په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٥

بۆ یادی ٢١ ساڵەی شەڕی ناوخۆی کوردستان
دادگایەک بۆ تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ.


پێشرەو حەمید    


بەشداربوان و قوربانییەکانی شەڕی ناوخۆیی نێوان ھێزە کوردیەکانی باشوری کوردستان، مرۆڤ گەڵێک بون کەلەنێوان بڕوابون بەشەڕەکان و تەسلیم بونیان بەواقعێکی تاڵی نەداری بەشداربوون کە ھیچ بەرھەمێکی نەبوو بۆ میللەت , دوکەرت بون و زەقترکردنەوەی ڕق و ڕق لێبونەوە نەبێت لەیەکتری , شەڕی ناوخۆ ھیچ دەسکەوتێکی نەتەوەی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا نەھێنا و بوەھۆکاری گیان لەدەستانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان و بریندار بون و کەم ئەندام بونی سەدان و ئاوارەبونی ھەزاران گەنجی تری کورد و جێھێشتنی نیشتمان لەدەست نیگەرانی و نەھامەتیەکانی جەنگ.


لەپشتی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی حیزبەکوردیەکانەوە لەدوای ڕاپەرين ، چەندین تاوانبارھەیە کەدەبێت بەتاوانباری جەنگ و پشتگیرکردن لە کوشتنی خەڵکی کوردستان بدرێنەدادگا و مافی تاوانەکانی خۆیان وەربگرن؟! بەڵام کام دادگا و کێن ئەوانەی کەتاوانباری شەڕی ناوخۆن ؟ ئایا دادگاکانی کوردستان سەربەخۆن و دەتوانن ئەو کەسانە دادگای بکەن و دۆسێ یەکیان بۆبکەنەوە و وەک تاوانباری جەنگ دادگایان بکەن؟ بیگومان ئەوەیان ئەگەرێکی دورە چونکە تائێستاش دادگاکانی کوردستان سەربەخۆنین و لەلایەن ھەردو حیزبی دەسەڵاتدارەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەو کەسانە دەکەنە خاوەن بڕیار کە ئەندامێکی دڵسۆزی لق و مەڵبەندەکانیان بێت.


ئاخۆ تاوانبارانی شەڕی ناوخۆی کوردستان کێن و چۆن بدۆزرێنەوە؟ لەکاتێکدا سەرکردەی حیزبەکان خۆیان لەتێوەگلان لەشەڕەکاندا بەدوور دەگرن و دەڵێن ئەگەر ئێمە تاوانبارین با میللەت دادگایمان بکات، ئاخۆ بێباکی ئەو سەرکردانە لەپای چیدێت ، لەکاتێکدا حیزبەکانی ئەوان بەشەڕھاتبون و ئەوانیش سەرۆکی حیزبەکانن و بە فەرمانەکانی ئەوان گوللەیەکی زیاتر دەنرا بەیەکترەوە؟ ئێمە دواکاری لەکام دادگابکەین تا دۆسێیەک بۆ تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ دروست بکات؟ چەند کەس دەست نیشان بکەین و بەتاوانباری شەڕ بیان ناسێنین؟ ئایا داواکاری گشتی لەکوردستاندا چی کارێکی ھەیە ئەگەر لەسەر مافی گشتی نەیەتەدەنگ؟ کێن ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە (داواکاری گشتی) و تائێستا چیان کردوەو لەسەر کام لەپرسە گشتیەکان وەک داواکاریەک دۆسێ یەکی دروستکردوە و تاچەند شەڕی یاسایی لەسەر کردوە بۆ بردنەوەیان؟


تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ ھێندی گەندەڵکاران ژمارەیان زۆرە و تائێستاش لەبری ئەوەی شەرم بکەن کە بەفەرمانی ئەوان کەسێک کوژراەو برینداربوەو دەربەدەر کراوە ، تەواوی ئەو تاوانانە بە ئازایەتی دەزانێت و بەئاشکرا لەسەر شاشەی تەلەفزیونە کوردیەکان ( حیزبییەکان ) باسی قارەمانێتی خۆیان دەکەن و کورد کوشتن بەبیانوی کارکردن و قوربانی دان بۆ بیروباوەڕ (مەبدء) کەی دەھێنێـتەوە.


بەرلەھەڵبژاردنەکانی پارساڵی ٢٠١٤ ھەمومان بە ھیوای ئەوەوەبوین کە (پەرلەمانێکی سپی) دروست بکرێت و ئەو کەسانە نەبنە ئەندام پەرلەمان کە دەستیان ھەبوە لە ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و کوشتن و ژن کوژی دا، کەچی بەداخەوە پەرلەمانەکەمان پڕوبە لە مروڤ گەڵێک کە دەستیان ھەبوە لە ئاوارەکردنی ڕۆڵەی ئەم میللەتە لەسە رخاکەکەی خۆیی و بە ھەمو ھێزێکییەوە بەشداری لەشەڕەکانداکردوەو یارمەتی دەری ژن کوژەکانیش بووە!!


بۆئەوەی تاوانبارانی شەڕی ناوخۆی کوردستان دادگای بکرێن و ئیدی خەڵکانێکی تاوانکار نەبنە بەرپرس و چارەنوسی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستانیان نەکەوێتە دەست ، ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە کە داوای دامەزراندنی دادگایەکی سەربەخۆ بکرێت بۆ دادگای کردنی تاوانبارانی شەڕی ناوخۆی کوردستان.
 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک