١٧\٨\٢٠١٥
بۆ سەرۆک...

شوان
عوسمان
"من باش ئەزانم ئەوەی من ئەنوسم هەرگیز تۆ نایبینی و نایخوێنیەوە،
بەڵام ئەوەی من دەیلێم بۆ مێژووە هەست بە بارێکی قورس ئەکەم بەرامبەر
بە مێژوو کاتێک مەهزەلەکان لە دەستکەوتەکان زیاتر دووبارە دەبنەوە، من
باری خۆم بەو نوسینەوە سوک ئەکەم، چاوەڕێش ناکەم تۆ چ دەکەی....".
زۆرمان چاوەڕێ کرد ، وەکو سەرۆکی هەرێم و سەرکردەی حزبێک داهێنانێکی
سیاسی بکەی و بەیانیەک کە لە خەو هەڵسم گوێم لێ بێت سەرۆک بە بریارێکی
مێژوویی وازی هێناوە ، بەلکو لەدوای خۆشت مێژوویەک تۆمار بکەی کە رەنگە
ئەوەش ببێتە دیاردەیەکی جوان بۆ ئەوەی سیاسیەکان چاوت لێ بکەن، بەڵام
بە داخەوە هیچمان نەبینی و تازە باوەریش ناکەم لە وادەی خۆت دەست
هەڵگری چونکە سەرکردەکانی ئێمە فێری ئەو نەبووینە بە خۆشی دەست هەڵگرن
تەنیا بە زۆر و بە ناخۆشی نەبێت، ئێوە رێز لە یاسا و دەستوری
وڵاتەکەتان ناگرن ، بەر لە خەلکی سادە ئەوان چۆن فێر بن سەروەری یاسا و
دەستور بپارێزن...
نەهامەتیەکانی ئێمە لێرەوە دەست پێدەکات سەرکردەکانمان وەکو خەلکەکە
بیر دەکەنەوە و خەلکیش وەکو ئەوان، کەس ناتوانێت بە شێوازێکی دیکەی
جیاواز بیر بکاتەوە کە لەگەل بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی و حزبەکەی
نەبێت، ئایا بەرژەوەندی تایبەتی و حزبێک گەورەترە لە بەرژەوەندی گەلێک،
تازە باوەڕیش ناکەم ئەو خەونەم بێتە دی، تۆ ناتەوەێ بە حوکمی قەدەری
خۆت رازی بیت و بە (تەحەدا)وە سواری قەدەرەکانی ئەو وڵاتە دەبیتەوە
جارێکیتر، دیسان گوێ بە هیچ نادەی و ئاوڕێک لە رابردووی گەلەکەت
نادەیەوە کە چی بەجێماوە...
سەرۆک..
تۆ تەنیا لە ماڵەکەی خۆت و لەناو حزبەکەی خۆتدا سەرۆکێکی سادە نیت، تا
گوێ بە دەنگە جیاوازەکان و رەنگەکانی دیکە نەدەیت، ئەوە سەرکردەیە کە
گوێ لەوانە زیاتر دەگرێت کە لێی رازی نین نەک ئەوانەی بە چەپڵە
گەرمەکان رازی دەکەن، سەرۆک دەبێت دەنگە نارازیەکان بگۆڕێت بەرلەوەی
بیر زیاد کردنی دەنگی رازی بکاتەوە، بەوە هەستی بەرپرسیاری یەکەم و
کەسێتی شایستە دێتە کایەوە، سەرۆک بە داهێنان و دەستکەوتی سیاسی و
ئابووری و کۆمەلایەتی و پەروەردەیی و رۆشنبیری سەرۆکە ، کە ببێتە
هۆکارێک بۆ ئەوەی بارەکانی ژیان و گوزەران و عەقلیەتی نەتەوەکەی بگۆڕێت،
بەڵام سەرۆک تۆ قەت لە خۆت نەپرسیوە چ داهێنانێکت بەستهێناوە تا ئێستا،
چ جیاوازیەکت دروست کردووە لەگەل ئەو سەرکردانەی بەر لە خۆت، جگە لە
چەند وتارێکی پڕ ( حەماسی) و قەیرانی زۆری ناو هەرێمێک نەک وڵاتێک
چونکە (کوردستان) لە سای ئێوەوە نابێتە وڵات، هەرێمێکی پڕ لە (ئەزمە)ی
کەڵەکە بووتان بەدی هێناوە سەرۆک..
سەرۆک..
دوێنێ بەشێک لە دەستکەوتەکانی (زەعیم-عەبدولکەریم قاسم) م بینی کە لە
ماوەی دەسەڵاتیدا زیاتر لە ١٩٠ دەستکەوت و پڕۆژەی زۆر جیاوازی هەبوو،
ئەوە مێژووە کەس ناتوانێت بلێت ئەو سەرۆک نەبوو چونکە توانی باری ژیان
و گوزەرانی خەلک خۆش بکات نەک قەیرانەکان زیاتر بکات، سەرۆک بە
دەستکەوتەوە دەبێتە سەرۆک، بەڵام تۆ وەکو خۆت دەتەوێ وابیت نەک وەکو
ئێمە دەمانەوێت یان وەکو ئەوانەی بە تۆ رازی نین، بۆ دەتەوێ گوێ لە
دەنگە جیاوزەکان نەگریت و بە زۆریش بیت هەر بمێنیەوە، ئەوە چ
بەرپرسیاریەکی مێژووییە ئایا ئەوە دروشمی حزبەکەت و مێژووی خەباتی خۆت
بووە ( پارتی دیموکراتی ) کە گوێ لە کەسی جیاواز نەگریت و تەنیا گوێ بۆ
خۆت و چەپڵەکانی خۆت شل بکەیت..
با ئەوەش بلێم ئەوە مێژووشە رەحم بە هیچ کەسێک ناکات..
سەرۆک..
هێشتا چەند رۆژێکت ماوە بۆ ئەو هەڵە زێڕینە لە دەست خۆتی مەدە با لە
دەستت نەچێت هەندێک شت کە دەڕوا جارێکی دی ناگەڕێتەوە، بڕیارێکی
چارەنوسساز بدە با مێژووێکی جیاواز دروست بکەیت کە جیاواز بێت لەگەل
رابردووت، من پێم وایە بەو شێوازەی بەزۆر مانەوەت هەرگیز نابیە سەرۆکی
هەرێمێک و نەتەوەیەک، بەلکو هەروەکو جاران سەرۆکی بەشێکی بنەماڵەکەتان
و حزبێکیش دەبیت، بەڵام من لە تۆ دەپرسم ئایا بنەماڵە و حزب لە نەتەوە
گەورەترە بەلای تۆوە کە تۆ ئیش تەنیا هەر بۆ ئەوانە دەکەی نەک نەتەوە
گەورەکەت؟؟؟
هەرچەندە ئەگەر ئێستاش بڕیار بدەیت وەکو بڕیاری سەرەتای خۆت نابێت،
چونکە ئەوە خەلکی نارازی بوو ئەو کارەی کرد کە وابکەی نەک خۆت..
سەرۆک..
ئاوڕێک لە هەرێم بدەوە گەنج نەما لە سای ئێوە و قەیرانەکانی دەسەڵاتی
هەرێم، وڵات نەما کوردی تێدا ئاوارە نەبێت و رێگای قاچاغ نەما کوردێک
تاقی نەکاتەوە، من خۆم یەکێکم لە قورباینەکانی ئێوە کە لەکاتی شەڕی
بەدناوی ناوەخۆتان دوور کەوتمەوە لە وڵات و باوەڕیش ناکەم جارێکیتر
بگەڕێمەوە تا ئێوە لەسەر حوکم بن، وڵات چۆڵ بووە تٶش هەر سووری لەسەر
مانەوەی بەزۆرت، خەلک را دەکات رێگای هاتونەهاتەکان دەگرێت تا رزگاری
بێت و بە ئازادی بژیت و لە هەناسیەک دەگەڕێت تا بژیت، چونکە ژیانتان لە
هەرێم نەهێشتووە، تۆش دەتەوێ زیاتر بمێنیەوە، ئەوها بڕوات بە تەنیا
دەمێننەوە دەبنە سەرۆکی هەرێمێکی چۆڵەوانی و وێران، ئەوکاتە کەس
نامێنێت چەپڵەشتان بۆ لێ بدات، دونیایەکی چەند سەیرە، هەریەکە لە خەمی
خۆی دایە..
من ئەوەندە دەلێم مێژوو گرنگترە لە پلە و پایە، پلەکان دەڕۆن و
ناگەڕێنەوە ، بەڵام مێژوو ناوات و هەمیشە لەبەر چاومانە و تاسەر
دەمێنێتەوە، کوردیش ئەوەندە بە دەست مێژوو نەگبەت بووە باوەڕ ناکەم
نەگبەتیەکانی مێژووی خۆی بە ئاسانی لەبیر بچێتەوە، چاوەڕێم لەدوا
دەقیقەدا بڕیارێکی جیاواز بدەیت، بەڵام کە ئاوڕ دەدەمەوە لە مێژوو ئەوە
نابینم و رەشبین دەبم، ئەگەر لێشم بپرسیت ئەدی کێتان پێ باشە بۆ سەرۆک:
من ئەلێم با سەرۆک نەمێنێ ئێمە بۆ خۆمان سەرکردەی دیکتاتۆرمان کەم نیە
تا دیکتاتۆرێکی دیکە زیاتر بکەین بۆ خۆمان..
نا بۆ سەرۆکی هەرێم...
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|