١١\٨\٢٠١١
بۆ وەزارەتی
کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەرێ یاسای کارتان چی لێ کرد؟

شەماڵ عهلی
ئاشکرایە کە هەر وەزارەتێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە و لە بەجێهێنانی کار
و فەرمانەکانیدا کۆمەڵێک ئەرک بەسەر هەندێکی تردا پێش دەخات. هەر
وەزارەتەش لە خەیاڵدانی هەر یەکێکماندا بە بابەتێک و توێژێک یان هەندێک
لەوانەوە بەستراوەتەوە. وەزارەتی کار بۆ نموونە بە کرێکار و کارگە و
بابەتی پەیوەندیدار بەوانەوە بەستراوەتەوە. بەڵام ئەمە بۆ هەموو
جێگایەک ڕاست بێت، لەوە دەچێت بۆ کوردستان وا نەبێت. وەزارەتی کار و
کاروباری کۆمەڵایەتی لە کوردستان لەگەڵ دروستبوونی حکومەتی هەرێمدا پێک
هاتووە و تا ئێستا چەندین وەزیر بەرپرسیارێتیان وەرگرتووە، بەڵام
سادەترین ئەرکەکانی خۆی، کە کارکردنە بۆ ڕیکخستنی پرۆسەی کار بە پێی
یاسا، ئەنجام نەداوە. سەرەڕای ئەوەش کە زیاتر لە ٨ ساڵە لە لایەن خودی
دەسەڵاتەوە باسی یاساکانی کار دەکرێت، تا ئێستا سادەترین هەنگاو لەم
بوارەدا بۆ پێشەوە نەنراوە. ئەوەی سەبارەت بەو وەزارەتە وتمان بۆ
کۆمیتەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانیش هەر ڕاستە.
کەس نییە لەو دوو دەزگایەی لەسەرەوە باسمان کرد نەزانێت کە کرێکاران لە
کوردستان تا ئێستا بە پێی یاساکانی بەعس مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئەو
یاسایانەی کە بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان سادەترین
مافەکانی کرێکاران لە ئازادی ڕیکخراوبوون و ناڕەزایی دەربڕین ڕێز لێ
ناگرێت، بگرە پێشێلیان دەکات. یاسای ٧١ی ساڵی ١٩٨٧، بە ئاشکرا
پێچەوانەی پەیماننامەی ژمارە ٨٧ی ساڵی ١٩٤٥ی ڕێکخراوی کاری نێو دەوڵەتی
(ر.ک.د) ە و ئازادی ڕێکخراوبوون کە بە پێی ئەو پەیماننامەیە بەشێکی
ستانداردە جیهانیەکانی ئەو ڕێکخراوەیەیە پێشێل دەکات.
بۆ ئەوەی ڕێگا لە هەر بیانوویەکی حکومەت و دامودەزگاکانی سەبارەت بە
درێژەدان بە کارکردنی ئەو یاسای کارە بگرین لێرەدا ڕاپۆرتێکی وەزارەتی
دەرەوەی ئەمریکا دەکەین بە شایەت کە لە یەکێک لە بڕگەکانیدا سەبارەت بە
پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عیراقدا بەم جۆرە سەبارەت بەو یاسایە
دەدوێت: "یاسای کار کرێکاران لە سیاسەتی هەڵاواردن ئامێزی
دژ-ڕێکخراوەیی (واتە ڕێکخراوبوونی کرێکاران) ناپارێزێت."*
ساڵی ٢٠٠٤ (ر.ک.د) پەیماننامەیەکی لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری
کۆمەڵایەتی حکومەتی عیراق مۆر کرد و بە پێی ئەوە (ر.ک.د) بەڵێنی دا کە
کۆمەکی وەزارەتی کار بکات بۆ داڕشتنی ڕەشنووسێکی تر. سەرەنجام پاش
ئەوەش کە ئەو کارە ئەنجامدرا و ڕەشنووسەکە ئامادە کرا، حکومەتی عیراق
بە بیانووی ئەوەی ئەو ڕەشنووسە لەگەڵ سیاقاتە عیراقیەکاندا نایەتەوە،
تاکو ئێستا فەرامۆشی کردووە و یەک هەنگاوی بە کردەوە لەو بوارەدا
هەڵنەگیراوە.
دیارە لێرەدا لەسەر ئەم کارەی حکومەتی عیراق یەخەی حکومەتی هەرێمی
ناگرین. ئەوە سیاسەتی دژی کرێکاریی حکومەتی ناوەندیی عیراقە، بەڵام
پرسیار ئەوەیە لە ئاست ئەو هەموو بێ باکیەی حکومەتی ناوەندیدا کە
هەموومان دەزانین سروشت و پێکهات و هێزەکانی کێن، حکومەتی هەریم و
پەرلەمانی هەرێم چییان کردووە؟ بێگومان کرێکاران ئەو بیانووە قبوڵ
ناکەن کە حکومەتی هەرێم ناتوانێت سەربەخۆ یاسای کار دابڕێژیت. چونکە
ئەو بیانووە نە لە ڕووی یاساییەوە ڕاستە و نە لە نموونەی تریشدا پەیڕەو
کراوە. بۆ نموونە یاسای وەبەرهێنانی هەریم کە لە ٤/٧/٢٠٠٦ەوە واتە
زیاتر لە ٥ ساڵە پەسەند کراوەو کاری پێ دەکرێت، نەک تەنها هەر یاسایەکە
چاوەڕوانی دەرچونی یاسای عیراقی لەو بوارەدا بۆ نەکراوە بۆ پەسەند کردن،
بەڵکو لە گەلێک بەندیدا، لەوانە بەندی ٣ ماددەی ٤ بە ئاشکرا یاساکانی
دەوڵەتی عیراق لەمەڕ بەناوکردن و فرۆشتنی زەوی عیراق بە وەبەرهێنانە
دەرەکیەکان، پێ شێل دەکات و خۆی ئەم ڕاستیەش پێ لێ دەنێت.
جێگای پرسیارە بە ڕاستی کە بۆچی کاتێک بابەت بابەتی سەرمایەو پارە و
کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی بەم دەست و بردی و سەخاوەت و بڕوا بە
خۆبوونەوە مامەڵە دەکرێت، بەڵام کاتێک باس باسی یاسایەکە کە پەیوەندی
بە ماف و ئازادی و کەسایەتی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایەوە هەیە بەو جۆرەی
بێ بکا و خەمساردیی بە خەرج دەدرێت؟ ئایا ناهەقمانە گەر بڵێین حکومەتی
هەرێم دەزگای بەڕێوەبردنی قازانج و بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداری
کوردستانە و لە ئاست مافەکانی کرێکاران و چینە هەژار و کەمدەستەکانی
کۆمەڵگا لە چاکترین حاڵەتدا بێ باکە و لە زۆر باریشدا پێشێلکارە؟
وەنەبێت کرێکاران لە مافی خۆیان بێ دەنگ بووبن و بەشی هۆشیاری چینی
کرێکار بایەخی یاسای کاری نەزانیبێت. بگرە لە ٢ دەیە لەمەوبەرەوە هەموو
ئایارێک یەکێک لە خواستە دەستوبردەکانی کرێکاران یاسای کار بووە. چەند
ئایار ڕەشنووسی تایبەت ئامادەکراوەو بۆ پەرلەمان نێردراوە، بەڵام هیچ
وەڵامێک چنگ نەکەوتووە و هیچ کاردانەوەیەک نەبینراوە. دوا جار ئەوەندەی
من بزانم ساڵی ٢٠٠٧ گروپێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، کە نووسەری ئەم
دێڕانە یەکێکیان بوو، پرۆژەی پرنسیپە بنەڕەتیەکانی یاسایەکی کاریان
پێشکەش بە پەرلەمان کرد، کەچی تا ئێستاش هیچ کەس هیچ وەڵامێکی
وەرنەگرتۆتەوە.
نەک هەر هەڵسوڕاوانی سەربەخۆی کرێکاریی، بەڵکو سەندیکاکانی سەر بە
حزبەکانیش کە لەلایەن حزب و بە تەوافوقی حزبەکان پێکهاتوون، هەموو
ئایارێک خواستی هەموارکردنی یاساکان بەرزدەکەنەوە، بەڵام گوێ لەوانیش
ناگیرێت. لەم ئایارەدا نوێنەرێکی سەندیکاکان کە لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی
نەوا لەگەڵ نووسەری ئەم دێڕانە لە دیباتدا بوون، ڕایگەیاند کە ئەوان
ڕەشنووسی یاسای کاریان ئامادەکردووە و گوایە لەبەردەمی پەرلەماندایە.
من کەمترین شت لەسەر ئەم ئیدیعایە بیڵێم ئەوەیە کە دەقیق نییە و
پەرلەمان ئێستا ڕەشنووسی هیچ یاسایەکی سەبارەت بە کرێکاران لەبەردەستدا
نییە. تەنها ڕەشنووسێک کە کەوتۆتە بەردەستی کۆمیتەی کاروکاروباری
کۆمەڵایەتی، پرۆژەی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیە، کە ئەویش سەبارەت بە
کەموکوڕیە زۆرەکانی لەبەردەست لابراوە و باسی نەماوە.
لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نووسەری ئەم بابەتە وەک ئەندامێکی 'لیژنەی
ئامادەکاریی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی کرێکاران و کارمەندان لە
کوردستان' هەموو ڕیگاکانم بۆ پەیوەندی بە کۆمیتەی کارو کاروباری
کۆمەڵایەتی پەرلەمان و وەزارەتی کارەوە تاقی کردەوە. ئەندام پەرلەمان
لەسەر لیستی گۆڕان خاتوو سیوەیل عوسمان ئەحمەد بە پیر کێشەکەوە هات و
دانی بە بەرهەقی خواستەکانی کرێکاران لەو بوارەدا نا. هەروەها لە
پەیوەندیەکدا لە سەرەتای مانگی ٦ی ئەمساڵ ئەوەی پێ گەیاندین کە لە
لایەن خودی وەزیرەوە ئاگادارکراوەتە کە بە نیازن ۆرک شۆپ و کۆنفرانس بە
بەشداری ڕێکخراوی کاری نێو دەوڵەتی لەسەر ئەم پرسە لە هەولێر ببەستن و
گوایە ئەمە لە مانگی حەوتدا بەڕێوە دەچێت. بەڵام وا دیارە وەزیری کار
زانیاری دەقیقی پێشکەش بە خاتوو سیوەیلیش نەکردووە و هەر بۆیە نە ۆرک
شۆپمان دی و نە کۆنفرانس.
ناکرێت خواستی کرێکاران بۆ یاسایەکی کار کە ئازادی و مافەکانیان
بپارێزێت ئاوا پشت گوێ بخرێت. ئەمە ڕاستەوخۆ بەرپرسیارێتی وەزیری کارو
کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمە و بەڕیزی ئەگەر ئەم کارە ناکات، ئیتر دەبێ
کرێکاران بە چی تریان دڵ خۆش بکەن؟ دووەم لایەن پەرلەمانە. ئەندامانی
پەرلەمان کە وا بڕیارە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، ئەگەر مافەکانی سەدان
هەزار کەسی کوردستانیان بە خەیاڵیشدا نایەت دەبێ چۆن نوێنەری خەڵک بن؟
یاخود ئۆپۆزیسیۆنێک کە گوایە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی خەڵک لە
پەرلەمانە کە تا ئێستا وەک پرۆژەش بیریان لە ڕەشنووسێک بۆ یاسای کار
نەکردۆتەوە، ئەی ناڕەزایەتی کێ نوێنەرایەتی دەکەن؟
ئەوە لە ئاکاری دیکتاتۆرەکانیش کەمترە کە یاسا بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی کار
لە کۆمەڵگادا فەرامۆش بکرێت. ئازادی و مەدەنیەت لە کوردستان بە بێ
ئازادی کرێکاران بۆ خۆ ڕیکخستن، دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانگرتن و
پەناگرتن و هەموو شیوازە مەدەنیەکانی تری ناڕەزایەتی نە مانای هەیە نە
نرخ. ئەو مافانەش تا نەچنە بواری یاسای نووسراو و مولزیمەوە بەدەست
نەهاتوون و نەخشی سەرئاون.
بەڕاستی لێرەدا پێویستە زۆر بە ڕاشکاوی بە وەزیری کار و کاروباری
کۆمەڵایەتی، کۆمیتەی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمان و سەرۆکی
پەرلەمان و سەرۆکی حکومەت بڵێین: کە چیتر ئەم بێباکی و خەمساردیەتان لێ
قبوڵ ناکرێت. کرێکاران چینێکی ئەسڵی کۆمەڵگان و مامەڵەیەک کە ئێوە
لەگەڵ کرێکاران دەیکەن، مامەڵەی ئاغا و ڕەعیەتە و هیچ پەیوەندی بە
مامەڵەیەکی مۆدێرن و هاوچەرخەوە نییە. تکایە باوەڕ بەو قسە و خورافیاتە
مەکەن کە دەڵێن کوردستان کرێکاریی تێدا نییە. ئەگەر لاتان وایە کە
دەتوانن بەم جۆرە هێزی کرێکاران و خواستەکانی بە کەم بگرن، من داواتان
لێ دەکەم ئەوە لەبەرچاو بگرن، کە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بە شێک لە
کرێکارانی کارەبا، نەوت، بیناسازی، بەنزینخانەکان و نانەواخانەکانی
شارێکی کوردستان مان بگرن، چی بەسەر ئەو شارە دێت؟ ئێوە بەم بێباکی و
پێ داگرتنە لەسەر پێ شێلکردنی مافەکانی کرێکاران لە بوونی یاسایەکی
کاردا کە کەسایەتی، سەلامەتی، ئازادی و مافەکانیان بپارێزێت، هیچ
ڕێگایەکی تر جگە لە یاخی بوون لەبەردەمی کرێکاراندا ناهێڵنەوە. گەر
لەمە زیاتر وەڵامدانەوە بەو خواستە دەستبەجێیە کرێکاران فەرامۆش بکەن.
ئەو ڕۆژی یاخی بوونە زۆر دوور نابێت.
_____________________________________________
*
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاپۆرتی لەسەر وڵاتان سەبارەت بە
هەڵسوکەوتەکان لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ ساڵی ٢٠٠٢: عیراق، ئەم ڕاپۆرتە بە
ئینگلیزی لەسەر ئەم بەستەرە دەدۆزرێتەوە :
http://www.state.gov/g/drl/rls/hrrpt/2002/18277.htm
ماڵپهڕی شهماڵ عهلی
|