدووکاریی
خەو و گەرمیی ناو نوێنەکەتەوە
لەوێدا داستانێک تاوان
بەو گوناهانەی من دەمچنین
دیکۆمێنت کراوە.
_________________________
*
بۆرژان:
نێوان بێداریی و خەو، بیرە خەو.
ماڵپەڕی
ئومێد قەرەنی
|