١٠\١٢\٢٠١٢
بۆ:
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی -
بەڕێز. بابەت
/
یاداشتە سکاڵا.
وێڕای سڵاو رێزی بێ پایانمان...
وەک بەڕێزتان دەزانن کە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٠ کە بریتییە لە (یاسای
دەستەی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان)، لە ٢٤ ی ئایاری
٢٠١٠ لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراو و لە ٢ی ئابی ٢٠١٠ لە
رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، و دەبووایە کە لە دوای
بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بچووایەتە بواری جێ بە جێ کردن ، بەڵام
ئەوە ماوەی ( دووساڵ و ١٠ مانگ ) بەسەر بڵاو بوونەوەی یاساکە تێپەڕیووە
و کەچی تا ئێستا تاکە پیتێکی ئەم یاسایە جێ بە جێ نەکراوە، ئەوە لە
کاتێکدا ھەموو لایەنەکان وەک (پەرلەمان ، دەستەڵاتی دادوەری، حکومەت،
کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن) چەخت لەسەر پڕ بایەخی و پێویستی بوونی ئەم
دەستەیە دەکەنەوە وەک میراتگری وەزارەتی مافەکانی مرۆڤی ھەڵوەشاوەی
کابینەی پێنچەمی پێشووتری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بوونی ئەم
دەستەیەش گرنگە بۆ بەھێزکردن و پارستنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی
کوردستان ھەیە.
سەرەڕای ئەرکە ھەستیارەکەی کە لایەنی بەرپرسی یەکەمە لە جێ بەجێ کردنی
پلانی نیشتمانی مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ، لە چوارچێوەی
بەشدارکردن لە نووسینەوەی راپۆرتی پانۆڕامی خولی گشتگیر کە لە ساڵی
٢٠١٤ لە جنێڤ لە لایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە
یەکگرتوەکان بە دوا داچوونی بۆ دەکرێت.
لە لایەکی تریشەوە مانەوەی ئەو ھەموو بەڕێوەبەراتی و فەرمانبەرەی
وەزارەتی مافی مرۆڤی ھەڵوەشاوە و ئەو ھەموو نەفەقاتەی کە لە میزانیەی
حکومەتی ھەرێم خەرج دەکرێت بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوبراو کە تا
ئێستا بڕەکەی گەیشتۆتە زیاتر لە (٣ ملیار دیناری عیراقی) بێ ئەوەی ھیچ
بەرھەمێکیان ھەبێت خۆی لە خۆیدا بەھەدەر دانی سامانی گشتی ھەرێمە.
کۆمەڵگەی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوی درک بە ئەھمیەت و
ھەستیاری بوونی دەستەیەکی وەھا دەکات کە پێی وایە دەبێتە ھاریکارێک بۆ
تۆمارکردنی پێشلکارییەکان و بەدواچوونی زیادەڕەوییەکان و چاودێرێکی
کارا بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان ، بۆیە لایان گرنگە کە ھاریکار بن
لە کارا کردنی دەستە باڵای مافەکانی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەم
مەبەستەش چەندین کار و چالاکی ئەنجامداوە و داوای پێشکەشی لایەنە
پەیوەندارەکان کردووە بەڵام بە بێ سوود بووە تا ئێستا ، ئەوەی راستیش
بێت کۆمەڵگەی مەدەنی بە چاوی نیگەرانییەوە دەنواڕێتە ئەو پشت گوێ خستن
و پەراوێز کردنەی سەرجەم دەزگا چاودێرییەکان (الاجھزە الرقابیە) لە
ھەرێمی کوردستان وەک (دەستەی مافی مرۆڤ و دەستەی نەزاھە و دیوانی
چاودێری دارایی و داواکاری گشتی)، و ھەروەھا جێ بە جێ نەکردنی یاساکان
وەکو یاسای رێکخراوە ناحکومیەکان ، سەرەڕای چەخت کرنەوەی سەرۆکایەتی
ھەرێم لەسەر گرنگی ئەم دەستانە وەکو لە ڕاپۆرتی دووەمی خۆیدا لە بواری
چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان باسی لە کارا کردنیان دەکات ، و پێمان وایە
کە ئەم پەراوێز کردنە (ئینجا بە مەبەست بێت یا بە بێ مەبەست)، پرۆسەی
جاکسازی لە ھەرێمی کوردستان دوا دەخات.
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە دواین یاداشت بکەین کە لە میانەی چالاکی کە ھەر
دوو رێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO) و رێکخراوی ئاڵوگۆری زانیارییەکان
(IREX) ئەنجامیاندا و تیایدا زیاتر لە ٥٠ رێکخراو و لایەنی حکومی و
قەزائی و پەرلەمان و چالاکوانان بەشداریان تیدا کرد ، کە لە ( ١٠ ی
شوباتی ٢٠١١) لە ھەولێر ئەنجامدرا و لە کۆتایی چالاکیەکەش یاداشتێک
نووسرایەوە و پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا کە تیایدا داوای
ئەم خاڵانە کرا بوو:
١- سەرۆکی ئەم دەستە پێشنیاز بکرێت بۆ پەرلەمان لە لایەن حکومەتەوە تا
دەنگی لەسەر بدرێت.
٢- لە زووترین کاتدا دەستەی باڵای مافی مرۆڤ دەست بەکار بێت وەک لە
یاساکەیدا ھاتووە.
٣- رەچاوەی دەرفەتی یەکسان بکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەم دەستەیە
واتە بە کێ بڕ کێ بێت.
٤- لە کاتی دەستنیشان کردنی سەرۆکی دەستە ، ئاژانسەکانی نەتەوە
یەکگرتووەکان (UNAMI) بەشداری پێ بکرێت لەگەڵ رێکخراوە لۆکاڵەکانی
ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی متمانەی زیادە بۆ پرۆسەی دەستنیشان کردنی
سەرۆک.
بەڵام ئەوەی ماوەی (نزیکەی دوو ساڵ) تێپەڕی بەسەر ئەم یاداشتە ، کەچی
حاڵ ھەر وەک خۆیەتی.
ئەمرۆش کە رێکەوتی ٩/١٢/٢٠١٢ و لە لایەن ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤەوە بە
ھاوکاری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و لە میانەی ١٦ رۆژەی بەرەنگار
بوونەوەی توند و تێژی بەرامبەر ژنان لە ھەرێمی کوردستان ، سەر لە نوێ (مێزگردێک
بۆ تاوتوێ کردنی ھۆکارەکانی کارانەبوونی دەستەی سەر بەخۆی مافەکانی
مرۆڤ) ساز کرا ، رێکخراوەکانی بەشدار وەکو دەست پێشخەریەکی مەدەنی چۆن
لە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٠ کە بریتییە لە (یاسای دەستەی باڵای
سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان) مادەی (٥) بڕگەی دووەم دا
ھاتوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری
سەرۆکی دەستەکە دەکەن و پەرلەمانیش دەنگی بۆ دەدات، ئەم یاداشتە وەکو
سکاڵای یاسایی پێشکەش بە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین لەسەر ئەو
لایەنانەی کە کەمتەر خەم بوون لە جێ بە جێ نە کردنی ئەو یاسایانەی
ناویان ھاتووە لەم یاداشتە و بە دواداچوونی ئەو بە ھەدەردانەی سامانی
گشتی و بەرپرس کردنی یاساییانە بۆ لایەنەکە و ئیلزام کردنی بە ھەر
دەرئەنجامێکی یاسایی کە لە پای کەمتەرخەمی کردن دێتە پێشەوە.
لێژنەی نووسینەوەی یاداشتە سکاڵا
٩\١٢\٢٠١٢
- ھەولێر
ناوی رێکخراوەکان:
- رێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO)
- رێکخراوی وادی WADI
- سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD
- پەیمانگەی کوردی بۆ ھەلبژاردن KID
وێنەیەک بۆ:
- سەرۆکایەتی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان- بەڕێز
- سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان - بەڕێز
- ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی - بەڕێز
- ئەنجوومەنی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان - بەڕێز
|