په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بۆ وەزارەتى رۆشنبیریى بەڕێز....!

کوا رێزلێنانەکەتان بۆ نووسەران و هونەرمەندان ؟؟

   
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


کەس نییە لەم دونیایەدا لە نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەند هەستیارتر و کەساستر و بێنەواتر، لە هەموو روویەکیشەوە.. لە ئابووییەوە بگرە تا بە کۆمەڵایەتى و دەروونى و کەسایەتى دەگات..!


نووسەر کەسێکە دووچارى شێرپەنجەى خوێندنەوەو نووسین بووە.. پێویستى بەدەرامەت و دراوە بۆ کڕینى کتێب و رۆژنامەو گۆڤارو تەنانەت سیدیش.. نووسەر و هونەرمەندى راستەقینە لە بوارى خوێندنەوە و نووسین زیاتر هیچ شتێکى دیکەى دونیایی ئیغراى ناکات.. نانێکى ئاسایی و قومێک ئاوى ساردى هەبێت، بەڵام جێگەو شوێنێکى هێمنى دەستبکەوێت بۆ بیرکردنەوە و نووسین، ئیتر ئەوە ئەوپەڕى ئاواتییەتى..


ئەوەندەش قەناعەتى هەیە کە ژوورو هەیوانێکى هەبێت بەسییەتى، کرێچی بێت یان بەڕێکەوت لە باوکەوە بۆى مابێتەوە ئەوە بۆخۆى پاشایە و جێگیر و سەقامگیرە.. بۆڵەبۆڵى بەسەر کەسدا نییە..بەڵام لەڕاستیدا زۆرینەى نووسەرانى راستەقینە و هەقبێژ وسەربەست و سەربەخۆ لەڕووى ئابوورییەوە کەمدەرامەتن و نەدارو هەژارن.. لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە کێشەو ئاریشەیان زۆرە، یان مناڵێکى زۆریان خستۆتەوە..یان کرێچین یاخود تەندروستى خێزانیان باش نین..!


لەڕووى دەروونییەوە نووسەرو هونەرمەند کەسێکن هەمیشە پەشێوو نیگەران و وەسواس و نائومێدن، خەمۆکى و دڵەڕاوکێ خەسڵەتى کەسایەتى زۆرینەیانە.. ئاسوودە و بەختەوەر نین.. خەمیان ئێجگار زۆرە.. مامە خەمەن.. خەم لە هەموو شتێک دەخۆن.. لە هەموو شتێک دەکۆڵنەوە.. ئەوەى زۆر برینداریان دەکات ئەوەیە کە نایەکسانى و نادادوەرى کۆمەڵایەتى و خۆدەوڵەمەندکردنى ناشەرعییانە دەبینن و دەبیستن.. ئیتر گڕیان لێدەبارێت.. دڵیان دەگووشرێت، کاتێکیش کوڕە مەنسول و بەرپرس و نووسەرانى حیزبى دەبینن کە چۆن هایلایڤ دەژین، تەواو بێزارى و خەمگینى بیرکردنەوەیان دادەپۆشێت و قەڵەمى نائومێد دەبن و لە نیشتمان و لە ژیان دەتۆرێن.. بۆچی؟؟ چونکە نووسەر و هونەرمەند زۆر هەستیار و دڵناسکن.. کەسێکن بۆ وڵات و میللەت دەسووتێن.. هوزارێکن و بۆ نیشتمانەکەیان دەچریکێنن..بەڵام کە دە ناهەقى دەبینن و دەبیستن.. خوێن لە دڵیانەوە بەرەو چاویان سەرئەکات.. بەرچاویان تاریک دەبێت..تووڕە دەبن.. قسەى هەق وڕەق دەکەن.. خۆیان نانبڕاودەکەن( وەکو بەندە!!)


بەڵام ئەگەر ڕاسست دەوێت، لەگەڵ هەموو ناوهێنانێکى وڵات و نیشتماندا: بەتایبەت لە هەندەران و لە کەناڵە بیانیەکانەوە دەستبەجێ چاویا قەتیس دەمێنێ و دڵیان پەلەپەل دەکات و زۆرجاریش دەدەنە پڕمەى گریان، دڵیان ئەوەندە سپییە لە شێوەى دڵى مناڵێکدا هیچى تیا نییە و دواى تووڕەبوونەکەیان خۆیان لە هەڵوێستە توندەکەى خۆیان پەشیمانن کە خوایە دڵى کەسی تریان ئەزییەت نەدابێت....!


لەبەرئەوە وەزیرى هێژا.. وەزارەتى رۆشنبیرى بەڕێزى کوردستان، ئایا لەگەڵ ئەوەدان کە نووسەران و هونەرمەندان ئەوەندەى دیکە نائومێدتر و دڵشکاوتر و کەساستر و بێنەواتر بین؟


پێتان خۆشە تووڕەتر و تۆراوتر و بێ ئینتماتر بین بۆ هەموو شتێکى ئەم زێدە شیرینە؟


ئەوەتا لە سلێمانى هەموو پێنجى مانگێک بەڕێوەبەرایەتى ڕێزلێنان دەرگاى کراوەیە و پۆلێک لە نووسه‌ران و هونەرمەندانى بێ مووچەى حکومەت، بە باخەڵى گەرمەوە دەچنەوە ماڵەوە.. ئەوەى دەساڵ خزمەتى هەیە سەدو پەنجا هەزار دینار وەردەگرێت.. ئەوەى پازدەساڵ خزمەتى هەیە دووسەدهەزار وەردەگرێت و......تاد. بەڵام دەساڵى وەزارەت شەست هەزارە و پازدەساڵیش حەفتاو پێنج هەزار وەردەگرین..!


بە نیسبەت بەندەوە: ئەمساڵ دەبێتە بیستودوو ساڵ خزمەتى نووسینم هەیەو کەچى هێشتاکە حەفتاو پێنج هەزارەکە وەکو خۆیەتى و زیادى نەکردووە..ئەمەش گلەیی خودى خۆم!


بەڕێزان وا نزیکەى بۆ 9 نۆ مانگ دەچێت ئەم ڕێزلێنانەتان پێنەداوین.. خۆ ئەگەر تەنها پشتمان بەم مووچەیە ببەستایە لە برسانا دەمردین و لەژێر قەرزدا چاومان دەردەهات..!


بەڕێزان حەز دەکەم ئەوەشتان پێڕابگەیەنم کە نووسەران و هونەرمەندانى بەغداد مووچەى 375 هەزار دینار وەردەگرن و ساڵانە دەتوانن سولفەش بکەن.. لەبەرئەوە تکایە ئەو ڕێزلێنانەمان بۆ هەموار بکەنەوە چونکە ئەو بڕە مووچەیە زۆر کەمە بە بەراورد لەگەڵ ڕێزلێنانەکەى سلێمانى و بەغدادا کە (مانگانەش وەریدەگرن)!!


ئێستا خۆشبەختانە وەزارەتى دارایی یەکیگرتۆتەوە و هیچ کێشەیەک نەماوە لە مەسەلەى دوو ئیدارەکەدا، لەبەرئەوە پێویستە نووسەران و هونەرمەندانى هەردوو دەڤەرەکەى سلێمانى و هەولێر وەکو یەکترى ڕێزلێنان وەربگرن و کەسى ئەملا ئیرەیی بە کەسی ئەولا نەبات..!!


برایانى زۆر بەڕێزم: ئەگەر بە نیازن ئەو بڕە ڕێزلێنانەمان ببڕن و ببینە قوربانى ئەم قەیرانى بوودجە و تەقەشوفى داراییە، ئەوا سووک و باریک پێمان بڵێن و با چیبدیکە چاوەڕوان نەبین، چونکە چاوەڕوانى بۆ شەیتانیش دژوارە....!!

 


سلێمانى
31\3\2009