١٥\٥\٢٠١٧
بۆ رۆژی دایک.

شوان
عوسمان
١
دایک نیشتیمانمە....
من لە شوێنێک لە دایک بووم ،
ئەو شوێنەی بۆنی دایکی لێ دێت....
من بچمە هەر جێگایەک ئەو شوێنە دەکەوێتە شوێنم ،
وەکو سێبەری دارچنارێ لگەلم دێ و
لێم جیا نابێتەوە...
من بەبێ دایکم خۆم نیم ،
زاکیرەیەکی پڕاوپڕم لە یادەوەریەکانی خۆم و دایکم...
من لە دووری نیشتیمان ،
لە خۆم و لە دایکم و لە یادەوەریەکانم ئەبم...
من کە هەمیشە لە گەڕانم بەدوای نیشتیمانێک ئەگەڕێم ،
خۆم و دایک و بیرەوەریەکانم لەوێدا ،
بە دەوری سفرەیەک ،
خڕ ببینەوە...
٢
دایکم...
ئەمڕۆ ...
بیر لە خۆم ناکەمەوە ،
کەسێکی دی هەیە لە خۆم زیاتر تا بیری لێ بکەمەوە...
من بەبێ ئەو هیچ نیم ،
خۆشم نابم ...
من ئەوەم کە لە زاکیرەی ئەودا شین بووم ،
کە ئەو لەسەر بەرماڵێک قسە لەگەل خوا دەکات ،
لەهەر کوێیەک بم ،
بە دوعاکانی لێی نزیک ئەبمەوە...
ناکرێت بیر لە دایکمان نەکەینەوە ،
ئەوەی بیر لە دایکی نەکاتەوە بێ سێودوو حەرامزادەیە..
ئەو هەمیشە لەناومدا حزووری هەیە ،
وەکو خۆم...
لەگەلم دەژی ،
لەگەلی دەدوێم ،
ئەو منە و
منیش ئەوم....
٣
دایکم...
وەکو شەنگەبی ،
شەنگە ،
ئەگەر لەگەلم بی یان لەگەلم نەبی...
لە غوربەتدا ،
شەنگترین شنەبام لەوەوە بۆ دێ ،
لە دووری....
ئەو ئەوەندە بە دژ با و بۆرانی قەدەرەکاندا چوو...
خۆدانە بەر خۆری لەبیرچۆتەوە ،
ئەو کاتێکیش خۆی دەداتە بەر خۆر ،
باڵەکانی ئەوەندە تەنکن ،
من دیوی خۆر لە دیوی ئەوە بە ئاسانی ئەبینم....
٤
من ئەوەندە ئەزانم کاتێک باران دێ ،
هەموو گوڵە تێنووەکانی سەرسنگ و دامێن کراسی دایکم ،
دێنە سەر چۆک ،
لەبەر خۆر دەم دەکەنەوە ،
لە باران دەپاڕێنەوە...
تا عومری تێنووی دایکم تەڕ بکات..
ئەوان دەزانن هەموو گوڵەکانی عومری ئەو ،
بە کزەبا بێ یان بە رەشەبا ،
بەبا بوون...
دایکم لە تەنیایی شەودا تا بەیانی لە ئینجانە بەتاڵەکان دەڕوانێ ،
بە تەنیا دادەنیشێ و
چاوەڕێیە بە بۆنی گوڵێک بە خەبەر بێتەوە...
منداڵەکان بۆ گەیشتن بە گەرمی خۆر باریان کرد ،
دایکیان بەجێهێشت...
ئەوان نەیانزانی لە دووریدا ،
گەرمایی هیچ خۆرێک گەرمیان ناکاتەوە وەکو گەرمی دڵی دایکیان...
ئەویش لەو رۆژەوە کە گوڵەکانی رۆیشتوون ،
پشتی لە خۆر کرد...
ئینجانەکان لێی نابنەوە و نایانەوێت دوور بکەونەوە ،
تەنانەت ئەوانیش لەگەل ئەو روویان لە خۆر گۆڕی...
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|