بۆ خۆیان پشکى شێر
، بۆ ئەوانى تر پشکى خێر.

هیوا ڕەش
کە چووینە ناو شۆِڕشەوە ڕوومەتمان وەکو
دەغڵى جوتیارى هەژار پەڵە پەڵە بە گەندە موو ئاراییشت بووبوو ، کە
تێیدا دەرچووین تەواوى دەم و چاومان بە زبرە مووى سپى داپۆشرابوو ،
هێشتا نەوەیەک لە دایک نەببون حکومەتى خۆماڵى خۆمانمان پێکهێنا ، وەلێ
ئێستا ئەو نەوەیە بە گیرفانى بەتاڵەوە ووڕکى ژیانى هاوسەرگیرى لە دایک
و باوکیان ئەگرن و کەچى حکومەتەکەمان لە ساوایى ناکەوێت و ناکەوێتە گڕ
و گاڵ و هەڵناستێتە سەرپێ.
لێرە و لەوێ گلەیى و گازەندە زۆر ئەکرێ ، پێشمەرگەى دێرین بە ئەفسووسن
لەوەى بکوژانى هاوسەنگەرەکانیان لە سەرووى خۆیانەوە ئەبینن ، زیندانییە
سیاسییەکان مان ئەگرن و ئەڕژێنە شەقامەکان و داواى مافى زەوتکراوى
خۆیان ئەکەن و ناڕازین لەوەى ناتوانن ژیانێکى وەکو هى جەللادەکانیان بۆ
مەیسەر ناکرێ ، ڕێکخستنە نهێنییەکانى ناو شار پەنجە ئەگەزن کە ئەبینن
بە ناوى ئەوانەوە شەفاعەت بۆ جاش و جاسوس ئەخوازن ، من لێرەدا توێژى
سووتەمەڕۆى شۆڕش باس ئەکەم و واز لە ستەمکاریى سەر تەواوى چین و
توێژەکانى کۆموڵگاى کوردى لە سەر دەستى حکومەتى کوردى ئەهێنم چونکە لە
عۆیەى نایەم و غەم و بار گرانى ئەو هەمووە لەم دوو دێڕەى من ئەینووسم
جێگەى نابێتەوە ،
مخابن دوا سکاڵاو ناڕەزاییم له هه واڵێک دا بەرچاو کەوت کە لە لایەن
نوێنەرانى شەهیدانى حیزبى شیوعییەوە بەرز کراوەتەوە ، هەرچەندە درەنگ
وەختە بەڵام کردەى پەشیمان لە نەکردەى پەشیمان باشترە ، لێرەوە
دەسخۆشییان لێ ئەکەم و بە هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنیانم وەلێ نازانم
دۆسیەى زانیارى شەهیدەکان چۆن پڕ ئەکەنەوە کە تێیان دا هەیە . . . . .
1 – بە دیلى دا لە شەڕى یەکتر کوشتن دا شەهید کراوە .
2 – شەهیدى وا هەیە بکوژەکەى کراوە بە شەهید و مووچەى زیاد لە پەنجا
شەهیدى شیوعى بۆ بڕاوەتەوە .
3 – جاش بکوژى شەهیدانى شیوعى هەیە ئێستا پلەدار و جێمتمانەى حیزبە
حوکمڕانەکانى کوردستانە .
شەهیدان بە هەموو ئایدیۆلۆژیا و ئینتیماى حیزبییانەوە تاجى سەروەرین و
ئەبێت جگە لە ڕێز لێنان ئاووڕێکى جدى لە خێزانەکانیان بدرێتەوە ، بەڵام
لە سایەى حکومەتى خۆماڵى ئێمەدا نیشتمان و داهاتى خەڵک و کورسى دەسەڵات
و دار و بەرد و خاکەکەشمان بە میزاجى حیزبى دابەش کراوە و ئەو حیزبانەى
لە دەسەڵات دان سەرکردەکانیان پشکى شێر بۆ خۆیان و پشکى خێریش بۆ
شاگردەکانیان دا ئەنێن ، بۆیە نامۆ نییە مووچەى شەهیدانەى شیوعییوکان
جیاکارى تێدا بکرێت ! چونکە سەرانى حیزبى شیوعى نەک شاگرد بەڵکو
پینەچییەکى پسپۆڕى دەسەڵاتدارانن و بە هەزار و یەک ناوى جۆرا و جۆرەوە
چاویان لە خواردنى چەلاوى وەستاکانیانە ، جا کە شه هیدانى حیزبێک
سەرکردایەتییەکەى لە پێناوى بەرژەوەندییەکانى خۆیان لە بنەما
ئایدیۆلۆژییەکەیان دابڕابن ئەستەمە خانەوادەکانیان بە مافى ڕەواى خوێنى
ڕۆڵەکانیان پێ ڕەوا ببینن مەگەر سەنگەرى شەهیدەکانیان بگوازنەوە کە
ئەوەش جۆرێکە لە بازرگانى ! بۆیە پێویستە لێرەدا وێستە بکرێت و بپرسن ،
ئایا سەرکردایەتى حیزبى شیوعى کە ئیدیعاى ململانێى چینایەتى و بەرقەرار
کردنى یەکسانى لە نێو کۆمەڵگادا ئەکەن توانیویانە خۆیان ڕێک بخەن و
بازرگانى بە خوێنى شەهیدەکانەوە نەکەن و لە ڕووى چینایەتییەوە
هەڵنەخزێن ؟ ئەگەر نا پێویستە کەمپینى داکۆکى لە مافى خانەوادەى
شەهیدانى حیزبى شیوعى بەر لە هەموو لایەنەکان بە گژ سەرانى حیزبەکەى
خۆیان دا بچنەوە کە چۆن وێراویانە بەو شێوەیە گەمە بە چارەنووسى خوێنى
شەهیدانەوە بکەن و خانەوادەى شەهیدانیش چاو لە دەستى دەسەڵاتى
ناعادیلانەى کوردستان بن ، پێویستە پێ لە سەر (( من این لک هژا ))
دابگرن لە هەمبەر سەروەت و سامانى سەرکردەکانیان .
یەکجار ووتمان زستان سەختە ، سەختە ، دەسەڵاتى خۆماڵیى کوردیش گەندەڵیى
لە ئێسکیشى داوە ، ئینجا کە جیاکارى نەکرایە ئەو هەموو دەستە و کۆمیتە
و ڕێکخراو و کەمپینى داکۆکى لە توێژە تێکۆشەرەکانى کۆمەڵگا بۆ دروست
ئەبوون ؟ ! بۆیە ئەندامان و لایەنگران و هەواداران و خانەوادەى شەهیدان
و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانییانى سیاسى حیزبە پەراوێزەکانى دەسەڵات
فشار بخەنە سەر سەرکردایەتییەکانیان تا لەمە و دوا لە باتى گیرفان
سیاسەت بکەن بۆ ویژدان ، و چى تر نەبنە سوورا و سپیاوى دەسەڵات و لە
باتى خوێن و تێکۆشانى شەهیدەکانیان بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بەرز
تر ڕانەگرن .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
.
|