په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١١

بۆ شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ:
سەردەمی حیکایەتەکانی ئێوە بەسەرچوو، نۆره‌ی ئێمەیە باسی ئێستە بکەین.


هەڵگورد سەمەد   


ئەوەی تا ئێستە ئومێدێکی پێتان هەبوو کە چاکسازی بکەن و بتوانن کێشەکانی کوردستان چارەسەر بکەن. ئەوا لەدوای رووداوە جەرگبڕەکانی 17ی شوبات ی سلێمانی بەتەواوی لێتان بێئومێد بوو. چاکتر لەوە تێگەیشتین کە ئێوە نەوەیەکی بەسەرچوون و ساڵانێکە عەقڵتان لەبیرکرنەوە وەستاوە و دەتانەوێ هەر بە هەمان عەقڵیەتی دوێنێ لێخوڕن.


کێشەی ئێوە ئەوەیە تێناگەن لە چ سەردەمێکدا دەژین. بۆیە ئەستەمە بتوانن گوێمان لێ بگرن، ئەستەمترە کە بتوانن لە نەوەی ئێستە تێبگەن. ئێمە نەوەیەکین رێزمان بۆ خەباتتان هەیە، بەڵام هەر خۆتان واتان کردووە گاڵتەمان پێتان بێت و بە گومان بین لە رابردووتان. ئێوە هێندەی خۆتان بە گێڕانەوەی رابردوو خەریک کردووە، هێندە ناتانەوێ لە ئێستە تێبگەن. ئیدی دەبێ ئێوە واز لە باسکردنی رابردوو بێنن. ئینجا نۆبەتی ئێمەیە کە لەمەودوا باسی ئێستە بکەین. رابردووی ئێوە بەسەرچوو. لەمڕۆوە ئێستەی ئێمە دەست پێ دەکات. ئەوەی دەبێ بیبیستن باس و خواسەکانی ئێستەمانە. کە ئێوەش ئامادەیی ئەوەتان نەبێ گوێ لە سەربووردەکانی ئێستەمان بگرن، فەرموون وەرنە خوارێ، با نەوەیەک دەسەڵات بگرێتە دەست کە لیاقەی ئەوەی هەبێ گوێ لە ئێستەی ئێمە بگرێت.


زۆر باسی ئێستەمان بۆتان کرد، کەچی لەبری گوێگرتن پێتان گوتین"دەستتان لەپشتە". زۆر باسی خەماکانی خۆمانمان بۆتان کرد، ئێوە پێتانگوتین"هێشتا زووە". باسمان لە بێئومێدییەکانمان دەکر، ئێوە دەتانگوت"ئەزموونەکەمان ساوایە و دەبێ ددان بەخۆتاندا بگرن". ئێمە دەمانگوت داواکاریمان هەیە، ئێوە گاڵـەتان پێمان دەکرد! کاتێکیش هاتینە سەر شەقامەکان پێتانگوتین "گێرەشێوێن، ئاژاوەگێڕ" بەوەش نەوەستان و جنێوتان پێداین و وتتان"لووسکەن".


کە ئەوە ئەخڵاقی سیاسیتانە و ئەو وشانە لە فەرهەنگی سیاسی ئێوە هەیە و ئامادەن بەرامبەر ئەوانە بەکاری بهێنن کە رەخنەتان لێ دەگرن و بە حوکوومڕانیتان قایل نین. دەبێ دابەزن و نەوەیەکی دەمپاک و بە ئەخڵاق دەسەڵات بگرێتە دەست. دەبێ نەوەیەک بێت خوێن ڕشتنی هاووڵاتی کوردستان لەلای هێڵی سوور بێت نەک رەخنە گرتن لە سەرۆک. دەبێ نەوەیەک دەسەڵات بگرێتە دەست کە لوولەی تڤەنگەکەی روو لە دوژمن بێ نەک لە گەلەکەی خۆی. ئێوە کە هەموو سنوورێکی رەوشتی سیاسی و کۆمەڵایەتیتان بەزاند فەرموون دابەزن. دابەزن ئێرە دوا وێستگەی ئێوەیە. دابەزن ئیدی کەس ئامادەنییە لەدواتانەوە بڕوا. کە خوێنی لاوانی کوردستان هێندە لەلاتان بێنرخە، چیدی شایەنی دەسەڵاتداری نین. ئیدی دەبێ نەوەیەک دەسەڵات بگرێتە دەست کە لە فەلسەفەی دادپەروەری تێبگات و دادپەروەر بێت.


ئیدی سەردەمی حیکایەتەکانتان بەسەرچوو، رۆڵی ئێوە لە دەمی تەقاندنی یەکەم فیشەکی 17 شوبات کۆتایی هات. خۆتان ماندوو مەکەن، لەمەودوا کەس گوێ لە حیکایەتەکاناتن ناگرێت.


زۆر گوتمان ناعەدالەتی هەیە، گوێتان نەگرت. گوتمان با یاسا بۆ هەموومان وەکو یەک بێ، واتان نەکرد. گوتمان ئازادیمان دەوێ، هەڕەشەتان لێ کردین، لێتان داین و سۆران و سەردەشتتان شەهید کرد.


ئیدی میلەت لێتان بێتاقەت بووە و دەبێ بڕۆن. دەبێ لەمەودوا لە کوردستان ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست بە کردەیی ملکەچی خواستەکانی گەل بێ. ئێوە ناڵێن، بە ئاشتیانە ناڕەزایی دەربڕن. ئەرێ رۆژنامەنووسان بەردیان تێگرتوون؟ بۆچی لە چەند رۆژی رابردوو دەسان رۆژنامەنووس لێیان دراوە و دەستگیر کراون و کامێراکانیان شکێندراوە؟ من دڵنیام لەمەودوا خۆپیشاندەرانی کوردستان زۆر بە هێمنانە و شارستانیانە داوای مافە رەواکانی خۆیان دەکەن.


وەک هەموو جارەکانی دی داوا لە خۆپیشاندەران دەکەینەوە کە بە شارستانیانەترین شێواز نارەزاییەکانیان دەرببڕن و بچووکرتین بەهانە نەدەنە دەست ئەو جەللادانەی کە هەمیشە تڤەنگەکانیان سوارە بۆ ئەوەی هاویشتنی بەردێک بە مەخزەنێک فیشەک وەڵام بدەنەوە. دڵنیابن خۆپیشاندانی هێمنانە ستەمکارترین دەسەڵاتدار بەچۆکدا دەهێنێ. بەپێچەوانەشەوە توندوتیژی هیچ بەرهەمێکی نابێ.


ئەی نەوەی شۆرشگێڕی دوێنێ، دڵنیابن بەو کارانەی چەند رۆژی رابردووی سلێمانی خۆتان ناشیرینتر کرد. رووخسارتان لە زیهنماندا کرێتتر بوو. ئێوە خەریکە هەموو مێژووی پڕ شانازیتان جارانی سفر دەکەن. ئێوە بە دەستی خۆتان سیحری هەموو ئەو رۆژانەتان بەتاڵ دەکەنەوە کە تا ئێستە بە شانازییەوە بۆتان دەگێڕاینەوە. ئیدی ئێوە نەوە خۆشەویستەکەی دوێنێ نین. ئێوە زوڕهانە بێزراوەکانی ئەمڕۆن. زۆر پێمان گوتن ئێوە رووتن، گوێتان لێ نەگرتین. تازە کە بۆتان دەرکەوتووە رووتن خۆتان پێ داناپۆشرێ و کاتتان بەدەستەوە نەماوە.


ئاخر مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ لە رووقایمی ئێوە. میلەتێک هەڵبستێ و بڵێ ئێوەم ناوێ. چۆن رووی ئەوەتان هەیە لەسەر ئەو کورسییە سارد و سەڕە بمێننە و هەر خەریکی دەرکرنی فەرمانی بێمانا بن! رووقایمی ئێوە لەوەش زیاترە کاتێک داروپەردووی بینایەکتان لەلا بەنرخترە لە خوێنی ئەو هەموو گەنجە و بەردەوام لە کەناڵەکانتان چەند پارچە شوشەیەکی شکا و هەندێک دار و پەردوومان بەروودا دەدەنەوە. لەوەش زێدەتر هەندێک لە بەکرێگیراوەکاناتن لە دەزگەکانی راگەیاندن دەنەڕێنن وەک ئەوەی ئەو هەموو خوێنەی کە رشتووتانە بەس نەبێ و دەبێ خوێنی هەموو ئەوانە بڕێژن کە پێیانگوتن"ئێوەمان ناوێ"!
 

پاریس

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵگورد سه‌مه‌د