٥\٦\٢٠١٤
بۆ تۆ...!!!

بورهان جۆڵا
باوەشێ گەڵا و
گوڵی ئەرخەوانیی
دەکەم بە کراسی بووکێنیت و
ملوانکەی بەرۆکیشت
له نێرگز و مێخەک بۆ دەچنم،
خوناوی گوڵاڵە سوورەش...
دەپڕژێنمە تارایەکی سپی و
لەگەڵ چڵی رەیحانە
دەیکەم بە قردێلەی سەرت،
دەستە بچووکەکەت دەگرم و
دەڕۆین دەڕۆین...
تاکو هیوا و ئومێدەکان بدۆزینەوە
گەر لە رێگاش ماندوو بوویت
جارجار دەتکەمە ئامێز و
بە نمەی دەنکە فرمێسکەکانی دوورییم
روخساری وردیلەت بۆ دەشۆم و
هەر دەڕۆین دەڕۆین...
نازانم بەرەو کوێ....!!!!
بەهاری
٢٠١٤
ماڵپەڕی
بوڕهان
جۆڵا
|